دەرهێنەر (سامی کاکە) لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەستی کرد بە کاری بەرهەم هێنانی کورتە فیلمێکی سینەمایی لە ژێر ناوی (ئەو دیوی تاوان)، لە نووسینی نووسەر و شاعیر (مەهاباد قەرەداغی)ـو سیناریۆی هونەرمەند (عەدنان عوسمان)، بەشداری چەند ئەکتەرێک لە هەولێر کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە.
لە لێدوانێکی دا بۆ رۆژنامەی (هەولێر) دەرهێنەر (سامی کاکە) دەربارەی ئەو کورتە فیلمە تازەیە گوتی : “مەبەستم لە بەرهەم هێنانی ئەو کورتە فیلمە ئەوەیە، جارێکی دیکە لە رێگەی زمانی هونەرەوە بەتایبەتی سینەما هەوڵێکی دیکە نیشان بدەین بۆ ئەوەی کاری توندو تیژی دژ بە ئافرەتان کەم بێتەوە و تیشک بخەیەنە سەر ئەو لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤانەی کە تا ئێستاکەش رەنگدانەوەیان ماوە لە سەر کۆمەڵگا لە چوار چێوەی ئەو دیاردانە”.
گوتیشی : “ئەو کورتە فیلمە بە شێوەیەی کورتە فیلمی سینەمای کارم بۆ کردووە، لە لایەن نووسەر و شاعیر (مەهاباد قەرەداغی) چیرۆکی فیلمەکەی بە شێوازێکی تازە و مۆدێرن نووسراوە، هونەرمەند (عەدنان عوسمان) کاری سیناریۆی فیلمەکەی ئەنجامداوە، لەلایەن چەند ئەکتەرێکی بە تواناوە لە شاری هەولێر رۆڵی کارئەکتەری ناو فیلمەکەیان بەرجەستە کردووە”.
(سامی) لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانەی دا گوتیشی : “ئەو فیلمە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی سینەما لە هەولێر بەرهەم هێندراوە، بە بودجەیەکی دیاری کراو توانیوومە کارێکی بکەم، لە دوایی دا خەڵکانێک کاتێک ئەو کارە دەبینن بۆیان دەردەکەوێ، کە ئەگەر هونەرمەند کارەکەی خۆی خۆشبوێت، دەتوانێ بە پارەیەکی کەمیش کارێکی شایستە و جوان بهێنێتە بوون، منیش لە بەرهەم هێنانی ئەو فیلمەدا تەنیا یەک ئامانجم هەبووە، ئەویش بەرهەم هێنانی کورتە فیلمێکی سینەمایی کە ببێتە جێگای رەزامەندی هونەر دۆستان و سینەماکاران و هەروەها خزمەتێک بێت بۆ ئافرەتانی کورد”.
لە کۆتایی دا (سامی کاکە) ئەوەشی راگەیاند : “ئەو کورتە فیلمە لە ئێستادا کاری وێنەگرتنی تەواو بووە، لە ئێستادا لە قۆناغی مۆنتاژکردن دایە، بە نیازم لە فیستیڤاڵی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە شداریی پێ بکەم، کە بەنیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بکات بە چالاکییەکانی”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە هەریەک لەو ئەکتەرانە بەشداریی کار نواندنیان کردووە کە پێکهاتوون لە (مەحمود گلی، شەیدا جاف، شنۆ هیرانی ، ترێ تەها، فەرمان، رەوەند جەواد)ـوو چەند ئەکتەرێکی دیکەش بەشدارییان هەبووە، لەلایەن هەریەک لە (سامان عەدنان) کاری وێنەگرتن و (بۆتان عەبدوڵڵا) کاری مۆنتاژکردنی ئەو فیلمەیان لە ئەستۆ گرتووە، سوپاسی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لقی هەولێر دەکەم، هەروەها یەکێتی لاوانی کوردستان کە هاوکاری زۆریان کردم لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکە.
دەرهێنەر (سامی کاکە عەلی) ساڵانێکە لە نێو کاری میدیای دا کار دەکات و هەروەها وەک دەرهێنەرێک کاری بۆ چەندیین ڤیدیۆ کلیپی هونەرمەندانی کورد کردووە، هەروەها چەند کورتە فلیمێکی بەرهەم هێناوە لەوانە (سۆناتای پەنجە هەڵوەریوەکان) ئێستاکە لە کەناڵی (SRT) لە شاری هەولێر وەک دەرهێنەر و جێ بەجێکاری بەرنامەکانی ئەو کەناڵە لەکاری خۆی بەردەوامە.