توانا تەھا: ئەگەر کەسێک یا لایەنێک ھەڵگری بیروباوەڕێکی ئینسانی بێت، ھیچ کات ھانا بۆ یەکتر سڕینەوەو شەڕکردن نابات، ئەگەر وڵاتێک ھەموو دیموکراسییەکەی تەنھا ھەڵبژاردن بێت، لەو وڵاتە دیموکراتییەتم پێ شک نایەت، تا داڵدەی یەکسان خوازو فیکری رۆشن بدات، دوای ئەوەی لە وڵاتی خۆمان بانگەشەی ھەڵبژاردن دیاری کرا، وەکو نەریتێک پێشتریش ھەندێک لایەن ھەوڵی ناشیرین کردنی یەکتریان دا و بۆسڕینەوەی یەکتر تێکۆشاون، کە زۆر جار کارگەیشتۆتە سووکایەتی کردنی مرۆڤ.
ئێستاش جارێکی تر، کوردانی باشوور لە رێگەی دەنگدانەوە رووبەڕووی پڕۆسەیەکی مەزن دەبنەوە، ئەویش ھەڵبژارادنی ئەو لایەنەیە کە بەخۆیان متمانەیان پێیانە، گرنگە ھۆشیاری ئەوەمان ھەبێت، کە باشووری کوردستان ھەرگیز بە قەد ئێستا جێگەی بایەخ و رێزی وڵاتانی جیھان نەبووە، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر حیزب و لایەنەکان رێگەی ئەوە نەدەن لایەنگرانیان جنێو بەوەی دیکە بدەن و پۆستەرو وێنەی بانگەشەی یەکتر بسڕنەوە، چونکە بەم جۆرە رەفتارانە تەنھا لایەنەکەی خۆیان ناشیرین دەکەن و وا نیشانی خەڵک و شەقام دەدەن کە بەشێویەکی خراپ لە لایەن حیزبەکانیانە پەروەردە کراون، ئەو حیزبەی کە ھەموو بانگەشەی بۆ یەکتر قبووڵکردن و پتەو کردنی رۆحی خۆشەویستیی و بەرە و دیموکراسی رۆشتنە، بە یەک رەفتاری ناشایستەی ئەندامێکی ئەو حیزبە ھەموو بەتاڵ دەبێتەوە، بۆیە وا باشترە تەواوی لایەنەکان ئەندام و لایەنگیرانیان لە سەر ئەوە رابێنن خۆیان لە ھەر جۆرە کارێکی ناشارستانی و نەشیاو و دوور لە بنەماکانی یەکتر قبووڵکردن دوور بگرن، لەبەر کەس نا تەنھا لەبەر خۆیان.
چەند رۆژێکە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکردووە، چەندە جوان بوو لایەنگرانی حیزب و لایەنەکان بە یەک دەنگ و رەنگ و یەک زمان، بانگەشەیان بۆ لایەنەکانیان ئەکرد و لەیەک “ترافیک”زیاتر لە پۆستەری دەیان لایەن ئەبینی، سەرتاپای شارو شوێنەکان بەرەنگ و پۆستەر رازاونەتەوە، ھەموویان لە ژێر ئاڵای کوردستان بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، کەچی بەچاوی خۆم چەند کەسێکم بینی پۆستەرەکانی خۆیان لێدەداو ئەوانی دیکەیان بەدەم جنێودانەوە لێدەکردنەوە، ئەوە پێمان دەڵێت ئەو کەسانە کە ئەو جۆرە رەفتارە دەکەن خاوەن ھزرێکی تەواو نەخۆشن، کەزۆربەی جار گۆڕینی دیدگای ئەم تاکە لەرێگەی ھەڵبژاردن و دەنگدانەوە کارێکی ئەستەم بێت، بەشداریکردنی سیاسی ھاووڵاتییان لە ژیانی سیاسیدا، تەنیا بەند نییە بەبوونی شێوازو گرنتییە دەستووری و یاساییەکان و بوونی لایەنی سیاسی و مەدەنییەکان وەکو ھەڵبژاردن، پەرلەمان، پارت و رێکخراو، ھەستکردن بە بەرپرسیاریەت کە دەکرێت ھۆشیاری سیاسی لای ھاووڵاتییان سەبارەت بە گرنگی یەکتر قبوڵکردن و بەشداری کردنی سیاسی و رۆڵیان لە ژیانی سیاسیدا بخوڵقێت.
لەم چوارشێوەیەشدا ھەر یەک لە خێزان و پەروەردەو ھۆکارەکانی راگەیاندن و ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و کۆڕو کۆبوونەوەی گشتی، رۆڵێکی ئێجگار کاریگەر لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری سیاسی و پەروەردەکردنی سیاسی بە پاڵنەرە کولتوورییەکاندا دەبینین. بەشداری کردنی ھەموو چالاکییە سیاسییەکان کە لەرێگەیانەوە ھاووڵاتییان فەرمانڕەواو نوێنەرەکانیان ھەڵدەبژێرن، کاریگەری پاڵنەرە کولتوورییەکانی بەشداریکردنی سیاسی، بەندە بە کاریگەری چەندین شوێن، لایەنە سیاسییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان نەریتی ناوچە گەری و عەشیریەتگەریان زیندوو کردەوە، بۆیە دەبینین کەسێتی کارا زیاتر لە کەسێتی ناکارا پێشوازی لە پاڵنەرە کولتووریەکان دەکات. ئەمە ئەو پەڕی ناشیرینە کەسێک خۆی بەلاوە ھۆشیار بێت و لەبەرژەوەندی خۆی چەند گەنجێک ناچار بکات کاری ناشارستانی ئەنجامبدات.
ئێمە ئەو نەوە تازەیە پێویستیمان بەوەیە کۆمەڵگەیەکی جیاواز لەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەکە ھەیە دروست بکەین، کۆمەڵگەیەک ئاوازێکی نوێ بە گوێ ھەڵبژاردندا بدات. ئاوازێکی ھاوچەرخ کە وەڵامی خواستی سەردەم بداتەوەو چاو لە داھاتوو ببڕێت، با رێگە نەدەین کەسانی کۆنە پارێز ئەم پڕۆسە جوانە ناشیرین بکەن، چونکە ئەوەی پەلامار ئەدات لە دۆڕاندنیەتی نەک سەرکەوتن، ھێرش و پەلاماردان نیشانەی ترسنۆکیە زادەی ھۆشیاری نییە، حەقە بە تووندی دژی ئەوە بووەسستینەوە کە ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نەبێت، پەلاماری ئەوەی تربدات و یەکتر ناشیرین بکەن و یەکتر بسڕنەوە، چونکە ھەموومان بە یەکەوە جوانین و بەیەک دەنگ و رەنگ دەبێت کۆمەڵگەیەکی جوان و تەندروست بێنینە کایەوەو رێگە بەیەکتر بدەین سندووقی دەنگدان قەبارەی لایەنەکان یەکلا بکاتەوە.