ئەحمەد سەنگاوی :دواجار سەردەمی فەرمانڕەوای (موعەممەر قەزافی) کۆتایی ھات لەدوای ٤٢ساڵ لە جەور و ستەم دژ بەمیللەتەکەی. قەزافی خاوەنی چەندین نەوەیە دیارترینیان (سەیفول ئیسلام، خەمیس، ساعدی قەزافی)، ھەرکات باس لەسیتمی دیکتاتۆردەکەین یەکسەر بیروھۆش و خەیاڵمان دەچێتە سەرخودی دیکتاتۆر بەبێ ئەوەی بپرسین کەسە نزیکە کانی چۆن ھەلسوکەوت دەکەن لەگەڵ کۆمەڵگا کەیاندا ؟ بەتایبەتی خانەوادەی سەرۆکی ستەمکار, ئاخۆ ئەوانیش ئازارێکی دیکەن لەسەردڵی گەلەکەیان؟کوڕی سەرکردەدیکتا تۆرەکان سەرقاڵی چین لە پێناو بەدیھێنان و جێبە جێ کردنی حەزە کانیاندا کێدەکەن بەقوربانی؟ من لێرەدا سەرەقەڵەمێک لە بارەی “ساعدی قەزافی” دەنووسم.
ساعدی قەزافی بیری لەوە کردبووەوە کەڕۆژێک دابێ ببێتە ئەفسانەی تۆپی پێ، کەچی ئەم ئاواتەی نەگەیشتە جێ، ئێستا لەتەمەنی ٣٦ساڵیدایەو، ژیانی ھاوسەری لەگەڵ کچی فەرماندەیەکی سەربازیدا پێکھێناوە .
ساعدی بۆ دڵخۆشکردن و تاقیکردنەوەی حەزووئارەزووەکانی جارێک وەک یاریزان دەردەکەوت و، جارێک کاری سینەمایی و، جارێکی دی لەھەوڵی دروستکردنی ئیمارەتێکی سەربەخۆ دابوو لەشێوەی (ھۆنگ کۆنگ) کەچی لەھیچکام لەم وێستگانەی ژیانیدا نەک ھەرسەرکەوتوو نەبوو، بگرە بوو بەئەندازیاری شکست. ساعدی لە شەو ڕۆژێکدا بوو بەیاریزانێکی دیار بەلەش ولارێکی ناڕێک و بەبێ مەشق و ڕاھێنان و، بەبێ توانای جەستەیی و ھیچ مەھارەتێک، بەواسیتەی ئەوەی کوڕی سەرکردەی وڵاتە چی بووێت بۆی دەلوێت، باوکی دەیووت:<< ڕاھێنەرێکی بەتوانا دەگرم بۆکوڕەکەم بۆئەوەی ببێت بەئەفسانەی تۆپی پێ>>.
ئەوەی وام لێدەکات تووشی شۆک بم کوڕەکەی قەزافی مێژوویەکی خوێناوی ھەیە لە تۆپی پێی وڵاتەکەیدا، ئەوکاتەی ساعدی ڕابەرایەتی یانەی (ئیتحاد)ی لیبی دەکرد لەیاری لووتکەی نێوان (ئیتحاد – ئەھلی) دابوو، یانە دژبەرەکەی ساعدی سەرکەوتنی بەدەستھێنا، لەو کاتەدا ھاندەرانی (ئەھلی) مژووڵی ئاھەنگ گێڕان بوون بەبۆنەی سەرکەوتنیان، ئەم دۆخە بەجۆرێک ساعدی قەزافی توڕەو نیگەران کرد، دەستبەجێ فەرمانی بە ھێزە تایبەتەکەی کرد، ھاندەرانی یانەی (ئەھلی) گوولە باران بکەن، ئەوەبوو نزیکەی ٢٠ھاندەری یانەی ئەھلی بوون بەقوربانی و!چەندینی دیکەشی لێبریندارکردن و! نەیھێشت کەرنەڤاڵەکەیان بەخۆشی بەڕێوەبەرن.
سەرشێتی و ئارەزووبازی کوڕە ئەسمەرەکەی قەزافی بەجۆرێک بوو، ھەتاکو گەیشت بەو ڕاددەیەی ئەستێرەی ھەڵبژاردەی لیبی (بەشیر ڕەیانی) لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا کوشت، دوای ئەوەی لە لێدوانێکیدا وتبووی:<< ساعد قەزافی یاریزانێکی سەرکەوتوو نییە و لەرزۆکە، نابێت بەیاریزانیکی باش>>. ئەم لێدوانەی “بەشیر” بیرکردنەوە بۆگەنەکەی ساعدی خستەگەڕی تۆڵەسەندنەوە بە (مەنتیقی ھێز نەک بەھێزی مەنیق) توانی زۆر ترسنۆکانە ئەم ئەستێرەیە جوانەمەرگ بکات.
قێزەونییەکانی ئەم کوڕە شڕوشێتەی قەزافی کۆتایی نایەت، لەودەمەی سەرۆکی یانەی (ئەھلی تەرابلوس)بوولەبەرانبەر (ئەھلی) شاری بەنغازی یاری دەکرد بۆبەدەستھێنانی نازناوەکە پێویستی بەسێ خاڵی یاریەکە بوو، بەرلەدەستپێکردنی یارییەکە ھەڕەشەی لەناوبژیوان کرد دەبێت یارییەکە لەبەرژەوەندی یانەکەم کۆتایی پێبھێنیت بە ڕاھێنەری یانەی (ئەھلی) بەنغازی ووتبوو:<< گەر یانەکەت تووشی شکست نەکەیت، مەرگ چاوەڕێت دەکات>>.
ئەم یاریزانە بێ توانایە لەیانەکانی (پیرۆجیا , ئودینیزی , سەمبەدۆریا) تەنھا ٣٥ خوولەک یاری کردووە، کەچی بەمەلاین دۆلاری بەھەدەرداوە لەپێناو دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگی یانە ئیتاڵیەکان. ھەر بەمەشەوە نەدەوەستا بەپارەی زۆرووزەوەندی لیبییە بەش مەینەتەکان ھۆتێلی (پێنج ئەستێرە)ی تایبەت بەخۆی دەگرت، نھۆمێک بۆسەگەکەی و، نھۆمیک بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی.
ئەمەش کردەوە ناجۆرەکانی سەرکردەکان، ئەوەش بێویژدانی و مەغروری کوڕی دیکتاتۆرەکان کە لە ژمارە نایەن و ھەرگیزاوھەرگیز واز لە ئیھانەکردنی خەڵکی وڵاتەکەیان ناھێنن، بەئارەزوی خۆیان یاری بەسەروەت وسامانی گەلەکەیان دەکەن و، داھاتی وڵات تەخشان و پەخشان دەکەن.
چیرۆکی گاڵتەجاڕی و بێبەھرەیی کوڕی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان داستانێکە گێرانەوەی ھێندە ئازاربەخشە، مەگەر تەنھا مێژوو لە بیری ھەمووانی بەرێتەوە، بەئاگاھاتنەوەی ھاونیشتیمانیان ئەم چیرۆکە ترسناکە بەکۆتا دەگات. بەڕاستی ئەمەیە ترۆپکی ستەمکاری بێویژدانی ئاخۆ ئەو پاڵنەرانە چین وادەکات ئەم نەوانەی دیکتاتۆر ھێندە چێژ لەمەرگ دۆستی وەربگرن؟ خۆشبەختانە ئەم چیرۆکی تاوانە ڕوولەئاوابونە، ئەمانیش زبڵدانی پۆخڵی مێژوو لەچاوەڕوانیاندایە.