کارزان دوکانی
ھاتن ووتیان …ئەو ملانە بە داراکەن …
تا خۆر نەبڕێ …!
تاکوو باران ئۆغر نەکا … تا نیشتمان..
نەبێتە خەونی شاعیران ..!!
ووتمان : باشە …..
ھاتن ووتیان … کلیلی زیندەگیی خۆتان
بدەنە دەست ئەو شنەبا شۆڕشگێڕە …
یاخی ببن لە بەرد … لە دار !
نەتانەوێ حوکمی سوڵتان …
نەکەن ببنە پیاوی دەربار
ھاتن ووتیان … پارووی دەمی بێچوەکانتان …
بکەن بە دوو …!!
لەتێک بۆ وورگی ئێمە بــێ …
“داربڕێکین داری ئاغا دەبڕینەوە”
“فرمێسکی منداڵی ھەتیو دەسڕینەوە”
لەتێکیش بۆ بێچووەکانتان ..
ھاتن ووتیان و زۆریان ووت ….
ھەر ھەموومان بەگوێ کردن
ھەموو چێشتە بێ خوێ کانمان بۆ خوێ کردن ..!!
کەچی کە وەک ماری سڕبــوو …
ترسیان لە زەمھەریر شــکـــا …
پێویستیان نەمـــا بـــە تـــکا …
لە شنەوە بوون بـــە زریان ..
لە جیاتی کڕووزانەوە و ناڵە و گــریان …
بە دەنگی گڕڕ..!!
ھەر ووتیان و ووتیــانــەوە
خۆیان “خــۆر” یان خستە نێو بەندیــخــانەوە !
“بــاران”یان لێرە دەرپــەڕاند ..
بۆ خاتری چاوی بــێگــانە ..
نیشتمانیان کــردە خــەونــی شاعیــرانە …
لەدەرگــای پشتــەوەی کــۆشکان ..
بوونە دەرگەوانــی سووڵتــان ..!!
ئەمجارەیان لە جیات نیـــــوە …
ھەمــوو پارووەکانیان قـــووت داین …!
کاتێ کە بێچــووەکانیشمــان بــە ڕوویان دا وەستــانــەوە :
بــە داری ئــاغا و کــەیــخـودا … کوتایــانن ..!
وەک “خـۆر” و “ژیــان” و “ئــازادی” .. خستیاننە بــەندیخــانەوە !
Dukanykarzan@gmail.com