یوسف عیزەدین : ( ھەردەم سەقامگیر و ساویلکەکان گومانی ئێمەیان پآ ناگیرێتە خۆ و زۆر بەسادەیش راڤەی رووتەختی دنیامان بۆ دەکەن و پێشمان دەڵێن ئەفسانەی قووڵاییەکان ھەرزەگۆیی و گاڵتەجاڕییە – ھێرمان ھیسە-).
لەگەلڕ ئەوەی نووسینی خوێندنەوەیەک کەوەک خۆی شیاوی خوێندنەوەیەکی جیدیانە بێت و توانستی داگیرکردنی شوێنجێگەیەکی دیاریکراوی مەعریفی ھەبێت و سنوورەکانی سەلەفیەت و تەقلیدییەتی نووسین تێپەڕبکات، ئاستەم نییە!؟.. بەڵام ھەن پێیان ئاستەمە، بەو پێیەی ئەوان ھەر لەبنەڕەتەوە تێڕوانین و تەسەوورێکیان نییە دەرحەق بەتەرزە نووسینێک کەتوانای تێپەڕکردنی سەلەف و تەقلیدی چەشنە نووسینێکی ھەبێت کەزادەی دۆگما ئایدیۆلۆژییەکان و ھەموو ئەو چەشن و شێوە تێڕوانینە رووکەشییە تەبسیتکراوانەیە کەساڵانێکە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆرێک لەبوارەکانی نووسینی بەئەدەبیاتیشەوە دووچاری ئیفلیجبوون و گۆتبوون و راوحکردن کردووە.
رەنگە بتوانین بڵێین بەدرێژایی سەدەیەک لەنووسینی کوردی، ژمارەی ھەرە زۆری نووسراوەکان مەگەر لەفۆرمدا گۆڕانکاری تێدا ببینرێتەوە، دەنا لەبنەڕەتدا ھەر کاوێژکردنەوەی ئەوەی پێشووە، بەچەشنێکی بێزارکەر و ناقۆڵا کەبۆتە مایەی نەخوێندنەوە یان دروستکردنی خوێنەرێکی ناخوێنەر، چونکە کاتێک خوێنەر دەبێتە خوێنەر کەتێکست بتوانێت حەزی کەشفکردن و گەڕانی تێدا ببزوێنێت و ویستی کردنەوەی دەرکەکانی تێدا بەرجەستەبکات، نەک بەپێچەوانەوە رایکێشێتە نێو خمخۆرکی بێزاری و وەڕسی و ھەموو حەز و ئارەزووەکانی وەک خوێنەرێک تێدا بکوژێت و بگرە ئازاریشی بدات و تووشی چەندین کۆمپلێکسی سایکۆلۆژیشی بکات، کەم نین ئەو کتێب و نووسینە کوردیانەی لەکاتی خوێندنەوەیاندا خوێنەر ترسی ئەوە دایدەگرێتەوە ئەگەر پێچەوانەی ئەوەی کەپێی دەگوترێت، بەچەشنێکی دیکە بیر بکاتەوە رەنگە مەجازیانە فەلاقە بکرێت، ئەقڵییەتی حوجرە ھەر ئەوە نییە لەدوو توێی ھەندآ کتێبی ئاینییەوە ئێخەی خوێنەر دەگرێت و بەھەڕەشەو گوڕەشەو چاوسوورکردنەوەو ئەشکەنجەدانی رۆحی و خۆسەپاندن و ئیمپریالییەتی زمان و دۆگمای بۆچوون و تێزەکان دەچێتە نێو قووڵاییەکانی زەینی خوێنەرەوەو مێشکی دەسڕێتەوەو دایدەبڕێت لەھەر گومانێک کەبیەوێت دزەبکاتە نێو کەلێنەکانی تەسەوورییەوە، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی ئەوەی لەبەرگێکی نوێداو لەم سەردەمەشدا نووسراوە ھێشتاکە دانەبڕاوە لەئەقڵیەتی حوجرەگەرێتی و نووسەران و موریدانی بەچەشنی مەلا و فەقێیانی سەردەمانێک و بەھەموو کەرەستەکانی فەلاقەو ئەشکەنجەدانەوە گەڕاونەتەوەو خۆ کەس ناوێرێت تەسەوورێکی پێچەوانە بنووسێت یان دەرببڕێت، کاتێک دەزانرآ لەھەموو مینبەر و میحراب و پەنا و سووچ و کووچەو کۆڵان و گۆڕەپان و چایخانەو گوزەر و دەزگاو شوێنە رەسمی و ناڕەسمییەکانی ئەو پایتەختە وەھمییە لاھوتییە غەیبانییەوە تارماییە پارێزەرەکانی ئەو جۆرە ئەقڵییەتانە بەو پەڕی وەلائیانەوە بۆ مەرجەعێک کەخۆیان ئینتیمایان بۆی ھەیە پەلاماری دەدەن.
وەک لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەم پێداوە: ( تێڕوانینێکی سەلەفیانەیە بۆ ئەوەی کەپێشووتر نووسراوەو ئەوەی کەدواتریش دەنووسرێت، گوتارێکی وەعز ئامێزەو ھیچی لەگەلڕ گوتاری مەلا و فەقێ و سوختەکانی حوجرەدا فەرق نییە، کاتێک دەڵێیت ھێشتاکە رۆشنبیری و ھزری کوردی نەچۆتە دەرەوەی دیوارە دۆگماکانی حوجرەوە، کەسانێکی زۆرت بەگژددا دێن، کەچی راستییەکەش ئەوەیە کەلەم رۆژگارەدا تازە بەتازە خۆی نوآ دەکاتەوەو جارێکی دیکە ئێخەمان پێدەگرێت و بەبەشێکی بەرچاوی نووسینەکانی ئێستاشەوە نەیانتوانیوە تەجاوزی ئەو دۆگمایە بکەن، نەیانتوانیوە لەدەرەوەی تەقدیسکردن و موقەدەسەوە خوێندنەوەیان ھەبێت، مەسەلەکە لەگەمەکردن بەزاراوەکاندا نییە، وەک کەسانێک کەسانێکی دیکەمان بەسەردا دەسەپێنن و بانگھێشتی خوێندنەوەی تێکستە تاقانە و ناوازەکانیان دەکەن، تێکستە جوانەکانیان، تێکستە مەزنەکانیان، تێکستە تا ئێستا نەنووسراو و لەمەو دواش نەنووسراوەکانیان؟!.
نازانم ھیچ رێی تێدەچێت، تۆ خوێندنەوەیەکی زیندوو بۆ تێکستێکی زیندوو بکەیت، بەبآ ئەوەی دەسەڵاتی تێکست وەک خۆی ھەڵبوەشێنیتەوە؟! بەبآ ئەوەی بیر لەنەگوتراوەکانی بکەیتەوە؟! تەنانەت ئەوەی کەخودی دانەرەکەشی بیری لێنەکردۆتەوە، بەڵام تێکست بەرەو ئەوێت دەبات، بەرەو ئەو شوێنەی کەدانەر دەسەڵاتی بەسەریدا نەشکاوە، بەرەو ئەو شوێنەی کەوەک بۆشاییەک جێماوە، بەرەو ئەو شوێنەی کەبۆتە پەراوێز، بەبآ ئەوەی دانەر ئاگادار بووبێت، لەو پەراوێزخستنە، یان مەبەستی بووبێت.
مانەوەی ھەندێک لە تێکستە ئایینییەکان تا ئەم ساتەوەختە، لەڕووی ھەڵگرتنی خوێندنەوەو تەئویلکردنەوە، بەدەر لەو پێگەیەی کەپاراستویەتی یان سەپاندنی و ھۆکارەکانی دیکە، بەشێکی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو پەراوێز و پەنھان و نھێنی و بۆشاییانەی کەلەنێو تێکستەکەدا ھەیە، کاتێک تێکستێکی ئایینی دیاریکراو سەبارەت بە”ھاوڕێیانی ئەشکەوت” دەخوێنمەوە، ئەوەی کەسەرنجم رادەکێشێت، نەگوتنی ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەیە کەچوونەتە نێو ئەشکەوتەکەوە، سەرباری دیاریی نەکردنی ساڵەکانی مانەوەیان، رەنگە سەرپێی ئەمە ببرێتەوە بۆ نەزانینی ژمارەی کەسەکان و ساڵەکانی مانەوەیان، لەکاتێکدا نەزانین و وەڵام نەدانەوە لەگەلڕ رەھابوونی تێکستەکەو زانینی میتافیزیکییانەی پێشوەختی بەھەموو شتێک نەگونجاو و نەشیاوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ھەر ژمارەیەکی سەبارەت بەکەسەکان و ساڵی مانەوەیانی بگوتایە بآ چەندو چوون جێی قبوولڕ بوو، کەواتە دەبێت لەڕوویەکی ترەوە تێی بڕوانین، وەک خۆم پێموایە گوتنی ھەر زانیارییەک وەک یەقینێک سەبارەت بەژمارەی کەسەکان و ساڵەکانی مانەوەیان، ئەم رووداوەی دەبردە نێو مێژووییەکی بەرجەستەوە، ئەو دەمیش لەگەلڕ راستی و دروستی ئەو مێژووە، ئەگەر وایە یان وانییە دەکەوتە ناکۆکییەوە، بەڵام بەوپێیەی کتێبە ئاینییەکان و تێکستەکانیان ھەوڵی مانەوە لەدەرەوەی مێژوو دەدەن، کەواتە دەبێت ئەو بۆشاییە جێبھێڵن و خودی زانینەکە پەیوەست بکەن بەھێزە میتافیزیکییەکانەوە، تا تێسکتەکە خودی دەسەڵاتە میتافیزییکییەکەی لەدەست نەدات و ھەمیشە بۆشایی و کەلێن و سوووچ و گۆشەی نەزانراو ھەبێت، کەتێکست عاجیزە لەئاست وەڵامدانەوەیدا، لەکاتێکدا ئەو تێکستە وەک گوتەیەکی ھێزەکانی پشت خۆی، خۆی نمایشدەکات، بەڵام لەھەمان کاتیشدا بۆ نەفی نەکردنەوەی خۆی و مانەوەی بەردەوامی پێویستی بەنەزانراوە زیاتر وەک لەزانراو ).
دروستکردنی خوێنەری ناخوێنەر یان مردوو پێدەچێت بەدەر لەوەی کارێکی خۆبەخۆ بێت بووبێتە پرۆسەیەک، پرۆسەیەک بۆ موعتادکردنی خوێنەر بەخوێندنەوەی تێکستە مردووەکان و ئەودەم لەجێی گەڕان بەشوێن بۆشایی و کون و کەلێن مەوداو کایە مەعریفیەکان و پرسیارکردن، تەنھا گوێقوڵاغی وەڵامەکان دەبێت و تەسلیم بەدیفاکتۆی ئەو چەشنە تێکستانە دەبێت و خۆشەی دەکەن بەگوێڕایەڵی و ھیچ نەگوتن و پرسیارنەکردن، بەمەش دەبێتە خاوەن ئەقڵیەتێکی غەیبانی بەو مانایەی کەتەنھا بەشی دەبێتە قایلبوون و خۆبەدەستەوەدان بۆ ئەو لێشاوە باوەی کەلەگەلڕ خۆی دەیبات، ئیدی ئەو دەم خوێنەر لەگەلڕ خوێندنەوەی ھەر کتێب و نووسینێکی مردووی بارگاوی بەھەموو ئەو کەرستە میتافیزیکی و غەیبانیانەی کەلەناوەوە تێکی دەشکێنێت، دەبێتە ئەو خوێنەرەکڵۆڵەی کەلەگەلڕ خوێندنەوەی ھەرچەشنە کتێب و بابەتێکی لەو چەشنە وەک مردوویەک دەبێت چاوەڕێی تەلقیندانی بکات، ئیدی لەو ساتەوەختانەدا خوێنەرێکی ئاوھا بەو چەشنە خۆشەکراو ھیچ توانایەکی بەرپەرچدانەوەی ئەو تێکدان و شێواندنە ناوەکییەی خۆی نییەو دەرھێنانەوەشی لەو ئاستەنگە کارێکی سەختە، چونکە تەسلیمبوون بەدۆگماکان یەکێکە لەکێشە گەورەکانی نەک ھەر خوێنەران بەڵکو نووسەرانیش لەئاست نووسینی تێکستێکدا کەبتوانێت پرسیار بوروژێنێت.
“عەلی حەرب” دەڵێت: ( وادێتە پێشچاو لەمابەینی وتارێکەوە بۆ وتارێکی دیکە من ناکۆک و دژ بەخۆم یان ناکۆک و دژ بەبیرۆکەکانی پێشووترم بم، نکوڵی لەمە ناکەم و ناکرێت شتێکی تریش بم ).
لەدرێژەی ھەمان گوتەشیدا دەڵێت:
( ئەگەر نەگۆڕێم و بەردەوام جیاواز نەبم رەنگە لەبیرکردنەوە رابوەستم، یان لانی کەم ببمە مزگێنیدەر و بیرمەندیش بەوە دەکوژرێت کەببێتە مزگێنیدەر ).
رەنگە ئەوەی کە “عەلی حەرب” ئاماژەی پێدەدات یەکێک بێت لەڕێگەچارە سەرەکییەکانی وەستان و راوحکردن و بگرە مەرگی نووسەریش، ئیدی پێویستە ھەردەم لەنێو قووڵایی ناکۆکییە خودییەکان و کرانەوە لەئاست مەعریفە جیاواز و راو و بۆچوون و تەرحەکاندا بگەڕێینەوە بۆ نووسین یان خوێندنەوەو ھەر بەم شێوەیەش دەتوانین ئیدامەیەکی ئەکتیڤ بەخۆمان بدەین.
ھەرچەندە زۆر جار بەناچاری و ھێندەی رێزمان و دەستووری زمان و وشە دەستەواژەکان رێمان پێدەدەن، تێکست بەجوان یان بەھێز و یان دژەکانی ناودێر دەکرێت، بەڵام ئیشکالێک لەھەموو ئەمانەدا ھەیەو لەڕاستیدا کاتێک بەنووسینێکی دیاریکراو دەگوترێت تێکست، ئەو واتایە لەخۆ دەگرێت کەدەکرێت بخوێنرێتەوەو قابیل بەڕاڤە و تەئویل و قسە لەسەر کردنە، ئیدی دەکرێت تێکستێک تۆکمەتر بێت لەیەکێکی تر، یان لەئاست خوێندنەوەدا کراوەتر بێت و یەکێکی دی داخراو بێت و ئەمەو زۆر چەشنە تێڕوانین و دەستەواژەو زاراوەو کەرستەکانی دیکەی ناساندنی تێکست، ئەو راستیە ناشارێتەوە کەناکرێت تێکست ببێتە سێبەرێکی نووسەرەکەی، وەک لەو پانتاییە بەناو رۆشنفکرییەی کەئێمەی تێدا دەگوزەرێین سەرباری زۆر شوێنی دیکەی دنیا بەرچاو دەکەوێت، رەنگە تێکستە لاواز و لەرزۆکەکان پێویستیان بەنووسەرەکەیان بێت، لەکاتێکدا داکۆکی نووسەرێک یان ھاوبیرەکانی لەتێکستێکی دیاریکراو زیاد و کەم ھیچ ناخاتە سەر تێکستەکە، تەنھا تێکستە زیندووکانن کەوەک خۆیان ھەڵگری توانای تێکنەشکاندنن و دەتوانن مەوداکانی زەمەن تێپەڕبکەن و ئەمەش پەیوەست نییە بەچەشن و شێوەی لۆژیکی بوونی یان نەبوونی سەرباری زۆر شتی دیکە کەئەقڵیەتێکی تەقلیدی پێی وایە نھێنی مانەوەی تێکستە زیندووەکان لەوەدایە.
یەکێک لەو کتێبانەی کەلەسەردەمی خۆیدا بۆ بەرگری کردن لەئایینی مەسیحی و دەسەڵاتی کڵێساو مەرجەعیەتی ئایینی لەلایەن “تۆماس فۆن ئەکوینو” بەناوی ” رەخنەگرتن لەکافرەکان”، دژ بە تەرح و بۆچوونەکانی “ئیبن روشد” نووسراوە، لەمڕۆدا وەک تێکستێکی زیندوو سەیر ناکرێت و خوێنەر بەخوێندنەوەی ئەگەر بەمەبەست بیەوێت بیخوێنێتەوە بێجگە لەدژایەتییەکی بآ بنەمای نووسەرێکی ئەوروپی چاخەکانی رابردوو بۆ تەرحەکانی “ئیبن روشد” و رکو کینێکی ئاشکرا، سەرباری ترس و خۆفێکی بآ وێنە لەبۆچوونە جیاوازەکان ھیچی دیکەی تێدا نابینێتەوە، ھەرچەندە سەیرە پێش ئەوەی نووسەرانی ئیسلام و نێوەندە ئایینییەکانی ئیسلام دژ بەبۆچوون و تەرحەکانی “ئیبن روشد” بنووسن نووسەرێکی ئەوروپی مەسیحی دژی وەستابێتەوە، لەکاتێکدا دواتر بیرو بۆچوونەکانی ئەو بیرمەندە کاریگەرییەکی بێوێنەی کردە سەر نەخشەی فیکریی و ئایینی ئەوروپاو ئەوە بوو ئەوان لەناوەوەڕا گۆڕان و کەچی وڵاتانی عەرەب و رۆژھەڵاتی ئیسلامی ھەرچەندە ئەو کتێبانەی “ئیبن روشد” لەزۆر رووەوەو بگرە ھەر لەناوەڕۆکەوە جا چ شاراوە یان بەئاشکرا دژ بەو دەسەڵاتە ئایینییە ئیسلامییە بوو کەلەمەرجەعێکدا کۆ ببۆوەو لەگەلڕ دەسەڵات جیانەدەکرایەوە، بەھەرحالڕ ئەوروپایەک کەدەستپێشکەر بووە لەدژایەتی “ئیبن روشد” و قەدەغەکردنی کتێبەکانی گۆڕاو پانتاییە ئیسلامییەکەش وەک خۆی ماوەیەوە. ئەوەی کەلێرەشدا پێویستە ئاماژەی پێبدرێت خوێندنەوەی ئێستامانە بۆ ئەو تێکستانەی “ئیبن روشد” کەماونەتەوەو لەسووتاندن و فەوتان رزگاریان بووە، ھاوکات خوێندنەوەی تێکستەکانی “غەزالی” یشە لەگەلڕ تێکستە رەخنەییەکانی “ئیبن روشد” بۆ فیکر و تێڕوانینی “غەزالی”. بەو پێیەی تێکستەکانی ھەردوو نووسەر تۆکمەن و ھەردەم قابیل بەخوێندنەوەن و ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیانن کەوا لەخوێنەر دەکات وەک تێکست بیانخوێنێتەوە ئەمە لەگەلڕ ئەوەی کەوەک ئاماژەمان پێدا ئەوەی ھەردوو نووسەر نووسیویانە دیارە پێشتر “غەزالی” و پاش نزیکەی ھەشتا ساڵێکیش “ئیبن روشد”، وەک خۆیان ھەڵگری خەسڵەتەکانی تێکستن و قابیل بەخوێندنەوەن، بەبآ ئەوەی چۆنیەتی خستنە رووی میتۆدی و فیکریی و تێڕوانین و بۆچونەکان ھیچ کاریگەریەکی ھەبێت، چونکە بەدەر لەھەر دۆگماو بۆچوونێکی پێشوەخت و سەلەفی و راوەستاو لەپشت ئەوەی خستویانەتەڕوو، لەساتەوەختی کردەی نووسیندا زۆر شتیان رەنگە بەئاگا یان بێئاگا شاردبێتەوە کەئێستا بەخوێندنەوەیان ھەوڵی کەشفکردنیان دەدەین، سەرباری ئەوەی کەویستویانە بیڵێن و نەیانوتووەو دەیان وردەکاری تر کەتێکستە زیندووەکانی پێدەناسرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کەتێکستەکانیان بۆ خۆیان ھەڵگریین. وەڵامدانەوەی “ئیبن روشد” بۆ “غەزالی” سەبارەت بەوەی کە” غەزالی” لەڕێی خستنەڕووی بیست چەشنە بۆچوونەوە بەرپەرچی تێکستە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفەکان دەداتەوەو تا دەگاتە بەکافر لەقەڵەمدانی “فارابی” و “ئیبن سینا”، دەرحەق بەوەی کەئەوان دنیا لەھەموو شتێک بەکۆنتر دەزانن و پێیان وایە یەزدان وردەکارییەکان نازانێت و…تاد. “ئیبن روشد” لەکتێبی “تەھافوتی تەھافوت”دا بەرپەرچی تێڕوانینەکانی “غەزالی” دایەوەو ئیعتیباری بۆ فەلسەفە گەڕانەوەو “ئیبن سینا” و “فارابی” یشی لەخانەی تەکفیر ھێنایە دەرآ و ھێرشێکی زۆر توندی کردە سەر “غەزالی” و بە پیاوێکی شەڕانگێز و جاھیل و خراپەکاری دایەقەڵەم کەلەپێناو سەپاندنی راوبۆچوونەکانی سڵی لەبەکار ھێنانی ھیچ شێوازێکی پڕ پێچ و پەناو دووڕووانە نەکردۆتەوە بەتایبەتیش لەپێناو تەکفیرکردنی ئەو دوو زاتەی کەناومان ھێنان. بەڵام دیارە ئەوەی کە”ئیبن روشد” لەنووسینەکانیدا سەبارەت بەو مەسەلەیە شاردویەتییەوە، پاشگەزبوونەوەی “غەزالی” یە لەتەکفیرکردنی ئەو دوو زاتە وەک لەکتێبی “تەفرەقە” دا ئاماژەی پێداوە، بێگومان تێکستە زیندووە تۆکمەکان زۆر لەوە قووڵترن سەرپێی تێیبڕوانین و لێیخووردببینەوە. چی لەوە سەیرتر ھەیە “ئیبن روشد” لەژێر پەردەی پەیوەست بوونی بەئایین و بیربۆچوونە میتافیزیکییەکانەوە بێت و ئاماژە بەوە بدات کەخوداوەند نابێت لەنێو زەمەندا قەتیس بکەین، چونکە ئەو خالیقی ھەموو ئەو شتانەیە کەدروستی کردووەو بەو پێیەش ھیچ یاسایەک کەئەو شتانە دەگرێتەوە ئەو ناگرێتەوە، کەواتە خوداوەند لەدەرەوەی زەمەندایە و ھەموو شتەکانی دیکەش لەنێو زەمەندان، ئیشکالەکە تەنھا ئەوەندە نییە بەڵکو لای ئەو بیرمەندە شتێکی ترەو بەشارەوەیی و زۆر زیرەکانە خۆی لێداوە ئەویش ئەوەیە کەجەخت دەکاتە سەر ئەوەی کەجووڵە تەنھا خەسڵەتێکی تایبەتە بەو شتانەی لەنێو زەمەندان و ھیچ شتێک لەدەرەوەی زەمەن و دنیای ماتەریالڕ جووڵەی نییە، لەڕوانگەیەکی ترەوە کەواتە ھیچ شتێک نییە بکەوێتە دەرەوەی زەمەن و ئەگەر تەسەوورێکیش بۆ شتێکی وا ھەبێت ئەوە ئەو شتە لەڕاستیدا نییە!؟.
ئەم ئاماژە پێدانەمان بۆ ئەوەیە کەبزانین تێکست تەنھا ئەوە نییە کەوەک خۆی لەخۆی دەگرێت، بەڵکو شاراوەو نەگوتراو و تەنانەت ئەو گوتراوانەشی کەبەو چەشنەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا پەردەپۆشکراوە شتگەلێکی زۆر گرنگن بۆ کردنەوەی دەرکەکانی تێکست و دۆزینەوەی کۆدەکانی و کاری خوێنەری جیدیش ھەوڵدانە بۆ کەشفکردن و دۆزینەوەو گەڕانی زیاتر بەشوێن نھێنی و پەنھانەکانی تێسکتدا، ئەمەش لەکاتێکدا خوێنەر دەڕۆستی دێت کەتوانیبێتی ئەو وەھمە لەمێشکی خۆیدا بسڕێتەوە کە تێکستە تۆکمەکان بەچەشنی قەڵا سەختەکان پێویستیان بەسوپایەک ھەیە تا ماوەیەکی دوور و درێژ گەمارۆی بدەن و لەڕێکەوتێکیشدا دیوار و دەرکەکانی تێک بشکێنن و ئەگەر توانیان داگیری بکەن.
بەدرێژایی ساڵانێک سیستەمێکی بەرفراوانی فیکری و رۆشنبیری و ئەدەبیی میتافیزیکی کاری بۆ وێناکردنی تێکست کردووە وەک شاکارێکی موقەدەس و نووسەریش وەک بوونەرێکی تەقدیسکراو، بەمەش کاری خوێنەریان کورتکردۆتەوە بۆ وەرگرتنی ئەوەی کەھەیە بآ چەندوچوون و بگرەو بەردەی خوێندنەوەیەکی جیدیانە، نێوەندی ئەدەبی و رۆشنبیری و فیکری و رەخنەیی کوردیش بەشێوەیەکی بەرچاو ھەندێک لەنووسەرانی کوردی کردۆتە قارەمان و ھەوڵیداوە بەگێڕانەوەی ماجەراکانی ژیانیان و بەسەرھاتە جۆراو جۆرەکان و ھەڵوێستە بەنامێیەکانیان نووسینەکانیان بخاتە پەراوێزەو ھەردەم ئامادەگی بە ناوەکان بدات لەبری تێکستەکان، ئەمەش لەسەرجەم کتێبە ئەدەبییەکانی قۆناغی خوێندن و لەدەرەوەی ئەوانیش لەزۆرێک لەنووسین و لێکۆڵینەوەکاندا دەبینرێتەوە، ئیدی بەشێکی زۆری خوێنەرانی کورد ئاگادارن بۆ نموونە لەوەی فڵانە شاعیر کوڕی کآ بووەو دەچێتەوە سەر چ نەسەب و عەشیرەت و خێڵێک و لەکوآ فەقآ بووەو لەکوآ بۆتە مەلا و لەکوآ مردووەو چەندین شتی لەو بابەتەش، سەرباری خستنەڕووی سەرپێیانەو پێناسەکردنێکی بوار و مەوداکانی نووسینی و گرێدانەوەی بەقۆناغێکی دیاریکراوی ئەدەبییەوە، زۆربەی ئەوەی کەئەو دەم و ئێستاش دەکرێت:( تەنھا لەکۆڵخۆکردنەوەو زیادکردنی ژمارە ناوەکانە و ئامرازێکە بۆ وروژاندنی ھەست و سۆزی نەتەوەیی و شتی لەو بابەتەو ئەویش وەک زۆر شتی دیکە لەڕوانگە تیرەگەرییە فیوداڵییەکەوە مامەڵەی لەگەلڕ کراوەو وەک دانانی ناوێکی نەشیاو لەگەلڕ نووسەرانی سەردەمێک لەسەردەمەکان و ریزبەندیکردنی و ئاماژە پێدانی و حیساب بۆ نەسەب و جێگەو شوێنە کۆمەڵایەتییەکەی کراوە، ئەگینا ھەن ھیچی ئەوتۆیان نەنووسیوە ئەگەر نەڵێین ھەر نووسینێکی ئەو تۆیان نییە کەوەک ئەدیب ناویان بھێنرێت، کەچی لێرەو لەوآ بەویستی فڵان و فیسارە کەسی دەستڕۆیشتوو ناویان دەچێتە لیستی نووسەرانی سەردەمێکی دیاریکراوەوە، ھەرچەندە ئەمە ئەگەر کێشەش بێت لەڕووی تاکەکەسییەوە ھێندەی ئەوە کێشە نییە کەتۆ بەدرۆ مێژوویەک بۆ ئەدەبیاتی میللەتێک دروستبکەیت و فێلڕ لەنەوەیەکی خۆت بکەیت و پێیان بڵێیت بۆ نمونە لەکاتێکدا تۆ ئەگەر خاوەنی بیست شاعیر بیت کەشاعیر بێت کەچی ناوی سەد شاعیریان بۆ ریزبکەیت و پێیان بڵێیت ئەمانەن کەڵەشاعیرەکانی شیعری کوردی!!؟ لەکاتێکدا ھەر وەک نمونەیەک عەرەب پاش ساڵانێک لەدانە پاڵی کۆمەڵێک شیعری زۆر بۆ شاعیرەکانی سەردەمی جاھیلییەت، بەبآ ئەوەی وەک لایەنی ئیستەتێکی یان ناوەڕۆک ھیچ کێشەیەکیش لەو شیعرانەدا بەدی کرابێت، کەچی وردبوونەوەو خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەی رەخنەکارانی ئەدەبەکەیان وای لێکردن زۆربەی ئەو شیعرانەی کەپێشتر بەشیعری شاعیرانی سەردەمی جاھیلییەت لەقەڵەمدرابوو وەلابنێن بیکەنە دەرەوەی بازنەکانی ئەدەبیاتی سەردەمی جاھیلییەتەوە وەک عەرەب خۆی ناوی دەبات).
ئەمە لەگەلڕ ئەوەی ھیچ کاتێک زۆرێک لەتێکستە باشەکان لەھیچ شوێنێکی دنیادا نەچوونەتە نێو رەسمیاتی دامو دەزگا رەسمی و کتێبەکانی قۆناغەکانی خوێندنی وڵاتانەوەو پێویستیشە نەچێت، ئەمەش باشترین شتێکە بۆ مانەوەی ئەو تێکستانە بەزیندووێتی، چونکە ھەر کاتێک تۆ ھەر تێکستێکت کردە ماتەریاڵی خوێندن بەزۆر و ئەزبەرەکردن و لێپرسینەوە، ئەوە گەورەترین بێحورمەتیت بەو تێکستە کردووەو بەتەواوی مرانووتە، ھەروەک چۆن سەرۆکی یەکێک لەوڵاتەکانی ئەمریکای لاتین پاش چاپکردنی ملیۆنەھا نوسخە لە”دۆن کیخۆتە” و بەزۆر دابەشکردنی بەسەر خەڵکی وڵاتەکەیدا و بانگەشەکردنی بۆ ئەوەی کەدەبێت ھەموو کەسێک بیخوێنێتەوە، جوانییەکانی ئەو تێکستەی لای بەشێکی زۆری خوێنەران کوشت و “دۆن کیخۆتە”ی کردە ئامڕازێکی ریکلامی بۆ خۆی و دەسەڵاتەکەی.
ئەمە لەگەلڕ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەوانەی خۆیان سەرقاڵی نووسینی رەخنەیی کردووە، ھێشتاکە نەگەیشتوونەتە ئەو تێڕوانینە رەخنەییەی کەدواجار لای “غەزالی” دروست بووە، سەبارەت بەوەی رەخنەیەک لەسەر دژایەتی و لێدانی ئەم و ئەو دروست بووبێت، زۆر دەستەوسانترە کەحەقیقەتێکی مەعریفی بەرھەمبھێنێت، چونکە دژایەتی و لێدان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەتۆ حەقیقەتێکت لایە جیاواز لەوەی کەخراوەتەڕوو، بەمەش کاری تۆ دەبێتە پاکانەو پاساو ھێنانەوە بۆ حەقیقەتێکی پێشتر زانراو و سەلمێنراو، بەو پێیەش ھەرگیز ناتوانیت فیکر و مەعریفەیەکی نوآ بەرھەمبھێنیت، سەرقاڵبوونی رەخنە بەدانەری تێستەوەو لەبیرکردنی تێکست دیاردەیەکی ترسناکەو تەنھا پێکدادان و دژایەتییەکی بێمانای لێدەکەوێتەوە.
” رۆلان بارت” دەڵێت: ( دانەر بوونی نییە تەنھا لەساتەوەختی بەرھەمھێناندا نەبێت، منیش وەک خۆم و لەم ئەزموونە خاکییەمەوە ھەستم بەوە کردووە کە پاش نووسین ھیچ نامێنێتەوە لەبارەیەوە بیڵێم و ھیچ پێوەندییەکی موڵکایەتی و بەڕێوەبردنیش پێوەم نابەستێتەوە ).
یان دەڵێت:
( تێکست دادەنرێت و دەخوێنرێتەوە بەچەشنێک کە لەھەموو لایەنەکانەوە دانەر تێیدا غائیبە ).
زۆر جاران نووسینە جیدییەکان بەگشتی و شیعریش بەتایبەتی لەڕووی مامەڵەکردنی لەگەلڕ یەقین و گومان و جێھێشتنی بۆشاییەکانەوە، “تاوییەکان”م بیردەخاتەوە.
” چوانگ تز” “تاو” بەو شتە دەچووێنێت کەھەم بۆشاییەو ھەم نابۆشایی، لەکاتێکدا ھیچیان نییە. دەیچووێنێت بەو شتەی کەڕەگ و قەدەکان دروست دەکات و بەڵام نابێتە ئەوان، کۆبوونەوەو جیاکردنەوە دروست دەکات، لەکاتێکدا خۆی نەجیادەکرێتەوەو نەکۆشدەکرێتەوە..وەک لەگوتەیەکی “تاوییەکان”دا ھاتووە:
( لەوآ سەرەتایەک ھەبوو
لەوآ سەرەتایەک ھەبوو دەکەوتە پێش ئەو سەرەتایەوە
لەوآ بوونێک ھەبوو
لەوآ نابوونێک ھەبوو ).
رەنگە زیندووترین تێکست ئەو تێکستە بەراییە بێت کەدەیەوێت ببێتە سەرەتا یان بۆ خۆی ئەو سەرەتایەیە کەدەبێت ھەوڵی دۆزینەوەی بدەین، ئەگەر پێشمان وابێت ھەر سەرەتایەک سەرەتایەکی دیکەی لەپشتەوەیەو بەم چەشنە سەرەتاکان لەشوێنێکدا راناوەستن و سەقامگیرنابن، یان بەبڵێین تەواو نابن و نابنە کۆتایی، ئەو دەم خوێندنەوەمان بۆ تێکست دەبێتە کردەیەکی بەردەوامی گەڕان و ھەوڵدان بۆ کەشفکردنی نەگوتراو و نەزانراوەکان.. ھەوڵدانیشمان بۆ خوێندنەوەی نەنووسراو و نەگوتراو و نەزانراوەکان، ھەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەو دنیا ونبووەی کە دانەر خۆشی لێی بێئاگایە.
لەوتارێکی دیکەدا ئاماژەم بەھەندێک لەو دەنگە جیدیانەی نەوەی نوێی شیعر دابوو، کەھێندەی خۆم وەک خوێنەرێک ئاگاداری ھەوڵدانە شیعرییەکانیانم، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدابوو، لێرەشدا جارێکی تر جەخت دەکەمە سەر ئەوەی کەبێگومانم لەدەرەوەی ئەو ناوانە دەنگی تر ھەن و دەشبن، ئەوەی کەمن پێشتر و ئێستاش نووسیوومە تەنھا ھەوڵدانێکە بۆ خوێندنەوەی ھەندێک لەنەخوێندراوەکانی نەوەی نوێی شیعر، ئەوەندەی کەدەرفەتم بۆ بلوآ و بتوانم، ئەگینا ھیچ مەبەستێکم لەھێنانەپێشی کۆمەڵێک ناو و سڕینەوەی کۆمەڵێک ناوی دیکەی گەنجان نییە، لەکاتێکدا کەوەک بەدرێژایی ئەم وتارە ئاماژەم پێداوە ئەوەی کەگرنگە تێکستە نەک دانەر و ئەوەی کەمنیش وەک خوێنەرێک دەیخەمەڕوو بڕوانامە بەخشینەوەو بروز پێکردن و بگرەو بەردەی لەو جۆرە نییە، وەک کۆمەڵێک کەسانی ئازیز بەنامە گلەییان لێکردبووم کەبۆ ناوی کەسێکم ھێناوە و ناوی یەکێکی دیم لەیاد کردووەو زۆر شتی لەو جۆرە کەکاری من نییەو ئاماژەدانیش بەناوەڕۆکی نامەو ناوی ھەر کەسێک کەنامەی بۆ ناردبێتم بەکارێکی جوان و شیاو نازانم و مەگەر تەنھا وەک ئاماژەپێدانێک بۆ ئەوەی خوێنەر لەو ئیشکالانە بگات، کەنووسەری ھەر خوێندنەوەو کارێکی رەخنەکاری دواتر رووبەڕووی دەبێتەوەو لەقاڵبێکی شەخسیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تەنانەت چەند بەڕێزێک پێیان وایە وەک لەنامەکانیاندا خستویانەتەڕوو کەمن تاوانێکی زۆر گەورەم کردووە چونکە شاعیرەگەنجەکانی باکووری کورستان و رۆژئاوای کوردستانم پشتگوێخستووە؟!.. راستیەکەی من ئاگاداری بەرھەمی شاعیرە گەنجەکانی ھەموو کوردستان نیم و کەم تا زۆر ئەوەندەی ئاگادارم دەتوانم شتێک بڵێم و وەک ئاماژەپێدانێک بیھێنمە نێو خوێندنەوەیەکی دیاریکراوەوە، ئەمە جگە لەوەی من تەنھا خوێنەرێکی شیعری گەنجانم و ئەوەندەی دەرفەتی خوێندنەوەیانم ھەبێت و بیانبینم، ئەگینا رەخنەگرێکی تایبەت بەو بوارە نیم و جگە لەخستنەڕووی خوێندنەوەیەکی سادەو ساکاری خۆم دەرحەق بەو شیعرانەی نەوەی نوآ، بانگەشەی ھیچی ترم نەکردووەو کاری نووسەریش بانگەشەکردن نییە، ئەمە جگە لەوەی من نەمگوتووە ئینسیلۆپیدیایەک لەسەر تەوژمی نوێی شیعریی گەنجانی بەشێک یان ھەموو بەشەکانی کوردستان دەنووسم، وەک گوتم ئەوەی گرنگە بوونی تەوژمێکی لەو چەشنەیەو ھەر غیابی رەخنەی کوردیشە کە وایلێکردووم بۆ جارێکی دیکەش بێمەوە نێو ھەمان کایە، کەبەڕای من بەتەواویی فەرامۆشکراوەو ئاوڕ لەو دەنگە نوێیانە نەدراوەتەوە، ئێمە لێرەدا لەئاستێکی شەخسیدا قسە لەسەر نەوەی نوێی شیعری کوردی ناکەین و کارمان بەوە نییە کێیان بەردەوام دەبێت و ھەوڵی نوسینی جوانتر و جوانتر دەدات، یان کێیان لەمەودوا خراپتر دەنووسێت، ئەوەی گرنگە بوونی تەوژمێکی شیعرییەو بەتایبەتیش ئەوانەی جدییەت لەکارەکانیاندا دەبینرێتەوەو وەک پێشتریش لە وتارەکەی تردا ئاماژەم پێداوە:
( ئاماژەدانم بەو ناوانەی کەلەنێو تەووژمی شیعری نوێی کوردیدا ھەن و دەنووسن ئاماژەدانێکی سەرپێی نییە، چونکە پاش خوێندنەوەی کەم تا زۆری شیعرەکانیان، لەزۆر بڕگە و کۆپلەو رستەو وشە و تەنانەت ھەندێک جار لەناونیشانی شیعرەکانیشیاندا ھەستم بەھەوڵدانیان کردووە بۆ راگرتنی خوێنەر، ئیدی کارکردنی بەردەوام و ئەزموونکردنی دنیاو ھەوڵدانی ھەردەمی ئەوانە، دواجار دەکارێت شتێکی جوداو جیاوازی لێبکەوێتەوە، کەقابیل بەخوێندنەوە بێت و راڤە و شیکاری و تەئویلی بۆ بکرێت.
بەھەرحالڕ لەنێو ئەو فەوزا و ئاشووبەی ئێستای ئەدەبیات و رۆشنبیری کوردی و شەڕەجەنگی ناوەکاندا، لەئاست تێکستە شیعرییەکانی ئەو گەنجانەدا پێویستە ھەڵوێستەیەک بکەین و بڕوانینە ئەو جوگرافیایەی کەئەوان بەگشتی کاری تێدا دەکەن و لەو پێگەیە وردبینەوە کەئەوان دەیانەوێت لەسەری رابوەستن، یان نایانەوێت و کەچی بێئاگا لەوێدا راوەستاون.
ئاشکراشە لێرەدا کاری ئێمە خوێندنەوە بۆ سەرجەم شیعرەکانیان، یان شیعرێکی دیاریکراوی ھەر یەکێکیان نییە، بەڵکو ئەوەی کەدەمانەوێت ئاماژەی پێبدەین وەک پێشتریش باسمان لێوەکرد ھەوڵدانیانە بۆ راگرتنی خوێنەر. دیارە تێکست-یش ئەو موقەدەسە کامڵە نییە کەوەک زۆر کەس پێی وایە دەبێت بەڕادەیەک کاملڕ بێت، کەھیچ کونۆچکەو کەلێن و بۆشاییەکی بەجآ نەھێشتبێت، بەڵکو ئەمە زۆر بەپێچەوانەوەیە تێکستی قابیل بەخوێندنەوە ئەو تێکستەیە کەھەردەم بۆشاییەکانی زیاترە لەپڕکردنەوەکانی.
“ژاک دریدا” سەرباری جددییەتی تێکستی”دادگایکردن”ی “کافکا”، کەچی تێکستەکە جآ دەھێڵێت و خوێندنەوەیەکی زۆر سەیر و سەمەرە و قوولڕ و جیددی تەنھا بۆ ناونیشانەکەی دەکات، بۆیە دەکرێت لەسەرجەم ئەزموونی نووسەرێکدا، تەنھا قسە لەسەر پەرەگراف و دێڕو وشە و ناونیشانەکەی بکەین، لەدیدگەیەکی تەفکیکییەوە تێکست ھەڵبوەشێنینەوەو پاشان کاری لەسەر بکەین ).
بۆ ئاشناکردنی زیاتری خوێنەر بەھەندێک لەنموونە شیعرییەکانی نەوەی نوآ لێرەدا ئەوەندەی بتوانم ئاماژە بەھەندێک نمونەی شیعری دەدەم کەنزیکە لەتەوەری سەرەکی باسەکەمانەوە.
گەر ئەو دیو تێکستە شیعری ( عەندەلیبێک لەمندا…ئیعتیاد بەخۆکوشتن )ی “زمناکۆ بورھان قانع” بخوێنینەوە، سەرباری ئەو کارکردنەی کەلەنێو تێکستەکەدا دەکەوێتە پێشچاو، بەڵام ئەگەر ھەوڵێک بۆ خوێندنەوەی نەخوێندراوەکانی ئەو شیعرە بدەین، دەبینین تەسەووراتێکی تەسەوفیی “تاو”یی کەوتۆتە ئەو دیو تێکستەکەوە، سەبارەت بەگرێدانی سەرکەوتن و کوشتن و خود، “تاوییەکان” باوەڕیان وایە:
( ئەوەی بەسەرکەوتن شادمانە، شادمانە بە کوشتن، ئەوەی بەکوشتنیش شادمان و بەختەوەر بێت، ناتوانێن ببێتە تەواکەری خۆی).
واتە گەر شادمان نەبیت بەکوشتن(بەخۆکوشتن-ەشەوە) ئەو دەم شادمانیش نابیت بەسەرکەوتن!؟ ئەم تێڕوانینە لەودیو تێکستە شیعرییەکەوە کاری کردۆتە سەر خودی تێکستەکەو نغرۆی یەئس و بێھوودەییەکی بێوێنەی کردووە، خودێک کەنەتوانێت بەختەوەر و شاگەشکە بێت بە سەرکەوتنەکانی، لەکاتێکدا سەرکەوتن و کوشتن دوالیزمێک بن و خود تەنھا لەڕێی رەتکردنەوەی ھەردووکیانەوە بتوانێت بگاتە خۆی، بەواتای گەیشتنە قووڵترین و تاریکترینی ئەو شوێنانەی کەلەنێوەوەدا ھەن و سەرچاوەی کەئابەت و حوزنێکی ئەبەدین.
وەک لەتێکستە شیعریەکەدا ھاتووە:
( تۆ عەندەلیب/ موعتادم مەکە بەتێکشکان لەم جەھەنەمە سوورەدا/ کەخۆشنوودی حەرامە لێی/ بێھۆشم مەکە بەئەفیون/ لەم دۆزەخە رەشەدا/ کەپێکەنین غایبە تیای/…..تۆ بخوێنە ئەی جومجومەی پڕ خورافات/ ئەی وەھمی من/ ئەی زەخرەفەی پڕ ئیعتیاد/ ئەی تاعونی قریشکەی من/ ئەی شالووری پڕ حوزنی من/ تۆ بخوێنە ئەی عەندەلیب/ تۆ بخوێنە…).
ئاستەمە بەبآ بوونی ئەو گومانەی کەدەکەوێتە نێو یان ئەودیو تێکستەکانەوە، تێکست وەک بونیادێکی زیندوو خۆی بەرجەستەو وێنابکات.
وەک نمونەی ئەو گومانەی کەلەتێکستە شیعرییەکانی ئێستا گەنجاندا بوونی ھەیە، دەکرێت ئاماژە بەچەند کۆپلەیەکی تێکستە شیعری ” ئەو سەندەڵێکە بەتەنیشت قسنی منەوە دەڕوێت”ی “تێکۆشەر خالید” بدەین:
( من ئەوان دەبینم چۆن دەخزێنە کۆشی شەوەوە/ من خۆمان دەبینم چلۆن دەڕژێینە ئامێزی سەفەرە/….ئەی نەورەسی کاڵی عەسرانی من/ لەوردبونما، کاتێک پارچە پارچە دەبم بەفیراق/ چەپاوم کە.. چەپاو پارچەکانم ببەرەوە بۆ ئەو بەر/ لەیەکێک لەکۆڵانەکانی وەردا بمنێژە/…..موناجاتێک شک نابەم.. بمباتەوە سەر دواھەمین نزای بەکوڵی شەونم/ ئەزانم پآ راناگەم و ئەوە دەبێت کەنابێت/……).
لێرەوە گەر بگەڕێینەوە سەر ئەو چەند دێڕەی “ھێرمان ھیسە” کەلەدەسپێکی بابەتەکەماندا خستوومانەتەڕوو و لەئاست ئەفسانەی قووڵاییەکان رابوەستین، دەبینین بەشێکی زۆری کاریگەری ئەفسانەکان لەسەر زەینی ئێمە پەیوەستە بەو گومانەی لامان دروستی دەکات، لەکاتێکدا کەبەو پەڕی یەقینەوە بەسەرھاتگەل و سەرگوزشتەو ھەموو شتەکانی دیکە دەخاتەڕوو، بەڵام خوێندنەوەیەکی وردی ئەفسانەکان بەگشتی دەمانگەیەنێتە ئەو راستیەی کەھەر لەسەرەتاوە ھەموو یەقینێک کەدەیخاتەڕوو، لەقووڵاییەکانی گومانەوە سەرچاوەی گرتووە.. پێداگرتنی بەردەوامیشی لەسەر یەقین بوونی ھەموو ئەوەی کەپێمانی دەڵێت، ھەوڵدانێتی بۆ شاردنەوەی گومانگەلێک کەلەپشت گوتار و گوتنە سەرەکییەکانەوە خۆی حەشارداوە.
وابەستەبوونی شیعر بەئەفسانەوە، یان دەتوانین بڵێین دوالیزمی شیعر و ئەفسانە بەچەشنێکە کەئاستەمە لێکیان داببڕین، بەلەبەر چاوگرتنی ھەڵھاتنی ھەردووکیان لەپرەنسیپە میکانیکییەکان و یاسا لۆژیکییەکانی فەلسەفەو زانست، فەلسەفە بۆ چێکردنی سیستمەکان پەنا بۆ چەمکەکان دەبات بۆ تەفسیرکردنی دنیاو زانستیش بەپرەنسیپ و ھێماکانی دواجار دنیا دەکاتە ھێماو سیمبۆلی ماتماتیکی و فیزیکی و کیمیاویی و بایۆلۆژی و…تاد.
بەڵام ئەفسانە وەک شیعر پەیوەستە بە ھەست و سۆز و وەک ئەویش ھەوڵی وێناکردنی دنیایەکی سەیرو سەمەرە دەدات، لەگەلڕ واڵاکردنی شاڕێگەیەک لەمابەینی ئاگایی و بێئاگایدا، بەچەشنێک کەھەردەم ئەو دوو چەمکەو چەمکگەلەکانی دیکە لەبارێکی نائاسایی جێگۆڕکێپێکەردا دەھێڵێتەوە، ھەر بۆیە تەنانەت لەمڕۆیەکی میکرۆ-ڤیزیۆنی تەکنەلۆژیشدا، لەجێی ئەوەی وەک چاوەڕوان دەکرا لەناو بچێت و نەمێنێت، کەچی لەجاران خەست و خۆڵتر و چڕو پڕتر دەبووژێتەوە، ئیدی ئەفسانەگەلە شیعرییەکان، یان شیعرە ئەفسانیەییەکان ھەردەم ئەوەمان بیردەخەنەوە کەئێمە لەم دنیایەدا چەند بێکەس و تەنیاو تەریکین، چەند کڵۆلڕ و داماو و ھەش بەسەرین دەرحەق بەو چارەنووسە نەگۆڕەی کەچاوەڕێمان دەکات!؟. ئێمە لەڕێی خەیاڵەوە، خەیاڵی نێو ئەفسانەو شیعرەکان دەتوانین بچینە دەرەوەی زەمەن و لەھەمانکاتیشدا بەوپەڕی ئیغتیرابەوە جارێکی دیکەو بەچەشنێکی تر دەمانھێنێتەوە نێو زەمەن، نەک بەو پێیەی زانیاری و راستییەکمان بۆ دەخاتەڕوو، بەڵکو بەو پێیەیەی کەئاماژەو ئیحا و ئیماکان لەخۆ دەگرێت لەبری راڤەکاری و وابەستەکردنی لۆژیکییانەی شتەکان بەیەکترییەوە، بەو شێوەیەش دەتوانێت ھەردەم لەگوماندا بمانھێڵێتەوە. شیعر و ئەفسانە ئەو دوانەیەن کەئاستەمە بزانین کامیان دەبنە سەرەتای ئەویدیکەیان و واپێشدەچێت ھەردووکیان پێکەوە ھاتبێتنە بوون، لەکاتێکدا زمانە سیحرییەکەی شیعرە ئەفسانەکان وێنا دەکات، لەھەمان کاتیشدا ھەر فەزا و ئەتۆمۆسفێر و خەیاڵی نێو ئەفسانەکانیشە ئەو زمانە سیحرییە شیعرییە دەھێنێتە گۆو ھەر بۆیە فەلسەفە ھەر لەسەرەتاوە دژ بەئەفسانەکان وەستاوەتەوە، بەواتایەکی دی دژ بەشیعریش وەستاوەتەوە.. بۆیە”ئەفلاتون” شاعیرانی لەکۆمارەکەی خۆی وەدەرنا، تا لەڕێی ئەوانەوە ئەفسانە دزە نەکاتە نێو کۆمارە یۆتۆبیاییەکەیەوە. قورئانیش وەک کتێبێکی ئایینی رەتیکردۆتەوە کەئایەتەکانی شیعر بن، بۆ سەلماندنی ئەمەش ئاماژەی بەشاعیران داوە وەک کەسانێک کەخراپەکاران دوایان دەکەوێت و ….تاد.
شایانی باسیشە ھەر شوبھاندنێکی تێکستە ئایینییەکان و شیعر، لەڕوویەکی ترەوە شوبھاندنێتی بەئەفسانەکان.. کە خودی سەرجەم ئایینەکان ھەر لەدەسپێکیانەوە بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کەئەوەی ئەوان دەیخەنەڕوو ئەفسانە نییە، بەڵکو حەقیقەتێکی ئیلاھییە؟!. ھەر بۆیە سەرباری دژایەتیکردنی بەردەوامیان بۆ فەلسەفە کەچی فەلسەفەیان بەنزیکتر لەخۆیان زانیوە وەک لەئەفسانە و شیعر.
مەبەستمان لەباس و خواسەکەی پێشووتر سەبارەت بەئەفسانەو شیعر کاریگەری ئەو دوو ژانرەیە لەسەر ھەندێک لەشیعرەکانی نەوەی نوآ، نەک بەو چەشنەی کەپێشتر کاری تێدا کراوە، بەڵکو بەشێوەیەکی کەمێک شاراوەو پەردەپۆشکراو و بگرە بەبێھەستکردنی دانەری ئەو چەشنە شیعرانەش گەراِوەتەوە، شیعری( ئیعتیاد بەخۆکوشتن) لەگەلڕ ئەو قوڵاییە “تاو”ییەی کەھەیەتی و زیاتر دەیباتە نێو دنیای تەسەوفەوە، بەڵام لەباڵێکی دیکەشەوە دەچێتە نێو ئەفسانەوە، ئەفسانەیەکی نزیک لەئەفسانەی سیزیف ولەم وتارەشدا دەرفەتی باسکردنی پێوەندییەکانی نێوان تاوییەکان و فەلسەفەو ئەفسانە و تەسەوفمان نییە و لەکاتێکی تردا ئەگەر دەرفەت رەخسا دەگەڕێینەوە سەری. لێرەدا ئاماژە بەشیعرێکی دیکەش دەکەین کەشیعری “لەرینەوەی وشەکان”ی “رابەر فاریق”ەو بەتایبەتیش کۆپلەیەکی:
( ھەمووتان چوون بۆ سەفەر، ھەمووتان
کەستان نەگەڕانەوە
بەتەنھا چووم بۆ سەفەر، بەتەنھا
ئێوەیشم لەگەڵ خۆمدا ھێنایەوە
ئاخر، لەوەستاندا بەڕێکەوتن
لەڕۆیشتندا بەڕێکەوتم و ھاتمەوە )
ئەو یەقینەی لەوێناکردنی دیوی دەرەوەی ئەم کۆپلە شیعرەدا ھەیە بەیەقینی نێو ئەفسانەکان دەچێت، گومان لەودیو تێکستەکە دەمێنێتەوەو خوێندنەوەیەکی سەرپێیانە ناھێڵێت پەی بەگومانە شاراوەکەی بدەین!؟.
“عەلی حەرب” دەڵێت: ( بۆ رزگاربوون لەسێبەری شیعری پێویستمان بەسێبەرێکی دیکە… رزگاربوونیش لەستراتیژییەتی ناوەکانیش بەبآ خستنەگەڕی دژەستراتیژیەتێک چآ نابێت ).
رەنگە ھەبن لەھەوڵدانیان بۆ راڤەو شرۆڤەی ئەم کۆپلە شیعرییە وێنەیەکی لێکچوو یان کەمێک جیاوازمان بۆ بگێڕنەوە، وەک ئەوەی لەنێو ئەو چەند دێڕەدا دەکەوێتەڕوو..بەڵام کاری خوێندنەوەیەکی زیندوو گێڕانەوەو خستنەڕووی مەبەست و نیازی دانەری تێکست نییە، بەڵام زۆرێک لەو خوێندنەوانەی کەکراوەو دەکرێت، دەچنە خانەی تەقلیدییەتی خوێندنەوەی تێکستەوە کەلەھەر ھەموویاندا دانەر بوونی ھەیەو بەشێوەیەکی بەرچاو زاڵە.
خوێندنەوەی تەقلیدییانەی تێکست ئەو چەشنە خوێندنەوەوەیە کەوابەستەی نووسراوی نێو تێکستەکەیەو لەناساندنی دنیابینی و بیرو بۆچوونی دانەر لانادات و بەباش و بەخراپ ھەر بەدەوری ئەوە و شتەکانی تردا دەخولێتەوە، ئاشکراشە ئەم جۆرە خوێندنەوانە دۆگمای تەسەووراتە پێشینەکان تێپەڕناکات و بەردەوام دەمانباتەوە بۆ نێو بازنەیەکی داخراو.
ئەمە جگە لەوەی سەبارەت بەو کۆپلەشیعریەی کەئاماژەمان پێدا، ھەر کەسێک لەگەلڕ گوتاری پشت ئەو دێڕە شیعریەشدا مامەڵە بکات دەکەوێتە ھەڵەوە، چونکە گوتار پەردەپۆشێکی ئەو گەمەیەیە کەتێکست دەیکات.
بەڵام کاری ئێمە گەڕانە بەشوێن تێکستی بەراییدا، تالەبەردەم یان لەودیو ئەوەی تێکست پێمان دەڵێت وننەبین و بۆخۆمان بگەڕێین بەشوێن ئەو تێکستەی کەدانەر مەبەستی بووە بینووسێت و نەینووسیوەو ھۆکارەکانی ئەم گەمەیەی نێوان تێکست و دانەرەکەشی ھەرچییەک بن لەئێستادا ناتوانین تەواو خۆمانی لێبدەین و یەکاڵای بکەینەوە. ئاشکراشە تەنھا ئەو تێکستانە دەتوانن ئێمەی خوێنەر کەمەندکێش بکەن کەزیندوون و لەئاست خوێندنەوەدا دەکرێنەوەو دوورن لەو چەشنە بەناو تێکستانەی کەمردوون و لەفەرزێکدا بشیانخوێنینەوە ھیچمان لادروست نابێت. قسەکردنێکی جیدییانەش تەنھا لەسەر تێکستە تۆکمەکان دەکرێت، ئەو تێکستانەی کەدەتوانن لەئاست خوێندنەوەی خوێنەری زیرەک و جدییدا خۆیان رابگرن و بەڵکو گەمەیەکی زۆر قوولڕ و سەیر و سەمەرەشیان لەگەلڕ بکەن، تێکست لەگەلڕ ھەموو ئەوەی کەدەیخاتەڕوو و ھەموو ئەوەش کەدەیشارێتەوە، بەدەر نییە لەخەیالڕ و فانتازیاو وشەسازی و رەوانبێژی و بەرھەمھێنانی واتاو تەوزیفکردنی دەلالەتەکان و بوونی ئیستراتیژیەتێکی شاراوەو ئاشکرا، لەھەمووشی گرنگتر کەینونەی تێکستە کەمەشروعییەتی مانەوەی پێدەبەخشێت و بەو پێیەش کەبۆخۆی ھەڵگری مەشروعیەتێکی ناوەکی و خودیشە، بۆیە دەبێت بەدەر لەدانەرەکەی و ئەو واقیعە دەرەکییە بخوێنرێتەوە کەھەبووە و ھەیە، ئەوە خوێندنەوەی تەقلیدییە کەتێکست و نووسەرەکەی وەک دوانە دەبینێت و ناتوانێت لێکیان جوودا بکاتەوە، زۆر جار چاوپێکەوتنی پڕ نەرجسیەتی نووسەرانێکم خوێندۆتەوە کەھەموو باسکردنێکی باشی تێکستەکانیان بەباشەی خۆیانی لەقەڵەم دەدەن و ھەموو باسکردنێکی خراپی تێکستەکانیشیان بەخراپ باسکردنی خۆیانی دەزانن، لەکاتێکدا تێکستی خراپ و باش بوونی نییە!؟
ئەوەی ھەیە تێکستی زیندوو یان مردووە، یان بابڵێین تێکست و ناتێکستە!؟.
یەکێک لەخەسڵەتەکانی تێکستە زیندووەکان ئەوەیە نەیانتوانیوەو ناتوانن ببنە ئاوێنەی واقیع تەنانەت ئەگەر باسی واقیعێکی دیاریکراویشیان کردبێت، ھەردەم مەوداو بۆشاییەکی ئاشکرا یان شاراوەیان لەخۆدا ھەڵگرتووە، ئەمە جگە لەوەی ئیشکال لەباسکردن و خستنەڕووی واقیعێکی دیاریکراودا ھەیە ئیدی ئەو واقیعە ھەرچییەک بێت، ئاستەمە ببێتەوە بەو واقیعەی کەباس دەکرێت، ھەر بۆنمونە کاتێک سەخترین ساتەکانی ژیانمان دەگێڕینەوە نابێتەوە بەو واقیعەی کەتێیدا ژیاوین، کەی ئەو ساتەوەختەی کەکەسێکی تێیدا رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە ھەر ئەو ساتەوەختەیە کەئەگەر کەسەکە لەمەرگ رزگاری بوو بۆمانی بگێڕێتەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین تێکستی زیندوو ئەو تێکستەیە حەقیقەتی خۆیمان لابەرجەستە دەکات، کاری ئێمەش خوێندنەوەی ئەودیوی ئەو حەقیقەتەیە کەتێکست لەخۆی گرتووە، ئەمەش بەتێپەڕکردنی بونیادی تێکستەکە، تا نەگوتراوەکانی بدۆزینەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی گوتراوەکانی تێکست ھەڵخەڵەتێنەرن.
زۆرێک لەتێکستەکان دەرئەنجامی گوتراوەکانیان خوێنەر دەگەیەنێتە ئەوەی کەئەمە مەبەستی تێکستەکەیە، لەکاتێکدا لەپشت ئەو گوتراوانەوە، پێچەوانەکەی خۆی مەڵاس داوە، وەک ئەو تێز و تەرحانەی لەدوو توێی تێکستەکانەوە بەناوی ئازادی و یەکسانی و دژایەتی ئیمپریالیزم و دیکتاتۆریەت و چەندین شتی لەو بابەتە خوێنەر مەست دەکەن و دواتر ھەر خودی دانەرانی ئەو کتێبانەو باوەڕدارانیان کەبۆیان لوا دنیایەکی زۆر لەوەی پێشووتر خراپتر و ترسناکتر بنیات دەنێن و لەجێی ئیمپریالیەت و دیکاتۆریەت و ھەموو ناشیرینییەکانی پێشوو دزێوترو ناشیرینتر دێنەوە مەیدان، لەکاتێکدا خوێنەرێکی وردبین و جیدی دەتوانێت ھەر لەنێو خودی نووسینەکانیاندا ئیمپریالیەتی زمان و تەسەوور و دنیابینی دیکتاتۆریانەی ئەوان ببینێتەوە.
بەھەر حالڕ گەر بگەڕێینەوە سەر باسەکەمان، لەکاتێکدا چەند وا تەسەوور بکەین کەلێی چووینەتە دەرەوە لەڕاستیدا لەنێو خودی باسەکەداین و ھەروەک چۆن چەند تەسەووریش بکەین لەنێو باسەکەداین لەڕاستیدا لێی چووینەتە دەرەوە، ئیدی ئەمە گەمەیەکەو بەدەر لەویستی خۆمان دەمانھێنێت و دەمانبات، دواتر ئەوەی گرنگە کردنەوەی دەرکەیەکە بۆ خوێندنەوەی نەخوێندراوەکان!؟.
تێکستە ئەفسانەیی و شیعرییەکان نمونەیەکی بەرچاوی ئەو چەشنە تێکستانەن کەھەردەم دەکارێت بخوێنرێنەوە. بەو پێیەی کەتوانایەکی سەیریشیان تێدایە بۆ شاردنەوەی ئەوەی کەمەبەست بووە بگوترێت و لەپشت گوتراوەکانیەوە دنیایەک نھێنی و پەنھان ھەیە، چەندیش ئەو نھێنی و پەنھانانە زیاتر بن ھێندە خوێندنەوەمان بۆی چڕتر و زیاتر دەبێت.
( ھەمووتان چوون بۆ سەفەر، ھەمووتان
کەستان نەگەڕانەوە
بەتەنھا چووم بۆ سەفەر، بەتەنھا
ئێوەیشم لەگەلڕ خۆمدا ھێنایەوە،
ئاخر، لەوەستاندا بەڕێکەوتن
لەرۆیشتندا بەڕێکەوتم و ھاتمەوە).
رەنگە خوێندنەوەیەکی تەقلیدیی بۆ ئەم کۆپلە شیعرییە تەنھا بتوانێت باس لەمەحکەمبوونی بکات، یان ئاماژە بەیەقین و تاکڕەھەندی و مانای سەرزارەکی بکات. واتە ئەوەی کەخوێندەوەیەکی تەقلیدیی دەتوانێت پێمان بڵێت تەنھا ئەوەیە کەلەڕووکەشدا ھەیەو لەوە زیاتر ناتوانێت رۆبچێتە نێو چینەکانی دیکەیەوەو شاراوەو نەزانراوەکانیمان بۆ کەشف بکات. ھەر خوێندنەوەیەکیش ئەوەمان بۆ بخاتەڕوو کەتێکست دەیڵێت لەڕاستیدا ھیچی بۆ ئێمە نەخستۆتەڕوو جگە لەڕووکەشی ئەوەی کەھەیە.
لەکاتێکدا خوێندنەوە ئەوەیە تۆ لەڕێی ھەڵوەشانەوەی ئەوەی لەبەر دەستدایە بگەیتە نەگوتراو و شاراوەکان، ھەروەک چۆن دەتوانین لەلۆژیکی تێکستەوە نالۆژیکییەت و لەپشت ئەقڵانییەت و ماقووڵەوە، ناماقوولڕ و نائەقڵانییەت بدۆزینەوە، ئاواش لەم بەشەی ئەو شیعرەی کەلەبەر دەستدایە دەتوانین گومانێکی سەیر و سەمەرە ببینینەوە کەنەک ھەر دژ و ناکۆکە لەگەلڕ تێکستەکە وەک رووداو و کردەیەک، بەڵکو خودی ئەو یەقینەش بەتالڕ دەکاتەوە، ھەر ئەمەشە تێکستە شیعرییەکە دەکاتە تێکستێکی زیندوو، ئەگینا ئەگەر ئەوەی لەبەر دەستدایە لەیەقین و رەھابوون ھەر ئەوەندە بووایە، نەدەکرا رامانبگرێت و ھەوڵی خوێندنەوەی بدەین!؟.
ئەگەر من-ی نێو ئەو بەشەی شیعرەکە ھاتباو زۆر پێداگر بایە لەسەر ئەوەی کەمەبەستیەتی بیڵآ و جەختی لەسەرکردبا، تەنھا یەقینێکی رووکەشیانەی لای خوێنەر دروستدەکرد و بەو پێیەش گومانکردنیش دەبووە شتێکی رووکەشی.
بەڵام یەقینەکە بەڕاستگۆیی و سادەیی و خۆڕسکانە، بآ دوو دڵی و دڕدۆنگی و دڵەڕاوکآ و پێچ و پەنا خراوەتەڕوو، ھەروەک ئەوەی شتێکی زانراو بۆ کەسێکی ئاگادار لەمەسەلەکە بگێڕیتەوە، یان بەڵگەنەویستێکی غەیبانی بۆ باوەڕدارانی چەشنە غەیبانییەتێک باسبکەیت و پێیان رابگەیەنیت.
“ئیبن عەرەبی” تێڕوانینێکی زۆر گرنگی ھەیە، پوختەکەی ئەوەیە کاتێک مرۆڤ دەیەوێت لەئەقڵەوە دەست پێبکات یان ئەقڵانییانە شتێک بخاتەڕوو، ئەوە بیەوێت و نەیەوێت بێئاگا پەنای بۆ وەھم بردووەو لەڕێی وەھمەوە ئەمەی کردووە، ئەگەر کەمێکیش بڕوانینە ئەم بۆچوونەی “ئیبن عەرەبی” دەبینین پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئەو یەقینە وەھمییەی لەکۆپلەشیعرییەکەدا خراوەتەڕوو، لەپشتیەوەڕا ئەقڵانییەتی ئاستەمبوونی کارێکی ئاوھا و لەو چەشنە خۆی حەشارداوە، وەک ئاماژەشم پێدا ھیچ گومانێک لەڕووکەشی تێکستەکەدا و لەمیانی وشەو دێڕەکانەوە خۆی دەرناخات و ھیچ دژایەتی و ناکۆکییەکیش بەدی ناکرێت، خۆ ئەگەر ھەشبایە ئەوە تێکستەکەی دەمراند!؟.
“فرانسوا جاکۆب” دەڵێت:
( لەمڕۆدا ئەفسانەو خورافات ناچنە ریزی توڕەھات و شتە پووچەکانەوە، بەڵکو وەک سیستمێکی پێگەیاندن و جیاکردنەوە، لێک دابڕاندن و پێکەوەگرێدان لێی دەڕواندرێت… ئەفسانەو خوڕافات سیستمێکی راڤەکارییانەی جیھانە…).
ئەگەر ئەوەی لەتێکستەکەدا خراوەتەڕوو بینراو و بەرجەستەکراو بایە، ئەوە نەبینراو و خەیاڵ لێکراوەکەی دەکەوتە ئەودیوی تێکستەکەو پێچەوانەکەشی راستە!؟.
دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین کەئەو یەقینەی لەکۆپلە شیعرییەکەدا خراوەتەڕوو، نزیکە لەیەقینی ئەم دێڕە شیعرییەی –مەحوی-ییەوە:
( خەو ئەزانآ نییە، دەیوت دەبنوو بێمە خەوت
نێک بەختم بەوەنەوەزآ بکە، ئەی بەختە مەدەد)
دیارە ئەم بەیتە شیعرییەی –مەحوی- زیاد لەھەموو تێکستە شیعرییەکانی خودی –مەحوی- خوێندنەوە ھەڵدەگرێت، بەڵام یەکێک لەگرفتەکانی خوێندنەوەو دنیای رەخنەکاری کوردی تا ئەم ساتەوەختەش و بەشێوەیەکی گشتی پێیان سەیرە کەسێک تەنھا لەسەر دێڕە شیعرێک بنووسێت،بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، “ژاک دریدا” قووڵترین خوێندنەوەی تەنھا بۆ ناونیشانی “دادگایکردن”ی “کافکا” کردووە.
دواجار سەبارەت بەکۆپلە شیعرییەکەی نێو شیعری “لەرینەوەی وشەکان”، دەبێت بڵێین بەشی شاراوەی ئاماژە بەو لێکچوونە دەکات، کەمن-ی نێو شیعرەکە لەگەلڕ ھەمووان دەکاتەوە یەک و ھەمووانیش لەگەلڕ من-ی نێو شیعرەکە دەکاتەوە یەک، پێمان دەڵێت ئیدی ناکرێت من “من” بم، چوونکە “من” بوومەتە ئێوەو ئێوەش بوومەنەتە “من”، ئەمە جگە لەو فەزا سوریالییەی لەو کۆپلەیەدا ھەیە و دەکرێت بەخەونێک بشوبھێنرێت، کەچەند لەکاتی دیتنیدا یەقینمان ھەبێت، بەڵام دواجار پاش بێداربوونەوەمان شتێک نامێنێت بەناوی یەقین، رەنگە گومانیش لەو حاڵەتەدا رێچکەیەکی دیکە بگرێتە بەر، ئیدی دەبێت ھەردەم لەنێو یەقین و گومانەکاندا بۆ شوێنجێگەیەک بگەڕێین کەھیچیان نەبێت، بەڵام ئاخۆ شوێنجێگەیەکی ئەوھا لەھیچ شوێنێکدا ھەیە!؟.