سەیرە نەزانن چ کات لە رۆژدا گونجاوە بۆ رێتمی شاد و چ کات شیاوە بۆ ڕێتمی ئارام…لەکوردستان کێشەو رای شەخسی رەنگی داوەتەوە بەسەر بڕیارەکانی هاوکاری بەرهەم هێنان…هونەرمەند بەمانا پەتیەکەی خەسێنراوە بۆیە توانای نییە بیری خەڵکی بهێنێتەوە نیشتیمان چییە و پیرۆزی وڵات چییە
ئالان ئەگەر خۆی لەخۆی بدوێ نەک ئێمە چۆن لە ئالان ئەدوێ؟
– ئالان عومەر ژنێکی کوردە ژنێک کە پڕە لە خەون و خولیا و تموحی جوان, من ژنێکم خەون بەوەوە دەبینم هەرچی مرۆڤ هەیە خۆش بەخت بێ لەناویشیا ژن خۆش بژی و هاوتای رەگەزی هەمبەری بێت. من کەسێکم بەردەوام بەدوای ئەو رێگایەدا گەراوم لەڕێیەوە خزمەتی ولاتەکەم بکەم زۆر رێگام تاقی کردۆتەوەو لەکۆتادا گەشتومەتە هونەر و بەو ڕێگام زانیوە کە دەتوانم تێیدا خزمەت بەخهڵکی وڵاتەکەم بکەم, بەڵام بەداخەوە لەهونەریشدا هێندە ڕێگری هەیە هەرگیز ناتوانی بگەیتە ئەو ئاستەی کە لەتموحی خۆتایە.
* ڕێگری ڕێی هونەرمەند چی یە کەنەتوانێ لە ئاستی تموحی خۆی کار بکا؟
– ڕێگری زۆرن ئەو هونەرەی کە بەجدی لە خزمەتی خەمەکانی خەڵک بێ کەس هاکارو پاڵپشتت نییە, چونکە ئەوانەی لەپشتی هاوکارییەکانی هونەرن خۆیان ئەوانەن کە دروستکەری خەمی خەڵکن ئێ هونەریش دوربێ لە خەمەکانی خەڵک واتە کارێکی بێ ناوەرۆکە ئەوکات ئەوە هونەر نییە. بۆیە ئێمەی هونەرمەندناچارین تەنها لەپێناو بەردەوام بوون هەندێ شت بکەین و گۆرانی بۆ ههندێ شت بڵێین کە دوربێ لەئەسڵی خەمی خەڵک یان بەشێوەیەکی زۆر نا پرۆفیشناڵانە بەرهەمەکان بەرهەم بهێنین. لەکوردستان کێشەو رای شەخسی رەنگی داوەتەوە بەسەر بڕیارەکانی هاوکاری بەرهەم هێنان، بەسەر راگەیاندنەکانەوە کە گرنگی بەهونەر دەدەن، رەنگی داوەتەوە بەسەر هەڵسهنگاندنی تواناو کاری هونەری، بۆیە بەراستی هەموو ئەوانە بەربەستن و بەربەستێکی توانا پرۆکێنن.
*باسی راگهیاندنت کرد رەخنەت لە راگەیاندن چییە و تا چهند خزمهتیان به هونهر گهیاندوه؟
– من باسم کرد میزاج بڕیاردەرە لە راگەیاندنەکانیش بۆیه پێم وایه خزمهتێكی ئهتۆیان به هونهر نهكردوه تهنها کاریان پركردنهوهی بۆشایی بوه. ئێستا لهوانهیه نسبهیەكی زۆر دهزگاو رادیۆو تی ڤی ههبن كه ههریهكهشیان میزانییهی باش له حكومهت وهردهگرن، بهڵام هیچ خزمهتێكیان به هونهر نهگهیاندوه ئاخر خزمەت ئەوەنییە کاکی تەنسیق دەنگی کام هونەرمەندی پێ خۆشە بەپێی عەقڵ و بڕکردنی عەقڵی خۆی پەخش و فەرزی بەرهەم بکا، ئەمە کارەساتە بەشێک دابنرێ بەناوی تەنسیقی تەلەفزیۆن و رادیۆ لەو بەشەدا کەسێک نەبێ ئەگەر شارەزایشی لە هەموو بوارەکان نەبێ، بەڵام ئاگاییەکی کەمی لە لایەنی دەرونی و مرۆڤ هەبێ لەکاتەکانی رۆژدا ئاخر سەیرە نەزانن چ کات لە رۆژدا گونجاوە بۆ رێتمی شاد و چ کات شیاوە بۆ ڕێتمی ئارام کارەساتە بەرپرسی ئەو دەزگایانە لە پەخشی خۆیان نەڕوانن و نەپرسن ئەم دەموو چاوانە بۆ هەموو رۆژ دوبارە و چەند بارە دەبنەوە؟ یان دەبینی زۆربەی تیڤیی و رادیۆکان بەرنامەیان هەیە بە حساب بۆ خزمەتکردنی هونەر بەڵام هەموو ئەو بەرنامانە جگە لە کۆمەڵێک تەرفیهات شتێک نادا بەدەستەوە هاوڕێیەکی رۆژنامەوانم بەمنی وت پێم خۆشە کات دابنێی بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامە تەرفهییەکانی تیڤییە کوردییەکان بزانی چی لە پشتیانەوە دەبینی دوای هەموو پەخشەکان و بەرنامەکان نەم توانی یەک مەبەستی شاراوە کە بیانەوێ لە پشت ئەو تەرفیهاتەوە بیگەنن ببینم ئاخر ئەمە یاری و مەهزەلەیە بە بینەرو بیسەری کورد دەکرێ و لەهەمان کات بەکار هێنانی هونەرە بۆ باگراوەندی ئەم مەهزەلەکردنە، بۆیەراگهیاندنهكان جیا لەوەی بەکار هاتوون بۆ خزمەتکردنی میزاج و زەوقی بیستنی کاکی تەنسیق بۆ بەرهەمەکان هیچ خزمەتێکی ئەوتۆیان بەهونەر نەکردووە.
* وتت هونەر لە خزمەتی خەمی خەڵک نییە ئایا دەکرێ هونەر بچێتە ناو کێشەکان لەکاتێکدا دەبینی لەزۆربەی دنیا هونەر خەڵک دور دەخاتەوە لە خەمەکان و ساتێک ئارامی پێ دەبەخشێت؟
– ئەگەر لەهەموو دنیا ئەرکی هونەر ئەرکێکی تر بێت، لە وڵاتی ئێمە ئەرکێکی جیاوازتری هەیە، ئاخر هونەر کاریگەرترین رێگایە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. لەوڵاتی ئێمە چ لای دەسەڵاتی وڵات بێ،چ لای ئۆپۆزسیۆن، چ لای ناحەزانی ئەو ولاتە بێ، چ لای نەزانەکانی ناو وڵات، پرۆسەیەکی مەزن بەرپا کراوە بۆ بێ نرخ کردنی وڵات لای تاکی کورد. ئێستا خەریکە خۆش ویستن و پیرۆزی ولات کاڵ دەکرێتەوە بەڵام ئێمە بێ دەنگین و هونەرەکەشمان لەئاست ئەم کارەساتە بێ سەنگە، چونکە هونەرمەند بەمانا پەتیەکەی خەسێنراوە بۆیە توانای نییە بیری خەڵکی بهێنێتەوە نیشتیمان چییە و پیرۆزی وڵات چییە؟ چونکە هونەرمەندیش وەک هەر تاکێکی تری ئەو وڵاتە بێ بەشکراوە لەنیشتیمان و پیرۆزییەکانی وڵاتیان لا بێ بەها کردووە. من و زۆری وەک من هەن بەناچاری و لەسەردەمی دەسەڵاتی کورددا ناچاربوین ئەو ولاتە جێ بهێڵێن لەبەر ئەوەی هێندە ژینمان بەرتەسککرابووەوە خەریک بوو کۆڵمان لەهونەرمەند بونیش پێ بدەن.! ئاخر رەوا نییە هونەرمەند بەو ناسکییەی خۆی خاوەنی بستە زەوییەک نەبێ لەوڵاتە ئاخر رەوا نییە هونەرمەند بەجیا لەوەی لە خەمی ژیانی شەخسی خۆیدایە لەخەمی کرێی خانوو خەرجی بەرهەم هێنان بێت و کەسێک نەبێ هاوکاری بکات راگەیاندنەکانیش بەپێی هەندێ میزاجی سەقەت سانسۆری کارەکانی بکەن.. لەم کاتا هونەرمەند چۆن لەخزمەتی وڵاتی خۆی شتی پێ دەوترێ کە بێ وڵاتە؟؟ لێرەوە لەو کاتەی کە پیلانێكی زۆرو نهزانینێكی زۆر هەن بۆ بێ بایەخکردنی نیشتیمان هونەمەندیش بەر ئەو پیلانە دەکەوێ کە نیشتیمانی لا بێ بەها دەکرێ کەوایە بەشێک لە ئەرکی خۆی لەدەست دەدا کە بیرهێنانەوەی جوانی و پیرۆزی نیشتیمانی دایکە.
لەلایەکی تر هونهرمهند کە هاوکاری و پشتیوانی بەرهەمهێنانی ناکرێ ئەرکێکی تری هونەرەکەی لەدەست دەدا کە گۆرانییە بۆئازارو نارەزاییەکانی خەڵک، دەنگ بەرزکردنەوەیە لە جێی خەڵکی نارازی لەبەرهەمێکیدا، بۆیە هونەر ئەمڕۆ لەکوردستان ئەرکی زۆری لەسەرە ئەرکی جوانکردنەوەی وڵات، بەڵام هونەرمەند بۆخۆیشی بێ وڵات کراوە، ئەرکی دەنگ بەرزکردنەوەی بۆ نارەزاییەکان بەڵام بەهۆی نەبونی پاڵپشتی لەویش قڕوقەپی پێکراوە.
* رەخنە زۆرن دەڵێن هونەرمەند رێژەی روو لە زیاد بونە ئەویش بە شێوەیەکی هەرەمەکی تۆ رات چییە؟
– لەکوردستان سەرلێشێواوییەک هەیە و خەریکە شتێک رودەدا کە کەس لەکەس تێ ناگا لایەک باسی ئازادی دەکەین کە بەرهەمی ئازادیش دەبینین دەڵێین نابێ ئەمە هەبێ، کە سانسۆر کرایەوە دیسان دەڵێین ئەمە دیکتاتۆریەتە کاکی من لەهەموو دنیا تۆ ئازادی لەکام بوار کار دەکەی و توانای خۆت تاقی ئەکەیتەوە. ئەگەر توانات هەبوو کەس ڕێ لەدەرکەوتنت ناگرێ ئەگەر تواناشت نەبوو خۆت کۆڵ دەدەیت و دروست نابیت ئەوەی هەیە و ناوی هەرەمەکییە بەرهەمی ئازادی ئیختیارو تاقی کردنەوەی تواناکانی خەڵکە لەلایەن خودی خۆیانەوە، لێ گەڕێن با خەڵک بە ئازادی بواریک بۆ کارو توانای خۆی بدۆزێتەوە و تواناکانی خۆی تاقی بکاتەوە.
* عەشق لای تۆ چ مانایەکی هەیە و ئایا عەشقت هەیە؟
– عەشق بنەمای سەرکەوتنە بۆ هەموو کارێک ئەگەر عەشقت بۆ کارێک نەبێ ناتوانی سەرکەوی تێیدا بزانە ئەو هونەرمەندانەی نازانن عهشقی نیشتیمان چییە کە گۆرانی بۆ نیشتیمان دەڵێن هەست ئەکەی تەمسیلیان پێوە دیارە. ئەوەی کە نازانێ وەفا چییە له عهشقدا کەباسی وەفا دەکات ئەڵێی چیرۆک دەگێڕێتەوە. بەکورتی عەشق بۆ ژیان و بۆ هەر کارێک گرەنتی سەرکەوتنە، بۆیە هێندەی خودی ژیان کردن عەشق زەرورەتی ژیانە ئەگەر مەبەستت ئەوەبێ کە من عەشقم هەیە بەڵێ من عەشقم بۆکارەکانم بۆ هاوڕێکانم هەیە بەڵام بەمانای دڵداری راستی حالییەن نیمەو رەنگە لەداهاتوش بێ عەشق نەبم و تائیکید دەشم بێت چونكه ئهویش پێویستی ژیانه .
* کارو بەرهەمی نوێت چییە؟
– ئێستا بەهاوکاری چەند هونەرمەندێک خەریکی بەرهەمێکی تازەم و پلانی چەند بەرهەمێکیشم هەیە ئەگەر بتوانم بەرهەمیان بهێنم گۆرانیەک بۆ مناڵ لە ئیحساسی دایکێکەوە گۆرانیەک بۆ کەرکوك کە زۆر ئەو باسە گرنگە لام گۆرانیەک بۆ وڵات و دەنگ هەڵبڕینێک بۆ گەیاندنی نارەزایی خەڵک لە بەرهەمێکدا لەگەڵ چەند بەرهەمێکی تر.
www.chwarstar.com