کازیوە ساڵح : هیچ هێزێک لەوە ترسناکتر نیە ، خەڵکێک سەرەتا متمانەیەکی مرۆیی یان ئەکادیمی دروست بکات، پاشان بە ناوی خزمەتکردنەوە گورزی ژەهراوی لە هەستەوەرترین و قوڵترین برین و گرنگترین سەرچاوەی نیشتمانیت بدات. کورد کە خاوەنی
گەورەترین قوربانیە ، جۆرێک لە قوربانی، لە ڕوی مێژووییەوە ،هیچ نەتەوەیەک وەکو کورد بە درێژخایەنی نەیبەخشیوە، بەڵام هەموویانی بە کورت خایەنی کردوە بە خاوەنی هێزی نیوەدەوڵەتی و سەربەخۆی.
ئێمەی کورد ئەگەر دیدەبینینمان لە سنوری ئەو چەند شارە ئازادکراوەی کوردستان بەرێنە دەرەوە ، تێدەگەین لەوەی نەک تەنها قوربانیدان بەڵکو بە شیوەی فەرمی ئێمە لە سەرەتای شەڕی جیهانی یەکەمەوە ڕووبەڕووی جینۆساید بە واتا تیوری و یاساییەکەی بوینەتەوە. لە نێوانیاندا تا ئاستێکی کەم کەیسی هەڵەبجە زانراوە لای بێگانە و ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان تا ئێستا بێ شوناسە. هەوڵەکان بۆ ناساند و کارکردن لە سەر جینۆسایدی کورد تەنها پەرش و بلاو نین بەڵکو فرە نێت و فرە ڕەهەندیشن . لە نیو ئەو فرە ڕەهەندیدا دوو گروپ هەیە ، گروپێک کاری بۆ ناکات و تەنها خورتە و بۆڵە بەرهەم ئەهێنێت . گروپێک کار ئەکات و کارەکانی فرە نێتە هەندێک کردویە بە پردی بازرگانی ، هەندێک بە پۆست و کار ، هەندێک بە کاڵا بۆ ڕامیاری هەڵبژاردن و حزبایەتی کردن، هەندێک بە ئامرازی هەژماردنی هەڵویست و نیشتمان پەروەری و هەندیکیش بە تەباشیری سپی کەرەوەی پەڵەی ڕەشی ڕابردوو. لە نێو ئەو فرە میکانیزمە دروستکراوەدا ،ژمارەیەکی کەم لێبڕاوانە و بە بێ هیچ کام لەو مەبەستە ئاماژە پێکراوانە کار بۆ ناساندن کەیسی جینۆساید ئەکەن و ئەم ئازارە نەگوتراوە بە سەرچاوەی ئازاد بوون و کیانی نیشتمانی ئەزانن. لە ناو ئەم ژمارە کەمەدا ژمارەیەکی بچووکتر ، هەوڵی بە ئەکادیمی کردن و ڕاڤەکردنی بە زمانی بێگانە ئەدەن و ئەم ژمارەیەش دگمەنینیان خاوەنی چانسی هاوکاری میدیای ، مەعنوی ومادین لە دەرەوەوە و ناوەوەی کوردستان کە گرنگترین سێ فاکتەری تێزی مەیسەکردنی ئەم ڕەوتەن. بەڵام ئەوەی بەم دوایە بەدیم کرد کە خەڵکێێک هەیە ژمارەی قوربانیان جینۆسیادی کورد یان ئەنفال تا ئاستێک کەم ئەکاتەوە ئەگەیەنێت بە ٩٠ نەود هەزار و کەمتر. ئەم گورزە کوشندیەش بە زمانی بێگانە ئەوەشێنن.
کورد بە هۆی بێ بایەخی دەزگایی و حکومییەوە ، کەمتەرخەمی نیشتمانی، وە بە هۆی تا ئێستا ئابلۆقەی دانی، خۆی هیچی واینەکردوە شیاوی تێرامان و ڕاڤەکردن بێت ، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دروست ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کەسانی بێگانە . ئەوەی تا ئێستا بووە بە سەرچاوە و بە لایەنێکی باوەڕ پێکراو ناسراوە هیومەن رایتس واچە، ئەوان بە کەم و کوڕیەکانیشەوە قوربانیانی ئەنفالیان بە ١٨٢٠٠٠ سەد و هەشتا و دوو هەزار ئاماریان کردوە، ئەم ژمارەیەش بووە بە ژمارەیەکی فەرمی لە ڕووی ئەکادیمیەوە ژمارەیەکی زیاتر بەکار بهێنێت داوای سەرچاوەکەیت لێ ئەکات. لە گەڵ ئەوەی من پێم وایە ئەم ژمارەیە کەمترە لە ژمارەی قوربانی کورد لە جینۆسایدەکانی عێراقدا دژی لە بەر سێ هۆکار:
یەک: حکومەتی عێراقی بەر لە فەرمی جینۆسایدکردن و ناونانی بە ئەنفال ڕۆژانە دیهاتەکانی ڕەمی کردوە بە ناوی لێدانی پێشمەرگەوە و دەیان هاوڵاتی سیڤلی بە شێوەی بەردەوم کوشتتوە و کوشنیشیان نەچووەتە سەر هیچ ڕیکۆردێکی فەرمی.
دوو: هەبوونی تۆمار لە فەرمانگەکانی حکومەتدا ژمارەی متمانە پێکراوی کورد لە لادیەکاندا نابەخشێت ، چوون جگە لەوەی لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا هەوڵدراوە ژمارەی کورد کەمتر بخەمڵێت. دەیان هاوڵاتی کوردیش لە ترسی سەربازی مناڵیان لە تۆمارگە حکومەیەکاندا تۆمار نەکردووە و بە دەیانیش کە لە بەشەکانی تری کوردستانەوە هاتوون خاوەنی شوناسی حێراقی نەبوون.
سێ: متمانە خستنە سەر یادەوەری بۆ خەمڵاندنی ژمارەی دێهاتەکان، وەکو ئەوەی فڵان وتی وابزانم دێیەکەی من وابزانم ئەوەندە کەسی تیا بوو ، کاری نا ئەکادیمی و پڕ کەم کوڕییە، لە بیرەوەریدا متمانە سەد دەر سەد نەکراوەتە سەر تەنانەت بە سەرهات واتە چیرۆکی جینۆسایدی و جێگەی مشت و مڕە ئەکادیمیەکانە، چوون یادەوەری تێکەڵای خەیاڵەکانی مرۆڤ ئەبێت ( ئەمەیان مەسەلەیەکی دیە و ئەکرێ لە وتارێکی سەربەخۆدا باسی لێوە بکەم) . ژمارە بە زارەکی وەرناگیرێت و هەر کراش پێویستە پرسی هەموو ئەو کەسانەی هێشتا لە ژیاندان لە هەر دێکدا بکرێت نەک تەنها یەک ، دوو سەرچاوە کە خۆیان خەڵکی شوێنەکە نین و ئەوانیش بە’ ئەڵێن ‘ وەڵام ئەدەنەوە .
کورد بەو دواییە خەریکە چەند کتێبێک بە زمانی بێگانە بخاتە سەر ڕەفەکانی خوێندنەوە ، بەڵام لە بری بە هیز ڕاگرتنی کەیسی ئەنفال، هەندێکیان هاتوون ژمارەکەی هیومەن رایتس واچ بە درۆ ئەخەنەوە و ژمارەیەکی زۆر کەمتر پیشان ئەدەن. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە تەنانەت ئەگەر تەنها خاوەنی دە هەزار قوربانیش بین ، لە ئێستادا کاتی ئەوە نیە، بە تایبەت بە زامانی بێگانە ، چوون هێشتا دە کەس بە ئەرێیی لە سەر کوردی نەنوسیوە، خاوەنی سەرچاوەی باش نین بۆ لە سەر نووسینمان ، کێشەکەمان وجینۆسایدەکانمان دانی پێدانەنراوە، بەم جۆرە ئاکارە نابەجێیە گومان لای هەر ئنستۆتیشنێکی فەرمیش دروست ئەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەنفال. جێگەی تێرامانم نیە ئەم ئەنفالکردنەوەی ‘ ئەنفال’ لە نێو نەتەوەیەکدا ببینم بە دڕێژای مێژوو خۆ خواردە بووە، بەڵام کە ئەبینم ئەم جۆرە بابەتە سپانسۆری حکومەت و چەندین دەزگای فەرمی حکومیی لە سەرە بە تەواوی ئەوانەم دێتەوە بیر کە نووسەر و ڕاوێژکاری لایەنە فەرمیە باڵاکان، بەڵام نە خوێندەوارن و نە خوێنەر. ئەوەی لە خۆ ڕائەبینێت بێ حورمەتی بە ئازاری نەتەوەکەی خۆی بکات، خوازیارم یەک جار بتوانێت لە کۆڕێک یان نووسینێکدا بڵێت جولەکە سەد دانە قوربانی کەمترە لەو ژمارەی خۆیان باسی ئەکەن!
18-4-2014