دیاربەکر- مەسعودی مەلا ھەمزە : لەمیانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد و دابەشکردنی خەڵاتەکانی تێکستی کوردی، دڵشاد حسێن ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و نووسەری بواری شانۆ و دراما خەڵاتی باشترین تێکستی کوردی ئەو فێستیڤاڵەی پێ بەخشراو نیوەی خەڵاتە ماددیەکەی خۆشی پێشکەشی منداڵ و کەسوکاری ھونەرمەند و نووسەرە زیندانییەکانی باکووری کوردستان کرد.
کاتژمێر ٨ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٩/٤/٢٠١٢ لەھۆڵی شارەوانی دیاربەکر بە ئامادەبوونی ھونەرمەندانی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر و ھاوسەرۆکی بەدەپە لە دیاربەکر مەراسیمی خەڵاتکردنی سەرکەوتووانی تێکست بەڕێوەچوو، لەو مەراسیمەدا ٣ تێکست خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەمی فێستیڤاڵەکەیان پێ بەخشراو دوو تێکستیش خەڵاتی ھاندانیان پێ بەخشرا، ھەر لەو مەراسیمەشدا دڵشاد حسێن ئەندامی پەرلەمانی کوردستان خەڵاتی باشترین تێکستی فێستیڤاڵەکەی پێ بەخشرا کە لەناو ٤٤ تێکستدا بووە خاوەنی باشترین خەڵات، وەک ھەڵوێستێکی مرۆڤانەو ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتی دڵشاد حسێن بەشێک لە خەڵاتە مادییەکەی خۆی بەخشیە کەسوکاری ھونەرمەندانی زیندانی.
لە وتارێکیدا کە لەبەردەم ئامادەبووانی فێستیڤاڵ پێشکەشی کرد دڵشاد حسێن دڵخۆشی خۆی بەو خەڵاتکردنە دەربڕی و وتی”لەناوەڕاستی نەوەدەکان لە ھەولێری پایتەختی کوردستان خەڵاتی باشترین شانۆییم پێ بەخشرا کە بۆمن جێی دڵخۆشی بوو، وەلێ ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشترم کە لەدیاربەکر- ئامەدی کوردان جارێکی تر خەڵاتی باشترین تێکست وەردەگرم”.
دڵشاد حسێن گوتیشی”وەک ھونەرمەندێک و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دیاری خۆم پێشکەشی کەسوکاری نووسەر و ھونەرمەندانی زیندانیانی بەندینخانە دەکەم و ھیوادارم لێمی قبوڵ بکەن”، ئەم ھەڵوێستەی دڵشاد بووە مایەی خۆشحاڵی ئامادەبووانی ناو ھۆڵەکەو بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا.