لە کۆنگرەی (13) پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی هەینی رێکەوتی 17/12/2010 لەکاتێکدا ویستم پەیامێکی هونەریانە و نیشتمانیانە پێشکەشی ئەو کۆنگرەیە بکەم، من ویستم وەک هونەرمەندێک دەنگی پەک کەوتەیەک پێشمەرگەیەکی دێرین دایکی شەهیدان و مناڵە شەهیدێک بگەینمە ناو ئەو کۆنگرەیە، بەڵام بەداخەوە لەکاتی خوێندنەوەی پەیامەکەم نەیانهێشت تەواوی بکەم و بە ئاڕاستەیەکی راستەوخۆ کە نازانم چۆن لەناکاو پێان بڕیم، ئەمەش دەقی ئەو ووتارەیە کە پیان بڕیم و نەیان هێشت تەواوی بکەم
بەڕێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی – سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەڕێز جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی – جێگری سەرۆکی پارتی دیوکراتی کوردستان.
بەڕێزان ئەندامە بەڕێزەکانی بەشداربووی کۆنگرەی (13) پارتی
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
دیارە کۆنگرەی هەر پارتێک، کە دەبەسترێت بێگومان بۆ بەخۆداچوونەوەو راستکردنەوەی ئەو کارە پێویستیانەیە، کە دوا بەدوای کۆنگرەی پێشووتر روویان دابێت، دیارە بەستی کۆنگرە سیمایەکی تر بەو پارتە دەبەخشێ کە بەستویەتی، وە هەروەها موژدەیەکی دڵخۆشکارە بۆ گەل و نەتەوە، چونکە گەل چاوەڕوانی هەر کۆنگرەو کۆنفراسێک دەکات، کە دەست بەسەر داهێنان و ساڕیژکردنی ئەو گرفتانە بکات، کە لەڕاستی دا گەل پێویستیەتی، دیارە باوەشکردنەوەو راماڵ کردنی هەموو گرفتێک لەپێش خواستەکانی گەل، پایەکی توند و تۆکمەیە بۆ ئەو پارتەو شۆرش و خواست و دەست کەوتەکانی، دەبێ کۆنگرە هەگبەیەکی فراوانی پێ بێت بۆ خواستەکانی گەل، بۆ وەدی هێنانی خەونەکانی دەستەو توێژی میللەت، وەک لاکردنەوەیەکی باوکانە، بەلای پێشمەرگە دێرنەکان و بەرزتر راگرتنی شکۆی شەهیدان و بەتەنگەوە چوونی زیاتری کەس و کاری شەهیدان، وەدی هێنانی داوە رەوا کانی زیندانیانی سیاسی، بە پیرەوە چوونی خواستەکانی کەسانی پەک کەوتە، هەر لەکورتە باڵا و نابینایان و کەڕ و ڵاڵان و ئیفیلیج و کەم دەست و پێەکان.
ئاوڕدانەوە لەکەم و کوڕی نێو بازاڕ و پێداچوونەوە بە کڕین و فرۆشتنی بازرگانە باڵا دەستەکان، گوێ هەڵخستن و چاو کردنەوە بۆ هەموو گلەیی و گازاندەو سکاڵای کەسانێک کە دەست و زمانی دەربڕینینان ناگاتە ئێوە، وەنەبێ پێشمەرگە دێرینەکان و کەس و کاری شەهیدان و هەموو دەستە و توێژەکانی پەک کەوتە بێ مووچە بن، بەڵام هەموو دەخوازن ئەو مووچانە زیاد بکرێن و ئەو شکۆیەشیان پێ ببەخشرێ، گەر مووچەیەکی فەرمانبەریان هەبوو ئەو مووچە تەکریمەیان لێ نەبڕێت، چونکە ئەمە داب و نەریتی هەموو وڵاتێکی دیموکراتی خوازە، ئەمانەی ووتم هەمووی خواستی گەلە و گەلیش چاوەڕوانی کۆتایی کۆنگرەی (13) ئێوە دەکات.
بەڕێزان خۆم خستە دوای هەموو خواستەکانی گەل، من وەک هونەرمەندێک، کە تائێستا خۆم بە پاکی راگرتووە و هەر ئاواش دەمێنمەوە، ئەگەرچی خەڵکانی ناوخۆ و هەندەران وادەزانن من لەو پەڕی بەختیاری و بەختەوەری دادەژیم، سەڕەڕای کۆمەڵێ تیر و توانجی سۆفی گەری و پەیوەست بوون بە پارتانی جیا جیا، وەیان ئەو بەڵێن و پەیمانانەی کە بەڕێز (سەرۆکی هەرێم و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی) بەمنیان دابوو، وادەزانرێ من لە پێشەوەی هەموو لە باوەش گرەکانم، کەچی نازانن (14) ساڵە لە چوار دیواری ماڵ بە بێ مووچە و بەبێ هیچ لاکردنەوەیەک، دەرسی پەروەردە کردن و هونەری ڕەسەنایەتی بە مناڵەکانم دەڵێمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا منی خۆراگر نەم هێشتووە بەو هەموو پەراوێز خستنەی من بزانرێ، بەڵام وەک کورد دەڵێ (ئەگەر جام پڕ بوو لێی دەڕژێ).
من وەک هونەرمەندێکی خۆ پارێزەر، ئەرکی گەورەم لەسەر شانەو دەمەوێ ئەو ئەرکە نەبێتە ئۆباڵ بە ملمەوە، چونکە نیشتمانی دایک لە رۆڵەیەکی خۆی خۆشنابێت، ئەگەر هەر ئەمانەتێکی پێ سپاردبێ و ئەو کەسەش کەم تەرخەمی کردبێ لە ئەنجامدانی.
دیارە (هونەر) لەگەڵ هەناسەو رێڕەوی خوێن و لێدانی دڵم تێکەڵ بووە، بەڵام کام هونەر؟؟!!
بەڵێ ئەو هونەرە راست و رەسەنەی کە باوک و باپیرانمان دەستاو دەست و دەم بەدەم، بۆ ئێمەیان گواستۆتەوەو بۆ ئێمەیان جێ هێشتووە، هونەرێک کەللتورێک کە بەناسنامەی نەتەوە دەناسرێ چەند گزی کارە ئەگەر فەرامۆش بکرێ و ڕەسەنایەتی نەپارێزێ، دیارە هونەری کوردیی وەک زۆر شتی نەتەوایەتیمان، خەریکە هەناسەی سوار دەبێ و هێندە پێشێل کراوەو لەوانەیە ئەگەر فریای نەکەوین گیان بسپێرێ و بەزاماری بدرێتەوە دەست مێژوو، داب و دەستووری لاوەکی هێندە لەسەر هونەری ڕەسەنایەتیمان کەڵەکە کراوە، ئەگەر ئەو کۆمەڵەی کە تەمەنیان وەک ئێمە مانانە، تەمەن لەدەست بدەن، لەوانەیە لە خەڵکی داهاتووی ئێمە بپرسن هونەری ڕەسەنی ئێوە چۆنەو لاوک و حەیران و قەتار و ئەڵا وەیسی و هۆرەی جافایەتی و ئاوازی ڕەسەنایەتی کەللتوری باو باو باپیرانتان دەنگ و ڕەنگیان چۆن بووە؟؟!!
لەوانەیە نەزانن و دوور نیە پەنجە بۆ هونەری دراوسێ و لاوەکی راکێشن!!
کەوابێ تا کار نەگیشتۆتە ئەرکی سەرشانمان بشکێتەوە بە ئۆباڵ، با فریای گەنجینەو گەوهەری لەبن نەهاتووی هونەری ڕەسەنی کوردی بکەوین.
من وەک هونەرمەندێک بەر پرسیارم لەدەست نیشان کردن و پەنجە لەسەر دانان، لەسەر ئەو هەموو خاک و خاشاک و خاپەڵۆکی کە هێندراوە، خەریکە بکرێتە سیمای هونەری کوردی، بکرێتە سەرپۆشێکی خنکێنەر، بۆ نەژاد و کللتوری باوک و باپیرانمان، بۆیە من لەسەر ئەو سەکۆیە لە نێو بەستنی کۆنگرەی (13) ئاوا لە نزیکەوە هەندێ لە خواستە بریندارەکانی خۆم و هونەری نەتەوەکەم بەسەرکردایەتی ئێوەو بە گوێچکەی بیسەری دوور و نزیکتان رادەگەینم، بۆ ئەوەی هیچ پاساوێکم نەمێنێ کە بڵێم فڵان و فیسار عەرز و حاڵ و داواو خواستەکانی منی نەگایندۆتە ئێوە، کە وابێ من گفتار و رەفتارم چۆن بووە، داوای گوێ هەڵخستن و چاو پیاخشاندنیش دەکەم، کە ئێوەی بەڕێز لەدوای کۆنگرەی (13)، دەبێ دۆسیەی من لە نزیکەوە هەڵدەینەوەو شان و ئەستۆتان بۆ سکاڵای ئەم چەند ساڵەم زیاتر بەهێز و تۆکمەو لەبار بێ و چونکە ئێرە ناشێ بۆ دەڕبڕین و ئەو هەموو ئاڕاستەی کە پێمە دەری ببڕم.
تەنها ئەوەندە دەڵێم بەڵێنی ئێوەم بەلاوە گەورەیەو گەورەش بووە…
لە کۆتایی دا پیرۆزبای بەستنی کۆنگرەی ئەم جارەتان لێدەکەم هیوادارم کۆنگرە، کلیلی کردنەوەی دەرگای رووبەروو بێ بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.
هونەرمەند
هاوتا ئەسعەد
17/ 12/ 2010