لالۆ ڕەنجدەر : سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە (3/10/2010) لە هۆڵی “پێشەوا” لە پایتەختی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، خەڵاتی ڕێزلێنانی بە ناوی (هۆ کاکی پێشمەرگە)ـی هونەرمەندی گەلەکەمان (محەممەدجەزا)ـی خوالێخۆشبوو بەخشییە دەستەیەک لە هونەرمەندانی بواری میووزیکی شارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی مایەی کەسەرە ڕێزلێنانەکە بە ڕێوڕەسمێکی زۆر ناشایستە و بێبەرنامە ئەنجامدرا، بۆیە دەڵێم ناشایستە چونکە وەزارەتێک پڕ بێت لە خەبیری بێ دەسەڵات، چون دڵنیام هیچ پرس و ڕایەکیان پێ ناکرێت، بێ گومان لە توانایدا نابێت ڕێوڕەسمێکی شایستە و گونجاو بۆ ئەو هونەرمەندە بەرز و بەڕێزانە ئەنجام بدات، بێگومان ئەو قوڕەیش هەر ئەو تۆزەی لێ هەڵدەستێت، هەڵبەتە بە ویژدانەوە دەڵێم زۆربەی ئەو هونەرمەندە ڕێزلێنراوانەی ئەمڕۆ، بە تایبەتی ئەوانەی من دەیانناسم، شایستەی هەموو ڕێزلێنانێکن ئەگەرچی تێیاندا هەبوو پتر لە جارێک و دوو جار ڕێزلێنانیان بۆ کراوە، ئەمەیش دەچێتە خانەی بێ دادییەوە، هەروەها فەرامۆشکردنی زۆرێک لە هونەرمەندان کە شایستەی ڕێزلێنانن و بەردەوام لە ڕێزلێنانەکان بێ بەشن، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێتە مایەی چاندنی توێی کینە و دووبەرەکی لە ڕێزەکانیاندا و ئینتیماکانیان بۆ هونەر و نەتەوە و نیشتیمان دەکوژێ. وەلێ من قسەم لەسەر بێسەرو بەری و ناڕێکی ڕێوڕەسمەکەیە، کە ئەنجامی هەر ڕێوڕەسمێکی هونەری نەخاسمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بە ناوی (هۆ کاکی پێشمەرگە) بەو شێوەیە بکرێت بێزەوەرە و نەکردنی زۆر باشترە لە کردنی، چونکە نەشارەزایی و دەستەپاچەیی ڕێکخەرەکانی ئاشکرا دەکات و هەرگیز بۆ وەزارەتەکە تەندروست نابێت و ڕێزلێنانەکەیش لای هونەرمەندان پوچەڵ دەبێتەوە و لە قورسایی ناوی پێشمەرگەیش کەم دەکاتەوە، کە نەدەبوایە بەو بێ ئەزموونییە و بەو نەشارەزاییە ئەنجام بدرێت. من لای خۆمەوە بەزەییم بە حاڵی ئەو هونەرمەندە بەناو ڕێزلێنراوانە دەهاتەوە، کە خوێندنەوەی ژیاننامەکانیان بە کوردییەکی سەقەت و ناڕێکی و بەسەریەکەوە، ئامادەبوونی دووچاری زۆرێک لە بێزاری کرد. من دەپرسم ئایا نەدەکرا لە بری ئەو خوێندنەوە بێتام و درێژدارییە، لە نامیلکەیەکدا ژیاننامەکەنیان بە وێنەکانیانەوە چاپ بکرایە و لە ڕێوڕەسمەکەدا دابەشی سەر ئامادەبوانیان بکردایە؟ یان هەر نەبێت لە فۆڵدەرێکدا ئەمەیان بکردایە، کە سیمایەکی جوانی شارستانی بە ڕێوڕەسمەکە دەبەخشی و لە ئەرشیڤەکانیشیاندا دەیان پاراست، بێگومان ئەوانەی لە هۆڵکەدا ئامادەبوون، بە تایبەت جەنابی وەزیر ڕۆژنامەنووسە و زۆربەیان پاشخانی مەعریفەی هونەری و ڕۆشنبیرین و دەزانن ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان بەو شێوەیە نابێت، کە ئەم بەیانییە لە هۆڵی پێشەوا وەکوو خراپترین ڕێوڕەسم بینیمان و هەناسە ساردی و بێزاری کردین، پاشان دەپرسین ئایا بۆ بۆ ڕێوڕەسمێکی وا پرسیان بە ڕێکخراوی هونەرمەندان کرد؟ ئایا جەنابی وەزیر ئاوڕێکی بۆ ناو هۆڵەکە دایەوە کە تەنیا لە شاری هەولێر پتر لە 500 هونەرمەند هەن، جگە لە بڕێکی زۆر کەمی هونەرمەندان.. هۆی چییە زۆربەی ئامادەبوانی نێو هۆڵەکە لە فەرمانبەرانی نێو وەزارەتەکە پێکهاتبوون؟
لە دوو ماهیدا ئەوە ماوە بڵێم لە ئاییندەدا و لە بۆنەی وادا، زۆر گرینگە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەم هەڵە کەم و کورتیانەدا بچێتەوە و بەڕاستی ڕێز لە هونەرمەندان بگرێت، کە شایستەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بێت.