دارا ئەحمەد : ئەگەر ماف و ئازادییەکان هەر ئەوە بن لۆ هێندێک هەبن و لۆ هێندێک نەبن، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە هێشتا مرۆڤ لە سەراسەری جیهان لە چاخی دڕندەییدا دەژی!
ئەمن بڕوام بەوە هەیە کە سەرکردەی مەزن و ژێهاتیی لە هەر سەردەمەک و لە نێو هەر گەلەکی پاشداما یان پێشڤەڕۆ هەر مەزن و ژێهاتییە و دەتوانی مێژوویەکی پڕ سەروەریی و پڕ دەستکەوت تۆمار بکا.
گومانی تێدا نییە کە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ئێمەی کورد بە شێوەیەکی گشتیی و لەوپەڕی راستەوە تا ئەوپەڕی چەپ هەر لە دەسپێکی دامەزرانی دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانەوەڕا بگرە تا دەگاتە ئێستا زۆر زۆر نەشارەزا و بێ ئاست و بودەڵە و ئاڵوودە بە دین و خۆپەرست و خۆفرۆش و داگیرکەرپەرست و ترسنۆک و بنەماڵەیی و خێڵەکیی و ناوچەگەر بوونە، ئەگەر نا ئەوە ئێمەش وەک هەر میللەتکی دیکە لەمێژ بوو قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان تێدەپەڕاندبوو و ئێستا لە رێزی گەلان خەریکی چارەسەرکردنی کێشە جڤاکییەکانمان دەبووین و پێ بە پێی ئاستی پەرەسەندن و گەشانەوەی ژیانی سەردەم لە ژیان و گوزەرانەکی باشتر و باشتر بەهرەمەند دەبووین.
ئەوەتە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەادار و سەرکردەکانی کورد جگە لەوەی زۆر خێڵەکیی و کۆنەپەرستی دینیی بوونە هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەکرێگیرا و خۆفرۆشی یەک لە هەردوو لایەکە یان دووسەرە بوونە و هەردەم لە شەڕی میللەتی خۆیان و میللەتانی دیکەشدا کوشتارگەی گەورە گەورەیان بەرپا کردییە و وەک هێزگەلەکی سەرکوتگەر و دڕندە لە خزمەتی پاراستن و بەهێزکردنی هەردوو دەسەڵاتە ستەمگەر و داگیرکەرەکەدا بوونە، لە سەدەی بەرییش کە کوردستان بە تەواویی بە سەر وڵاتە داگیرکەرەکانی دەوربەری دابەشکرا.. بە هۆی ئەو فەرهەنگ و هەڵسوکەوتانەیان کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێیان دان هەردەم راپەڕین و بەرانگژبوونەوەکانیان لە دژی داگیرکەران هەر لە سەرەتادا یان بە نیوەچلیی کۆتاییان پێدەهات.. سەرئەنجام یان ئەوەتە خۆیان دەدا دەست و لەسێدارە دەدران و دەکوژران یان ئەوەتە سازشیان دەکرد و خۆیان و میللەتەکەیان دەفرۆشت و پاشانیش لە پیلانەکدا دەکوژارن یان بە دەستبەسەریی تەمەنەکی پڕ لە ریسواییان تەواو دەکرد.. هێندەکیشیان هەر زوو ئاشبەتاڵیان لێدەکرد و میللەتەکەی خۆیان جێدەهێشت و خۆیان قوتار دەکرد.
سەبارەت بەو دوو بە ناو سەرکردەیەی کوردستانی باشووریش – تاڵەبانی و بارزانی -، ئەگەر سەدامی دیکتاتۆر سەرکردەیەکی یەک قیچ لەبار و ئاسایی با و ئەمەریکا و ئەوروپا هێشتا کاریان پێ مابا.. ئەوە دەبووایێ ئێستاکەش هەردووکیان خزمەتکاری (حوسێنی)یەکانی کەرەج و تاران بن و پیلانی ئایەتوڵایەکانی ئێران دژ بە میللەتەکەی خۆیان جێبەجێ بکەن یان دەبووایێ لە بندەستی دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بە دابینکردنی ژیان و گوزەرانەکی سەرشۆڕانە لۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان سوپاسگوزار بن.
بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین کە دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆر لە سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی کورد گەمژەتر بوونە و گەمژەترن.. چونکە سەرەڕای ئەوەی باش دەیانزانی و دەیزانن کە رۆژەک هەر دادێ ئەو میللەتەش بە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان دەگەن کەچی هەر ملیان نەدا و تا بشتوانن واز لەو ستەمکارییە ناهینن و هەر مل نادەن.. بەوەش جگە لەوەی بە ملیۆنان کەسیان لە کوردان و میللەتەکانی خۆیان لەنێوبردن و هێشتاش هەر بەڕێوەیە لەنێوببردرێن.. ژیان و گوزەرانی کوردان میللەتەکانی خۆشیان لە پاشدامایی و کارەسات و پاشکۆیی وڵاتە زلهێزەکان راگرتییە و مێژوویەکی رەشیشان لۆ خۆیان تۆمار کردییە و تۆمار دەکەن، ئیدی لە ئایندەدا میللەتەکانی خۆشیان شەرم لە خۆیان دەکەنەوە کە ئەوانە لەسەردەمەکدا سەرکردە و سیاسەتمەداری ئەوان بوونە و خۆیان لێیان بێبەریی دەکەن، دەبی چ لەوە گەمژەییتر هەبی لەو سەردەمەی ئێستا هەر یەک لە داگیرکەرانی کوردستان کە دێنە سەر باسی ئەوەی دان بە هێندێک ماف و ئازادیی زۆر سادەی نەتەوەیی کوردان بنێن و بە ئاشتی پێکەوە بژین.. لە پێشمەرجی هەر گفتوگۆ و رێکەوتنەکدا دەبێژن: (ئەوانەی لە دژمان یاخی بوونە دەبی وڵات بەجێبهێڵن و ئەوانەی لەگەڵیشمان دەکەونە گفتوگۆ دەبی بە بێ هیچ مەرجەک دان بە سەرەوریی و یەک پارچەیی نیشتیمان دابنێن و بیپارێزن)!!! هەڵبەتە ئەوانە هەر یەکەیان دەیانەوێ گفتۆگۆ و رێکەوتن لەگەڵ دوو سەرکردەی وەک تاڵەبانی و بارزانی بکەن کە ئەوەی یەکەمیان بەر لە دگیرکەران دەبێژێ (سەربەخۆیی کوردستان خەونی شاعیرانە) و ئەوەی دووەمیش دەیەوێ تەنیا میرنشینەکی بارزانی لە بابەتی میرنشینەکانی سۆران و بابان و لەو بابەتانە لۆ خۆی و بنەماڵە هەزرا بارزانییە چەکدارەکەی دابمەزرێنی!
دیارە کێشە هەرە سەرەکیی و مەزنەکەی میللەتی کورد ئەوەیە کە دەسەڵاتدارە ملهوڕەکانی ئەمەریکا وڵاتانی ئەوروپا زۆر زۆر لە دەسەڵاتدارە داگیرکەرەکانی کوردستانیش گەمژەتر و دڕندەترن.. چونکە وەک ئاشکرایە بزووتنەوی نەتەوەیی لە نێو ئەو وڵاتانەی ئەوان سەریهەڵدایە و هەر خۆشیان دەستپێشخەر و دامەزرێنەری دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بوونە.. کەچی ئێستا جگە لەوەی چەندین نەتەوەی وەک سکۆتیی و ئیرلەندیی و وێلسیی و کەتەلۆنی و میللەتە رەسەنەکانی کەنەدا و ئەمەریکا و لەو بابەتەنە لە نێو وڵاتەکانی خۆیان دەچەوسێننەوە و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانەکانیان پێشێل دەکەن.. لەوسەری دونیاشەوە دێن بەوپەڕی تواناوە پشتگیریی لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکەن و دۆزی کوردان وەک کارتەکی دووسەرە لۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتە داگیرکرەکان لە لایەک و سەرکردە و سیاسەتمەدارە گەمژەکانی خۆمان لە لایەکی دیکە بەکاردەهینن، ئاخەر گەمژەیی و دڕندەیی لەوە پتر چیدیکە بی لە لایەک باس لە مافی مرۆڤ و مافەکانی گەلان دەکەن کەچی لە لایەکی دیکە نەک هەر مافی خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتداریی بە میللەتەکی پتر لە چل ملیۆن بە رەوا نابین و هەر بە گازی کوژەر و نووترین چەکی ئەوان سەرکوت دەکرێن بەڵکە بە پێی پیلانە سیاستبازییە جیهانگیرییە دژەمرۆییەکانیان لە کێشانی نەخشەی جیهان و دابەشکردنی وڵاتاندا دان بە ناوی ئەو خاکەش نانێن کە کوردان لەسەری دەژین و هەر بە پشتگیرییکردنی ئەوانیش لە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان کوردان ناتوانن تەنانەت زمانەکەی خۆشیان بەکاربهینن کە سادەترین مافی هەر نەتەوەیەکە!!!