ئامادەکردنی: توانا تەھا
ئەمڕۆ ڕۆژی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک (زگماکییە)ە. مێژووی ڕۆژی جیھانی زمانی دایکی دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٢. پاش سەربەخۆیی ھیندستان لەساڵی ١٩٤٦ و دوای جیابوونەوەی پاکستان، سەرەتا وڵاتی بەنگلادشی ئێستا بەپاکستانەوە لکێندرابوو. لەو سەردەمەدا زمانی فەرمی پاکستان لەھەر دوو بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتدا زمانی ئۆردوو بوو و بەشی ڕۆژھەڵات کە بەنگالی بوون، ناچار بوون زمان ئوردوو لەپەروەردە و چەندین بواری ژیانیاندا بەکار ببەن.
لەساڵی ١٩٥٢ دا، کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی بەنگلادیش، کەمپینێکیان بۆ زمانی بەنگالی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی ئەو زمانە لەھەرێمەکانی ڕۆژھەڵاتی پاکستاندا، بەکاربھێنرێ. بەڵام حکومەتی ئەو سەردەمەی پاکستان، داواکاری خوێندکارانی ڕەتکردەوە. خوێندکارانی بەنگالیش کۆڵیان نەدا و بانگەوازی مانگرتنێکی گشتیان کرد و پێداگریان لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان کرد.
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢١ی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٢، پۆلیسی پاکستان بەفەرمانی دەوڵەت تەقەی لەخوێندکارانی زانکۆ کرد و لە ئەنجامدا چەندین خوێندکار گیانیان لەدەست دا.
رۆژی ٢١ی شوبات لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە ماوەی ١٤ ساڵە وەکو رۆژی جیھانی زمانی زگماکی بە ئامانجی رێزگرتن و بەھادان بە زمانەکانی سەرجەم نەتەوەکانی جیھان، راگەیەنراوە. ئەم رۆژەش لە رۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا لەلایەن یونسکۆوە، بەفەرمی وەکو رۆژی زمانی زگماکی دەستنیشان کراوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ، لەجیھاندا ٦٠٠٠ تا ٧٠٠٠ زمان قسەیان پێدەکرێ. بەڵام ھەر ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو زمانانە لەمەترسی لەنێوچووندان و ھەندێکیشیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی ھێرش دەکرێنەوە و قەدەغەیان لەسەرە. زمانی کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە.
زمانی کوردی تا ئێستاش لە لایەن داگیرکەرانی وەک ئێران، تورکیا و سوریا بە فەرمی ناناسرێ و قەدەغەی خراوەتە سەر. بەڵام سەرەڕای ھەموو گوشارەکان، کوردان لەپێناو پێشخستن و بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردیدا، تیدەکۆشن.
بەو ھیوایەی ھەر ھەموومان لەمڕۆژەدا بە وەسەریەک خستنی ھێز و تواناکانمان، رێز بگرین لە زمانی کوردی و ھەوڵی پێشخستن و تۆکمەتر کردنی بدەین. چونکە نابێت لە بیرمان بچێت کە بەشێکی گرنگ لە کەسایەتی ھەر کەس و نەتەوەیەک پەیوەستە بە زمان و خاوەن بوونی زمانێکی تۆکمەو بەھێز.
راسەن مەواچا فارسی شەکەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن
ئامادەکردنی: توانا تەھا