دارا ئەحمەد: کەس گومانی لەوە نییە دەستە بەڕێوەبەرییەکانی رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێستای کوردستان هەرهەموویان بە حیزبیی و بە بەناو ناحیزبییەکانیانەوە خەریکی کاسبیی خۆیانن و نەک فڕیان وەسەر خزمەتکردنی میللەتەوە نییە بەڵکە دژایەتیی ئامانجە رەوایە مرۆییەکانیشی دەکەن، بە بێ ئەوەی میللەت داوایان لێبکا هەر لە خۆیانەوە دەبێژن ”ئێمە دەمانەوێ زانیاریی بە میللەت بگەیەنین”! هەر لەو گۆڕەی و بە تۆبزیی خۆیان بەسەر شانی میللەت دابڕییە و لەسەر قووتی ئەوان دەژین، زانیارییەکانیشیان لە هێندەک ژەهری کۆمەڵایەتیی و دەنگوباسی بەرپرس و دەسەڵاتدارە گەندەڵ و سیاسەتبازەکان پتر بترازێ هیچی دیکە نین، لە راستییشدا وەک ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە کاتەک لە نێو میللەت پێناسەی قسەیەکی پووچ و نابەجێ دەکرێ دەگۆترێ ”ئەوە وەک قسەی میدیاکارانە کە هەر خەریکی تەلەکەبازیی و درۆهەڵبەستنن”! زۆربەی هەر زۆری رۆژنامە و گۆڤارەکانیش بە بێ ئەوەی بخوێندرێنەوە دەکرێنە سفرەی نانخواردن یان کەلوپەلی جوارجۆریان پێ دەسڕدرێتەوە.
باشترین بەڵگەش لۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسانەی سەرێ ئەوەیە کە لە دوا دەرکەوتنیان وەک ئەوەی هەنگینیان لە داردا پەیدۆز کردبی بە شانازیی بەخۆکردنەوە لە دەوری (مەسعود بارزانی – کە سەرۆکی خێڵ و یەک حیزبی میلتاریستە) کۆبوونەوە و وەک سەرۆکی یەک وڵات رەواییان پێدا.. لێ هیچیان وەک ئەوەی کە رۆژانە لە رۆژنامە و گۆڤارەکانیان باس لە (هەبوونی گەندەڵیی لە رادەبەدەر، جێبەجێنەبوونی یاساکان و فتوادەرکردنی مەلاکان، بە حیزبییبوون و بە خێڵەکییبوونی دامودەزگەکانی حکومەت، هەبوونی تووندوتیژیی و کوشتنی ژنان، پێشێلکردنی مافەکانی چینە نەدارەکان، سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ئازادیی دەربڕین، کوژران و برینداربوون و زیندانکردنی نایاسایی و ئازار و ئەشکەنجەدانی دەیان هەزار کەس لە شەڕە نێوخۆکان بە دەستی حیزبەکان، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بەرپرسیاری سەرەکیی بەدواخستن یان لەباربردنی سەربەخۆیی کوردستانن و… هتد) دەکەن.. نەیانوێرا لە بەرانبەر ئەویشدا ئەو ئازایەتییە لەخۆڕاببینن و بە هەمان شێوە پێداگریی لەسەر ئەو راستییانە بکەن و ببێژن تۆ کە خۆت بە سەرۆکی یەکەمی ئەو هەرێمە دادەنێی و لە نادیموکراسییترین پرۆسەی هەڵبژاردن بە هۆی چاو لێ سۆرکردنەوە و سەرکوتکاریی و نانبڕین دەنگی زۆربەت وەدەستهینا هەر تۆش بەرپرسیاری یەکەمی لە هەبوونی ئەو هەموو گرفت و نەهامەتییانە.. ئایا دەکرێ ئێمە لە رێی یاساییەوە سکاڵات لەسەر تۆمار بکەین و تۆش راوەدوومان نەنێی و نانبڕامان نەکەی و بە پێی خۆت بچییە بەردەم دادگایەکی بێلایەن و داگاییەکەش بە سەرپەرشتیی دەزگە و رێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێ؟ هیچ گومانی تێدا نییە لە پاشەڕۆژەکی دوورییش هەر ناوێرن چونکە ئەوانە میدیاکاری کاسبکارن!
دیارە هیچ گومانی تێدا نییە زۆر بە هەڵەدا دەچین ئەگەر چاوەڕاونی ئازایەتیی نواندنێکی لەو جۆرە بین لەو جۆرە نووسەر و رۆژنامەنووسانە.. چونکە ئەوانە تەنیا لەدوو ناوبانگ و پێگەی خۆیانن و هەموویان لە یەک دۆڵدا دەژین و میللەتیش لە دۆڵەکی دیکە! ئیدی تەواو، چیدی رۆژنامەگەلەکی وەک هاوڵاتی و ئاوێنە و… هتد ناتوانن لە بەرانبەر جەماوەری هۆشیار و ئازادییخواز بە ناوی رۆژنامەی (ئازاد و ئەهلی) پڕوپاگەندەی سەربەخۆیی بکەن و خۆ وا پیشان بدەن لەدوو راستییەکان و خزمەتکردنی میللەتن.. چونکە ئیدی ئەوانیش لە پێناو بەرژەوندییە تەسکە کەسیی و سیاسەتبازییەکانیان ناتوانن رەخنە و ناڕەزایەتیی راشکاوانە لە کات و شوێنی پێویست بخەنەڕوو و هەروەک میدیایە حیزبییەکان کۆیلەی مانەوەی خۆیانن و تەنیا نووچەگەهانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانن.
هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە ئیدی خەڵک بە شێوەکی گشتیی لەو میدیایانەی نێو کوردستان بێ هومێد بوونە کە بتوانن رەنگدانەوەی دەنگی ئازادییخوازانەی جەماوەر بن. وەلی گرفتە گەورەکە لەوەدایە ئەو میدیایانەی دەرەوەی کوردستانیش کە لەسەر ئینەرنێتدا هەن لەگەڵ ئەوەی لەبن دەستی دەسەڵاتی سیاسەتبازەکانی کوردستاندا نین و دەرفەتی ئازادبوونیان زۆر بەرفروانترە ئەوانیش جێگەی بڕوای خەڵک نین.. چونکە ئەوانیش زۆربەی هەرە زۆریان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە کەسییەکانیان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەژێر دەستی حیزبەکان دان و بە بیانووی تاکتیکگەلەکی وەک (پشتگیرییکردن لە دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و ئاسیشی نەتەوەیی و لانەدان لە هێڵی سۆر و سووکایەتیینەکردن بە پیرۆزییەکانی دین و فەرهەنگ و دابونەریتی گشتیی و چەندین چەمکی کۆنەپەرستانە و هەڵخەڵەتێنەرانەی دیکە) هەر خەریکی هۆنینەوەی پەتی ستەمکاریی هەمان سیستەمن!
هەڵبەتە لەوڕۆدا لە سایەی سوودوەرگرتن لە بەرهەمی پێشکەوتنە زانستییەکان و بوارەکانی دیکەی ژیان بە شێوەکی گشتیی کە بە هۆیەوە چین و توێژە نەدار و زەحمەتکیشەکان تا رادەکی چاک ئاسۆی ژیان و تێکۆشانی خۆیان بە رۆشنیی دەبینن؛ هەر کەسەک دەتوانی تەنیا بە چاوپێداخشاندنەکی خێرا ناسنامەی شاراوەی هەر یەک لە ماڵپەڕەکان وەکو خۆی بداتە دەست کە زۆربەی هەرە زۆریان جوایەزییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ رۆژنامە و گۆڤارەکان نییە .. لۆ نموونە دەبی ماڵپەڕەکی بە ناو ئازاد و سەربەخۆی دەرێی کوردستان کە نووسین و وتاری رۆژنامەنووس و نووسەرگەلەکی وەک (مەسعود محەمەد و محەمەدی مەلاکەریم و مارف خەزنەدار و عیزەدین مستەفا رەسوڵ و مەحمود زامدار و کەمال مەزهەر و جەوهەر نامیق و شێرکۆ بێکەس و شێرزاد حەسەن و فەلەکەدین کاکەیی و حەمەسەعید حەسەن و مستەفا ساڵح کەریم و نەژادی عەزیز سورمێ و فارووق رەفیق و فەرهاد عەونی و کوردستان موکریانی و کەمال میراودەلی و مەهاباد قەرەداغی و گرووپە سەرلێشوایەکەی رەهەندییەکان و دەیان نووسەری دیکەی لەو بابەتانە کە بیرمەند و نەخشەداڕێژەری سیاسەت و بەرنامەی چرووکی حیزبەکان و سیستەمەکەن لە رووی فەرهەنگییەوە) لە لای سەرەوە و بە گرنگییپێدانەکی زۆرەوە لە سینگی ماڵپەڕکەی دەدا.. جوایەزیی چی بی لەگەڵ ئەو رۆژنامە و گۆڤارە حیزبیی و بە ناو ناحیزبییانەی کوردستان کە رووبەری رۆژنامە و گۆڤارەکانیان بە راپۆرت و نووچە و کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی و قسەی بێزەوەری سیاسییانەی کۆمەڵەک خەڵکی وەک (تاڵەبانی و بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح و مەحمود عوسمان و حەمەی حاجی مەحمود و نەوشێروان مستەفا و سەلاحەدین بەهادین و ئەرسەلان بایز و عەلی باپیر و مەلا کرێکار و فەرید ئەسەسەرد و چنار سەعد و مەلا بەختیار و کوێستان محەمەد و فازیل موتنی و ئازاد جوندیانی و سۆزان شەهاب و دەیان سیاسەتبازی دیکە کە جێبەجێکەری سیاسەتی چەوسێنەرانەی حیزبەکان و سیستەمەکەن) دەڕازێننەوە!؟ جا لەبەرهەندێ پێویست بە ئەنگوست لەسەردانان ناکا و زۆربەی هەرە زۆریان هەر یەکەو بە جۆر و شێوەیەک پاڵپشت و تەواوکەری میدیای دەسەڵات و حیزبەکان و کەسایەتییە سیاسەتبازەکانن، لۆ نموونە کەسەکی وەک (رۆژ ئەحمەد – ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی دەنگەکان) کە لەکنە خۆی وەیە رۆژنامەنووسەکی زۆر رۆشنبیر و نووکارە و ئازادییەکان لەسەری دەڕێژنەوە.. لەو دواییانە لە وتارەکی کرچوکاڵیدا بە بیانووی مافی ئازادیی دەربڕین پاڵپشتیی لە هزر و هەڵسوکەوتی (مەلا کرێکار – گەورەترین بەرپرسی دەسەڵاتە دڕندەییەکەی هەڵەبجە و خورماڵ) دەکا تا ئەویش پتر دەستی بکرێتەوە و وەک زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی بزووتنەوەی کورایەتیی لە ئازادییە دژەمرۆییەکان بەهرەمەند بی و کۆمەڵەک کارەساتی دیکە وەسەر ئەو میللەتەدا بهینی و چەندین فتوای دیکەی وەک فتوای کوشتنی شێرکۆ بێکەس و مەریوان هەڵەبجەیی و لەو بابەتانە بدا! لە هەمووشی عەنتیکەتر ئەوەیە کە دەبێژی: ”ئازادی بۆ مەلا کرێکار، ئازادی هەموومانە”! ئەو قسەیە رێک وەک کردەوەی ئەو کەسەیە کە پیسایی لە کانی گوند دەکا تا باسی بکرێ! نازانین کێ داوای لە (رۆژ ئەحمەد) کردییە بە ناوی هەمووانەوە رای خۆی دەرببڕی، بڕوا ناکەم تەنانەت یەک کەسی ئازادییخوازی راستەقینە هەبی هێرش و پەلامارەکانی (مەلا کرێکار) بە ئازادیی خۆی بزانی مەگەر تەنیا ئازادییەکانی ئیسلامییەکانی بن دونیایێ و ئەو (راپۆرتنووس)انەی کە میدیای کوردیان داگیرکردییە لەگەڵ ئازادییەکانی (رۆژ ئەحمەد و مەلا کرێکار) تێکبکەنەوە!
لە کۆتاییدا، لە پێناو ئەوەی نەهێڵم هێندەک نووسەر و رۆژنامەنووسی گەندەخۆر و کۆلەوار کە بە شێوەکی گشتیی پێناوی سیستەمی چەوسێنەرانەن پارووی چەور بە لێکدانەوەی ئەو قسەیەم: ”ئەمن پێچەوانەی ڤۆلتێر؛ تا مردن دژی مافی گۆتنی رای بەرانبەرەکەمم کە دڵنیام دەمچەوسێنتەوە” بخۆن و خوێنەران لەخشتەببەن.. دەبێژم:
ئەمن بە شێوازی خۆم کە شێوازەکی ناتوندوتیژ و ئاشتییخوازانەیە و پشتئەستوورە بە بەها مرۆییەکانی تێکۆشانی مرۆڤەکان لە پێناو یەکسانیی گشتیی و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ.. دژی مافی گۆتنی رای بەرانبەرەکەمم کە دڵنیام دەمچەوسێنتەوە، واتە کاتەک ئەوان بە پشتبەستن بە یاسایە پووچەکانی سیستەمەکەیان بەو شێوانە دەدوێن:
ئەمن کار ناکەم و دەبی دەوڵەمەند بم.. ئەتووش کار بکە و دەبی هەژاریش بی، کە نەخۆش کەتم دەبی نوێترین و باشترین زانستی پزیشکی چارەسەرم بکا جا هەرچەندەی تێدەچی گرنگ نییە.. ئەتووش بڕۆ لە (کلینیکە بازرگانییەکانی پزیشکان) و خەستەخانە گشتییە ئاستنزمەکان لەبەردەستی پزیشکە بێویژدانەکان و دەرمانخانە پڕ لە دەرمانە بەسەرچوو و قاچاغەکان هەر لەنێو ئازاردا بتلێوە تا گیانت لەبەردەبڕێ!
هێشتا میللەتەکەمان هۆشیار نەبۆتەوە و لە قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی داین، هەر چار لامان دوژمنە و سیاسەتی نێودەوڵەتییش دەگەڵمان نین و هێشتا سەربەخۆیی کوردستان زۆر زۆر دوورە، هەرچەندە تێکڕای میللەتەکەمان دەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانە لێ ئێمە – واتە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد (بارزانی و تاڵەبانی و جڕوجامشتەکانیتر) – باشتری لێدەزانین و ئێستا فیدراڵییمان – کە تەنیا ناوە و کۆمەڵەک بازرگانی سیاسیی لە عێراق و کوردستان لە دەسەڵات دان – هەڵبژاردییە.. کەنگێ بە باشمان زانی بڕیاری لەسەر دەدەین – واتە با میللەت هەر قەوچەقەوچ بکا.. تا سامانی کوردستان هەمووی نەدزین و خاوەنی داروبەردی کوردستان نەبین و دڵنیا نەبین کە هەر خۆمان دەبینە سەرۆک و مەرۆکی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان هەرگیز بڕیار نادەین و ناهێڵین کەسی دیکە ببیتە پاڵەوانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی -!
ژنان لە پێناو خۆشیی و ئارەزووی پیاوان ئافەریدەکراینە و زۆر ئاساییە بکڕدرێن و بفرۆشرێن و لەنێو چاردیواری ماڵەکانیاندا خزمەتکاری پیاوان بن و وەک (زەعیفە) و (شەرەف)ی پیاوان تەماشا بکرێن چونکە (ناقیسولعەقل)ن.. مافی پیاوانە (چار ژن – سۆزانییخانەی شەرعیی)یان هەبی – واتە یەک پیاو لە یەک کات دەگەڵ چار ژن بنووی – ئەگەر پیاو سێکسی ئازاد دەگەڵ ژن بکا گرفتەک نییە لێ پێویستە ژنەکە ئەتک بکرێ یان بکوژرێ.. بە کورتییەکەی پیاو زاڵ بی بەسەر ژنان و تای تەرازووی ماف و ئازادییەکانی ژنان لە ئاسمان بی و ئی پیاوانیش لە زەوی!
زۆرینەی کۆمەڵ باوەڕی بە دین و دابونەریت و سیستەمەکەی من هەیە – سەرەڕای ئەوەی دین و دابونەریت و سیستەمەکەی وی بە بەردەوامیی سەرپای ژیان لە شەڕ و کوشتن و تیرۆر و برسێتیی و کاولکاریی و پاشدامایی و هەڵاواردنی جۆراوجۆر لە نێوان مرۆڤەکان و بە دەیان چەوسانەوەی دیکەی لەو بابەتانە هەڵدەکێشێ – زۆر رەوا و ئاسایی و یاساییە شەو رۆژ لەنێو میدیاکان و سەکۆی مزگەفتەکان و لە هەر دەم و جێیەک هاوار بکەم (ئەنگۆی بێ دین کە کەمینەن.. ئەنگۆی هەژار ئەگەرچی زۆرینەشن) بێ رەوشت و هەرچی و پەرچی و ناکەسبەچەن، لێ ئەگەر ئەنگۆ رەخنە لە دین و دابونەریت و سیستەمەکەی من بگرن ئەوە سووکایەتییە و هەرگیز لێتان نابوورم و ئەگەر وازنەهینن ئەوە چاوتان لێ سۆر دەکەمەوە و نابڕاتان دەکەم.. ئەگەر دیسان وازتان نەهینا ئەوە یان شاربەدەر و وڵاتبەدەرتان دەکەم یان دەتانخەمە زیندان.. ئەگەر هەر وازتان نەهینا ئەوە دەرمانخواردتان دەکەم یان هەر لەژێر ئەشکەنجەدان لەنێوتان دەبەم، ئەگەر نەشمتوانی ئەوانە بکەم ئەوە تیرۆرتان دەکەم!..
ئەمن چەندەی لە توانامدا هەبی هەرگیز ناهێڵم ئەو قسانە بکەن چونکە ئەو قسانە مافی هیچ کەسەک نییە و بە هیچ شێوەیەک لە چارچیوەی پێناسەی ئازادیی جێیان نابیتەوە، ئاخەر ئەو قسانە رێک وەک قسەی ئەو کەسەیە کە لە رووی دەروونییەوە نەخۆشییەکی ترسناکی هەیە و ئارەزووەکانی بەوە دادەمرکێن کە ببێژی ”مرۆڤ هیچ نرخ و بەهایەکی نییە لەکنە من و حەزم لێیە لە قەرەبالغترین جێ دەستڕێژ لە خەڵک بکەم و پۆل پۆل بیانکوژم” ئیدی کەس رێ لەو قسەیەی نەگری چونکە ئەو مافەی هەیە و ئازادیی خۆیەتی!!! کە بە کرداریش جێبەجێی دەکا دیسان کەس نەتوانی پێی ببێژی لە پشتی چاوت دوو برۆیە چونکە دیسان ئەو مافەی هەیە و ئازادیی خۆیەتی!!! لەبەرهەندێ ئەمن نەک هەر بەرگریی لە مافی گۆتنی رای بەرانبەرەکەم – کە دوژمنی مرۆڤە – ناکەم بەڵکە تا دەکرێ رێی لێدەگرم لۆ ئەوەی نەتوانی قسە دوژمنکاریی و دڕندەییەکانی بکا و پاشانیش بە کردار جێبەجێیان بکا.. وەلی ئەمن هەرگیز هەژار و نانبڕای ناکەم.. چاوی لێ سۆر ناکەمەوە و ئازار و ئەشکەنجەی نادەم.. زیندانی ناکەم و نایکوژم و تیرۆری ناکەم، بەڵکە دەبی ئەویش وەک من تەنیا ئەو ماف و ئازادییە مرۆییانەی هەبی کە من هەمن و نابنە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادیی هیچ کەسەک.. تا هەموومان وەک یەک بە ئازادیی و یەکسانیی و ئاشتیی و ئاسوودەیی و سەرفرازیی بژین.
هەر بۆیە ئەو بارودۆخەی میدیای کوردی لە نووسەر و رۆژنامەنووسە ئازادییخوازەکان دەخوازێ ئیدی سەنگەری خۆیان دیار بکەن و چیدی دەنگی خۆیان لەنێو گەڕەلاوژێی هەزاران دەنگی (دژە ئازادیی و ملکەچ)ی نووسەر و رۆژنامەنووسە سیاسەتبازە ناودارەکان – ناوی گەورە و دێی وێران – کە لە لای سەرەوە و لە سینگی رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکان بڵاودەکرێنەوە.. نەخنکێنن، بەڵکە ئەو ماڵپەڕانە بگەشێننەوە کە جۆرەک لە سەربەخۆییان هەیە و وەک سەرەتایەک بناغەی ئازادیی رۆژنامەگەرییان دامەزراندییە – ئەگەر هەبن – ئەگەر نەشبن ئەوە ماڵپەڕی سەربەخۆ و دوور لە نووسەر و رۆژنامەنووسە سیاسەتبازە ناودارەکان دابمەزرێنن و پانتایی ئازادییەکان فراوان و فراوانتر بکەنەوە و چیدی ئازادیی نەدەنە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ رێ لە ئازادییەکان بگرن یان هەر ئێستاکە خەریکی رێگرتنن لە ئازادییەکان.
_________________________________________________
* ڤۆڵتێر: (ئەمن رای تۆ ناسەلمێنم، بەڵام تا مردن بەرگریی لە مافی تۆ دەکەم بۆ گۆتنی).