دارا خونچە: وە درێژایی قۆناغی پەروەردەیی زارۆکیی و نەوجەوانییم تا ئەو دەمەی خۆم بوومە خاوەنی خۆم لە گۆمی نەزانینیان نوقم کردبووم؛
دالکم لە جیاتی ئەوەی فێرم بکا کە درۆ و دزیی دوو هەڵسوکەوتی خراپن و مرۆڤەکان تووشی دەردەسەریی دەکەن.. دەیگۆت ئەگەر درۆ و دزیی بکەی ئەوە (خودا!) چاوت کۆرە دەکا! ئەگەر گێڕایەلی داک و بابت نەبی ئەوە لە نێو گۆڕەکەت مشک و مار و دووپشک دەتخۆن.. کە زیندییش بوویەوە وە ئاوری (دۆزەخ!) دەتسوتێنن! بابم دەگەڵ ئەوەی زۆر وە ئاواتی ئەوەوە بوو میللەتەکەمان لە ژێر ستەمی بەعسییەکان رزگار ببی و سەربەخۆییەکی خۆی وەربگری لێ هەردەم دەیگۆت ئەوەی بەدوو میللەت بکەوی لە کۆتاییەکەی یان ”سفر” هیچ وەدەست دەبی یان ئەوەتە وە گوللەیەک ساردی دەکەنەوە و لە تڕێ سەی دەچی! زۆربەی هەرە زۆری کەسوکار و خزمانیشم دەیانگۆت ‘کە چوویە شاری کۆران دەبی دەست وە چاوانتەوە بگری! یان دەیانگۆت کەسی ژیر ئەو کەسەیە کە بتوانی دەست وە کلاوەکەی خۆیەوە بگری و با نەیبا! یان دەیانگۆت حکومەت دیوارەکی پتەوە هەر کەسەک بیەوێ ملی پێوە بنێ و بیڕووخێنی ئەوە بێ گومان ملی خۆی دەشکێ! یان و یان و… هتد.
هەرچەندە لە سەردەمی نەوجەوانییم دەگەڵ ئەوەی زۆر تۆبزییان لێ دەکردم تا بچمە رێزی ”یەکێتیی قوتابیان”ی سەر وە رژێم لێ هەر نەچووم.. پاش نەوجەوانییش هەر نەبوومە بەعسی – لەو سەردەم زۆر وە دەگمەن خەڵک هەبوون بتوانن بەعسی نەبن – بەڵکە وە پێچەوانەوە پەیوەستی رێکخراوبوون و سیاسەتی بەرگرییکارانە بووم و بەرەی گەلم هەڵبژارد.. هەروا لە رۆژە سەختەکانیشدا هەفت ساڵ پێشمەرگایەتییم کرد و زۆر جار لەسەر لێواری مەرگ دەگەڕامەوە تا لە بەهاری ١٩٩١ وە پێشمەرگەیی گەڕامەوە نێو شارەکان… ئەوانەش هەمووی لەبەرئەوەی چونکە دەمزانی نەک هەر ئەو بەرگرییانەم بەڵکە ئەنجامدانی سادەترین بەرگرییش لە دوارۆژدا ئەنجام و بەرهەمی خۆی دەبی.. لێ دەگەڵ ئەوانەش ئەمن هێشتا هەر کەسەکی نەزان بووم و (نەزانم و نەزانیش دەبم!) چونکە ئەو نەزانییەی من لە پێنج و دوو رۆژەکی تەمەنی خۆم لۆم چێنەبووە و هەر لەو گۆڕەش پەیدا نەبووە بەڵکە بنچینەیەکی مێژوویی هەیە:
وە کورتییەکەی لە پاش رووخانی دەسەڵاتی مادەکانەوە تا ئێستا ئەوە ٢٥٦٤ ساڵە کوردان هیچ سەربەخۆییەکی خۆماڵیی و پوختی خۆیان نەبووە.. ئەگەر جاروبارەکیش و لێرە و لەوێی کوردستان دەسەڵاتەکی چارچیوەداری تەسکی شارەک یان شارۆچکەیەک یان ناوچەیەکیان هەبووبی ئەوە ئەویش هەر وە شێوەی میرنشینیی و وابەستەیی بووە وە دەسەڵاتدارە ستەمگەرە رەگەزپەرستەکانی نێو میللەتەکانی دەوروبەری کوردستان، هەڵبەتە هاوکات دینەکانیش کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوە و خەستکردنەوە و درێژپێدانی ئەو نەزانینە وە تایبەتییش دینی ئیسلام کە ١٤١٩ ساڵ پێش ئێستا لە رێی شەڕەوە وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپا و لەوساکەوە تا ئێستا هەمیشە وەک داردەستی دەسەڵاتە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان هۆکارەکی زۆر گەورە بووە لە پێشێلکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان تەنانەت لە نێوخۆشدا وە تایبەتییش لەوڕۆدا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە لە نێو کۆمەڵ.. ئەدی ئەوە نییە رێڕەوە ئیسلامییەکانی وەک (هەردوو تەریقەتی قادریی و نەقشبەندیی، وەهابییەکان، سەلفییەکان، دەستەگەرییە ئیسلامییەکان، رێکخراوە وە ناو خێرخوازییی و مەدەنییە ئیسلامییە کوردستانیی و ناوچەیی و جیهانییەکان، رێکخراوە ئیسلامییەکانی ژنان، میدیای ئیسلامیی، بانگخوازەکان، سەید و شێخە خاوەن تەکییەکان، دەروێشەکان، کەسایەتییە ئیسلامییەکان، مەلا و سەکۆی مزگەفتەکان، فەقێ و خوێندنگە ئیسلامییەکان، وەزارەتی ئەوقاف) و ئیسلامییە حیزبییەکانی وەک (یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە) و جیهادییە کوردەکانی نێو (قاعیدە و داعش رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە) هەر هەموویان و هەر یەکەیان وە جۆر و شێوازەک لە رێی بەرنامەیەکی دژە زانستیی و دژە مرۆییانەی ١٤٣٥ ساڵەی بەر لە ئێستا ژەهری ئیسلام بڵاودەکەنەوە و نەزانیی و پاشدامایی دەرخواردی خەڵک دەدەن و هاوکاریی جێبەجێکردنی هەر نەخشە و پیلانەکی دژ وە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن کە لە لایەن هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و جیهانەوە دادەڕێژدرێن!
ئیدی خەریکە نەزانیی لە بنوبۆتکەوە هەڵماندەقەنی و لووشمان دەکا، جا ئەمن کە یەک تاکم لەو میللەتەی خۆم ئەگەر (رێژەی زیرەکیی – ئای کیو)ەکەم هەرچەندەک بی هەر ”نەزان”م، ئاخەر دەبی نەزانیی لەوە پتر چ بی:
– نیشتیمانەکەمان لە رووی هەبوونی سامانی سەرزەوی و بنزەوی یەکەکە لە نیشتیمانە هەر وەپیتەکانی جیهان کەچی لە سەلکە توورەکەوە تا نایابترین خۆراک و لە دەنکە دەرمانەکی ئازارشکێنەوە تا چارەسەرەییەکانی شێرپەنجە و لە دەرزییەکەوە تا فڕۆکەیەک تێکڕایان لە دەرێ هاوردە دەکەین ئەویش جۆرەکی خراپ و وە نرخەکی زۆر، هەمیشە وە هۆی کەمیی وزەوەی خۆراکەوە تووشی چەندین دەرد و نەخۆشیی دەبین و هەر کەسەک توانای مادیی هەبی تەنانەت لۆ ددان ئێشانەکیش پەنا دەباتە بەر ئێران و ئوردن و تورکیا و ئیتالیا (نموونە وەک بارزانی کە ددان ئێشە دەگری دەچیتە ئیتالیا)، ماڵەکانمان هێندە خراپ و ناخۆش و نادڵگیرن رێک وە زیندان دەچن، وە ملیۆنان کەسمان لە برسان پەڕاگەندەی وڵاتان بوونە، و… هتد.
– وەک دەبێژن ناوچەکەمان لانکەی یەکەم شارستانییەت بووە کەچی تا ئێستا ”پۆست” ناگاتە ماڵان و پۆڵی قوتابخانە ٣٠ – ٤٠ قوتابی لێ دادەنیشی و قوتابخانەیەک سێ (دەوام)ی تێدا دەکرێ، سیستەمی هاتوچۆ لە خراپترین بار دایە، نەبوونی لوولەکێشیی گاز لە ماڵان و خراپیی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و سوتەمەنیی، نەبوونی سیستەمی نەخشە و دیزاینی گشتیی خانیی و باڵەخانەکان، نەبوونی ئاوەڕۆ، خراپیی فریاکەوتنی نەخۆش و راگەیشتن وە رووداوە سروشتییەکان، و… هتد.
– بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییمان وە پێی سیستەمە دیموکراسییەکەی رۆژاوا – کە خۆی پەڕپووتە – دامەزرایە کەچی نەک هەر دوورە لە راستیی بەڵکە دامەزرایەکان تەنێ ناوەکی بێ ناوەرۆکن، پاشداماترین یاسا و رێسامان هەن کە تەنانەت ئەوانیش سەروەر نین و وە یەکسانیی وەسەر تاکەکەکان جێبەجێ ناکرێن، سێ کەس لە یەک ماڵدا (باب و کوڕ و بڕازا) گەورەترین و هەستیارترین پۆستی سیاسییان داگیر کردییە! ئازادیی سیاسیی و رێکخراوەیی وە پێی پێوەرە تایبەتییەکانی کەسی یەکەمی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندییە سیاسییە تەسکەکانی حیزبی دەسەڵاتدار دەپیورێن، یەک تاکە رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ نییە، ئازادیی دەربڕین لە بنەوە بوونی نییە و رۆژنامەنووس وە هۆی یەک وتار پڕی نێو دەوی گوللە دەکرێ، قەدەغەبوونی خۆشەویستیی و نەبوونی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژنان و هەبوونی فرەژنیی و ژنکوژیی کە لە جیهاندا وێنەی نییە، پیرۆزکردن و سەپاندنی سرووتەکانی دینی زۆرینە و بێڕێزییکردن وە دینەکانی دیکە و سەرکوتکردن و هەڵپاچینی بێ دینەکان، نەبوونی ماف و ئازادییەکانی تاک، سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان و خەڵکانی ئازادییخواز لە ژیان و ماف و ئازادییەکانیان، زۆریی رادەی توندوتیژییە دەروونیی و جەستەییەکان وەک ئەوەی کۆمەڵ لە سەربازگەیەکی نێو جەنگدا بژیێ وە تایبەتیش لە بەرانبەر ژنان و زارۆکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و پیر و پەککەوتەکان، و… هتد.
– سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەک هەر ئەوەی کە میللەتەکی ٥٠ ملیۆن کەسیین و هێشتا مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان پێشێل کرانە و لە هیچ بستە خاکەکی نیشتیمانەکەمان سەربەخۆییمان نییە بەڵکە زمانەکی ستانداردیشمان نییە و وە چەندین رێنووسی خراپ و پڕ لە کەموکوڕیی دەنووسین و تەنانەت لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستان قەدەغەیە وە زاراوەکانی خۆمان قسە بکەین و بنووسین و وە زمانی دالکمان بخوونین!
جا ئەگەر ئەوانە نەزانیی نەبن کەواتە خودی نەزانیی هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نییە و ئێمە خۆمان هەر ٥٠ ملیۆن کەسەکەمان ”زانا”ین و ”رێژەی زیرەکیی – ئای کیو”مان لە ئی ئەنشتاین کە (١٦٠)ە بەرزترە!
هەڵبەتە لەو هەموو شێر و ریوی هینانەوەم لۆ نەزانییمان نە مەبەستم ئەوەیە ستایشی خۆم بکەم یان خۆم پێ زۆرزان بی و بمەوێ خۆم لە میللەتەکەم جودا بکەمەوە و پاکانەی لێ بکەم.. نە خودپەرستیی و دوژمنکارییەک لە نێو مەژییمدا هەیە تا بمەوێ بەو شێوەیە میللەتەکەم پتر ورە بەربدا و وە یەکجاریی خۆی رادەستی نەزانیی بکا.. بەڵکە تەنێ خەمخۆرییەکە لە پێناو ئەوەی بتوانین تێبگەین کە تا پرسیارمان نەبی و لە پرسیار نەگەین ناتوانین بەرسڤ بدەینەوە یان وە شێوەیەکی دیکە واتە تا خۆمان نەناسین هەرگیز ناتوانین کار لەسەر خۆمان بکەین و کەموکوڕیی و ئاریشەکانمان چارەسەر بکەین.