دارا خونچە:
فەیلەسووفەکان – یان با وە گوزراشتی خۆم بێژم ”چەقەچەقکەرەکان” – قل قلەیان نەبی کە جهانبینییەکانیان پەیوەستن وە کایە کۆمەڵایەتییەکان دەنا ئەوانیدیکەیان هەر هەموویان لە پێناو خۆدەرخستن یان گەیشتن وە ناسناو و نازناو هەموو تشتەکی نەرێنییان لێدەوەشێتەوە..
یەک لەو تشتانەش داتراشینی زاراوە و چەمکی ”رەوشت” و شێلانیەتی لە شێوەی جواروجۆر، دەگەڵ ئەوەی رەوشت نە لەسەر زەمینەی بەرجەستەی بوون نە لە نێو کایەی هزری پوختی دوور لە ئەندێشە و ئەفسانەکان بوونی هەیە لێ هیچ فەیلەسووفەک نییە وە جۆرەک لە جۆرەکان و وە شێوەک لە شێوەکان راڤەی رەوشتی نەکردبی و تۆژینەوەی لەسەر نەکردبی و تێگەیشتنەکی لەسەری فڕێنەدابیتە نێو کۆمەڵ یان وە لایەنی کەم و هیچ نەبی ناکۆک و دژبەر نەبووە دەگەڵ هەبوونی ئەو واتا و گوزارشتانەی لە پێش خۆی لەسەری هەبوونە.
لە راستییدا ئەگەر بتوانین یەک قیچ وە شێوەکی زانستییانە بهزرین هەرگیز ناتوانین رەوشت وەک یەک بوون وە هەموو رەهەندەکانیەوە هەست پێ بکەین.. بەڵکە ئەوە رەهەندەکانی بوونە وە گوێرەی بارودۆخەکان و ئاستەکانی چەندیێتیی و چۆنیێتی و چیەتیی خەسڵەتە جودایە هەمیشە لەگۆڕاندایەکان دروست دەکەن کەچی هزری ساویلکانە وە رەوشت وێنا و ناوزەدی دەکا و دڵخوازانە و ئەندێشەئامێزانە وەک یەک بوونی توندوتۆڵ دەیخاتە روو و بانگەشەی لۆ دەکا.
با تاقیکردنەوەکی زانستییانەی زۆر زۆر سادە و سانا ئەنجام بدەین؛ پارچە کاغەزکی تەڕمان هەیە و وە شێوەیەکی زۆر تەنک هێندەک هووردە شەکر فڕێدەدەینە سەری.. سەرەنجام پاش ئەوەی کاغەزەکە هیشک دەبیتەوە دەبینین خەسڵەتەکی ”دڕ” وەردەگری.. ئەوە راستە لە نێوان رووی بەرکەوتەی کاغەزەکە و شەکرەکە جۆرەک لە کارلێکی کیمایی و گۆڕانی فیزیایی روودەدەن کەچی لە راستییدا کاغەزەکە هەر هەمان کاغەزی جارانە و خەسڵەتەکەی نەگۆڕایە بەڵکە ئەوە هەر خەسڵەتی شەکرەکەیە لەسەر رووی کاغەزەکە دەردەکەوی.. لێ ئەگەر کەسەک ئاگای لەو تاقیکردنەوەیە نەبی ئەوە وەدەزانی کاغەزەکە ئەو خەسڵەتە ”دڕ”ەی هەیە، ئەگەر ئەو جارە تاقیکردنەوەکە وە پارچە کاغەزەک و مادەیەکی جەلاتینیی شل و گەرم ئەنجام بدەین دەبینین کاغەزەکە خەسڵەتەکی ”خز” وەردەگری.. ئەوە راستە لە نێوان رووی بەرکەوتەی کاغەزەکە و جەلاتینەکە جۆرەک لە کارلێکی کیمایی و گۆڕانی فیزیایی روودەدەن کەچی لە راستییدا کاغەزەکە هەر هەمان کاغەزی جارانە و خەسڵەتەکەی نەگۆڕایە بەڵکە ئەوە هەر خەسڵەتی جەلاتینەکەیە لەسەر رووی کاغەزەکە دەردەکەوی.. لێ ئەگەر کەسەک ئاگای لەو تاقیکردنەوەیە نەبی ئەوە وەدەزانی کاغەزەکە ئەو خەسڵەتە ”خز”ەی هەیە، خۆ ئەگەر هەردوو مادەکە پێکەوە فڕێبدەینە سەر کاغەزەکە ئەوە کێهانیان بڕەکەی زۆرتر بی خەسڵەتەکەی وە خەسڵەتی کاغەزەکە دێتە بەرچاومان کە لە راستییدا خەسڵەتی خۆی نییە.
هەر وە هەمان شێوە ئەو خەسڵەتانەی کە لەسەر کەسەک دەیانبینین خەسڵەتی راستەقینەی کەسەکە نین بەڵکە بارودۆخ و تێگەیشتن و رەنگدانەوە هزرییەکانی دەرێ و ژۆرێن لەسەر کەسەکە رەنگدەدەنەوە و وە هەڵە وە رەوشت ناوزەد دەکرێن، دەتوانین لەو هێلکارییەی خوارێ وە شێوەیەکی رۆشنتر بیبینین:
بەو پێیە دەتوانین بێژین خودی رەوشت خۆی بوونی نییە و ئەوە تەنێ کارلێکردنەکانن کۆمەڵەک خەسڵەت دەخەنە سەر مرۆڤ و وە شێوەی هەڵسوکەوت لەسەری دەردەکەون، ئەگەر ”توندوتیژیی و شەڕانگێزیی” وەک نموونە لەسەر کەسەک وەربگرین ئەوە ئەو توندوتیژیی و شەڕانگێزییە کە کەسەکە هەڵسوکەوتی دەکا لە بنچینەدا خەسڵەتی ئەو نییە بەڵکە ئەوە چەقەچەقکەرەکانن وەک خەسڵەتی وی و وە ناوی رەوشت وەسەری دادەسەپێنن و لە بەرانبەریشیدا وە گوێرەی هەبوونی ئاستی هێزی ”ئارامیی و ئاشتیپارێزیی” لەسەری کە ئەویش هەر بەرەنجامی کارلێکردنەکانە خەسڵەتەکە دەپیون و مۆری رەوشت جا وە نەرێنیی یان ئەرێنیی یان مامنێوەندیی لە کەسەکە دەدەن! هەڵبەتە کە دەبێژین رەوشت بوونی نییە و مرۆڤ تەنێ خەسڵەتی هەیە و خەسڵەتیش کە رەنگدانەوەی کارلێکردنەکانە پوخت نییە بەڵکە رێژەییە و بارودۆخە سروشتییەکان لە لایەک و بارودۆخە خودیی و کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکی دیکە ئەوە دیار دەکەن کە مرۆڤ تا چ ئاستەک دەتوانی خەسڵەتەکی دیارکرای خۆی وەدەربخا.. ئەو کەسانەش کە دەتوانن خۆ رادەستی بارودۆخەکان نەکەن ئەوە شۆڕشگێڕن یان دەتوانین بێژین کەسانەک دەردەچن کە جێپەنجەیان لەسەر گۆڕان و وەرگۆڕانەکان دەردەکەون جا چ وە ئاراستەی لایەنە ئەرێنییەنییەکان یان لایەنە نەرێنییەکان.
کەواتە ئەوە زۆر هەڵەیە کاتەک دەبێژم: ”ئەمن بێ رەوشتم” چونکە کە رەوشت بوونی نەبی ناکرێ لە هەبوون یان نەبوونی بدوێین لەسەر من.. بەڵکە دەکرێ بگۆترێ یەکەک یان چەند لە خەسڵەتەکانم نەرێنیی یان ئەرێنیی یان مامنێوەندیین و وەک هەڵسوکەوتیش لە گفتار و رەفتارمدا دەردەکەون، هەروەک ئەگەر وە پێی بارودۆخی ئەوڕۆ سەرکردەکانی کورد لەبەرئەوەی هەموومان دەیانناسین وەک نموونەیەکی ئاسان و رۆشن وەربگرین؛ ناتوانین بێژین: ”لەبەرئەوەی سەرکردەکانی کورد (مستەفا بارزانی، برایم ئەحمەد، عەزیز محەمەد، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، حەمەی حاجی مەحموود، قادر عەزیز، نەوشێروان) بەرپرسیاری یەکەم بوونە لە نەگەیشتنی خەڵکی کوردستان وە مافی سەربەخۆیی کەواتە بێ رەوشتن” چونکە رەوشت خۆی بوونی نییە تا لە نێو کەسایەتیی ئەوان بپەسترێ.. بەڵکە دەتوانین بێژین ئەو سەرکردانە خەسڵەتە نەرێنییەکانیان وەک (نەزانیی و کۆلەواریی، پاشدامایی و ناشارستانیی، سیاسەتبازیی و بێ باوەڕیی، بودەڵەیی و لێنەهاتوویی، خۆپەرستیی و خۆڕانەگریی، ترسنۆکیی و ملکەچیی، دووریی لە ئامانجەکانی گەل، و… هتد) زۆر زۆر پترن لە خەسڵەتە ئەرێنییەکانیان وەک (زۆرزانیی و ژیرمەندیی، پێشڤەڕۆیی و شارستانیی، سیاسەتمەداریی و بڕواداریی، هۆشیاریی و لێهاتوویی، خۆنەویستیی و خۆڕاگریی، ئازایی و سەربەرزیی، نێزیکیی لە ئامانجەکانی گەل، و… هتد) و وە کردەوەش رەنگی دایتەوە لەسەر هەڵسوکەوتەکەنیان و تەنێ خەریکی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیانن.
لە هەمووشی بێ ئابڕووانەتر ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری چەقەچەقکەران و پێغەمبەرانیش هەموویان (کە ئەوانیش هەر فەیلەسووف – چەقەچەقکەرن) بێجگە لەوەی زۆر پێ لەسەر هەبوونی رەوشت دادەگرن پۆپەی رەوشتیش لە کنە وان ئەوەیە کە ژنان وە گوێرەی فەرهەنگ و رێپێدانی نێرسالاران ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.. ئەگەر ژن بیەوێ هێندەی پیاو ئازادیی وە خۆی بدا لە دامرکاندنەوەی ئاڵووشە سێکسییەکانی ئەوە ”بێ رەوشت”ە و پێویستە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بدرێ و ئەگەر هەر ملیشی نەدا ئەوە سووکایەتییپێکردنی لە لایەن دابونەریتی داڕزای دەسەڵاتدارانی زۆرەک لە میللەتەکان لە لایەک و بڕوایە ئەفسانەییەکان و دینییەکان لە لایەکی دیکەوە وە تایبەتییش لە لایەن پەیڕەوکارانی دینی ئیسلام کارەکی ئاساییە و تەنانەت رێ بە کوشتنیشی دەدرێ!