راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : ھەموو فەریقییەکان تەنیا بۆ یادێک ھاتوونەتەوە کوردستان، یادی کۆچی ھونەرمەند “مەرزییە فەریقییە”. پێنج ساڵە یادی دەکرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە جیاوازتر و بە ئامادەبوونی فەریقییەکان خۆیان یادی دەکەنەوە.
ھونەرمەند مەرزییە فەریقی ساڵی ١٩٥٨ لە مەریوان لەدایکبوو، خێزانەکەی ئەوان لە چوار خوشک و یەک برا پێکھاتووە، فەریقی دەرچووی پەیمانگای مامۆستایان بوو، رۆژی یەک شەممەی ١٨/٩/٢٠٠٥ لەکاتی نەشتەرگەریدا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، دوای ١٨ رۆژ مانەوەی لە وڵاتی سوید، تەرمەکەی ھێنرایەوە کوردستان لە گۆڕستانی (شەھیدان) لە سلێمانی بەخاک سپێردار.
ھیچ لە ھاوڕٍێکانی مەرزییە بڕوای ئەوەیان نەدەکرد وا زوو بمرێت، چونکە وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن قەت باسی مردنی نەکردووە و زۆر کەمیش وەسیەتی کردووە، بەپێچەوانەوە ھەمووکات ناسر رەزازی وەسیەتی خۆی لای مەرزییە کردووە، یەکێک لەو وەسیەتانەی کە بەردەوام رەزازی بە مەرزییەی داوە دەیگوت “تخوا مەرزییە گیان ئەگەر لە غەریبی مردم لەخاکی کوردستان بمنێژن، تخوا مەرزییە گیان تۆ بڵێی نەمرم بگەڕێمەوە کوردستان”. بەڵام کۆتایی ئەو گفتوگۆکان بەم شێوەیە بوو، کە ئەوکاتەی مەرزییە لە سوید مرد، ناسر رەزازی لە خاکی کوردستان بوو لە سلێمانی، چونکە دەگوترێ “ئەوکاتەی کە مەرزییە لە کۆچی کرد، رەزازی و فەریقی نێوانیان نەبووە، بۆیە رەزازی لەکاتی نەشتەرگەریەکەی فەریقییدا لەگەڵی نەرۆیشت بۆ سوید”.
بورھان موفتیزادە، یەکێک لەو ئاوازدانەرانەیە کە نزیکترین ھونەرمەندی لای مەرزییە فەریقی بووە و زۆرترین کارە دیارەکانی بۆ مەرزییە کردووە، موفتیزادە دەڵێت “کۆتاین ئیشەکانم کە بۆ مەرزییە فەریقی خەریکبووم لەسەر تێکستێک بوو بۆ کوردستان کە تێکستەکە ھی کەمال میراودەلی بوو، من ئاوازەکەم بۆ دانا، مەرزییە ھات بۆ ماڵەکەم لە لەندەن، گوتی کاک بورھان تخوا ئەگەر مردم ئەم گۆرانییە لەسەر گۆڕەکەم بخوێنن، منیش گوتم: ئەو گاڵتە چییە دەکەی، مردنی چی!” موفتیزادە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات قسەکەی مەرزییەی لابۆتە یادگاریەکی سەیر “چونکە لەھەولێر خەریکی تۆمارکردنی میوزیکی گۆرانییەکە بووین لە ستۆدیۆ، ھەواڵیان پێداین کە مەرزییە مردووە، بۆیە زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە بۆچی مەرزییە لەوکاتەدا ئەو قسەیەی کرد، چونکە ئەو قەت باسی مەرگی نەدەکرد”. مەرگ مەودای نەدا ئەو گۆرانییە تەواو بکات، بەڵام ئێستا تێکستی گۆرانییەکە لەسەر گۆڕەکەی نوسراوەتەوە.
دواین پرۆژەی ھونەری مەرزییە فەریقی لەگەڵ ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر بوو، کە لە ئەلبوومێکی ٨ تراکی پێکھاتبوو، ئەویش مەرگ مەودای نەدا گۆرانییەکان تەواو بکات، تەنیا گۆرانییەکی تۆمار و کلیپ کرد، ئەویتر دڵنیا رەزازی کچی تەواوی کرد، ھەڵکەوت زاھیر لەبارەی مەرزییەوە دەڵێت “ئەو یەکێک بوو لە گرنکترین ھونەرمەند لەو ھونەرمەندانەی کارم بۆ کردوون، ئەو کەسێکی زۆر جدی بوو، کاتێک پرۆڤەی گۆرانیم پێدەکرد زۆر بە وردی گوێی دەگرت و بەیەک پرۆڤە گۆرانییەکەی لەبەردەکرد، بەڵام ھەمیشە دەیگوت ئەڵڵا تخوا جارێکی دیکە بۆم دووبارە بکەرەوە، منیش دەمگوت مەرزییە خان ئەوە پێنج جار دووبارەم کردەوە، ئەیگوت دەزانم بەڵام حەزم لە دەنگی تۆیە، بۆیە ماندووت دەکەم، چونکە ھەر جارێک بە فانتازیایەکی نوێتر گۆرانییەکە دەڵێی، زۆر حەزی بە دەنگی من دەکرد، دەیگوت حەز دەکەم لە یەکێک لە گۆرانییەکانم لەگەڵم بڵێیت، تەنانەت ئەگەر کۆپلەیەکیش بێت”.
ھەڵکەوت زاھیر دەڵێ من تا دوا ساتەکانی ژیانی ھەمیشە لێی نزیک بووم، “١٠ کۆتایەترین رۆژی ژیانی لەگەڵی بووم لە وڵاتی سوید، ھەمیشە پرۆڤەمان دەکرد، دوا خواردنیش کە خۆی دروستی کرد و خواردمان ماست و سەبزی پلاو بوو، دوا تەلەفۆنیشمان شەو بوو قسەمان کرد، کە شەوی پێش کۆچکردنی بوو، گۆرانی (پێم بڵێ)ـی بۆ گوتم”.
جەمال رەزازی، ھاوڕێی نزیکی ناسر رەزازی و مەرزییە فەریقی بووە، لەبەر خۆشەویستی ناسر رەزازی خۆی بە رەزازی دادەنێ، ئەو باس لەو کۆنسێرتە دەکات مەرزییە فەریقی تێیدا دڵخۆش نەبوو، رەزازی دەڵێت “رۆژی ١/٦/٢٠٠٢ رۆژی جیھانی منداڵان، لە شاری ھەولێر لە ھۆڵی وەزارەتی تەندروستی کۆنسێرتێک بۆ منداڵان ئەنجامدرا، مەرزییە خان ھاتەسەر شانۆ گۆرانی بڵێت، بینی ھەموو پیاوە گەورەکان لە پێشەوە دانیشتوون و کە وەزیری تەندروستیش لەوێ بوو، منداڵەکانیش ھەموو لە دواوە بوون، زۆر نیگەران بوو، گوتی سەیریکە ئەمڕۆ رۆژی منداڵانە دەبوو ھەموو ھۆڵەکە بۆ منداڵان تەرخان بکرێ، دواتر نوقل و کۆکا کۆلایان دابەشکرد، بۆ بەرپرسەکانیان دانا و منداڵەکانیش لە دواوە سەیریان دەکرد، ئەوە ئەو کۆنسێرتە بوو کە مەرزییە خان تێیدا دڵخۆش نەبوو”. جەمال رەزازی دەڵێ ھیوادارم لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو یادگارییە، ئەو کەلتوورە نەمێنێ ھەموو شت ھەر بۆ بەرپرس و کەسە گەورەکان نەبێت.
رۆژنامەنووس وشیار ئەحمەد ئەسوەد، پێی وایە کە فەریقی تاکە ھونەرمەندی نزیک لە ناسر رەزازی بوو، کەچی نەکەوتە ژێر کاریگەری رەزازییەوە، دەڵێت “مەرزییە یەک لەو ھونەرمەندانەیە توانی شەوقی زیاتر بخاتە گۆرانی ژنانەوە، بێگومان کەسانی تریش ھەن ھاوشانی ئەو توانایە، بەڵام ئەو لە دەرەوەی رەزازییەوە فەریقیانی خۆی پێمان ناساند”.
وا بڕیارە ١٨/٩ کە دەکاتە یادی کۆچی مەرزییە فەریقی، لە “تەلاری ھونەر” لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێک ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا ھەر یەک لە ھونەرمەند لەیلا فەریقی و دڵنیا رەزازی و کوڕەکانی مەرزییە، لەگەڵ برا و خوشکەکانی ھاتوونەتەوە کوردستان و خەریکی ئامادەکاری کۆنسێرتەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (سڤیل)ـی راگەیاند ئەو مەراسیمە لەیلا فەریقی خۆی سەرپەرشتی دەکات و “وا بڕیارە ٢٠ گۆرانیبێژ بەشداری تێدا بکەن و ھەمووان پێکەوە گۆرانییەکی مەرزییە فەریقی بڵێنەوە”. سەرچاوەکە گوتیشی “بەڵام لەوانەیە ناسر رەزازی لەو یادە بەشدار نەبێت، چونکە تائێستا لەیلا فەریقی و ناسر رەزازی نێوانیان نییە، رەزازی ئامادە نییە لە کارێک بەشداری بکات کە لەیلا فەریقی تێدا بێت، بەپێچەوانەشەوە لەیلاش ئامادە نییە ناسر بەشداری بەرنامەیەکی خۆی پێ بکات”. کە ئەم کێشەی نێوان لەیلا فەریقی و ناسر رەزازی بۆ سەرەتای کێشەی نێوان مەرزییە و ناسر رەزازی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەوکاتەی کە لە ئەوروپا نیشتەجێ بوون.
ساڵێک دوای کۆچی وایی مەرزییە فەریقی، ناسر رەزازی ژنی تازەی ھێنایەوە، خەڵک بەبێوەفا ناوی برد، بەڵام ناسر رەزازی لە چاوپێکەوتنێکی پێشووی لەگەڵ (سڤیل) گوتی “من ژنم بۆ خۆشی خۆم نەھێناوە، من ھونەرمەندێکی بە میوانم بە بەردەوام ماڵەکەم پڕە لە میوان، دەبێ ژنێک ھەبێ لەماڵەکەم، ئەگەرنا من بێوەفا نیم”.
بەشدار، خاوەن سەنتەری ئەربائیلۆ، بۆ بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی ئەلبوومی ھونەرمەندان دەڵێت “ئێمە ھەموو گۆرانییەکانی مەرزییە فەریقیمان لە ئەلبوومێک کۆکردۆتەوە، ئێستاش گۆرانییەکانی ئەو دەفرۆشرێن، بەڵام رێژەی فرۆشتنی لەگەڵ دوو ساڵ پێش ئێستا جیاواز بووە، ئێستا رێژەکە کەمتر بۆتەوە”.
رۆژنامەنووس ئاڤان جاف، ھیچکات بە مەرزییە ناڵێت کۆچکردوو، بەڵکو دەڵێت “ئەو نەمردووە، کەسێک کە دایک و نیشتمان بێت چۆن وا بەئاسانی دەمرێت، من ھەمیشە گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرم”. ئاڤان دەشڵێت “بریا ئەو مەراسیمی یادکردنەوەکەی لە ھەولێر بوایە، حەزم دەکرد منیش لەوێ بم”.