بورھان شێخ ڕەئوف
وا لە ٢مایس نزیک دەبینەوە ئەو ڕۆژەی کە ئیتر ھەموو ئەو چاوپۆشی و لێبووردنانەی کە بۆ ھەشت وڵات کرابوولە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە کە نەوت و غازی ئێران بکڕن عێراقیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پشتی بە وزەی کارەبای ئێران و گازو غازی ئێران بەستووە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و تا ئێستاشی پێوەبێت ھیچ ئەڵتەرناتیڤێکی نەدۆزیووەتەوە بە ئاشکراو ڕوونی بۆ جێگرتنەوەی ئەو وزەییەی کە لە ئێران ھاوردەی دەکرد .
ھەرچەندە ھەفتەی پێشوو عادیل عەبدولمھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی عەرەبستانی سعوودییەی کرد بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورەی فەرمی کە لە سیازدە وەزیرو دەیان بازرگان پێکھاتبوو چەندین ڕێکەوتنی گرنگ واژۆکرا و پێشتریش سعوودیە بڕی یەک ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی پێشکەشی حکومەتی عێراق کردبوو کە پێدەچێت ھەموو ئەمانە سەرەتاو زەمینە خۆشکردن بێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندی توندو تۆڵ لە نێوان عێراق و سعودیەداھەموو ئەمانەش بە ناوبژی و خۆشحاڵی ئەمریکایە کە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ەو کە عێراق کوەیتی داگیرکرد ئەو پەیوەندییانە گرژی و ئاڵۆزی توندیان بەخۆیەوە بینی و ھەمو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان بڕا تا ساڵی ٢٠٠٣.
ئەووادەیەی ئەمریکا دیاری کردووە ٢ مایس ٢٠١٩ کۆتا ڕۆژ و دوا وادەیە بۆ ھەموو ئەو کۆمپانیاو وڵاتانە کە سات و سەودای بازرگانی نەوت و غازیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەبوو ھەروەکو لە سەر زاری وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وە ( بۆمبیۆ ) ڕاگەیەنرا ئیتر بوار بە ھیچ وڵاتێک نادرێت سەودا لە گەڵ ئێراندا بکات و دەبێت بەرھەمی فرۆشتنی نەوتی ئێران بگەیەننە زیرۆ ( سفر ) ھەر وڵاتێک سەرپێچی بکات سزای توندی بەسەردا دەسەپێنن .
لە کاتێکدا کە ئەم بڕیارەی داوە ئەمریکا ھەموو ئەو وڵاتانەی کە ھەشت وڵات بوون بوورابوون لە سزاکانی ئەمریکا لەماوەی ڕابردوودا وەکو باس دەکرێت زۆربەیان ئەڵتەرناتفیان دۆزیووەتەوە بۆ نەوتی ئێران کە وڵاتی خاوەن پیشەسازی و ئابووری زەبەلاحیشی تێدایە و ئامادەنین بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن بە قوربانلا بەرژەوندییەکانی ئێران لە ھەمان کاتیشدا ھەردوو گەورە وڵاتی بەرھەمھێنەری نەوت عەرەبستانی سعودیەو ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بڕیارییان داوە قەرەبووی ھەموو کورتھێنانێک بکەنەوە کە وەستانی نەوتی ئێرانی دەیھێنێتە ئاراوە .
ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە ھەیە ئەوەیە ئایا حکومەتی عێراق و کەسی عەبدولمھدی چۆن لە گەڵ ئەم کەیسە ھەستیارو ئاڵۆزەدا ھەڵسوو کەوت دەکات لە کاتێکدا بەشی زۆری ھێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە شیعەو سوونەو کوردەوە پەیوەندی بەھێزیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەیە لە ھەمان کاتدا ھەمووان دەزانن قەبارەی ئەو زیان و سزاو ئاستەنگیانە چی دەبێت ئەگەر عێراق پابەند نەبێت بەو سزایانەوە کە ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێت لەلایەکی تریشەوە گەلی عێراق تاڵی و نەھامەتییەکانی ساڵانی گەمارۆی ئابووری نێودەوڵەتی لە بیرە لە ساڵانی ١٩٩٠-٢٠٠٣ .
لەبەر ھەموو ئەو انە پێناچێت حکومەتی عێراق و بەشێکی لایەنە سیاسیەکان بتوانن تاکۆتایی بەرامبەر بە خواست و بڕیارەکانی ئیدارەی ئەمریکا بووەستنەوەو لەوەیە لە کۆتاییدا مل بە خواست و حەزەکانی ئەمریکا بدەن بۆ پابەند بوون بەو سزانەوە چونکە کاریگەری و ئاکامەکانی ھەر سیاسەتێک دژ و پێچەوانەی خواستی ئەمریکا بێت , کاردانەوەی نیگەتیفی بۆسەر ئابووری و پێگەی سیاسی و سەربازی عێراق دەبێت و قورس لە سەری دەکەوێت لەبەر چەند فاکتەرێک لەوانە :
١. عێراق بەشێوەیەکی گشتی ھەموو پێداویستیەکانی ھاوردە دەکات لەدەرەوە کە لە ھەرحاڵەتێکی سزادا باجەکەی زۆر تاقەت پڕۆکێن دەبێت .
٢. ئابڵووقەدانی عێراق وجیاکردنەوەو دابڕینی عێراق لە دراوسێ عەرەبەکانی و ئیقلیمیەکانی لە کاتێکدا ھێزی ئەمریکا لە عێراقدان .
٣. سزادانی سەرکردە سیاسیەکان و فەرماندەی میلیشیاکانی عێراق بە پاساوی بوونی پەیوەندی لە گەڵ سوپای پاسداران لە کاتێکدا ئەو سوپایە خراوەتە لیست تیرۆرەوە لەلایەن ئەمریکا وە.
لە کۆتاییدا ئەمریکا عێراق بە ناوچەو پێگەی ھەژموونی خۆی دەزانێت و ساڵانێکە شەڕی لەسەر دەکات لە گەڵ ھەمو وڵاتانی ئیقلیمی و تاقم و گروھە تیرۆریستیەکانی ئەلقاعیدەو داعشیش بۆیە سەرۆک ترەمپ لە ئێستا دا بەھەموو ھێزو توانایەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و بوار نادات ھیچ وڵاتێکی تر ڕۆڵی ھەبێت لە عێراقدا بەتایبەتی ئێران وھەر لەو پێناوەشدا خەڵک وتاقمی نزیک لە خۆی لە نێو چینی سیاسی عێراقدا دەھێنێتە پێشەوە ھەربۆیەشە لە ھەوڵی دامەزراندنی پێگەو بنکەی سەربازی ھەمیشەییەدایە لەناوچە سوونە نیشینەکانی عێراق .