بورھان شێخ ڕەئوف
واشنتۆن و پەکین لە سەر لێواری جەنگێکی ساردن بەمانای وشە ئەمە مانشێت و سەردێڕی میدیاو ڕۆژنامەکان نیە , شرۆڤەی شرۆڤەکاران نیە , ئەمە وتەی وەزیری دەرەوەی چینە ( وانگ یی ) لەمەڕ دوا لێدوان و تۆمەتبارکردنی یەکدی لە نێوان چین و ئەمریکا سەبارەت بە سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا .
وەزیری دەرەوەی چین زیاتر مەترسی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای ئاشکرا کرد , وتی ئەمریکا تووشی ڤایرۆسێکی سیاسی بووە کە بەردەوام ھانی کاربەدەستەکانی دەدات پەلاماری چین بدەن , ئامادەیی وڵاتەکە پیشاندا بۆ ھەر ھەوڵێکی نێو دەوڵەتی بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ( کۆڤید ١٩ ) بەمەرجێک دوور بێت لە دەستێوەردانی سیاسی .
ھەر لە میانی ھەمان بابەتدا وەزیرەکەی چین وتی ھەموو درۆو دەلەسەکانی ئەمریکا ی بە وردو درشتیەوە ڕەتدەکەمەو , وتی ھەندێک ناوەندی بڕیار ی سیاسی لە ئەمریکا ھەن دەخوازن پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە وەکو بارمتە دابنێن و بە ئاڕاستەی شەڕی ساردی بەرن و ناکۆکی و ململانێ کۆن و کەڵەکە بووەکانی نێوانمان سەبارەت بە بازرگانی و کۆمپانیای ھواوی و بارودۆخی ھۆنگ کۆنگ ماناو ئاڕاستەی تری بدەنێ بەتایبەتی دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا .
ڕاستە پێشکەوتنی چین لە ھەموو بوارەکانی بازرگانی و گەشەکرد ن و فراوان بوونی پەیوەندییەکانی لە سەر ئاستی جیھان و ئەوەی کە چین پەلاماری ھیچ وڵات و گەلێکی نەداوە لە مێژووی نزیکیدا , سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتووانەکەی کە سەروی ١,٤ ملیارکەسە ھەموو ئەوانە وایان کردووە کە ببێتە ھێزێکی خۆشەویست و دۆست بە زۆرێک لە گەلانی جیھان , لە بەرامبەردا ئەم پێشووەچوونە گەورانەی چین مەترسی و دڵڕاوەکێ ی گەورەی لای ئەمریکیەکان خووڵقاندووە ,ئەوەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارتر و مەزنترە بۆ ئەمریکا ناوی چینە ئەو عملاقەی کە کاتی خۆی ناپلیۆن بۆنابۆرت وتی لێ ی گەڕێن با ھەر بخەوێت چین ئەگەر ڕابێت جیھان داگیر دەکات !
مەترسی ئەمریکا لە چین
سەرچاوەی مەترسیە گەورەکەی ئەمریکا لە چین لە ڕاستیدا ڤایرۆسەکەو ئەو کاریگەرییە نیگەتیفانەی نیە لە سەر ئابوری ئەمریکا بە جێ ی ھێشت , بەقەد ئەوە ئالنگارییە گەورەیە ی کە چین بۆ دۆلاری ئەمریکا کە دراوی نیشتمانییانەو بڕبڕەی پشتی سیستمە ئابووریەکەیەتی , حەفتاو پێنج ساڵە بێ ڕکابەر کۆنترۆڵی ھەموو ئاڵوگۆڕی دراوو بۆرسەکانی جیھانی کردووە , لە ئێستادا چین لە زۆر ڕێگەو پێگەوە کۆسپ و ئاڵتەرنەتیفی بۆ دروست دەکات بەمەبەستی کۆتایی ھێنان بە ھەژموونی دۆلار لە نزیکترین کاتدا .
ڕاستە تا ئێستا لە ئەمریکا کۆرۆنا ١.٦ ملیۆن کەس تووش بووە و ١٠٠ ھەزار کەسی کووشتووە و ئەم ژمارانەش قابیلن بۆ ھەڵکشان ئەگەر سەرۆک ترەمپ کرنتین کەم بکاتەوە یان ڕێکارەکان ھەڵبگرێت , بەڵام ھەڕەشەی گەورەتر بۆ ئەمریکا لە چینەوە پارەو دراوە تازەکەی چینە ( یوان ی دیجیتاڵی ) کە ھاتۆتە گۆڕێ و تا ئێستا لە چوار ھەرێمی چین کاری ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت لە دوای پێنج ساڵ لە توێژینەوەو پێشخستن .
ئێستا پلانەکەیان سازو ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە درواێکی یەدەکی جیھانی وەکو دۆلار ئەگەر بەھێزتریش نەبێت .
گرنگی دراوە کەی چین
گرنگی و بە ھێزی دراوە دیجیتاڵیە تازەکەی چین ( RMB دیجیتاڵ ) لە دوو خاڵی گرنگە:-
١. شکستھێنانی ھەر سزاو ئابڵووقەیەک کە ئەمریکا دژ بە چین پیادەی بکات لە داھاتوودا .
٢. بەخشینی ھێزو توانایەکی جیوسیاسی گەورە بە چین .
کە ئەمەش ئاسانکاری گەورە بۆ کۆمپانیا چینیەکانی وەکو تنست و علی بابا دەکات کە لە ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین بەبەربڵاوی کاردەکەن کە دەتوانن لە سەر مۆبایلە زیرەکەکانەوە قەبەترین ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانی بکەن کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا تەنھا بایی ٤١.٥ تریلیۆن دۆلار بووە .
ھەر لە ئێستاشدا ئابووری چین یەکەم وڵاتە کە بووژاوەتەوەو لە سەردەمی کۆرۆنادا ھەرئێستا ١٧٧ کەشتی نەوتی گەورە بەرەو بەندەرەکانی چین دەڕۆن بۆ ئەوەی بارەکانیان بەتاڵ بکەن , جگە لە نیگەرانی ئەوروپیەکان لەسەر کڕینی بەش و سەھمی کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە لایەن چینیەکانەوە بە نرخێکی ھەرزان بە ھۆی کۆرۆناوە , تەنانەت ئابوریناسێکی ئەوروپا ھۆشداری دا لەوەی کە چین نیوەی جیھان دەکڕێت بە بێ دەنگی و دوور لە ھەر ھەڵایەک .