بورھان شێخ رەئوف
بەرژەوەندییەکان ئاراستەی پەیوەندییەکان دەکەن لە نێوان وڵاتاندا ،لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پاش کۆبوونەوەکەی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە گەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەندامانی ھاوپەیمانی ناتۆ کە وتی (( بابەتێک نیە چارەسەر ی نەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیادا ،لە بوارەکانی ھاریکاریدا ،بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر بابەتی تری جێ بایەخ ھەن لە نێوان دوو وڵاتدا )).
ئەوەی ئەمجارە گۆڕانی بەسەردا ھاتبوو لێداوانەکانی ئەردۆگان بوو بە بەراورد بە قسەکان پێشووتری سەبارەت بە دوو بابەتی زۆر ئاڵۆزو ھەستیار ئەوانیش ئەو سزانەی کە ئەمریکا بە سەر تورکیایدا سەپاندووە دوای کڕینی سیستمی بەرگری S٤٠٠ ڕوسی کە ئەمە گەورەترین بەربەست و و ئەو بابەتەی تریش کە چارەسەرکردنی زۆر قورسە مەسەلەی ھەسەدە و کوردەکانی سوریا یە .
گواستنەوەی ڕۆکێتەکان
ئێستا ھەندێک سەرچاوەی ھەواڵ و میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەو سزایانەی ئەمریکا بە سەر ھاوپەیمانە دێرینەکەیدا سەپاندووە ،بەھۆی کڕینی سیستمی بەرگری ڕوسیەوە گەورەترین سەرچاوەی نیگەرانی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتە ، بەڵام ئێستا ھەندێک ئاماژە ھەن باس لەوە دەکەن کە ئەو سیستەمە بەرگرییەی ڕوسیا بگوێزرێتەو بۆ بنکەی ئەنجەرلێکی ئاسمانی ئەمریکی لە تورکیا ،وەکو دەرچەیەک و پاراستنی ئاوی دەموچاوی تورکیا .
ھەرچەندە ئەم بابەتە لەو بابەتانەیە کە وتوێژی زۆر گەرەکە ، گومانی تێدا نیە ھەردوو لا دەخوازن و پێویستیان بەوەیە کە ئەم کۆسپە گەورەی بەردەمیان تێبپەڕێنن .
بابەتێکی تری فرە ھەستیار و جێ بایەخی ئەردۆگان مەسەلەی کوردە بە گشتی لە ھەموو کوردستان و کوردانی خۆرئاوا بە تایبەتی کە ڕۆڵی کاریگەریان گێڕا لە شەڕی تیرۆر و لە ناوبردنی داعش تا ئێستاشی پێوەبێت ، جەنابی زۆر تووڕەو نیگەرانە کە وڵاتانی خۆرئاوا بە تایبەتی ئەمریکیەکان و دواتر ئەوروپیەکان زۆر بە ئەدائی شەڕڤانانی ھەسەدە سەرسامن ، بەلام ئەردۆگان دەپرسێت ئەم بیرکردنەوانە تەواو نین خوارو خێچن ، چما بە خراپ دەبێژن باش چما بە تیرۆریست دەبێژن خەباتگێڕ ، مەبەستی جەنگاوەرە دلێرەکانی ھەسەدە و پەیەدەیە و گەلانی تری خۆرھەڵات و باکووری سوریایە کە ڕووبەڕووی تیرۆر و ھۆڤانی داعش بوونەوە .
ئەردۆگان یەکینەکانی پاراستنی گەل (ھەسەدە ) و پەیەدە بە یەک چاو دەبینێت لە گەڵ تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ، دەڵێت ئەوان واتە ھەسەدە بەشێکن و وابەستەی پارتی کرێکاران کوردستان ( پەکەکە ) ن ، کە تورکیا و ئەمریکا ئەوانی لە لیستی تیرۆردا پۆلین کردووە ، بەڵام ئەمریکا ھەسەدە بە ھاوپەیمان و ھاوبەشی خۆی لە قەڵەم دەدات ,بە تاقم و گروھی تیرۆریستیان نازانێت ، ھیچ نیاز و بەرنامەیەکیشی نیە بۆ پاشەکشەو دەستبەردار بوونیان لە شەڕی تیرۆرو داعشدا ، بۆیە دەکرێت ئەم بابەتە لە لیستی ئەو شتە حەرامانەدا بێت کە چارەی نیە لە ئێستادا .
فەتحوڵا گویلەن
بابەتێکی تری ناکۆکی نێوان ئەمریکاو تورکیا فەتحوڵا گویلەنە ئەو کەسایەتیە ئۆپۆزەسیۆنەی تورکیایە کە ساڵانێکە لە ئەمریکا نیشتەجێیە ، تورکیا بە نەخشەداڕێژەری کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ دەزانێت و داوا لە ئەمریکا دەکات رادەستی تورکیای بکاتەوە ، بەڵام ئەمریکیەکان تا ئێستا نەچوونەتە ژێرباری ئەو داواکارییەی تورکیا و بە تورکیەکان دەڵێن بەڵگەو دۆکۆمینتمان بدەنێ لە دادگانی ئەمریکا سکاڵا تۆماربکەن ئەگەر کەسێک ئازار یام زیانی بەرکەوتووە لە گویلەنەوە.
قەتلوعامی ئەرمەن و مافی مرۆڤ
مەسەلەیەمی تری جێناکۆک و ناتەبایی نێوان ئەمریکا و تورکیا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ وسەرکوتکردنی ئازادییەکانە،جگە لە لێدوان بڕیاری ئەمریکا بە ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە سەرەتای سەدەی پێشوو لە لایەن تورکیاوە ،کە ئەمەش ڕقو بێزاری زۆری خەڵکی تورکیای بەرامبەربە ئەمریکا زۆر زیادکردووە ،سەرەڕای بۆچوونی ئەردۆگان و بەشێکی زۆری لایەنگرانی کەوائەمریکا پشتیوان وداڵدەی فەتحوڵا گویلەنی داوە کە خاوەنی نەخشەی کودەتای ٢٠١٦ بووە ،وەبە شێوەیەکی گشتی جیاوازی زۆر لە بۆچوونی ھەردوولادا ھەیە لەسەرزۆر لە بابەتەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئیقلیمی لەوانە کیشەی فەلەستین و ئیسرائیل و ململانێکان لەدەریای سپی ناوەڕاست .
فڕۆکەی F٣٥
بابەتێکی تری ناکۆکی ئەمریکاو تورکیا دەرکردنی تورکیایە لە بەرنامەکانی ئەو فڕۆکانە کە تورکیا ھاوبەش بوو لە بەرھەم ھێنانیدا ،کە ئێستا بەھۆی کڕینی سیستمی بەرگری ڕوسیەوە وەستێنراوە و تورکیای لێ دوور خراوەتەوە و کێشەی بۆ دروست بووە .
پەیوەندییەئقلیمیەکان
بابەتێکی تر کە ئەردۆگان پێچەوانەی سەرەتاکانی کاری حزبەکەی خۆی ((ئاگەپە)) کە زیرۆ پرۆبلم بوو ،ئێستا فوول پرۆبلمە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل و سوریاو عێراق و زۆر وڵاتی تر ئاڵۆز بووە ، ئەگەر ئەمریکا بخوازێت لەگەڵ تورکیادا پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە دەبێت نێوەند گیریش لە نێوان تورکیاو ئەو وڵاتانەشدا بکات بۆ ئاسایی کردنەوی پەیوەندییەکان، بەرگرتن بە ھەژموونی زیاتری ئێران بە سەر ناوچەکەدا .
ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی لە ئەفغانستان
بەگوێرەی ھەواڵەکان و ڕاپۆرتە کان ئەفغانستان یەکێک لەو شوێنانە دەبێت کە تورکیا دەتوانێت یارمەتی ئەمریکا بدات تێیدا ،لەدوای دوو دەیە ئەمریکیەکان دەخوازن پاشەکشەبکەن یان ھێزەکانیان کەمبکەنەوە لەوێندەرێ ، ئەردۆگان پێشبینی ئەوەدەکات لەھەمبەر ئەمەدا شتێک وەربگرێت ،لەوشتانەی کەبە ھەڵواسراوی لەنێوانیاندا ماونەتەوە ،بۆیە ئەردۆگان بەنیازە ئەگەر داخوازی ئەوەیان لێکرد ھێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بمێنێتەوە ئەوا لە بەرامبەردائەمریکا پشتیوانی تورکیا بکات لە بواری دیبلۆماسی و لۆجستی و دارایی دا کە زۆر گرنگە بۆ تورکیا .
بابەتێکی گرنگ و جێ سەرسوڕمان
فیبیلب جۆرج کە ئێستا یارمەتیدەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیە لە نوسێنێکدا لە نۆڤەمبەر ساڵی ٢٠٢٠ دا پێش ئەوەی ببێتە کاربەدەست لە ئیدارەی بایدن وتوویەتی(( ھیچ دەرفەتێک بۆ ھاوبەشێتی و ھاوپەیمانی نموونەیی لە نێوان تورکیاو ئەمریکادا نەماوە )) بەڵام دوایی ئەوەش دەڵێت (( دۆزینەوەی ھەر بوارێک بۆ یارمەتیدان و ھاوکاری لە گەڵ ئەنقەرەدا دەچێتە خانەی بەرژەوندی ئەمریکاوە تا ڕادەیەکی باش ))
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئابووری تورکیا دوای کۆرۆنا
ناوەندە میدیایەکان لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە ئەوەیان زانیووە کە ئابوری تورکیا لەمساڵدا ٥.٨% گەشە دەکات ، بەڵام ھەڵاوسان ھەر بە بەرزی دەمێنێتەوە ، ھەروەھا چالاکی ئابوری نزم بووەتەوە بە ھۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە ،
لە کۆتاییدا قورسە بۆ ئەمریکا کۆکردنەوە لە نێوان ھەموو ئەو ناکۆکی و ململانێ و بۆچوونە جیاوازانەی کەلە گەڵ وڵاتێکی ھاوپەیمانی خۆی و ئەندامی ناتۆ تورکیا دا ھەیەتی ھەڵ بکات ،لە کاتێکدا پێگەی تورکیا زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا
بەڵام تورکیای سەردەمی ئاکەپە ئاسان نیە بۆ ئەمریکا بتوانێت ئاڕاستەی بکات ھەر لە یەکەم ساڵی دەسەڵات بەدەستەوە گرتنی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ نەیھێشت سوپای ئەمریکا لە خاکی تورکیاوە پەلاماری عێراق بدات !!