نازانم هۆگربون عەشقە یان هەر بەشێکە لە شێتی، لەوانەشە پەستی تەنیایی بێت یان هیوایەک کە مەحاڵە دەستبەرداری بین! ئەزانی لەو کاتەوەی هەست بە دوریت ئەکەم، رۆژانە ئەچمە بەردەم ئاوێنەکەم! قسەی بۆ ئەکەم و ئەویش گوێم بۆ ئەگرێ.. پێئەکەنم و تورەم ئەکا.. تورە ئەبم و ئاشتم ئەکاتەوە.. زۆرجاریش ئەمگرێنێت..
ئاخر کێ هەیە وەک من هۆگری ئاوێنەکەی بێت؟ کێش هەیە جگە لە تۆ ئەو نهێنییە بزانێت؟
زۆر بیرت ئەکەم زۆر رۆژێک لەبەردەم ئاوێنەکە قژم دائەهێنا تۆ هاتیت، مەڵێ نەهاتوم! لە ئاوێنەکەوە تۆم بینی، بە زەردەخەنەیەکەوە وتت: (ئەها تاڵێکی قژت جیابۆتەوە، لەوانەیە میوانت بێت). لەو رۆژەوە چاوم لە رێگام، هەر دیار نەبوو و هەر دیار نەبووی..
رۆژێک هاتیت لێم تورە بویت کە بۆچی رەشم پۆشیوە! لەو ساتەوە هەرچی رەنگی دنیا هەیە لە خۆما کۆمکردۆتەوە. بەڵام بارانی ئەشکی چاو رەنگی دڵ کاڵ ئەکاتەوە.
زۆر بیرت ئەکەم زۆر ئێستاش لەپیش ئاوێنەکەما وەستاوم هەست ئەکەم تەمی لەسەرە باش ناتبینم، هێواش بەدەست ئەیسڕم و بەدەم خۆمەوە قسەئەکەم، وابزانم هێشتا نەهاتوی .. دوریت و هێشتا نەگەشتویت.
ماندوم، بەرلەوەی چاوەڕوانی ماندوترم بکات چەند وشەیەک لای ئاوێنەکە جێدێڵم، ئەزانم دوای من هەر دەرئەکەویت، ئەو سەفەرە کۆتایی دێت و دێیتەوە.
بێهێزم و راسپاردەیەک ئەنێرم، لەوانەیە تکای کۆتاییم بێت بۆ قوڵترین خۆزگە و دوواهەمین ئاواتم، سەخت نییە (بەر لە مەرگی من وەرەوە..)
زۆر بیرت ئەکەم زۆر رێمەدە تاسەت بمکوژێت مەهێڵە وا بێناز بمرم، وەرە نزیکتر بە لە خۆم، با سەرم لەسەر رانی تۆ ء پەنجەم لە پەنجەی تۆ بگرم. حەزیشم لە فرمێسکت نییە با دوواهەمین وێنەی چاوم زەردەخەنەی لێوی تۆ بێت، تا هەستنی بیستنم مابێت بڵێ منیش خۆشم ئەوێیت.. بڵێ بەخوا بیرم کردی.. لە یادمی.. بڵێ و با بەدڵ گوێم لێبێت، ئاه…. جا بە دەستت چاوم داخە.
بەر لە مەرگی من وەرەوە..
وە……رە……وە
شنە-2008