مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” لە وڵاتی میسری بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی” لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” Cairo لە وڵاتی میسر، بە ناونیشانی کۆنترین وڵاتی عەڕەبی بۆ پیشەی سینەما و گرینگترین فێستیڤاڵی ئەفریقیا و جیهانی عەڕەب، نمایشکرا و لە لایەن هۆگرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان و ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA لەم خولەی فێستیڤاڵ بەدەستبێنێت.
خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA، بە هۆی ڕۆڵی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە “پەرەپێدانی وتووێژ سەبارەت بە مەسەلەکانی جەماوەری” لە لایەن “ژێرماین حەداد” Germaine Haddad جێگری نوێنەری سندووقی ج جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میسر و “ئەمان عەبدوالجەلیل” Eman Abdel Gelil بە “شەوکەت ئەمین کورکی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە سینەماییە لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
خەڵاتی UNFPA بە لەبەرچاوگرتنی هاوکاریی نزیکی سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ “بایێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” Bayer Middle East و بایخە هاوبەشەکان و پشتیوانی ئەوان لە بەرنامەکانی جەماوەری لە میسر و هەروەها هاندانی فیلمسازان و کارناسانی پیشەی سینەما بۆ کارکردن لەسەر مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان و بەرجەستەکردنی کاریگەری هونەر و سینەما لە پێناو پەرەپێدانی هەڵکشانی جەماوەری، ڕێکخستنی بنەماڵەیی، تواناسازی گەنجان و یەکسانی ڕەگەزایەتی پێشکەش دەکرێت.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” بە سەرۆکایەتی “محەمەد حێفزی” Mohamed Hefzy و بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی “ئەمیر کۆستۆریتسا” Emir Kusturica دەرهێنەری ناوداری سینەمای جێهان؛ بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە نمایشی زیاتر لە 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “ئاسۆکانی سینەمای عەڕەب”، بەشی پێشبڕکێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران”، بەشی “نمایشەکانی نیوە شەو”، بەشی “نمایشە تایبەتەکان”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “هەڵبژاردە فەرمییەکان”، بەشی “تەرکیز لەسەر فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕووسیا”، بەشی کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی “پیشەی سینەمایی قاهیرە”، بەشی “هەڵسەنگاندنی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەشی “ڤۆرکشۆپی فێرکاریی”، بەشی کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی “ڕۆژی گەنجانی پیشەی سینەمای میسر” و … لە ڕۆژانی 26ی نۆڤەمبەر تا 5ی دیسەمبەری 2021 لە ماڵی ئۆپێڕا لە شاری قاهیرە لە وڵاتی میسر بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.ciff.org.eg/movies/the-examv/
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.