مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی “شەوکەت ئەمین کورکی” و “مەمەد ئەکتاش”، ڕۆژی 11ی مارچی 2022 لە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” Mons لە شاری مۆنس لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەماییەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” FIFM ساڵی 1984 لە لایەن “ئێلیۆ دی ڕۆپۆ” Elio Di Rupo لە وڵاتی بەلژیکا دامەزراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە کە لە ڕێگای پلانێکی تۆکمەی نێودەوڵەتیی، توێژینەوە لەسەر بابەتی “عەشق” دەکات و ئەو فیلمانە لە خۆدەگرێت کە کوالیتەی ئاست بەرزیان هەیە و چێژیی سینەما بە جوانی بە بینەر دەبەخشن.
ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە مێژوویەکی کۆن و شوناسێکی تایبەتی هەیە و نزیکەی 40 ساڵە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەدرەوشێتەوە. هەموو ساڵێک نزیکەی 4 هەزار میوان لە سەرتاسەری جیهانەوە سەردانی شاری مۆنس دەکەن کە ساڵی 2015 لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بە پێتەختی کەلتووری دەستنیشانکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” بریتی بوون لە: “مایکێل ڕادفۆڕد” Michael Radford سەرۆکی لێژنەی دادوەران؛ دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بەریتانیا، “لۆسی دیبای” Lucie Debay ئەکتەر لە وڵاتی بەلژیکا، “میتۆ گۆنت” Matthieu Gonet ئاوازدانەر لە وڵاتی فەڕەنسا، “ئۆرلین رێسوینگ” Aurélien Recoing ئەکتەر لە وڵاتی فەڕهنسا، “برۆنیتس جۆدۆرۆفسکی” Brontis Jodorowsky ئەکتەر لە وڵاتانی فەڕەنسا و مەکزیک، خاتوو “رێنێ بۆلیۆ” Renée Beaulieu بەرهەمهێنەر لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خاتوو “سوفیە دۆئێز” Sophie Duez ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا.
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی “پێشبڕکێی سینەمای ئەورووپا”، بەشی “پێشبڕکێی “خەڵاتی بینەران”، بەشی “پێشبڕکێی “کورتە فیلمی بەلژیکا”، لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی 400 زەربە”، بەشی “یەکەمین نمایشی بەلژیکا”، بەشی “فیلمە بڵێندە سینەماییەکان”، بەشی “عاشقانی فیلم”، بەشی “مێژووی سینەما”، بەشی “سینەمای بەلژیکا”، بەشی “کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکان”، بەشی “سێمینارە سینەماییەکان”، بەشی پسپۆڕانەی “ڤۆرکشۆپی فێرکاری” و … لە ڕۆژانی 11 تا 19ی ماڕچی 2022 لە شاری مۆنس لە وڵاتی بەلژیکا بەڕێوەچوو.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی “جێفڕی سی. بارباکۆ” Jeffrey C. Barbakow بەدەستبێنێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.festival-de-mons.be/en/accueil-english/
https://www.facebook.com/FestivalInternationalduFilmdeMons
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.