4 : شانۆى پێشڕەو زۆربەى رەخنەگران وهونەرمەندان شانۆى پێشڕەو بەرێبازێکى بەهێزو کاریگەر دادەنێن ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک بوو.شانۆییەکان ئەنجامێکى تەواو یان نەدادە بەبینەر نە لەلایەنى ناوەرۆک و نە لەلایەنى شێوەش، هەروەها وەڵامێکى دڵنیاکەرى بۆگیروگرفتى رۆژانە نەداوە، ئەمەو تاکە کەس زیاتر بیرى لەخۆى دەکردەوە لەناو کۆمەڵ و شۆڕشى دژ بەو شێوە باوەى ژیانى رۆژانەى خۆى بەرپادەکرد وزاڵ کردنى توخمى جوانکارى بەسەر توخمى درامى و توخمى شانۆیى بەسەر لایەنى واقیعى زاڵ دەبێت و بایەخ بە ئەفسوون ومیتافیزیقیا لەبەرجستەکردنى شانۆیى دەدرێت، دەبێ ئەوەش بزانین کە شانۆى پێشڕەو (جان جیرۆردەر) دەستى پێکردو (یوژین یونسکۆ) و(سامۆیل بیکێت) لەسەری بەردەوام بوون. هەروەها پێویستە باسى ئەو نووسەرە بەتوانایە بکەین کە ئاگرى شانۆى پێشڕەوى بەگوڕتر کرد.ئەویش (ئەلفەرید جارى) بوو بەشانۆیى (شائاپۆ) کە لە ساڵى (1896)دا نووسیویەتى و هێرش دەکاتە سەرئاکارى بورژوازیەت و ئەو توخمە شانۆییەى کە لەو سەردەمەدا باو بوو. ئەوشانۆییە ڕەگێکى داستانى تێدابوو. داستانى ئاپۆى باوک، ئەوەى خێزانەکەى هانى دەدات بۆئەوەى شا (فزلاس) بکوژێ و خۆى ببێتە پاشاى (پۆڵەندا)، ئەمەش چیرۆکەکەى لە شاکارى (شکسپیر) (ماکبێس)ەوە نزیکە. وادیارە (ئەلفەرید جارى) دەیەویت چاوێک بەشانۆییەکەى (شکسپیر) بخشێنێ و بەشێوەیەکى وا شى بکاتەوە، کە لەگەڵ تێڕوانینى ئەو سەردەمە بگونجێ، هەرچەندە ئەو شێوەیەى کە شانۆی پێشڕەوى بۆ خۆى دانابوو هیچ جیاوازییەکى نەبوو لەگەڵ شانۆى ئەوکاتە، بەڵام هەروەک (یونسکۆ) دەڵێ: (دۆزینەوەیەکى نوێى توخمى سەرەکى شانۆیە. گەڕانەوەیەکە بۆشانۆى سەرەتا و بۆمروڤ نەک کۆمەڵ، وەک تەوەرەیەکە بۆ کارى شانۆیى، ئەم تێڕوانینەش لە زۆر لە دیاردە شانۆییەکانى هاوچەرخدا بەدى دەکرێت، لەوانەش شانۆى (هەژارو شانۆى توندوتیژى)ى، (ئانتوان ئارتۆ)ش کە هەمیشە داواى ئەوەى دەکرد کەوا شانۆ لە چارەسەرکردنى گیروگرفتى کۆمەڵایەتى و دەروونى دووربکەوێتەوە وهەروەها لە نمایشکردنى ململانێى ئاکاریشى، چونکە لایەنى جوانى و داهێنانى ون دەکات، بینەر چێژى لێ وەرناگرێ، ئەنتوان داواى ئەوەى دەکرد کەوا شانۆ پشت بەدەربڕین ببەستێت. دەربڕین لەو راستیە شاراوانە ئەمەش بەهۆى بەکارهێنانى نیشانە و دەربڕینى دەم و چاو وهاوارو جووڵەو لایەنەکانى تر کە خزمەتى لایەنى میتافیزیکى دەکات، چونکە بەراى ئارتۆ وشەو دیالۆژ ئەولایەنە میتافیزیکیە تێک دەدات.
شانۆى داستان
پێش هەموو شتێک دەبێ ئەو راستیە بزانین کەوا تێور و تێڕوانینەکانى برێخت بزوێنەرێکى کاریگەرى هەموو دیاردە نوێیەکانى شانۆى جیهان بووە لە ماوەى ئەو سى ساڵەى دوایى ئەم سەدەیەو ئەگەر شانۆى پێشڕەوى فەڕەنسى شۆڕشى دژى شێوازە بەربڵاوەکانى ئەوساکە بەرپاکرد ئەوا شانۆى داستانیش ئەو شێوازانەى تێک شکاندو لەڕەگەوە هەڵى کێشا. لەبرى ئەو بناغەى شانۆیەکى (نائەڕوستۆیانەى) دامەزراند.برێخت داواى تێک شکاندنى سروشى دەکرد لە شانۆدا، هەروەها نەگونجاندن لەگەڵ رۆڵى شانۆیى و داواى نامۆکردنى دەکرد و بەکارهێنانى شێوازى شانۆى داستان لەبەڵگەو دیمەنى بچووک و حیکایەتخوان و سەما و گۆرانى و قایل نەبوون بەوەى متمانە بەرووداوێک و پاڵەوانێک بکرێت، داواى ئەوەى دەکرد کۆرس ئەرکى گێڕانەوەى رووداوەکان لە ئەستۆ بگرێ و گرنگترین هۆیە کاریگەرەکانى ئەم ریبَازە ئەمانەن:-
1-هەوڵدانى هونەرمەندان بۆ دۆزینەوەى ئامانجێک بۆ شانۆ لەجیاتى کات بەسەربردن، مەبەست برتۆڵد برێختە.
2- زۆربەى هونەرمەندان بەئایدۆلۆژیاى هونەرمەندى ئەڵمانى کارتێکراو بوون.
3-بایەخدانى شانۆى داستان بەبەشدارى کردنى لایەنى جوانى و واقیعى.
4- هەوڵدانى شانۆى داستان بۆ ئاگادارکردنەوەى بینەر بەوەى کە چێژ وەرگرتن لە رێگاى ئایدیاوە دەبێت. ئەوەى پێویستە لێرە دا ئاماژەى پێ بکەین ئەوەیە کەوا برێخت ئەو هەموو شتەى لە زیرەکى خۆى نەبوو بەتەنها، بەڵکو ئەویش سوودى لەشانۆ و هونەرى کۆن وەرگرتبوو، زۆربەى زۆرى بابەتە شانۆییەکان لەرۆمان و چیرۆک و ئەفسانە و داستان بوو، یاخوود ئەو شانۆییانەى کەوا کەسێکى تر پێش ئەو نووسیبووى و وەرى گرتبوو وەک ئەوەى ویستبێتى بیرۆکەیان راست بکاتەوە، یاخود سەرلەنوێ رووناکى بخاتە سەر رووداوە مێژووییەکان.
گرنگترین ئەو سەرچاوانەى کە شانۆى برێخت کەڵکى لێ وەرگرت بوو ئەمانە بوون:
1- شانۆى رۆژهەڵات: لەبەکارهێنانى کۆرس و گۆرانى و حیکایەتخوان و دیکۆرى وەرگیراو و کەلوپەلى رەمزى.
2-کۆمیدیاى باڤارى میللى لەبەکارهێنانى دیمەنى گاڵتەجاڕو جیاوازى کۆمەڵایەتى و هۆیەکانى نامۆکردن.
3-کردەوەو قسەى لێبووکى (مهرج) سێرک، ئەوەش تەکنیکێکە بۆ شکاندنى گونجاندن. دواى ئەو هەمووە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەو دوو رێبازە سەرەکیە واتە شانۆى پێشڕەو و داستان لەچەند خاڵێک یەکتر دەگرنەوە، کە ئەمانەن:
ا- هەردوو رێبازەکە هەوڵ دەدەن توخمى شانۆیى بەسەر لایەنى واقیعى زاڵ بکەن.
ب- هەردوو رێبازەکە شۆڕشیان دژى شێوازە درامیە باوەکەى ئەوساکە بەرپاکردو ویستیان ئەلتەرناتیڤى بۆ بدۆزنەوە.
ج- هیچ کامیان ئەنجامى ئامادەکراویان نەدەدا بەبینەر نە لەلایەنى شێوەو نە ناوەرۆکیش، هەروەها ئەم دوو رێبازە لەم خاڵانەى خوارەوە یەکتر ناگرنەوە:
1- شانۆى پێشڕەو رووى کردبووە میتافیزیکیەت لە تەسەورکردنى هونەرى شانۆ، بەڵام شانۆى داستان پشتى بەدیالێکتێک بەستبوو.
2- شانۆى پێشڕەو چارەسەرى تاکە کەسى دەکرد لەرێگەى کۆمەڵ، بەڵام ئەوەکەى تر چارەسەرى کۆمەڵى دەکرد لەرێگەى تاکە کەس.
3- یەکەم هەوڵى ئەوەى دەدا راستى شاراوە بەدەر بخات لەرێگەى نمایشى شانۆیى، بەڵام ئەوەکەى تر پەردەى لەسەر راستى دیارى ناو کۆمەڵ هەڵدەدایەوە.
بەر لەوەى بێینە سەر دیاردە ئەزموونگەرییەکان پێویستە بزانین ئەزموونگەرى چییە؟ چونکە زۆر کارى شانۆیى دەکرێت بەناوى ئەزموونگەرى، کەچى زۆربەیان پەیوەندییان بەئەزموونگەرى نییە، یان لەزۆر کۆڕو کۆبوونەوە باس لە ئەزموونگەرییەت دەکرێ، کەچى زۆر بە شێواوى باسى دەکرێت وحەقى خۆى پێنادرێت. زۆربەى شانۆگەرییەکان لەژێر پەردەى ئەزموونگەرییەت شێوازى نمایشى شانۆیى دەشێوینن و گوێ بە رەخنەو رەخنەگران نادەن و دڵگران دەبن کاتێ لەگەڵ ستافى کارەکە دەکەویە گفتوگۆ وپێیان دەڵێى کارەکەى ئێوە هیچ ئامانجێکى ئەزموونگەرى پێوە دیار نەبوو. هەوڵى نەدا خۆى لەو قالبە باوە رزگار بکات. کەچى بۆ خۆیان کە باس لە ئەزمونگەرى دەکەن قالبى بۆ دادەنێن پێناسەى تایبەتى بۆ دەکەن، بۆیە ئامانجى من ئەوەیە هەوڵ بدرێت ئەزموونگەریەت وەک خۆى بناسرێت و باس لە شێوازە تازەکان بکرێت، کە سەریان هەڵداوە بۆ پێشکەوتنى شانۆو زیاتر نزیک کردنەوەى شانۆ لەبینەر ئەمانەش هەمووى بە مەبەستى پیرۆز راگرتنى شانۆو بەجێ گەیاندنى ئەو ئەرکە پیرۆزەى لە پێناوى دامەزراوە.