دیدار نەنەکەلی : ڕۆژنامەگەرى کوردى لەدوواى ڕاپەڕین دا توانى بپەڕێتەوە ئەودیو سنوورى بە سەردەم بوون و خۆگونجاندن لەگەڵ میدیاى مۆدێرن و شاڵاوى هەموو ئەو تازەگەرى و گۆڕانکاریانەى لە ڕۆژنامەگەرى جیهانى دا دروست بوون، دوواى فەراهەم بوونى هۆکارى هەرە خێراى گەیاندنى هەواڵ بۆ هاوڵاتیان و بەرزبوونەوەى ئاستى تەکنیک و تەکنەلۆژیاى سەردەم لە خزمەتى ئەو بوارەدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین زاتى ئەوەبکەین ڕۆژنامەگەرى کوردى لە هەموو ڕوویەکەوە بەراورد بکەین لەگەڵ ووڵاتێک کە ئێمە خۆمان لە لاسایى کردنەوەى ئەواندا هەستمان بە گۆرانکارى کردووە ،
تا ئێستاش بە شایەتى ئەزمووندار و شارەزایان لە کۆڵەکە هەرە بایەخدار و سەرەکیەکانى ڕۆژنامەگەرى وون بوون و تێکەڵ بوون و نامۆبوونێکى زۆر هەیە لەنێو ئەوبوارەى گۆڕەپانى کوردى. وەلێ بە بڕوا و پێزانینى هەموو لایەک، تەواوى تەنگژە و ناسۆر و گرفتەکان لە نەبوونى تایبەتمەندیە لە کار و هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن.ئەوەى بۆتە جێگاى نائومێدى ئەوەیە کە ئێمە لە بنیاتى سەرەکى کارى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستان پەرتەوازەیى و نامۆبوون و تێکەڵبوونمان هەیە ، نەوەک لە لایەنە وورد و هەستیارەکانى نێو لقەکانى بوارەکە. بەجۆرێک ڕۆژنامەنووسى کورد تایبەتمەندى کارى بنەڕەتى خۆى لە دەست داوە و بەبێ ئەوەى درکى پێبکات لە ئەزموون و شارەزایى و بەرەوپێش چوون داچۆڕاوە .تایبەتمەندى یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکیەکانى ئەفراندن و داهێنان لەهەر بوارێک.
ئەوەتا لە بوارى ڕۆژنامەگەرى و میدیاى وەرزشى لە کوردستان بە وونبوونى تایبەتمەندى کەبۆتە مایەى ڕەش بوونەوەى ئەزموون و تازەگەرى،
چاودێرى وەرزش و هەواڵەکانى گەیشتۆتە ئەو ڕایەى کە کەناڵى گەیشتنى گەرمترین و جوانترین و باشترین ڕووداوە وەرزشیەکانى ناوەخۆ و جیهان بە ڕوویەکى جوان، میدیاى وەرزشى عەرەبى و ئەوروپیە نەوەک کوردى.لەگەڵ بوونى هەموو ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە تایبەتانەى وەرزش لە کوردستان.لەبەر ئەوەى ئەوەى کارى ڕاگەیاندنى وەرزشى بەڕێوە دەبات خۆى ڕۆژنامەنوس و نوسەرى سیاسى و کۆمەڵاتى و هونەرى و ….یە لە هەمان
کات دا..ئێمە ناتوانین نکۆڵى لە پڕۆفیشناڵى کارى ڕۆژنامەگەرى وەرزشى بکەین لە ووڵاتە عەرەبیەکان.چونکە ووڵاتێکى وەکو قەتەر بە هەقیقەت لە بایەخى ئەو بوارە گەیشتووە.بە بەڵگەى بوونى گەورەترین دەزگاى ڕاگەیاندن کە زیاتر لە 10 کەنالێ تەلەفزیۆنى ئاسمانیە، لە بەرامبەردا کاتێک تەنها کەنالێکى سیاسى و کەنالێکى دیکۆمێنتارى و منداڵانى هەیە.بەشى تایبەت بە ڕۆژنامەگەرى وەرزشى لە کۆلیژى ڕاگەیاندن، بە دابینکردنى گەورە شارەزا و پسپۆرەکانى ئەو بوارە لە ووڵاتە ئەوروپیەکان بۆ ووتنەوەى وانەکان.بوونى پتر لە 9 گۆڤارى زۆر سەرنجڕاکێش و گەرما و گەرم لە هەواڵى وەرزشى،کە لە لایەن ناودارترین و شارەزاترین ڕۆژنامەنووسى ئەو ووڵاتەوە سەرپەرشتى دەکرێت.ئەنجامدانى کۆنگرە و گۆنفرانسى ساڵانە بۆ پتەوبوون و فراوانبوونى یەکیەتى ڕۆژنامەنووسانى وەرزشى.بەجۆرێک لە وۆرک شۆپ و کۆنفرانس و خولەکان، تایبەتمەندى کارکردن بە شێوەیەک چڕدەکەنەوە، لە بوارى ڕۆژنامەگەرى وەرزشى لق و پۆ و لایەنەکان دابەش دەکەن و ئەو ڕۆژنامەنووسەى کارى گواستنەوەى هەواڵەکانى تۆپى پێ دەکات پێویستى بە ڕاهێنان و خول و پڕاکتیزەکردنێکى زۆر جیاواز هەیە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنوسە وەرزشیەى کارى گواستنەوەى هەواڵەکانى یارى باسکە یاخود تۆپى دەست یان هەر یاریەکى دیکە دەکات.وە پێویستى بە ئەزموون و شارەزاییەکى جودا هەیە.ئەمە سەڕەڕاى پۆلینکردنى نوسەرانى لێکۆلینەوە،ڕەخنەگرتن.بەدوواداچون و شیکردنەوە و.مێژوونوسانى وەرزشى و جیاکردنەوەیان لەیەکترى. لێرە بۆ هەموو لایەکمان ڕوون دەبێتەوە کە هەرچەندە ووڵاتێکى وەکو قەتەر لە بوارى وەرزش دا ئاستێکى نزمى هەیە و هەلبژاردە و یاریزانى بەهێزى نیە ، وەلێ بە بوونى میدیایەکى پڕۆفیشناڵى سەردەمیانە و داهێنانکارانەى وەرزشى هەموو جیهان پاڵپشتى دەکات بۆ میوانداریکردنى گەورەترین ڤیستیڤاڵ و چاڵاکى وەرزشى لە سەرانسەرى دونیا ئەویش میوانداریکردنى مۆندیالە .