حەمەسوار عەزیز : ئایا دەکرێت نمایشێکی شانۆیی زیاتر لە خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت؟ ئایا دەکرێت لە خودی یەک نمایشدا زیاتر لە چیڕۆکێک ھەبێت ؟ ئەگەر لە شانۆدا تەنھا یەک چیڕۆک ھەبێت ، ئایا چیڕۆکی نووسەر بەس نییە؟ ئەگەر دەرھێنەرو ئەکتەر تەنھا چیڕۆکی نووسەر بگێڕنەوە ، ئایا خوێندنەوەی تێکست بەس نییە بۆ ئەوەی چێژ لە نمایشەکە وەربگرین و لە چیڕۆکەکەی بگەین؟.
برادەرێکی شانۆکارمان لە میانەی ئەو سیمینارەی کە تایبەت بوو بە شڕۆڤەکردنی نمایشی (٠٤٠) ی کارۆخ ئیبراھیم، بڕوای وابوو ” ئەگەر لە نمایشێکی شانۆیی بیست خوێندنەوە ھەبێت ، ئەوا بێگومان نۆزدەیان ھەلەیەو یەکیان ڕاستە”، لێتان ناشارمەوە ئەو بۆچوونە تووشی شۆکی کردم، بەتایبەتیش کە لە شانۆکارێکی گەنجەوە ببیسترێت.
بێگومان دوو جۆر نمایش ھەیە، نمایشێک کە ھەموو ئاماژەکانی یەک ماناو لێکدانەوەی دیاریکراوی ھەیەو ھەموو توخمەکانی نمایشەکە کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو لێکدانەوەیە بە بینەر بگات و ھەموو دەرگاکان لەڕووی لێکدانەوەو چیڕۆکی تر دادەخەن، ئەوانەش ئەو نمایشانەن کە ھەموو ئاماژەکانیان بە ئاماژەی جێگیر ناو دەبرێت و تەنھا و تەنھا یەک ماناو لێکدانەوە دەبەخشن.
دەکرێت لێکدانەوەی ئەو برادەرمان بۆ ئەمجۆرە نمایشانە ڕاستبێت کە وەک بیرکاری کاری لەسەر دەکرێت و دەرگا بۆ لێکدانەوە و بۆچوونە جیاوازەکان ناھێلێتەوە.
جۆرێکی تر لە نمایش ھەیە ئاماژەکانی بە درێژایی نمایشەکە دەگۆڕێن و پشت بە ئاماژەی جێگیر نابەستێت و لە ھەموو بەریەککەوتنێکدا ئاماژەکان ماناو لێکدانەوەی جیاواز ھەڵدەگرن، تەنانەت ئاماژە جێگیرەکانیش بە ھۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەکتەرو توخمەکانی تری نمایش لە مانای ئاسایی خۆیان دەترازێن و بە بەردەوامی لێکدانەوەو مانای جیاوازو ناجێگیر دەبەخشن، بۆیە چیڕۆکەکانیش لەم نمایشانە بەندە بە لێکدانەوەی ئەو ئاماژە گۆڕاوانەی کە لەنێو نمایشەکە دەبینرێن، دەکرێت بینەریش لەم نمایشە چیڕۆکی خۆی ھەبێت بێ ئەوەی چیڕۆکەکەی ئەو لەگەڵ چیڕۆکی دەرھێنەر یا نووسەر یا ئەکتەر یا تەنانەت بینەری تری نێو ھۆڵەکە یەکبگرێتەوە.
شانۆکاری ئەلمانی رۆبەرتۆ چوڵی لەسەردانەکەییدا بۆ ھەولێر لە نمایشێک ئامادەبوو، کە لێمان پرسی چی لەو نمایشە گەیشتی، ووتی “من چیڕۆکی خۆم ھەیە بۆ ئەو نمایشە، ھەموو بینەرێکیش دەبێ چیڕۆکی خۆی ھەبێت”، ئەمە بەو مانایە دێت کە دەکرێت بینەران چیڕۆکی جیاوازییان ھەبێت بۆ نمایشی شانۆیی و مەرجیش نییە ئەو چیڕۆکانە لە یەکتر بچن، چیڕۆکی ھەر بینەرێک بەندە بە باگراوەندی کەڵتووری و قوڵایی مێژوویی و ئاستی مەعریفی و باری کۆمەڵایەتی و دەروونی بینەرەکە، لێرەدا بینەر رۆلێکی یەکجار گرنگی ھەیە کە ئاماژەکان بە ئاستی مەعریفی جیاواز بەگەڕانەوە بۆ مەخزوونی مەعریفی و کەلتووری و ئەزموونی خۆی دەخوێنێتەوە، ھەر خۆیشی بەرپرسیارە لەو خوێندنەوەیە، بەم جۆرە فرە ڕەنگی لە وەرگرتن و ئاستی جیاوازی خوێندوەی شانۆییمان دەستدەکەوێت، ئەمەش وادەکات یەک نمایش کە ئاماژەکانی گۆڕاون و توانای ھەڵگەڕانەوەیان ھەیە، ببێتە چەند نمایشێک و ھەر بینەرێک نمایشی خۆی دەبێت بە گوێرەی خوێندنەوەی بۆ ئاماژەو داڵەکانە نمایشەکەو بەرکەوتنی لەگەڵ فەرھەنگ و پاشخانی مەعریفی و ئاستی رۆشنبیرییدا، رەنگە ھەندێک لە بینەران بۆ لێکدانەوەو دەسکەوتنی مانایەک بڕۆن کە دەرھێنەری نمایشەکەو ستافەکەی ھەرگیز مەبەستیان نەبووە، بەمجۆرەش ئەو نمایشانەی کە پشت بە ئاماژە گۆڕاوەکان دەبەستن کاریگەرییان ھەیە لە دەوڵەمەندکردنی لایەنی بینراو و بیستراو لە نمایشەکە، ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی مەعریفی بینەرو جوانکاری زیاتریش بە نمایشەکە دەبەخشێت.
ئەو نمایشە شانۆییانەی کە پشت بە ئاماژەی جێگیر دەبەستن، ناتوانن پرسیار لای بینەر دروستبکەن و بینەر بکەن بە بەشێک لە کەشی نمایشەکە، ئەو نمایشەی کە بینەر ناچار ناکات بگەڕێتەوە بۆ باگراوەندی مەعریفی و کەلتووری خۆی بۆ ئەوەی نمایشەکە لێکبداتەوە، لەو نمایشانە ئەژمار دەکرێت کە دەرگا بەڕووی بینەر دادەخەن و تەنھاو تەنھا وەک سەیرکەر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەگەر ھەوڵبدەم نمونەیەک لەسەر ئەو نمایشە شانۆییانە باس بکەم کە چیرۆکی جیاواز دروستدەکەن و دەکرێت ھەموو چیرۆکەکانیش راست بن، شانۆگەری (لە چاوەڕوانی گۆدۆ) ی ساموێل بیکیت بە نمونە وەردەگرم، دەکرێت کارەکتەری “گۆدۆ” لە نمایشی ئەو تێکستە بە چەندین جۆری جیاواز لێکبدەینەوەو ھەر جۆرەش چیرۆکێکی تر لە نمایشەکە دەبەخشێت.
سەرەتا دەکرێت “گۆدۆ” کەسێکی ئاسایی بیت..یا بازرگانێک بێت..یا پیاوێکی ئایینی بێت..یا کاربەدەستێکی دەوڵەت بێت..یا داھاتوو بێت..یا فریشتەیەک بێت..یا ژنێکی سۆزانی بێت..یا ھیچێک لە مانە نەبێت، بەڵام کە ھەریەک لەمانە بێت چیرۆکی نمایشەکە لای بینەر بە ئاقارێکی تردا دەکەوێت، بۆیە رەنگە لە نمایشەکەی کامەران رەووف کە لە ھەولێرو سلێمانی نمایشکرا، ھەموومان وەک بینەر دەیان چیرۆکی جیاوازمان بۆ ئەو نمایشە دروستکردبێت، کە رەنگە جیاواز بوو بێت لەگەڵ خودی چیرۆکەکەی بیکیت و کامەران، بەڵام ئەمە مانای وانییە چیرۆکەکانی ئێمە درۆیە و تەنھا ئەوانەی بیکێت و کامەران ڕاستن، نەخێر ئەمە سیحری شانۆییە کە وادەکات ھەموومان چیرۆکمان ھەبێت و خۆشمان ببین بە بە شێک لە چیرۆکەکە.