دیــــــدار نانەکەلی: لە چارەنوسی سیاسی خۆیدا، کورد بە ویستی خۆی نەبووە بەو ناحەزیە بە عیراقێکی نامۆدا ببەسترێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی سەرکردایەتی سیاسی بە درێژایی مێژوو ھەر ئەوەندە بڕی کردووە کە لە باشترین دۆخدا بەمڕۆی بگات
ھەڵبژاردنەکانی دووایی عیراق ھیچ شتێکی نەگۆڕی، تەنھا دروستکەری ئومێدێک بوو بۆ گازاندەکارانی کورسی مالکی.بەجۆرێک کە بە پێوانەی فشارە ئیداریەکەی مالکی کە توانیبووی قالبێکی سیاسی توندی بەبەردا بکات، ئەوانیش وەکو لایەنە نەیارەکانی سوکە وەڵامێکیان بۆی ھەبێت.
راستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە بێجگە لە مەسەلە ئەمنیەکان و بارودۆخی دژواری گروپە توندرەوەکان، مالکی لە گۆرەپانی سیاسی عیراق توانی لەبەرگێکی سیاسی زبردا جۆرە خۆسەپاندنێک دروست بکات. کە پێشتر کەس زاتی وەھا رکابەریەکی بەھێزی نەبووە، تا ئەو ڕادەیەی کە بەتەنھا بتوانێت کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکات . ئەگەرچی عیراق لە شانۆی ھەبوونی سەروەریەکی یاسایی و باڵادەستی ئیداری لە قۆناغێکی ناسەقامگیرە. بەڵام دیسان بوونی پاڵپشتیەکی بەھێزی وەکو ئێران لە ناوچەکە و ھەژموونی سیاسەت و بەرێوەبردنی فارس لەبەرژەوەندی خودی مالکی شکانەوە بەبێ ئەوەی متمانەی ئەمریکیەکان لاوازبکات.
ئێستا کورد لە حاڵی ھەڵواسراوی کێشەکانی و وون بوونی دەسکەوتەکانی سەودای جۆرە خەونێکە کە لەسەر سەرینی خۆی بیبینێت.
چونکە مانەوەی مالکی بەو دۆخەی ئێستا لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد ھەیەتی ھیچ رێگایەک بۆ گفتۆگۆ ناکاتەوە، تەنانەت ھەبوونی ئومێدێک بۆ باشتربوونی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەسەر دەستی مالکی بۆتە رستەیەکی مەحاڵ و سەرکردایەتی سیاسی بەھیچ جۆرێک بیری لێ نەکردۆتەوە. لەبەر ئەوی لە قۆناغی ئێستادا ھەم کورد خەونەکانی گەورەتر بوونە، ھەم حکومەتی داھاتووی عیراق پێویستی بەھێزێکی زیاترە. بۆیە تەنھا سیاسەتێکی دروستی یەک دەست دەتوانێت رۆڵی فردیادرەس لەو نێوەندەدا بگێرێت، لەو پێناوەشدا کورد بەر لەھەر مەسەلەیەک پێویستی بەیەک دەنگی و یەک ھەڵویستی ھەیە لەپێناو کۆتایھێنان بەو باجانەی خەڵکی کوردستان لە رابردوو داویەتی.دواتریش سڵ کردن لە بایەخی کورسی بەغدا و خستنە سەر مێزی کێشە و قەیرانە قوڵەکانی مەسەلە نەتەوەییەکانە، ھەموو ئەو قەیرانانەی تا ئێستا بوونەتە مانشێتی رۆژنامە و ھەواڵی تەلەفزیۆنەکان،بەڵام لە رووی ھەنگاونان و کارکردنەوە نــــەبوونەتە داواکاری ھەقیقی کورد و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەبەرامبەر حکومەتی عیراقی و خودی مالکی. چونکە لە رابردوودا بینیمان کە خاڵە جەوھەریەکانی رێککەوتن لەگەڵ مالکی تەنھا دابەشکردنی پلەو پۆست و داھات بوونە.
خۆ ئەگەر ئەو کارەکتەرانەی لە رابردوو تاقیکراونەتەوە بگۆڕدرێن بەوانەی ئەمرۆ زیاتر ویستی خۆگرتنیان ھەیە لەبەردەم ساردوسڕی ھەنگاوەکانی بەغدا دەتوانێت ببێتە خالێکی ئومێدبەخش بۆ بەردەوام بوونی گفتوگۆ.
گرینگتر لەوانە بوونی ئومێدێکی نیشتیمانیە لەھەمبەر دۆزی کورد و خەونە لەمێژینەکانی بەتایبەت بۆ ئەمڕۆ کەلە ھەرچوارپارچەی کوردستان گڕوتینی سەربەخۆیی و ھەنگاونان بۆ باشتر بوونی دۆخی سیاسی کورد لە لوتکە دایە ،بۆیە پێویست دەکات کە سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان خەونێکی تاڵ و ئومێدێکی بێ دەرئەنجام نیشانی خەڵک نەدات. میللەتی کورد رانەیەت لەسەر بەھەدەرچوونی حەزەکانی.بێ ھیوا نەکرێت لە ھەوڵەکانی بۆ متمانەبوون بۆ خۆبەرێوەبردن و سەربەخۆیی.چونکە لەو بازنەیەدا ھەموومان بەیەکەوە بەستراوین و ھەنگاوە سەرەتاکانی باکور و رۆژئاوا چاویان لە ئەزموونی سیاسی باشورە، چاوەڕوانی دوا بڕیاری نەتەوەیی تەنھا کیانی کارت بەدەستی ئەمرۆی کوردن.
دەبێت لەمەسەلەی جودابوونەوە لە عیراق کێشە جوگرافیەکان لەپێشەوەی ھەموو ھەنگاوەکان بن، بۆ بە ئامانج گەیشتنی خەونی چەندین سەدەی میللەتێک بنەما ئیداریەکان پتەوبکرێن و بناغە بۆ خۆبەرێوەبردنێکی دروست دابنرێت.
چونکە دەرکەوت ئەزموونی چەندین ساڵەی پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب و قەیرانە سیاسیەکانی تا ئێستا فێری نەکردووین لەسەر پێی خۆمان بوەستین و بە شێوەیەکی ستراتیژی بەرنامەرێژی بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو بکەین.