رەنگە بەخششدارترین هونەرمەندى بوارى شانۆو دراماى کوردى بێت لەکوردستاندا بەتایبەت لەساڵى 2009دا کە دوو شانۆیی و دوو دراماى تەلەفزیۆنى سەبارەت بە پرسەکانى مرۆڤى کورد پێشکەش کردووە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە وەک سەرنووسەرى گۆڤارى (شانۆ – المسرح) و زنجیرە کتێبى شانۆ و ماڵپەڕى شانۆ کاردەکات، هونەرمەندى ناسراو (ئەرسەلان دەروێش) بۆ (30) ساڵ دەچێت بە توانایەکى هونەریی ئەفڕێنەرانە بەردەوام خزمەت بە بزاڤى شانۆى کوردى دەکات، (هونەرى بەدرخان) سەبارەت بە زنجیرە دراماى (مناڵەکانمان) و بەرهەمەکانى داهاتووى ئەم دیمانە کورتەى لەگەڵدا ئەنجامدا…
* دواى ئەوەى دوو کارى دراماى تەلەفزیۆنیتان بۆ ماف و کێشەکانى ئافرەتان پێشکەشکرد، بەرهەمێکى پەروەردەیی بۆ؟
– چونکە پێویستە، ئاوڕدانەوە لە رەوشى ژیانى منداڵى کورد و میکانیزمەکانى پەروەردەکردن و پەێگەیاندنى ئەرکى هونەرمەندانیشە، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا ئەو پرسە بەهەند وەرنەگیراوە، بۆیە بەپەسەندم زانى بەرهەمێکى هونەریی بەم ئاراستەیە ئەنجام بدەین، لەگەڵ هاوڕێى ئازیزم هونەرمەند (ئەنوەر قادر رەشید) و دەستەى بەڕێوەبەرى شانۆى سالار بیرۆکەکەمان گەڵاڵەکرد و پاشان پێشنیازەکەمان خستە بەردەستى وەزیرى پەروەردە ئەویش پەسەندى کرد و دواى سێ مانگ بە هەوڵ و ماندوبوونى ستافێکى دڵسۆز لە هونەرمەندانى ئەکتەر و پشتى کامێرا زنجیرەدراماى (منداڵەکانمان) هاتە بەرهەم.
* لەو بەرهەمەدا دەبینین چەندین کەسایەتى دیار بەکارهاتوون بۆ رێنماییەکان، ئامانج لەوەدا چییە؟
– بێگومان سوپاسى ئەو بەڕێزانە دەکەین، کە بە پەیامى خۆیان بەشدارییان لەم درامایە کردووە، هەڵبەتە ئەو بەشدارییە بۆ خۆى گرنگى ئەم بابەتانە دەردەخات و هاو بیریی ئەو رووناکبیر و هونەرمەند وپسپۆڕانە سەبارەت بەم پرسە بەرجەستە دەکات، لەلایەکى تریشەوە ئەو بەشدارییە سەرنجێکى زیاترى لاى بینەران بۆ بارى ژیانى منداڵەکانمان رادەکێشێت بەهۆى ناوبانگى ئەو بەڕێزانە.
* جیاواز لە دراماکانى دیکە، ئەوە دوو جارە ئێوە دەستپێشخەرى دەکەن لە نمایشکردنى بەرهەمەکانتان لە زۆربەى کەناڵە تەلەفزیۆنییە ئاسمانى ولۆکاڵەکاندا پێکەوە، ئایا ئامانج لەوەدا بازرگانییە، یان بینینى بەرهەمەکەیە لەلایەن خەڵکێکى زۆرەوە؟
– هەردوو زنجیرەدراماى (ئارەزوو) و (منداڵەکانمان) بە دیارى دراوەتە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و یەک دینارمان لەکەسیان وەرنەگرتووە، من بۆ پرسەکانى ئینسانى کورد کاردەکەم، پرسەکانى ژیان لەم ساتە وەختەداو لێرە لەم کۆمەڵگایەدا کە سیخناخە بە کێشە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و مەدەنییەکان، بۆیە ئامانجى سەرەکیم ئاراستەکردنى بازنەى رووناکییە سەبارەت بەو کێشانە بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنیان. دەنا چ دەرهێنەرێک هەیە زنجیرەیەکى (10) ئەڵقەیی بۆ تەلەفزیۆن بە تەنها (27) بیست وحەوت ملیۆن دینار بەرهەمبهێنێت؟! ئەو پارەیە بۆ کورتە فیلمێک دەگونجێت، نەک بۆ زنجیرەیەک کە هەموو ئەرکەکان و ئامێرەکانى لەسەرخۆت بێت، بەڵام وەک گوتم بەلاى ئێمەوە گرنگ کارکردنە بۆ ئەو پرسانەى بڕوامان پێى هەیە.
هەر بەم بۆنەیەشەوە من سوپاسى ئەو کەناڵانە دەکەم کە هاوکارمان بوون لە نمایشکردنى ئەم دوو زنجیرەیە بە پێى ئەو سات و کاتەى پێشنیازمان کردبوو.
* درامای (منداڵەکانمان) چۆن و بە هاوکارى کێ بەرهەم هاتووە؟
– بەرهەمێکى هاوبەشى نێوان (وەزارەتى پەروەردە) و (تیپى شانۆى سالار) بوو.
* تیپى شانۆى سالار وەک دەزگایەکى هونەریی کاردەکات، ئێوە سەرەڕاى بەردەوام بوونتان لە نمایشکردنى کارى شانۆیی، دراماى رادیۆیی و تەلەفزیۆنى پێشکەش دەکەن و تەنها گۆڤارێکى شانۆیی کە ئەمڕۆ لە ناوەندى هونەرییەکەدا هەیە لەلایەن ئێوەوە دەردەچێت هەروەها زنجیرە کتێبێکى شانۆییش دەردەکەن و بەخۆڕایی دابەشى دەکەن و ماڵپەڕێکى کوردى عەرەبیتان هەیە سەبارەت بە شانۆ، چۆن فریای ئەم کارانە دەکەون؟
– ئێمە هەموو وەختى خۆمان بۆ ئەم کارانە تەرخان کردووە، سەرەڕاى ئەوەیش ژمارەیەکى دڵسۆز و پسپۆر و گەنج لە شانۆکاران ئەندامى تیپەکەمانن سەرەڕاى هونەرمەندە ناسراوو بەئەزموونەکان، گەرچى بەداخەوە هیچ جۆرە هاوکاریی و پشتیوانییەکمان لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیرییەوە لێ ناکرێت، بەڵام هیوادارین لەگەڵ ساڵى نوێدا لەمیانەى سیستمى نوێى ئەم وەزارەتەوە بودجەى بەرهەمهێنانى ساڵانەمان بۆ تەرخان بکرێت، چونکە تاکو ئێستا تەنها پشتیوانێکى راستەقینەى تیپەکەمان بەرێوەبەرایەتى کاروبارى کۆمەڵەو سەنتەرەکانە کە بەخشینێکى مانگانەى بۆ کرێ و خەرجى بارەگاکەمان تەرخانکردووە و هەرئەویش بودجەى گۆڤارەکەمان دابین دەکات کە جێگاى پێزانین و سوپاسمانن.
* بەرهەمى داهاتووت چییە؟
– لەناوەندى مانگى کانوونى دووەم و لەنۆبەرەى بەرهەمەکانى (شانۆى سالار)دا لە ساڵى 2010 رۆڵى (ستراگۆن)دەبینم لە شانۆیی (بەدەم چاوەڕوانییەوە) لە دەرهێنانى هونەرمەند (بورهان قەرەداخى)، لەمانگى شوباتدا شانۆیی (پاسەوان) کە لەنووسینى هونەرمەند (دڵشاد مستەفا) و نواندنى هونەرمەندى گەورە (ئەحمەد سالار)ەو دەرهێنانى منە، لە (9) شارى وڵاتى سوید نمایشی دەکەم، ئەم شانۆییە لەلایەن (شانۆی نبشتمانى سویدییەوە) داوەتکراوە.
لەمانگى ئازاریشدا (8)هەشت کتێب بۆ ژمارەیەک لە نووسەران و شانۆکارانى کوردستان و عێراق بەچاپ دەگەیەنین لەنێویاندا بەڕێزان (تەڵعەت سامان، کەمال غەمبار، موحییەدین زەنگەنە، دانا رەووف، یاسین ئەلنسەیر..هتد)، بڕیارە لەمانگى نیسانیشدا دەستبەکاربم لە دەرهێنانى زنجیرە درامایەکى کوردى گەورە کە لە (60) ئەڵقە و سێ بەش پێکدێت بیرۆکەى خۆمەو (چیرۆک ودیالۆگ وسیناریۆ)ى لە لایەن براى هونەرمەندم (دڵشاد مستەفا)وە دەنووسرێت و سەبارەت بە (شارى سلێمانى)یە و ژمارەیەکى یەکجار گەورە لە هونەرمەندان وهونەرکارانى کوردستان بەشدارى تیادا دەکەن. بێگومان کارى تریشمان ئامادەیە، لەوانە زنجیرەى (عەلەموشکیلە) کە بەرهەمێکى کۆمەڵایەتى کۆمێدییە، نووسینى هونەرمەند (کاوەى ئەحمەد میرزا)یە وهەروەها شانۆیى(بێکەس) لە نووسینى مامۆستا (ئەحمەد سالار)و چەند بەرهەمێکى هونەری تر.