بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوەو بە دیاریکراوی ساڵی ٢٠٠٢ ئەو کاتەی پارتی داد وگەشەپێدانی تورکیا ( AKP ) دەستەڵاتیان گرتە دەست و بۆ یەکەم جار لە مێژووی نزیکی تورکیادا پارتێکی سیاسی توانی بەتەنیا کابینەی حکومەت پێکبھێنێت , ئەوکات تورکیا وڵاتێکی قەرزارو ئابووریەکی داتەپیوو گیرۆدە ی پەتای کوشندەی گەندەڵی بوو.
بەڵێ ئەوکات بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخە و کارکردن بۆ ڕیفۆرمی ڕاستەقینە لە ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەو چارەسەر کردنی قەیرانەکان ھەنگاوی گەورەو بگرە گۆڕانکاری بەرچاویش ڕوویدا لەو وڵاتە تا ڕادەیەک ( AKP ) ڕایگەیاند کە ئەوان ئیستا ئابووری ئەو وڵاتەیان وا پێش خستووە نەک یەک پوول قەرزار نین بەڵکو پارەی یەدەگیشیان ھەیە .
بۆ چارەسەری کێشەی کوردیش لە باکووری کوردستان ھەوڵی باش و ھەنگاوی جدیش نرا بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و ھەڵووەستە لەسەر کردنە لە دوای تەواو بوونی دوو خوولی سەرۆکوەزیرانی ئەردۆگان وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری دەستکاری کردنی یاسای ھەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمانەوە بۆ ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە گەلەوە ھەوڵدان بۆ گۆڕینی دەستووری ئەو وڵاتە پاشەکشەکردن لە زۆر ھەنگاوی تر وەلانانی ھاوڕی َ و ھاوکارە زۆر نزیکەکانی وەکو عبدوڵا گویل و دواتر ئەحمەد داود ئۆغلو زۆری تریش لە حزب بە ھۆی بوونی جیاوازی دیدو بۆچوون بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە .
دواتر پاشگەزبوونەوە لە دروشمی ( زیرۆ پرۆبلم ) سفر کێشە لە گەل دراوسێکان و ئێستا (فول پرۆبلم ) پڕ کێشەیە لە گەڵ ھەموو دراوسێکانی ھەر لە ڕووسیا وئیسرائیلەوە کە ئێستا پاشگەزبووەتەوە لەو ناکۆکیانەوە داوای لێبووردنیان لێدەکات لە گەڵ سوریا وعێراق میسرو وڵاتانی تر ی ناوچەکە لە ململانێ ی ناڕەواو خۆ سەپاندنە .
لە ئاستی ناوخۆییش پرۆسەی ئاشتیان بە بنبەست گەیاندو خۆیان لە ھەموو بەڵێن وھەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد بێ ئاکام ھێشتەوە و جارێکی تر شەڕدەستی پێکردەوە.
لە ئێستاشدا کەوا بە تەواوی دەرکەوتووە ئەردۆگان دەخوازێت ببێت بە سووڵتانێکی عوسمانی خەون بە گێڕانەوەی سەروەری یەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیە وە دەبینێت لەو کاتەوەی کۆشکی(ئیمپراتۆری ) سەرۆکایەتی دروست کردووە لە سەر ڕووبەری ٣٠٠ ھەزار مەتری چوارگۆشە و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە کەشێوازی دیزایینەکەی لە تەلارە سەلجووقیە کانەوە وەرگرتووە و لە ١١٥٠ ژوور و ھۆڵ پێکھاتووە ئەمە لە کاتێکدایە کە بێکاری و ھەژاری لە ئاستێکی ترسناکدایە لەو وڵاتە.
باسکردن لە ڕەفتارو وتارەکانی ئەردۆگان لەوەیە بە وتارێک و باسێک کۆتایی نەیەت بەڵکو پێویستی بە کتێب و مجلداتە لە دوای سەرھەڵدانی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی و دەرکەوتنی تاقم گروپە تیرۆریستییەکانی داعش لە عێراق و شام کۆمەک و پاڵپشتیەکانی بۆیان شتێکی شاراوە نەبوو لە ڕووبەرێکی فراوانی میدیاکانی جیھاندا .
دواترینی لێدوان و ڕەفتارەکانی ئەردۆگان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و ھەوڵی ناردنی ھێزەکانی بە زۆری زۆردارەکی بەدەر لە یاساو دوور لە ڕێز گرتنی سەروەری وڵاتێکی وەکو عێراق و لێدوانەکانی دەرھەق بە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە وتەکانی قەزافی دووبارە کردەوە تۆ کێ ی ؟؟ ئێوە کێن .
ماوەتەوە بڵێم وادیارە سووڵتان ئەردۆگان پەندی لە چارەنووسی دکتاتۆرەکانی ناوچەکە وەر نەگرتووەو کە تووشی سەرکێشی بوون وبە تایبەنی سەدام حسێن کە چۆن دەوڵەتی کوێت ی داگیر کردوو ھەموو جیھان داوایان لێکرد پاشە کشە بکات نەیکرد بەڵام ھەموو جیھان چارەنووسی ئەویان بینی ئێستاش ئەردۆگان ھەمان سیناریۆی ئەو دووبارە دەکاتەوە و بە تایبەتی لە دوای کودەتاکەی ١٥ تەمووز ی ئەمساڵ ئەو وڵاتەی کردووتە زیندانێکی گەورەو ھەموو یاساو مافەکانی مرۆڤی وەلا ناوەو بە بیانوو پاساوی کودەتا ھەزاران کەسی زیندانی کردوەو ھەزارانی تری نانبڕاوکردووە.لەوەش سامناکتر ھەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی ھەوڵی دەستەمۆکردنی سوپا کە لە دەوڵەتی تورکیای تازەدا کە خۆیان بە پارێزەری سیستەمی سیکیۆلار زانیوەو دواترینی ھەوڵەکانی داخستنی کۆلیجەکانی جەنگی و سەربازی و گۆڕینی بۆ کولیجی نیشتمانی بە سەر پەرشتی مامۆستای زانکۆ و شارەزای مێژووی عوسمانی ئرھان ئفیونجۆ کە ئەردۆگان بۆ ئەو کارە دەسنیشانی کردووە کە ئایدیۆلۆجیای سوپا بگۆڕێت لە عیلمانی و نیشتمانیەوە بۆ ئیسلامی عوسمانی بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ دەستێوەردان و پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ کەو وەکو باخچەی پشتەوەی ماڵەکەی خۆیان لێیدەڕوانن عوسمانیە تازەکان .
لە کۆتاییدا ناکرێت کۆتایی بەم وتار بھێنم و باس لە بێخەمی ئەمریکا و پەیمانی ناتۆو بەگشتی وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا بە تایبەتی بکەم بەرامبەر بە ھەڵسوو کەوتەکانی ئەردۆگان و پارتەکەی بەرامبەر تیرۆر و ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکەو کار گەیووەتە ئەوەی میدیاکانی نزیک لە ئاکپارتی ھۆشداری لەوە بدەن کە پەیمانی ناتۆ گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ناوچەکەو ھەروەھا ئەمریکا دوژمنی پلەیەکی تورکیایە ؟! لە کاتێکدا تورکیا خۆی لە ساڵی ١٩٥٢ ئەندامی ئەو پەیمانەیە .