هەولێر، مەسعودی مەلا هەمزە : گەورە هونەرمەندی گۆرانیبێژی شاری هەولێر “محەمەد ئەحمەد ئەربیللی” لەپای گوتنەوەی گۆرانی “لێرەم و لە هەولێرێ” ستایشی كاوە كاوانی گۆرانیبێژ دەكا.
لەمیانی فیلمی دیكۆمێنتی لاوكی خەزان كە پرۆژەیەكی دیكۆمێنتی تەحسین فایقەو بڕیارە 21 فیلمی دیكۆمێنتی بەرهەم بهێنرێ بۆ داهێنەرانی كورد، یەكەم كەسیش كە ئەو پرۆژەیە لە ئامێزی گرتووە “محەمەد ئەحمەد ئەربیلی”یە، فیلمەكە ماوەكەی 34 خولەكەو لە ئامادەكردن و دەرهێنانی تەحسین فایقەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما بەرهەمی هێناوە.
ئەو فیلمە باس لە تەواوی ژیانی ئەربیلی دەكاو لە كۆتایی فیلمەكەدا ئەربیللی لەبارەی ئەو بەرهەمانەی خۆی دێتە گۆ، كە لەلایەن هونەرمەندە گەنجەكانەوە گوتراوەتەوە، ئەو دەڵێ: مەرجی من بۆ ئەوەی هەر كەسێك گۆرانیەكەم بڵێتەوە ئەوەیە گوێی لێبگرم و بزانم سەقەتی ناكا”. هەر لە سۆنگەی ئەو قسەیەوە محەمەد ئەحمەد دەڵێ: ئێستا كاوە كاوانی گۆرانی “لێرەم و لە هەولێرێ”ی زۆر جوان گوتۆتەوە، زۆر دڵخۆشم و پێی سەربڵندم”.
دەربارەی ئەو قسەیەی ئەربیللی، لە لێدوانێكدا كاوە كاوانی گوتی: زۆر دڵخۆشم كە گەورە هونەرمەندی كورد و شاری هەولێر محەمەد ئەحمەد ئەربیللی ئەو قسەیەی كردووەو رای وا باشە لەسەرەمن، ئەوە یەكەم شوێن نییە كە هونەرمەند ئەو قسەیەی لێدەكا، بەڵكو لە شوێنی دیكەش باسی ئەو شتەی كردووە، منیش بەردەوام بە بەرپرسیاریەتییەوە كارمكردووە، لەو گۆرانیەشدا هەوڵمدا بەرهەمەكە باشتر لە ئاستی خۆی پێشكەشی جەماوەر بكەم.
شیاوی گوتنە گۆرانی لێرەم و لە هەولێرێ لە ماوەی رابردوو لەلایەن كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كلیپی بۆ كراو بڵاوكرایەوە.