نوسینی: شێرکۆ بێکەس : یەکێک لەو بۆشاییانەی لە گۆرانی تازەی کوردیا ھەیە، نەبوونی شیعری تایبەتە بە گۆرانی. بەشی زۆری شیعرەکان ھەتا ئەمڕۆش ھەر شیعرە فۆلکلۆرییەکانن ، کە بەراستی ئەوە تەنھا بۆ ئاوازە فۆلکلۆرییەکان ئەبن و ئاوازێکی تازە پێویستی بە شیعرێکی تازەیشە شیعرێکی کلاسیکی جوانی وەک شیعری نالی بۆ ئاوازێکی ئەم سەردەمە نابێت ، ئەشآ بچێتە ناو رۆحی مەقامێکی رەسەنی کوردییەوە بەڵام ھەرگیز لەگەلڕ ئاوازێکی نوێدا ناگونجێت ، وەک ئەوەی لەچاوی ئەمڕۆوە تەماشای ئەو رابردووانە بکەین و بە پێوانە جوانکارییەکانی ئەمڕۆ لەجوانییەکانی ئەوسا بدوێین. ئەمە نابێت ، بەم پێیە ئاوازێکی نوآ وشەی نوێشی ئەوێت ، دیارە من پێم چاکترە لەنزیکەوە چ ئاوەزدانەرو چ شاعیر ھاوتەریب کارە ھونەرییەکان ئەنجام بدەن. من پێم سەیرە ھونەرمەندێکی نوێخواز بۆ کارێکی ھونەری کە لەئیستەدا ئەنجامی ئەدا سەد سالڕ بگەڕێتەوە بۆ دواوە بۆ ئەوەی شیعرەکەی بۆ ھەڵبژێرێت.، دیارەخراپترین نموونە ئەوەیە تۆ ئاوازێکی تازەت ھەبآ و کەچی شیعرەکەو فۆلکلۆری بێت.
ئێستا لەدنیادا بەشی زۆری ئاوازدانەرەکان ھەر خۆشیان شیعرەکان بۆ گۆرانییەکان ئەنوسن ، کە من پێم وایە ئەگەر ئەم بەھرەو توانایە ھەبێت ئەمەیان باشترین حاڵەتی موسیقییە ، چونکە ئاوازو وشەکان ھەر لەیەک سەرچاوەوە دێن و ئەم دەست و ئەو دەست ناکەن ، خۆ ئەگەر ئەمە لای ئێمە نەبێت ئەوا پێویستە شان بەشان شاعیری گۆرانییەکەو مۆسیکا ژەنەکەی ئاوازی داناوە لەسەرەتای کارەکەوە تا کۆتایی پێکەوە بن و لە یەکتر دانەبڕێن جا ئیتر مۆسیقا شوێن وشەکان بکەوێت یان بە پێچەوانەوە . من لێرەدا باس لەوە ناکەم ئایا ئێمە لە رووی ئاوازدانانەوە چ گیروگرفتێکمان ھەیە یان ئەو توانا مۆسیقییانە بۆچی دەگمەن و کەمن و لە سنووری بەھرەی چەن مۆسیقاژەنێک تپێپەڕ ناکەن و لەبەرچی چەندین ساڵە لە شوێنی خۆمانا وەستاوین و نەچوینەتە پێشەوە ، ھەموو شیعرێک شیعری گۆرانی نییە ھەموو شاعیرێکیش توانای نووسینی شیعری گۆرانی نییە ، چونکە بەلای منەوە پێویستە شاعیرو گۆرانی ئاگایان لە بنەماکانی زانستی مۆسیقا بێت یان ئەگەر توانای ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقی ھەبێت ، واتە ئەوەی کە شیعری گۆرانی ئەنوسێت کارەکەی کۆکتر و جوانتر ئەبێت. کاک ( ئەحمەد محەمەد ) یەکێکە لەو شاعیرانەی ماوەی چەن ساڵێکە زیاتر خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە واتە شیعری گۆرانی رۆمانسییانە ئەنوسێت.
ئەمەیش دەستپێشخەرییەکی جوانە بۆئەوەی بەھرەکان شوێنی راستەقینەی خۆیان بدۆزنەوە ، ئەمە جگە لەوەی ئەمجۆرە شیعرانەش خۆی چەمکێکی گرنگی ئەم ھونەرەن کە لەلای ئێمە چ بایەخێکیان پێنەدراوە، بەڵام نووسینی شیعری جوانی گۆرانی بە بآ ئاوازو مۆسیکی جوان دروست نابێت ، واتە بە ھەردوو جەمسەرەکە کارەکە پێک دێت شیعری جوان و ئاوازی جوان. یەکێک لە خاسیەتەکانی شیعری گۆرانی سادەیی ، رەوانی زمان ، خۆ بەدەورگرتنە لە رستەی درێژ ، ھەوڵدانە بۆ ئەوەی رۆحی ھەردوو وشەو ئاواز ئاوێتەی یەکتر بن و بگەنە گوێگر. کاک ئەحمەد لە چەند شیعرێکا بۆ چەند گۆرانییەک ئەم کارەی ئەنجام داوە بەڵام لە ھەموویا نا چونکە ئەوەندەی من تێبینیم کردبێت کاک ئەحمەد شیعر بۆ زۆر لە گۆرانیبێژ دائەنآ. پێویستە لەم حاڵەتەدا گۆرانی بێژی ھەڵبژاردەی خۆی ھەبێت چونکە مەرج نییە ھەموو ئاوازآ ھەموو دەنگآ ھەموو ئەدایەک لەگەلڕ شیعری ئەوا بگونجێت. رەنگە تێبینییەکی ترم ئەوە بێت کە دیارە ئەم تێبینیانەم ئاوازدانەریش ئەگرێتەوە شیعری گۆرانی ھەر شیعری رۆمانسی نییە، واتە ھەر شیعری غەزەل و دڵداری و بەس بەڵکو مەودای ئەو شیعرە ئینسانیانە بەرفراوانترن رەنگە جوانی سروشت و ژینگەو مەسەلەی تەبایی و خۆشەویستی نێوان ئاینە جیاوازەکان و زۆرشتی تری ژیانی رۆژانە کە تا ئێستا گۆرانی کوردی بەسەری نەکردونەتەوە بچنە خانەی شیعری گۆرانییەوە لە رێی ئاوازەوە بچنە ناودڵی خەڵکەوە. شیعری گۆرانی بەشێکی شیعری سەنعەتیشە، واتا لە ئەنجامی ئەزموونەوە شاعیرەکە ئەبێت جۆرێک لەوەستای شارەزا لەدانانی وشە لە شوێنی خۆیا ، یان ئەشێ لە بەر ئاوازەکە یان لەسەر داوای ئاوازدانەر جێگۆڕکآ بە زۆر وشەی خۆی بکات یان ئاھەنگی بڕگەکان بگۆرێت واتە ئەو بە تەنھا ھەر بۆ خۆی نانوسێت بەڵکو کاتێک دەقەکان دوا شێوەی خۆیان وەرئەگرن کە ئاوازەکە گەیشتبێتە دوا قۆناغی خۆی کاک ( ئەحمەد محەمەد ) بۆیە لەم بوارەدا جێی باسە چونکە خەریکە ئەبێتە ئارمێکی شاعیری گۆرانی بەڵام وەکو وتم کاک ئەحمەد پێویستە پەرش و بڵاو نەنوسێت خۆی کۆبکاتەوە. ھەولڕ بدات لە زانستی مۆسیقادا شارەزاییەکی باش پەیدا بکات لە ئەنجامی ئەزموونەوە بزانێت لەگەلڕ کام ئاوازدانەری لێھاتووا کار ئەکات. ژانرەکانی شیعری گۆرانی پەرە پێبدات، واتە بۆ ھەموو خۆشەویستییەکان بنووسێت و بەتەنھا لەیەک بازنەدا نەخولێتەوە شیعری گۆرانی بۆ مناڵان ، شیعری گۆرانی بۆ سروشت ، شیعری گۆرانی بۆ ئازادی ژن ، بۆ ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی بۆ ھەموو کوردستان بۆ دیانەکانی کوردستان بۆ یەزیدییەکانی کوردستان، چونکە بەراستی گۆرانی جوان بەشیعری جوانەوە ئەتوانێت بچێتە مالڕ بە ماڵی کوردستانەوە ئەتوانێت لە ھوشیارکردنەوەی خەڵکیدا دەوری لەبەرچاوببینێت نازانم کاک ئەحمەد بیری لەم بۆ چوونانە کردۆتەوە یان نا. یان ئەویش گیروگرفتی خۆی ھەیە بەتایبەت بەمۆسیقای کوردی و بەتایبەت قەیرانی ئاوازدانان لە کوردستانا من لای خۆمەوە بەشێکی ئەو شیعری گۆرانییانەی کاک ئەحمەد پەسەند ئەکەم و پێم جوانن و ئەچنە دڵەوە.! ھەر ئەم باسەیش رامانئەکێشآ بۆ ئەوەی لەسەر نوختەیەکی گرنگ بوەستین ، ئەویش ھەڵبژاردنی شیعرە بۆ گۆرانی لە نێو ھونەرمەندە گۆرانیبێژە تازەکانمانا ، ئەم ھەڵبژاردنە لای زۆربەیان ھەڕەمەکییە ، یان لاواز و ناتەواون لەلایەکی تریشەوە ھونەرمەند و گۆرانیبێژی ئەم رۆژگارە پێویستە ئاگای لە زەوق و حەزی نەوەی تازە بێت ، لە رادەی تێگەیشتنیان بۆ ئەو شیعرانەی کە ئەیکەن بە گۆرانی بۆ نموونە گەلێ ئەستەمە ئەم نەوەیە لە شیعری نالی و مەحووی بگات ، ئەگەر شیعرەکەی نەگەیشتآ ئاواز و دەنگەکەش چەن خۆش بن کورت ئەھێنن . ھەندآ لەو گۆرانیبێژانەمان خۆیان بەتەمەن گەنجن و بەڵام گۆرانییەکانن پیرن دیارە گۆرانی پیریشمان ھەیە دیارە گۆرانیبێژیشمان ھەیە کە بزانێت چی ھەڵئەبژێرێت . من نامەوێت باس لەوە بکەم بە داخەوە بەشی زۆری ئەو گۆرانییانە رۆحی گۆرانی کوردییان تێدا نییە، لە شتوومەکی خواستراو ئەچن بە تایبەتی لە فارسی تورکییەوە شیعرەکانیشیان لەو جلوبەرگانە ئەچن بە زۆر کرابنە بەر گۆرانییەکانیان یان ئەوەندە فش و دەڵبن یەکسەر ئەزانیت ھەر بۆ پەلەی رایی کارەکەیە لەبەر ئەوە دروست بوون و ھاتنەکایەی شاعیری گۆرانی بەشێکی ئەو ناتەواوییانە پڕ ئەکاتەوە ئا لێرەوەیە ئێمە پێویستمان بەو بەھرانەی لە جۆری کاک ( ئەحمەد محەمەد ) ە ئومێد ئەکەم گوێمان لە شیعری جوانتری ئەم شاعیرەو لە ئاوازی بەسۆزتری ئەو گۆرانیانە بێت کە لە رۆژگاری داھاتووا لەگەلڕ خۆیانا ئەیھێنن.. سوپاستان ئەکەم.