ئامادەکردنی: گلێنە گلى : ئەو، دەستەکانی لەناو ئەو کەلوپەلانەی پەیکەرەکانی پێ دروست دەکات ڕەش هەڵگەڕاون، کاتێک دەستی پێکرد تەمەنی تەنیا 35 ساڵ بوو، واتە لە ئەوپەڕی گڕ و تینی گەنجیەتیی خۆی بووە، لەو کاتەوە تا ئێستا کە تەمەنی گەیشتووەتە 75 ساڵ، بۆ ساتێکیش لەو هونەرە ناوازەیە دانەبڕاوە کە هونەری پەیکەرتاشیی دارینە، حەز و ئارەزووەکانیشی بۆ هونەرەکەی وایکردووە گوێ بەڕەشداگەڕانی دەستەکانی نەدات و ڕۆژانە بەگۆچانەکەی دەستیەوە بەرەو دووکانە بچکۆلانەکەی لاکەلاک بکات.
هونەرمەند (ئەحمەد ئەسوەد) لەدایکبووی کۆیە لە 1935 و پەروەردەی کەرکووک و ئێستاش دانیشتووی هەولێرە، کە سەردانی وەرشە بچووکەکەی دەکەیت لە گەڕەکی “نووسەران”ی هەولێر، زۆرترین چێژ لەوە دەبینێت کە لەبارەی پەیکەرەکانیەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت و بیدەیتە بەر پرسیار، بێگومان ئەویش هەرگیز لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بێزار نابێت و بەوردی باسی تەواوی قۆناغەکانی دروستکردنی هەر پەیکەرێکت بۆ دەکات، بۆیە لە گفتوگۆ لە گەڵیدا هیچ کەسێک نییە لەو هونەرمەندە پیرە بێزار بێت و بتوانێ بەئاسان دەستبەرداری بێت.
ئێمە وەک “هونەری هەولێر” ماوەیەک بوو نیازی سەردانی ئەم هونەرمەندە پەیکەرتاشەمان هەبوو، بەڵام ئاگامان لە تەندروستیی بوو کە ماوەیەکە بەهۆی ئازاری پێیەکانیەوە ناتوانێ وەک پێشتر زۆربەی کات لە وەرشەکەی دانیشێت یاخۆ کار بکات، ئەگەرچی وەک خۆی باسی دەکرد دانیشتنیش بۆ ئەو ماڵوێرانییە و تووشی جۆرێک لە خەمۆکیی دەکات، بۆیە هەرچەندی ئازاری هەبێت، لە کونی ژوورەوە ناحەوێتەوە و یەخەگیری پەیکەرەکانی دەبێتەوە.. لە سەردانێکدا بۆ ماڵەکەی، ئەم دیدارەمان لەگەڵ پەیکەرتاش (ئەحمەد ئەسوە) ساز کرد.
پ: مام ئەحمەد دەنگوباست لەگەڵ پەیکەرەکانتا چییە؟
و: دروستکردنی پەیکەر لە دار بووەتە بەشێکی گرنگی ژیانم، بەڵام لە ئێستاوە خەمی ئەوەم لێنیشتووە ماوەیەکە بەهۆی نەخۆشییەوە کەمتر دەتوانم کاری قورسیان تێدا بکەم، بۆیە وردە وردە خەریکم و بەردەوامم، بەڕاستی ناتوانم لێی دوور بکەومەوە، ئەوەندەی بەرامبەر ئەو پەیکەرانە لە دووکانەکەم دادەنیشم، هەست بەئاسوودەییەکی زۆر دەکەم و تا ڕادەیەکی زۆرتریش نەخۆشی و خەم و ئازارەکانم لە بیر دەبەنەوە.
پ: بەپێی ئەوەی لەبەرچاوماندایە، دیارە پەیکەرەکان پتر کاری دەستین و کەمتر ئامێری کارەباییان تێدا بەکار دەهێنیت، ئەمە تا چەند شارەزایی یاخود هێزی بازوویان دەوێت؟
و: لەو ڕووەوەی تۆ باسی دەکەیت، دەکرێ لە هەردوو لایەنەوە دیقەتی بدەن، چونکە ئەگەر بەتەنیا پەیوەندیی بەشارەزایی هەبێت، ئەوەیان دروستکردنیان ئەستەم دەکات، لەبەر ئەوەی بۆ پەیکەری دارین شارەزایی بەبێ هێزی بازوو، ناگاتە ئەو ئاستەی ململانێ لەگەڵ ئەو دارە ڕەقەدا بکەیت، ئەگەر بەتەنیا هێزی بازووش بێت، بێگومان هیچ هێزێک نییە بتوانێ بەبێ شارەزاییەکی تەواو و هەروەها بوونی ئەشقێک، پەیکەرێک لەم جۆرانەی ئێوە دەیانبینن دروست بکات، بۆیە هەردوو لایەنەکە بۆ دروستکردنی پەیکەر تەواوکاری یەکترن.
پ: تۆ بەبێ ئەوەی لە هیچ قۆناغێکی خوێندنی هونەری دەرچووبیت، چۆن وەک سەرەتا خۆت لە قەرەی ئەم کارە ئەستەم و ناوازەیە دا؟
و: زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکان وەک هونەرمەندێکی خۆڕسک ناوی منیان بردووە، دیارە لەبەر ئەوە ئەو ناوەیان لێناوم، چونکە خوێندنی هونەریم تەواو نەکردووە، یان خوێندەوارییەکی کەمم هەیە، یانیش مامۆستا و فێرکارم لە بوارەکەدا نەبووە، بەڵام خۆ شارەزایی هەر لە خۆڕسکەوە نییە، بێگومان من زۆر ماندوو بووم تا توانیومە جۆری پەیکەرەکانم بگەیەنمە ئەو ئاستەی ئێستا ئێوە دیبینن، من لە سەرەتادا منداڵ بووم و لە کۆیە بەقوڕ پەیکەرم دروست دەکرد، لەبەر ئەوەی زۆرم حەز لە باڵندە و ئاژەڵ بوو، بۆیە بەزۆری پەیکەری باڵندە و ئاژەڵم دروست دەکرد، پاشان لە تەمەنی هەرزەییدا لە کۆیە حەز و خولیام کەوتە سەر ڕاو و بەزۆریش دەچوومە ڕاوەکەو، هەر ئەوکاتیش شاگردی دارتاش بووم، کاتێکیش گەورەتر بووم و خۆم بەباشی ناسییەوە، دووکانی دارتاشیم هەبوو، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1970دا کەوێکم لە دار دروست کرد، بەڵام ڕاستیتان دەوێ تەنیا فۆڕمی کەوی هەبوو، ئەگەر نا باڵندەیەکی ناشیرین بوو، کەچی هەر کەسێک دەیبینی، بەسەرسوڕمانەوە لێیان دەڕوانی کە توانیومە لە دار ئەو باڵندەیە دروست بکەم، ئەوەبوو ئەو بۆچوونانەی کەسانی دەوروبەرم بوونە جۆرێک لە هاندان تا بەردەوام بم و هەوڵ بدەم بەفۆڕمێکی جوانتر دروستی بکەمەوە.
پ: چەند جار پەیکەری کەوت شێواندووە تا ئەو کاتەی گەیاندووتە ئاستێک خۆت لێی ڕازی بیت؟
و: بەلامەوە گرنگ نەبوو چەند جار خۆمی لە قەرە دەدەم، چونکە خولیایەکی سەیرم بۆ دروستکردنی پەیکەر لا دروست بوو، بۆیە جار لە دوای جار پەیکەرەکانم باشتر دەبوون، بەڵام نەک بەو مانایەی خۆم لێیان ڕازی بووبم، چونکە لەبەر ئەوەی من مامۆستام نەبووە و تەنیا لە ئەشقێکەوە پەیکەر دروست دەکەم، بۆیە هەمیشە و بەزۆری خۆم بوومەتە ڕەخنەگری خۆم، ئەمەش وا دەکات هەمیشە بەچاوی ڕەخنەوە سەیری پەیکەرەکانم بکەم و جار لە دوای جار باشتر دروستیان بکەمەوە، چونکە لە سەرەتای ساڵی 1970 تەنیا بەدروستکردنی پەیکەری کەو نەوەستام، بەڵکوو بۆ ساڵی پاشتر پەیکەری مانگا و گۆلکم دروست کرد، پاشان پەیکەری ئەسپ.. تا وای لێهات خۆم لە قەرەی دروستکردنی پەیکەری تەواوی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە دەدا کە لە کوردستاندا هەن، نموونەشیان وەک ئاسک، پڵینگ، ورچ، مەڕ و بزن، قەل-عەلیشیش، ڕەنگاڵە، سوێسکە، بزنەکێوی و زۆر شتی دیکە.
پ: بۆچی تەنیا ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی لە کوردستاندا هەن دروستیان دەکەیت؟
و: لەلایەکەوە لەبەر ئەوەی تەواوی ئەو ئاژەڵ و باڵندانەم بەچاوی خۆم بینیون، لەلایەکی دیکەیشەوە چونکە مەبەستمە لە پەیکەرکانمدا خزمەتی کەلەپووری کوردەواری بکەم، واتا دروستکردنی پەیکەر لەلای من لە مێژە لەوە دەرچووە تەنیا وەک حەزێکی کەسی سەیری بکەم و کاری تێدا بکەم، بەڵکوو دەمێکە وەک هونەرێکی ناوازە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم، واتا هەرچی پێم بکریچَ هەوڵ دەدەم چێژی سەیرکردنی ئەو پەیکەرانە تەنیا بۆ کەسی خۆم نەبێت، بەڵکوو وەک کەلەپوورێک لە ڕێگەیەوە خزمەتی هونەری ڕەسەنی کوردیی پێ بکەم.
پ: چ جۆرە دار و کەرەستەیەک بۆ پەیکەرەکان بەکار دێنیت؟
و: لە ڕاستیدا ئەو کەرەستانەی بەکاریان دێنم زۆر سەرەتایین، هۆکارەکەشی ئەوەیە کەلوپەل و کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ پەیکەرتاشیی دارین لە کوردستاندا نین، یان کەمن و من تا ئێستا دەستم نەکەوتوون، بۆیە هەر لە سەرەتای کارکردنمەوە تا ئێستا کەرەستەکانی وەک تەشوە و بڕبەن و هەڕەی دەستی و شەفرە بەکاردێنم، هەروەها پەیکەرەکان لە چەندان جۆر دار دروست دەکەم، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە دارەکە زۆر کۆن بێت بەجۆرێک دەمارەکانی مردبێت و لە داهاتوودا نەقڵیشێت وەک چنار، سپیندار، توو، گوێز.
پ: جگە لە ئاژەڵ و باڵندە چیی دیکە دروست دەکەیت؟
و: وەگ گوتم لە سەرەتادا لە حەز و ئەشقم بۆ ڕاو و ئاژەڵ و باڵندە، تەنیا خۆم لە قەرەی دروستکردنی ئەو پەیکەرانە دەدا، بەڵام دواتر کە ویستم لە ڕووی هونەرییەوە بایەخی پتر بەکارەکانم بدەم و بەتایبەتیش وەک کەلەپووری کوردەواری، بۆیە بیرم لە دروستکردنی زۆر پەیکەری تر و هەمەجۆر کردەوە، نموونەش وەک “مەشکەژەنین، ئافرەتی نانکەر، ڕاوچی بەئەسپ و تاژییەوە، ڕەشماڵی کوێستانەکانی کوردستان بەتەواوی کەلوپەلەکانیەوە، کێڵانی زەوی، دەستاڕ، جەنجەڕ، بێری و سەربێری و بەربێری، مانگادۆشین، دارکەر، گوێدرێژ و بارەدار” و زۆر شتی دیکە، دوا جاریش وەک هێمایەکی نەتەوەیی کورد، پێم خۆش بوو پەیکەری “کاوەی ئاسنگەر” دروست بکەم، ئەوە بوو ماوەی 3 مانگ خۆم خەریکی ئەو پەیکەرە کرد تا تەواوم کرد و نیازم وایە لە پێشانگەی داهاتوومدا وەک بەرهەمێکی سەرەکیی کارەکانم نمایشی بکەم، هەموو ئەمانە لەو کۆمەڵە پەیکەرەدا هەن کە ئێستا ئامادەم کردوون و ڕەنگە لە داهاتوودا لە پێشانگەیەکی تایبەتدا نمایشیان بکەم.
پ: باسی پێشانگەت کرد، تا ئێستا لە چەند پێشانگەدا بەشداریت کردووە و چەندی تایبەتت کردووەتەوە؟
و: لە ساڵی 1971دا کە لە سوپا بووم، بۆ یەکەمین جار لە “معمل 13″ی سوپای عێراق لە کەرکووک پێشانگەیەک بۆ سەربازە بەهرەوەرەکان کرایەوە، ئەوەبوو من بەپەیکەرێکی کەو بەشداریم کرد، هەر ئەوکات بووە جێگەی سەرسوڕمان و ڕەزامەندیی هەموو ئەوانەی لە پێشانگەکەدا ئامادە بوون و ئەوەبوو خەڵاتیش کرام، ئەمەش بۆ من هاندانێکی باش بوو کە بەردەوام بم، دوای ئەوە لە ساڵی 1986دا (نەرمین ئەحمەد ئەسوەد)ی کچم کە شێوەکارێکی ناسراوە، لە مۆزەخانەی قەڵا لە هەولێر پێشانگەیەکی کردەوە، منیش بەچەند پەیکەرێکی کەو و ئەسپ و مانگا و ئاسک لەو پێشانگەیەدا بەشداریم کرد.. لەبەر ئەوەی ئەوکات ماڵم لە کەرکووک بوو و لەو شارەشدا هونەرمەندانی کورد بۆ چالاکیی هونەری پشتگیری نەدەکران، بۆیە نەمدەتوانی پێشانگە بکەمەوە، تا لە ساڵی 1998دا حکوومەتی بەعس تەرحیلی کردین و لە هەولێر گیرساینەوە، یەکەمین پێشانگەی تایبەتیشم لە 1999 لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی شێوەکاریی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر لە هۆڵی میدیا کردەوە، ئەوکات کاک فەلەکەدین کاکەیی وەزیری ڕۆشنبیری بوو و پێشانگەکەی کردەوە، لە ڕاستیدا کاک فەلەکەدین زۆرترین ڕۆڵی لە بەردەوامبوونم هەبوو، چونکە زۆر هانی دام و تەنانەت لەسەر بودجەی وەزارەت هەندێک ئامێریشی بۆ دابین کردم، ئەوکاتیش هێزی کارکردنم باشتر بوو و تەندروستیم وەک ئێستا نەبوو، بۆیە هەر بۆ ساڵی داهاتوو 2000 پێشانگەی تایبەتی دووەمم کردەوە، بەهەمان شێوە کاک فەلەکەدین کاکەیی کردییەوە، ئەوەبوو تەواوی پەیکەرەکانمی بۆ وەزارەت هەڵگرتەوە و لە بری ئەوە بڕە پارەیەکی بۆ خەرج کردم، ئەمەش بۆ من هاندانێکی دیکە بوو.
پ: کە وەزارەتی ڕۆشنبیری تەواوی پەیکەرەکانتی بۆ خۆی گێڕایەوە، واتا هیچ پەیکەرێکت لا نەمایەوە، ئەی چۆن خۆت بۆ پێشانگەی دیکە ئامادە کرد لە کاتێکدا ئەو پەیکەرانە کاری دەستین و کاتی زۆریان دەوێ تا تەواو دەبن؟
و: بەڵی ڕاستە، بەڵام هەر ئەوکات ئەو هەڵوێستەی کاک فەلەکەدین بۆ من هاندانێکی زۆر باش بوو کە هەوڵی پتر بدەم، ئەوەبوو دەستم بەدروستکردنی پەیکەری دیکە کردەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام بووم، لە ماوەی ئەو 7 ساڵەدا پتر لە 50 پەیکەری جۆراوجۆرم دروست کرد، ئەوەبوو پێشانگەی تایبەتی سێیەمم لە 2007دا بەهاوکاریی ناوەندی کەرکووکی ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان لە هۆڵی ڕێکخراو لە کەرکووک کردەوە و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو.. لە 2008یشدا ویستم پێشانگەی تایبەتی چوارەمم لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە بکەمەوە، لە داواکارییەکەشمدا داوای کردنەوەی ئەو پێشانگەیەم لە کۆیە کردبوو، لەبەر ئەوەی کۆیە شوێنی لە دایکبوونمە و حەزم دەکرد یەک لە پێشانگەکانم لەو شارە بێت، بەڵام بەداخەوە وەزارەت کردنەوەی ئەو پێشانگەیەیان لێکردم بەچیرۆکی (عەنتەر و عەبلە) و هەر نەبڕایەوە و دیزە بەدەرخۆنەیان کرد.
پ: یانی چی دیزە بەدەرخۆنە کرا، ئەی بۆچی خۆت بەدواداچوونت بۆ نەکرد تا بزانی کاروبارەکەت بەکوێ گەیشتووە؟
و: چ هونەرمەندێک هەیە بیەوێ پێشانگە بکاتەوە و بەدواداچوونی بۆ نەکات، من نزیکەی 3 ساڵە بەدواداچوونی بەردەوامم کردووە، بەڵام وا دیارە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەزارەتێکی فرە حاکمە، وەک ئەو پەندەیە کە دەڵێت “ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی”، لە هەر شوێنێک و شتێکت پێدەڵێن، بڕوا بکەن جار هەبووە گوتوویانە سبەی یان دوو سبەی پارەی دەرخستەکەت بۆ خەرج دەکرێت، کەچی دیسان کردوویانەتە وشکەساڵی.. لە هەمووی سەیرتر دەرخستەی پێشانگەکە لە ئاست ئەو کارانەی من کردوومن تەنیا مایەی پێکەنینە، وا بزانم لە هەر وڵاتێکی ئەم دنیایە ئەگەر بڵێیت پێشانگەیەکی پەیکەری دارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕی ملیۆنێک و شتێک دیناریان بۆ کردووەتە دەرخستە “واتە دەوروبەری هەزار دۆلار”، فشەیان بەئەقڵمان دێت، ئی برا خۆ من بەوەش ڕازی بووم چونکە بەڕاستی چاوم لەوە نەبووە پارە قازانج بکەم، کەچی ئەوەشیان دیزە بەدەرخۆنە کرد.
پ: کەواتە تۆیش وەک زۆر لە هونەرمەندانی دیکە تەنیا وەک نمایشکردنی هونەرەکەت پێشانگە دەکەیتەوە، ئەگەر نا ئەوە هەرگیز مایەی سوودمەندی نییە هونەرمەندێک ماوەی چەند ساڵ کار بکات و دواتر لە پێشانگەدا ئەو بڕە پارەیەی باست کرد بۆی خەرج بکرێت؟
و: بێگومان مەسەلەکە تەنیا خزمەتکردنە بەهونەری کوردی، بڕوا بکەن هەندێک لە پەیکەرەکانم پتر لە 5 مانگ و 6 مانگ کاریان تێدا دەکەم تا ئەو کاتەی تەواو دەبن، ئەگەر بەپارە بیانخەمە بەراوردەوە، نەک هەزار دۆلار، ئەگەر 10 هەزار دۆلاریشم بدەنێ تێیدا زیانمەند دەبم، من پارەکەم بەلاوە گرنگ نییە ئەوەندەی بیر لە هەڵسەنگاندنێکی هونەری و ویژدانییانەی کارەکانم دەکەمەوە، بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بزرە، بەداخەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەبوو جێگەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ڕاستەقینە بوایە، بەڵام نەک هەر وانییە، تەنانەت کاری زۆربەی هونەرمەندانی تێدا ڕێسوا دەکرێت، زۆر کەس هەن لە وەزارەتی ڕۆشنبیری تەنیا بەمیزاج کار دەکەن و چێژ لەوە وەردەگرن هونەرمەند لێیان بپاڕێتەوە، بەڕاستی منیش وێڕای ئەو هەموو ماندووبوونەم لەم تەمەنەدا ئامادە نیم لە کەس بپاڕێمەوە.. وابزانم ئەوەندەی باسم کرد بەسە بۆ ئەوەی کەسە ناشیاوەکانی ناو وەزارەتی ڕۆشنبیری کە کاریان بەدەستە، ئارەقە بڕێژن، ئەگەرچی لەو بڕوایەشدام چەند ئەوەندەی دیکە ڕەخنەیان ئاراستە بکرێت، ئەوان نە بایان دیوە و نە باران.. ئەمانە جگە لەوەی پێم سەیرە و تا ئێستا نازانم ئەو دەرخستەیەی بۆ پێشانگەکەی من کرابوو چیی بەسەر هات؟! نازانم ئایا ئەو پارەیە خەرج کراوە و نامدەنێ، یان کەسێک دەستی بەسەردا گرتووە، یان چی و چی و چیتر، چونکە تا ئێستاش ئاگادار نەکراومەتەوە بەڕەتکردنەوە یان نەکردنەوەی پێشانگەکەم، بەپێچەوانەوە هەر لە سەرەتاوە ڕەزامەندیی لەسەر درابوو و ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ کرد لە وەزارەتی داراییش ڕەزامەندیی خەرجکردنی بڕە پارەی دەرخستەکەی درابوو.. ئیتر نازانم خۆیان و شیری خۆیان.
پ: ئەی هەوڵت نەداوە لە شوێنێکی دی و لە ڕێگەیەکی دیکەوە پێشانگەکەت بکەیتەوە؟
و: من ئێستا بەهەموویانەوە پتر لە 80 پەیکەرم بۆ پێشانگە ئامادەیە، لای خۆمەوە ماوەیەکە بڕیاری ئەوەم داوە ئەگەر هیچ لایەنێکیش بۆم نەکاتەوە، لەسەر ئەرکی خۆم پێشانگەی تایبەتی چوارەمم بکەمەوە، بەڵام ماوەیەک بوو تەندروستیم ڕێگریی لێم کرد و ئەو پرۆژەیەم دواخست، ئەوەبوو لەم ماوەیەی دواییدا “ڕێکخراوی لاوانی سەردەم” لە هەولێر بڕیاریان دا پێشانگەم بۆ بکەنەوە، بێگومان زۆر سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو هاوکاری و هەڵسەنگاندنەیان کە کارەکانی منیان پێ باش بوو، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕێگەی ئەوانەوە پێشانگەکەم بکەمەوە.
پ: بەپێی زانیاریی ئێمە تۆ ئەندامی ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستانیشی، ئەی ئەوان هاوکارییان نەکردووی؟
و: من هیچ گلەییەکم لەو ڕێکخراوە نییە، پێشتر ئاماژەم پێ دا کە لە 2007دا ناوەندی کەرکووکی ئەو ڕێکخراوە سێیەمین پێشانگەی تایبەتمیان کردەوە، ئەگەر گلەییەکیشم هەبێت ئەوە تەنیا پەیوەندیی بەڕێکخراوی هونەرمەندانەوە نییە، چونکە کێشەیەکی گشتیی هونەرمەندانە، بۆ نموونە من پێشتر مووچەی ڕێزلێنانی هونەرمەندانم هەبوو، ئەوەش باش بوو و دەمتوانی لانیکەم بۆ کڕینی کەرەستە و کەلوپەلەکانی پەیکەرەکانم سوودی لێ ببینم، بەڵام زۆر سەیر بوو کە لە بڕیارێکدا ئەو مووچەیەیان بڕی، تەنیا لەبەر ئەوەی دەڵێن نابێ ئەو کەسە مووچەیەکی دیکەی هەبێت، بەڵام من تەنیا مووچەی خانەنشینی سەربازیم هەیە و لە حکوومەتی ناوەندی وەریدەگرم و ئەویش بڕە پارەیەکی کەمە، ئاخر نازانم مووچەی خانەنشینیی سەربازی چ پەیوەندییەکی بەکاری هونەری و مووچەی ڕێزلێنانی هونەرمەندانەوە هەیە ئەگەر ئەمە بیانوو نەبێت.. بەهەرحاڵ بەوەش ڕازی بووین، کەچی وەزارەتەکەی خۆیشمان پشتی تێکردووین و دەستی دەستیمان پێدەکات.
پ: دوا جار خۆت بتەوێ شتێک بڵێیت؟
و: بێگومان لەبارەی هونەر لەلایەک و گلەییەکانیش لەلایەکی دیکەوە قسەمان تەواو نابێت، تەنیا دەمەوێ ئەوەندەی دیکە بڵێم ئەگەر گلەییم لە هەر لایەنێک هەبێت، تەنیا لە ڕاگەیاندنەکان نیمە، چونکە بەئەمەکەوە دەڵێم ڕاگەیاندنی کوردی بایەخی باشیان بەکار و هونەرەکەی من داوە و زۆر جار بەسەریان کردوومەتەوە، مەبەستم هەموو لایەنەکانە نەک تەنیا لایەنێک، بۆیە ئەم بەسەرکردنەوەیەی ئێوەش بەرز ڕادەگرم و سوپاستان دەکەم، بەڵام هیوادارم بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیریش ڕەخنەکانم بخوێننەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن، لانیکەم تۆزقاڵێک کەموکورتییەکانیانی خۆیانی لە ڕێگەیەوە پێ کەم بکەنەوە.