نازانم چۆن مردن لەناو بەرم … ئەگەر پێشم نەکرێت… نازانم چۆن ڕایبگرم … لەو تێکۆشانە هەردەم فەشەل دەهێنم … دەبێت فرمێسک بۆ ئازیزان ببارێنم و دەروونم پڕکەم لە خەم . تێکۆشانی ئەبوبەکر خۆشناو لە قوتابخانەی دواناوەندی سەیداوە دەست پێدەکات و ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو .
من بە حکومی لەو گچکە تربووم لە پۆلی یەکەمی دواناوندی کە هەنوکە پییی دەرێن حەوت بووم کە لێژنەی کوتەکی سەر بە قوتابیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لییان دەداین و بەکریش کراسی ڕەنگی زەردی لەبەر دەکرد و منیش لەدژی ئەو پارتیانە کراسی سوور. ئەو کاتە ئەوە بەشیکی تێکۆشان بوو ، هەرپاشانیش کە بەعسی خوێری دەستی بەسەر وڵات داگرت بۆ ئەوەی پێشانیان بدەم ئێمە لە سەردەمێکی پێشکەوتوو دەژین[ ڕۆژنامەی طریق الشعب]م بە ئاشکرا لە گازینوی سەفین دابەش دەکرد، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ دەزگای جاسوسی و سیخور و جاشەکانی سەر بە پارتی بەعسی عارەبی ئیشتراکی دابنێم. بەکر خۆشناو خوێندەواری رۆژنامەی طریق الشعب و بیری نوێ بوو . لەوکاتەش کوردستانی بوونی ئەبوبەکر خۆی دەنواند و دەیگوت ئەگەر حزبی شیوعی ببیتە کوردستانی ئەوا دەبمە شیوعی . ئێمەش بە پەروەردەی ئەوەی دوو حیزبی شیوعی لە وڵاتیکدا نابێت و یەکیان هەڵەیە ، دژی ئەوەبووین کە ئیقلیمی کوردستان [هەرێمی کوردستان]ی حزبی شیوعی عێراقی ببێتە [حزبێ شیوعی کوردستان]ی سەربەخۆ . ئەو کاتە سەربەخۆیی کوردستانمان لەو ئۆتۆنومیە دەبینیەوە کە عێراق پیی تێپەڕ دەبوو . پارتی دیموکراتی کوردستانیش ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێکەوتنی ١١ ئازار مۆری ئۆتۆنۆمی لەگەڵ بەعس کردبوو . دارتێلەکانی سەر جادەی شێست مەتری کە تازە چەقێندرابوو و لەگەڵ سێبەری دارەکانی باخچەی[ گلکەند] شایەدی ئەو گفتوگۆ و شیعرانەن کە لەلایەن ئەبوبەکر و من دەبووە هەوێنی یەکتر بینین و پاشان دانیشتنەکانی ڕۆژانەی گازینۆی{ لەیالی و عەبۆ و مەچکۆ} زیاتر کۆڕەکانمان فرەوانتر دەبوو . بۆ زاخاوی مێشک کتێبخانەی هەولێریشمان کردبووە مەزاری خۆمان . ئەبوبەکر لە گۆڕەپانی هەولێر شیعری خۆی خوێندەوە و بووە خاوەنی یەکەم بەرهەمی شیعری بەناوی [ کۆڵومبس کیشوەرێکی تر ئەدۆزێتەوە ساڵی ١٩٧٦] و نامیلکەی شیعری چاپ کرد و شانازی بەوەی دەکرد، تازە ناوی لە لیستی شاعیران تۆمارکرا و دەبیت ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خۆی ماندوو بکات، بۆ ئەوەی ببیتە خاوەن زانیاری و رۆشەنبیری . تاوەکو ئەزموونی شیعری بەرەو پێشەوە بڕوات . خۆی ماندووکرد و زیاتریش بۆ مەسەلەی کورد کەوتە پەرۆشیەوە. هەولێر کەوتە جموجۆڵ و گەنجان ڕویان لە تێکۆشان کرد. لەو کاتەدا کۆنە جەلالییەکان یان بڵێن ئەوانەی زیاتر سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون [کۆمەڵەی مارکسی لینینی] یان دامەزراند . یەکێک لەو کادیرە زیرەک و پێشکەوتووانەی ئەوکاتە کە برادەری و هاوڕێ یەتیم لەگەڵی خۆش بوو وە کادیرەکی چالاک بوو چیرۆک نووس[ عەباس محەمەد حسین] یان بڵێین [حاجی مەمۆ] بوو. لە کاتی پێشمەرگایەتی بەو ناوە ناوبانگی دەرکرد و نووسینیشی بەو ناوە بڵاودەکردەوە . لە لایەکی تر بزووتنەوی سوسیالیستی کوردستان کە خۆیان دیسان بە سۆسیالیست دادەنا شەهید کاردۆ گەڵاڵی بوو . کاردۆ سەردەمی دەسەڵاتی پارتی [واتە دوای بەیانی یازدەی ئازار] سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی هەولێر بوو لە هەمانکاتیش دا بارزانی پەرستێکی زۆر توند بوو . شەهید کاردۆ لە [عارەب]ەوە بووە [کاردۆ گەڵاڵی] و شیعری دەنووسی و زوو کتابی [زیدەبای]ی چاپ کرد. پەیوەندیم لەگەڵی بەهیز بوو ، جارجارەش بڵاوکراوە نهینیەکانم لەلای یان لە گلکەند یان لە سکەالحدید[ئیسگەی شەمەندەفەری هەولێر] دەخویندەوە. لەو شوینە واتە [مەحەتەی قیتاری] چایخانەیەکی تیدابوو ، لەگەڵ هەردوو بەڕێزان کاردۆ گەڵاڵی و نووسەر محەمەد وەسمان کە ئەوکاتە ئەفسەری سوپایی بوو لەوێ یەکترمان دەبینی بۆ ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک دیارنەبین ، شوێنەکی پەنابوو . هەروەها باڕەکی خوادنەوەش هەبوو گەلێک سەوان لەگەڵ خالد رەسول و زەکەریا سالح و رزگار کەریم شەوامان کورت دەکردەوە . لە و کاتەی هاوڕێ فاتح رەسول لێپرسراوی کۆمیتەی ناوخۆی هەولێر بوو کتابەکەی کاردۆم بۆ برد بۆ ئەوەی لە رێکخراوەکانی حزب دابەشی بکەین و بیفروشین و هەرواش کرا و لە لاپەرەی دواوەی ڕۆژنامەی بیری نوێ کتابەکەی کاردۆش دەربارەی نووسرا . چەپ بوون لەو ڕۆژگارە زۆر زەروری بوو بۆ ئەوەی ببیە نووسەر و ڕۆشەنبیر دەبوایە خۆت بەلای مارکسیەت بشکێنیەوە ، چونکە ئەوکاتە جەمسەری سۆسیالیستی بە سەرکردایەتی سۆڤیەت لە گەشەکردن دابوو و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەبەر خیانەت کردنیان لە شۆڕشی کورد بە چاوەکی پڕ لە شەرمەزاری سەیردەکرا. هەر بۆیە قیادەی موەقەتەش لە ڕاپۆرتی خۆی دا دژی ئەمریکاو رۆژئاوا نووسیان و خۆیان خستە بەرەی چەپ . ئەو دوو زاتە کاردۆ گەڵاڵی و حاجی مەمۆ بڵاوکراوە بڤەکانیان دەدامێ و و سەرنجی خۆم یا بیروباوەری خۆم پێڕادەگەیاندن . بەڵام ئەوکاتە منی عەیار ٢٤ی شیوعی کەسم بە شیوعی لەخۆمان زیاتر دانەدەناو هەر رێکخستن و بیرورایەکیش چەپ بوایە وام دەزانی لە دژی حزبی شیوعی عێراقە بۆیە چەپ بوون و مارکسی بوون و شیوعی بوونم بە پاوانی خۆمان دادەنا . بەراستی ئەوکاتە ئێمە هەڵەبووین و نەمانتوانی ئەو هەموو گەنجە چاکەی چەپخواز بۆخۆمان ڕابکیشین یان لەدەورەی خۆمان کۆبکەینەوە . من سەفەری هەنگاریام کرد و پشتم لە هەولێر کرد. کاردۆ گەڵاڵی زیندانی کرا و حاجی مەمۆ چەکی خستەسەرشانی و بووە پێشمەرگە . پاشان هەواڵی چوونە دەرەوەی ئەبوبەکرخۆشناوم بیست وچەکی شەڕەفی خستە سەرشانی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە پێشمەرگە ، زانیم کە ئەو کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە کۆمونیستەکەی کوردستان داناوە و بۆی هەزم ناکرێت لە حزبی شیوعی عێراق کە ئەو باوەڕی بە عێراقی بوونی خۆی دانەدنا کاربکات . ئەگەرنا ئەوکاتە پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی لە شاخ بوون . ئەبوبەکر خۆشناو پاشان لەگەڵ ئاڵای شۆڕش و دیسان زەحمەتکیشان و دیسان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەردەوام بوو لەکارکردنی تاوەکو ڕۆژی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی لە سیاسەت و نووسین . ئەو بووە خاوەن دیوانی شیعر ، ئەمن کەچە شیعر و میعرم دەنووسی و خۆم خەریکی خوێندنەوە کردبوو ، بەدەست خەتی خۆی شاعیرونووسەر [عەباس عەبدوڵڵا یوسف]ع.ع.یوسف بەرگی دیوانەکی بۆ نووسیم و بە قەلەمی چینی بۆ رازاندمەوە ، ناوم لێ نا [من کێم] ، خۆم لە قەدی ڕامبۆی شاعیر دادەنا چونکە لەو بەتەمەن بچوکتربووم و میعرم دەخوێندەوە و لەگەڵ نووسەرانیش دادەنیشتم و گفتوگۆم دەکرد . کۆمەڵەی ڕۆشەنبیری کوردی لە بەغدا ، لە و بینایەی کە گۆڤاری رۆژی کوردستان [شەمس کوردستان]یان دەردەکرد کاک موکەرەم تاڵەبانی سەرۆک بوو کۆبونەوە هەبوو . نووسەران لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بەغدا بەشداریان کرد. منیش لە سەرەوەی هۆڵەکە دانیشت بووم ، چونکە ئەندام نەبووم بەشداری کۆبونەوەکانم کرد . لەوێش واتە لە بەغدا لەگەر بەڕێزان ئەحمەد سالار و رەئوف حەسەن و فوئاد مەجید میسری و خەبات عارف و حەمەسەعید حەسەن و ئەکرەم عەلی و شوکور مستەفا و حەمەفەریق حەسەن و محەمەد مەلا کەریم و جەمال خەزنەدار و ….هتد تەعارفمان کرد . هەر هەموو ئەو نووسەرانە بەلای بیروباوەڕی چەپ دەشکانەوە . لەو دانیشتنە بەکر خۆشناویش بەشداربوو . بۆ ئەوەی مەسروفی بەغدامان دەربچی ئەو کاتە بەغدا بۆ ئێمەی گەنج گران بوو ، بەکر خۆشناو شیعرەکی بۆ هاوکاری ناردبوو ، پارەی خۆی تەئمین کردبوو منیش چیرۆکێکی [غینادی سیمار] م لە عارەبی یەوە کردبووە کوردی کە لە [رۆژنامەی انباءموسکو] بڵاوکرابۆوە . تازە رۆژنامەی هاوکاریش لاپەڕەی دوایی تەرخان کردبوو بۆ ئەدەبی منداڵان لەوێ چیرۆکی وەرگێردراوی من بڵاوکرایەوە و منیش تەئمینی ئەو ٣رۆژەی مانەوەی بەغدام مسۆگەرکرد . رۆژی هەینی گەیشتینە بەغدا . من و بەکر خۆشناو لە هەولێر بەڕێ کەوتین ، لە میوانخانەی [هوتێلی] سامان دابەزین کە لە هوتیلی [میوانخانەی] هەولیر[اربیل] هەرزانتربوو . کە ناونووس کراین بۆ ئێوارەکەی چوینە ساحەی خەلانی بارەگای هاوکاری . کابرای کارمەند[حەرەس] گوتی ئەمڕۆ هەینی یە داخراوە ، سبەی وەرنەوە کارمەندەکان دەوام دەکەن . گەڕاینەوە بۆ شەقامی ئەبونەواس . ئە من عاشقی ئەو کوڕنیشەبووم و لە مەیخانەی[باڕ الحمراء] لۆخۆمان یەک و بیرەمان نۆش کرد ، بیرەی فەریدە هەر دەڵێی ڕوونی زەیتوونە بەراستی بەتام بوو ، نازانم هەنوکە ئەو بیرەیە لە عێراق ماوە یان نا . شەو لە حەوشەی هوتیل قەرویلەمان بۆ دانرابوو، ئیمەش پاڵ کەوتین بەس لەبەر پیسی میوانخانەکە زوو زەنگی گواستنەوەم بە گوێچکەی ئەبوبەکر داهێنا و پێم راگەیاند گوتم سبەی هەر کە پارەمان وەرگرت دەچینە میوانخانەی [دیوانیە الکبیر] یان [اربیل] یان [شیرین] . بەیانی چوینە دەزگای رۆژنامەی هاوکاری . لە ژووری ژمیریار ئەبوبەکر بۆ شیعرەکەی ٤ دینار و منیش بۆ وەرگێرانی چیرۆکەکەی غینادی سیمار ١٦ دینار سەرف کرابوو . ئەبوبەکر ئیمانی لە کەللەی نەما کو دەبیت خاوەن دیوانە و ٤ دینار وەربگریت و منیش ناوم لە هیچ شوینیک دیارنەبوو بە دۆستی نووسەران دەناسرام ١٦ دیناری ئەوکاتە کە بەغدات پێ دەکڕی وەربگرم. خۆشناو گووتی بابچینە لای شاعیر [عبدالله عباس] کە چوینە لای و بۆی باسکرد بۆ ئاوایە. عبدالله عباس گوتی لاپەڕەی منداڵان تازەیە بۆ ئەوەی نووسەران بەرهەمی بۆ ڕەوانەبکەن پارەی زیاتری بۆ دانراوە . هەر لەوی سەردانی ژوورەکەی [مەحموود زامدار]مان کرد ، لەوی پیی گوتم ئەو شەرە مارکسیەت لە هاوکاری بۆ بڵاوناکەینەوە لۆخۆت بنیرە لای کاک [موکەرەم تاڵەبانی] مەبەستی گۆڤاری [ ڕۆژی کوردستان] بوو ، یان لای کاک [جەلال دەباغ ] مەبەستی ڕۆژنامەی [ بیری نوێ] بوو . لە وەڵامدا گووتم ئەوانە پێدەزانم کاک مەحموود بەس ئێوە لە هاوکاری دژی مارکسیەت شت دەنووسن بۆیە هەقە لێرە بڵاویبکەنەوە. لە وەڵامدا گووتی {{بڤەیە}} لێرە نابیت . هاتینە دەرەوە و من بەدەم بە پیکەنین و گاڵتە کردن گووتم بەکر واز لە شیعر و میعر بهینە و بۆخۆت ئەدەبی منداڵان بنووسە دەوڵەمەند دەبیت . لە هوتیل سامان بارمان کرد بۆ میوانخانەی ئەربیل . پاشان چوینە سەردانی برادەرانی خویندکارانی دانشگا . لە کتیب فروشی الشعب و بغداد و الحدیث[گەل و بەغدا و نوێ] کۆمەڵێک کتابم کڕی و بۆ خوشکەکانیشم دیاریم کڕی و هەندیک پارەی زیادیش مایەوە . ئەو سەفەرە میژوویی بوو بۆ ئەوەی ببێتە یادگاری یەکی تریش ، لەگەڵ بەکر خۆشناو لە دەرەوی شارە شیرینەکەم ، پێکەوە بەسەر بەرین ، گەلێک باسی ئەدەبی و سیاسی بووە هەوێنی ئەو سەفەرە خۆشەی بەغدا . بەکر خۆشناو لەکاتی پێشمەرگایەتی لە کوردستان ، دەستی بە چاپکردنی شیعران کرد . هەر لە ڕێگای پۆستی ئێران کە لە [ڕاژان] ڕەوانەدەکران دوو کۆمەڵە شیعر کە بەدەست و خەتی خۆی نووسراوە، بۆ ڕەوانە کردم هەتا ئەمڕۆکە کە نەمدەزانی ئاوا زوو لێمان وون دەبێت ، لای خۆم لە کتیبخانەکەم هەڵمگرتوون. یەکەمیان بەناوی {{ سروودی بەرەنگاری }} ساڵی ١٩٨٦ و دووەمیان بە ناوی {{ تووڕەیی ی شاخەکان }} ساڵی ١٩٨٧ . نامیلکەی شیعری [ سروودی بەرەنگاری ] شیعرەکانی [سڵاو …بۆ شەهیدێک بۆ شەهید جەمیل رەنجبەر … هەڵبژێرن …هاوڕێ کانم … شەهیدێک داوای تۆڵە دەکا بۆ شەهید وریا… کاروان … شەهید بۆ شەهیدان ومەلاغەفوور و هاوڕێ کانی … جاش … شەو … بۆسە … مردن … زمان … زەبروزەنگ … سروودی بەرەنگاری … دیوار … پێشڕەو … پەیمان … تۆران … مەرگەساتی شاعیرەکان … گورز … ئاڵا … رەشەبا …بۆرژوازی …پەند ] . کۆی لاپەڕەکان ٥٠لاپەڕەی قەوارەی بچووک بوون. نامیلکەی [تووڕەیی ی شاخەکان ] شیعرەکانی [چەند بڕگەیەک لە هۆنراوەیەکی سۆر …گرانما… ئەمەش هۆنراوەیەکی تر بۆ خەمە بەردینەکانت …ئەو پەڕی خۆشەویستی … نەمری …ئێمە … بۆ دەزگیرانەکەم … گەورەیی … بێ سنوور …تێنوێتی … بۆ گیڤارا … بۆ گڕ ناگری؟ … بجریوێنە … مرۆڤ … بە تەنیانیم … کەرکووک …شۆڕشڤان … یەکگرتن … خەمی سوور… بڕیار … سەفەر] کۆی لاپەرەکان ٢٨ لاپەڕەی قەوارەی [ئەی5]. ئەبوبەکر هەر لەو دوو بەرهەمە و کۆڵومبسەکەی نەوەستا ، بووە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی بەنرخ و وەرگێڕ دراو . دوای ڕاپەڕین و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی خوێندنی باڵای تەواوکرد و بووە مامۆستای دانیشگا . نەخۆشی شێرپەنجە سواری ملی بوو ، باوەڕم بە خۆڕاگری و ئازایی ئەو کوڕە هەژارە وابوو ئەو نەخۆشیەکەی لەناو دەبات و جارەکی تر دەکەویتەوە سەر ژیانی خۆی و دیسان کۆمەڵێک بەرهەم دەخاتە بەردەستی گەنجانی کورد . لە گەڕانەوەی نووسەر لوقمان بەرزنجی بۆ سلێمانی وهەولێر و پاشان بۆ ستۆکهۆڵم ، شەو یەکە یەکە باسی هاوڕێ یانی بۆ کردم و یەکێک لەوان ئەبوبەکری نەخۆش بوو . لە هەواڵی ئاگادارکردمەوە و کە باشە و وا بەردەوامە لەسەر وەرگرتنی داودەرمان . ئەمن سەفەری تونسم کردوو لە ئینتەرنێت خۆم دوورخستەوە و خەریکی پشوودان بووم ، ٢٩ تەموز گەرامەوە ستۆکهۆڵم . ڕۆژنامەنووس [هۆشەنگ کەریم]ی {رادیوی ئازادی} داوای لێکردم دەربارەی بۆمبابارانی ئێران وەڵامی چەند پرسیارەکی بدەمەوە و راستەوخۆ قسان بکەم ، داوەکەیم جێبەجێ کرد. نزیکەی[ ٤٠ دەقیقە] باسی ئەو کارە نامەردی یەی ئیرانم کرد . شەویش خەریکی وەڵامدانەوەی ئەو تەلەفۆنانەی ئازیز و هاوڕێ یانم بووم کە گوایە گویان لە رادیووە بووە . بەڵام کاتژمێر دەوچارەکی شەو بەکاتی هەولێر دووبارەی کردبۆ وە ، دیسان هەندەکی تر لە هاوڕێ یانم گوێیان لێگرتبوو . شەو درەنگ کاکە لوقمان بەرزنجی تەلیفونی لیدا. بە شەوباشی کاکە لوقمان کەیف خۆش بووم و پاش ئەوەی بەخێرهاتنەوەی لێکردم و باسی وتارەکەی خۆی کرد ، دەربارەی مامۆستا ئەحمەد شێخۆ وتارەکی جوانی نوسیبوو . هەواڵی دڵتەزێنی ئەبوبەکر خۆشناوی پێ ڕاگەیاندم . وای چەند جەرگ بڕ و بە سۆیە هەواڵی ماڵئاوایی ئازیزان . لە شیعر و میعران لە قسە و باسان هەردەم رقی خۆم بەرامبەر مردن ڕاگەیاندووە . هەردەم ئەو سەرکەوتووە بەسەر سۆز و هەستم و دیسان چاوانی پڕ فرمێسک کردم. جا لەو دورریە جگە لە فرمێسک بارین هیچی تر دەکرێت ، ئەویش هەر لە بێدەسەڵاتی و بەردەوام بوونی ژیانە . یادگاری یەکانی ئەبوبەکر خۆشناو هەر لە گەڕەکی سێتاقان کە دەچوومە ماڵیان و دەهاتە ماڵمان ، ئیتر وەکو شریتی فلیم دەهاتەوە بەرچاوم ، پێکەنین و قسەکانی دیسان لە گوێچکەم دەزرنگایەوە . تازە ئەو لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد هەوارگەی دامەزراند و منیش نازانم لە کوێ ئەو دنیایە . چەپکێک گوڵ بۆ سەر گڵکۆی پیرۆزی بەکر خۆشناوی تێکۆشەر و کوڕە هەژاری شاری هەولێر .
فەهد گردەوانی 16/8/2011ستۆکهۆڵم
ئەو وێنەیەم لە سایتی چاودێر وەرگرتووە و بۆخۆم مۆنتاژم کردووە .