بورھان شێخ ڕەئوف
دواجار ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کۆتایی بە ژیانی ھات و چۆن لە پێنج ساڵی ڕابردووی تەمەنی خەلافەتە کەیدا کوشتن و بڕین و تاڵانکردن و بە سەبایا کردن و تێکدانی شوێنەوارە مێژووییەکان حەڵال کردنی خوێنی ھەموو ئەو کەسانەی کە لە گەڵیاندا نەبوون , چ لە ئێزدیەکان و کریستیانەکان و شیعەکان و کوردەکان و زۆر تاوانی گەورەی تریان ئەنجام دا کە مرۆڤایەتی شەرمەزارە لە ئاستیاندا .
بەڵێ ئەوە چارەنووسی ھەموو خوێنڕێژو دکتاتۆر و گەندەڵێکە کە زوو یان درەنگ ئاکامی کارو کردەوەکانی وەردەگرێت بۆیە ھەر دەبوو چاوەڕوانی ئەو چارەنووسە بین بۆ ئەو جانەوەرە سامناکە.
کێ بەغدادی کووشت ؟
ئەمڕۆ ٢٧ی ئۆکتوبەر ٢٠١٩ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ھێزە تایبەتەکانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆری نھێنی و نەخشە بۆداڕێژاوی وردا لە ژێرناوی ((کایلا مۆلەر))دا کە دواتر بە درێژی باسی ئەو ناوە دەکەین توانیان کۆتایی بە ژیانی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بھێنن , بێگومان ناوی بەغدادی ناسراوە لە سەر ئاستی جیھان بۆ تاوان وخوێن ڕشتنەکانی , کە شوێنێک نەما لەم جیھانە دەستی تاوانی نەیگاتێ , لە خۆر ھەڵاتەوە بۆ خۆر ئاوا, لە باکورەوە بۆ باشوری زەوی .
ترەمپ زانیاری زیاتری لە سەر چۆنێتی کوشتنی بەغدادی خستە ڕوو وتی : ھەڵھات بۆ تونێلێکی تاریک کە دەرنەدەچوو و سەگ دوای کەوتبوون , بۆیە خۆی تەقاندەوە بەو چاکەتە بۆمبڕێژکراوەی کە لە بەریدا بوو خۆی و سێ منداڵ کەلە گەڵیدا بوون کوژراو تونێلەکەش ڕووخا بەسەریدا تەرم و لاشەکەشی شێوا و لەت و پەت بوو.
کێ ھاوکار بوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا ؟
ترەمپ ڕایگەیاند کە کوردەکان مەبەست کوردانی خۆرئاوا ھاوکار بوون و زانیاری پێویستیان پێداون و بۆیە زۆر سوپاس و ستایشی کردن , لە ھەمان کاتدا وتەبێژی ھەسەدەش ڕایگەیاند کە ئۆپەراسۆنێکی ھاوبەش بووە لە نێوان ئەوان و ھاوپەیماناندا , لە لایەکی ترەوە ترەمپ سوپاسی ڕوسیای کرد کە بوار ی ئاسمانی سوریای بۆ کردونەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە , بەڵام ڕووسەکان ئەوەیان ڕەتکردەوە کە ئاگادار ی ئەو ئۆپەراسیۆنە بووبن .
لە لایەکی تریشەوە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند کە دەزگای ھەواڵگری سەربازی عێراق ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە لە چاودێری و دەستنیشانکردنی شوێن و پەناگەی بەغدادی دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک ساڵ تیمێکی تایبەت بە وردی بەدواداچوون و چاودێری وردیان کردووە تا لە نزیک ئەدلب شوێنەکەی دیاری کراو و بە ھەماھەنگی لە گەڵ ئەمریکیەکان ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام درا .
قازانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ترەمپ
پێدەچێت ئەم کوشتنەی بەغدادی لەم کاتەدا سوودو کەڵکی باش بە سەرۆک ترەمپ بگەیەنێت لەو پرۆسەی لێپێچینەوەی کە دیموکراتەکان دەستیانداوەتی َ لە دژی ترەمپ .
بۆ ناوی ئۆپەراسیۆنەکە نرا ( کایلا مولەر)
کایلا مولەر ئەو کچە ئەمریکیە یە لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٨ ولایەتی ئەریزۆنا, چالاکوانی مافی مرۆڤ و , وەکو خۆبەخش و چالاکوانی مەدەنی لە بواری یارمەتی مرۆڤایەتی دا کاری دەکرد , لەلایەن داعشەوە ڕفێنراو وەکو بارمتە دەستبەسەرکرا لە حەڵەب لە ساڵی ٢٠١٣لە نەخۆشخانەی پزیشکانی بێ سنوور و دواتر لە ٦ شوباتی ٢٠١٥ کوژرا .
ئەوەی لە سەر زاری دایک و باوکی کایلا مولەرەوە باسی کراوە کە بۆ میدیاکانی ئەمریکا قسەیان کردووە بە تایبەتی بۆ تۆڕی ABC ئەوەیە کە کچەکەیان ئەشکەنجە دراوەو و دەستدرێژی سیکسی کراوەتە سەر لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە .
بۆیە ئێستا دوای چوارساڵ ئەمریکیەکان لە کوژران وتیرۆر کردنی ئەو ھاوڵاتی یەیان کە گێڕانەوەی جۆراو جۆر ھەیە لە سەر شێوازی کوشتنەکەی , بە ھەقی خۆیانی دەزانن سزای ئەو تاونبارە بدەن و تۆڵەی کایلا مولەر و ھەزاران خەڵکی تری بێ تاوان لە عێراق و سوریا لە سەری یەکەمی داعش بکەنەوەو ئەو ئۆپەراسیۆنە بەناوی کایلا مۆلەری مرۆڤ و ئازدیخوازو چالاکوانی مەدنی یەوە بنێن .