سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەموو زمانێکی شیعری، ھەڵگری بونیادێکی واتاییە، بەو مانایەی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەگەر لە ئاستی دەربڕین و فۆڕمیشدا مانایەکی دیاریکراوی ھەبێت، ئەوا ھەمان ئەو زمانە دەشێ لە چەندین دەلالەتی دیکەی زمانەوانی بیخوێنینەوە.بێگومان ھەموو دەقێک ھەڵگری مانایەکە، بۆیەشە لە ڕێی زمانەوە ئەو مانایە دەگەیەنرێت.زمان لە دەقی ئەدەبیدا، ھەمان ئەو زمانە میللییە نییە، کە دەشێ بە ئاسانی لە ماناکەی بگەین، بەڵکو دەتوانین ھەمان ئەو زمانە بە چەندین مانا بارگاویی بکەین. یەکێک لە ئەرکە بنچینیەیەکانی زمان گەیاندنە، بگرە زمان خۆی، وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندی و گۆڕینەوەی بیروڕا، ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و گوتارێکە بۆ ئەویتر. لێرەوەش گەر لە ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەکەی زماندا، تەنێ گەیاندنەکە مەبەست بێت، ئەوا لە زمانی نووسیندا، شێوە و چییەتی و چۆنیەتی ئەو گەیاندنەش لە فۆڕمە دیارەکانی زمانە، چونکە زمانی دەق، زمانێکی مانایی، ھونەریی و ئستاتیکییە و نابێ بە ھەمان فۆڕمی کۆمەڵایەتییانەی زمان، لە میانەی پەیوەندی ئاسایی کۆمەڵایەتی بەکاربێت، ھەر ئەمەشە نووسین لە زمانی ئاسایی جیا دەکاتەوە، چونکە نووسین بە مانای داڕشتن و ڕێکخستن و بەواتاییکردنی زمان. لەو ڕوانگەیەوە، گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێکی زۆر لە نووسەران بدەین، دەبینین ڕەچاویی ئەو ڕێکخستنە ھونەریی و مانایەی زمان ناکەن و تەنھا لە ڕووکاری دەرەوەدا، سەرنجی زمان دەدەن، کە ئەمەش ھەڵەیە و جۆرێکە لە درک نەکردن بە ھونەری بەرجەستەکردنی زمان لە دەقدا. بۆ نموونە: ھاوڕێیەکەم، کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی (لێرە ڕۆژ بێ تام درێژە ) بڵاوکردۆتەوە. ئەم ناونیشانە لە ئاستی فۆڕمی زماندا دیارە مەبەستەکەی ڕوونە، بەڵام گەر بپرسین تامی ڕۆژ چۆنە؟! ئەوا بێگومان ئەم ناونیشانە ناتوانێت، دەلالەتی واتایانەی خۆی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بگەیەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا ڕۆژ تامی نییە و تامکردن پەیوەندی بە ھەستەکانەوە ھەیە و ھەستەکانیش دەبێ ئەزموون بکرێن، ئەوکات دەردەکەوێت پەیوەندی ئێمە بە شتەکانەوە لە ڕووی ھەستییەوە چۆنە. ھەڵبەتە زمانی شیعری، زمانی سمبولی و مەجازییە، بەڵام دواجار ئەوەی لە دەق بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی بوونی ھەیە مانایە، بەو پێیەی خوێنەر لە پاڵ چێژ و جوانی زمان، مانای بەلاوە مەبەستە، لێرەوەش ئەم ناونیشانە شیعرییانە ناکەوێتەوە. گەر لە بری تام وشەی (بێ ئەندازە ، یان بێ سنوور درێژە) بەکارھاتبا، ئەوا مانای شیعرییانەی خۆی دەگەیاند، بەو پێیەی ڕۆژ دوانزە کاتژمێرە و ئەو ڕۆژەی شاعیریش وەسفی کردووە، لە دوانزە کاتژمێر زیاترە، بەمەش پێوانەی زەمەن و پێوانەکردنی کات لە ڕووی واتاییەوە ھاوواتا دەبوو لەگەڵ ناونیشانە شیعرییەکە، پێچەوانەی تام، چونکە زەمەن پێوانە دەکرێت و چوارچێوەیەکی فیزیکی و مێژوویی ھەیە و ئەمە لە کرداری ھەستی تامکردندا بوونی نییە. گریمان گەر لە بری ڕۆژ، ڕۆگاریش بەکارھاتبا، ناونیشانەکە زۆر جوانتر و پڕ ماناتر دەبوو، چونکە زۆرجار دەگوترێت، ڕۆژگارێکی تفت و تاڵمان بە سەر برد، بەڵام ھەرگیز ناڵێین، ڕۆژێکی تفت و تاڵمان بە سەر برد، چونکە لە ڕۆژگاردا زەمەن کراوەیە، بەڵام لە ڕۆژدا دیاریکراوە و داخراوە، چونکە دوانزە کاتژمێرە، بەو پێیەی شەو و ڕۆژ بەسەر یەکەوە بیست وچوار کاتژمێرە.
*ئەم بابەتە لە ھزروھونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(٢٤٤) لە ١٩/٢/٢٠٢٦ بلاچوکراوەتەوە.











































































Discussion about this post