حەمەسوار عەزیز : لەم دەڤەرەی ئێمە بۆتە کارێکی باو ھەمیشە ھەندێک شانۆکار بەھانە بۆ فەشەڵ و سەرنەکەوتنی خۆیان بێننەوە، لەوەش ئاسانتر نییە ھەرکەسێک ووشەیەکی دەربارەی نمایشێکی ئەو بەڕێزانە درکاند و لەگەڵ میزاجی ئیبداعی ئەوان یەکنەگرێتەوە، کۆمەڵێک توھمەو ناوو ناتۆرەی بۆ دروستبکەن، تەنھا بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی بسەڵمێنن کە ئەوان داری
زۆر بەرزو بەردارن و خەڵک وەک ناحەزێک ھەمیشە بەردیان تێدەگرێت.
دوای گەڕانەوەم لە ڤیستیڤاڵی شانۆی ئامەد لە پاشکۆی ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ وتارێکم بڵاوکردەوە لەژێر ناوی ” سێ نمایش لە ڤیستیڤاڵ شانۆی ئامەددا”، کە تیاییدا بە کورتی باسی سێ نمایشی شانۆیی ئەو ڤیستیڤاڵەم کرد، دواتریش لەبەرنامەی “پەیڤ” لەتەوەرێکی ئەو بەرنامەیە باسی ھەندێک نمایشەکانی ڤیستیڤاڵم کرد لەنێویاندا ئەو نمایشانەش کە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ڤیستیڤاڵە بانگھێشتکرابوون.
پاش ئەوەی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەمانە تێپەڕی سەرسەمام بووم کە بینیم برای بەڕێزو ھاوڕێی ئازیزم (گۆران عەلی کەرێم) کە دەرھێنەری یەکێک لەو نمایشانە بوو لە وتارێکدا لە ژێر ناوی (نمایش و ئەویتر) زۆر بەتووندی ھێرشدەکاتە سەر من و کۆمەڵێک توھمەو تانەی ناڕەوا دەخاتە پاڵم کە دڵنیام خۆی بەر لە ھەموو کەسێک بڕوای پێیان نییە.
من سەرەتا دەبێ سوپاسی بکەم چونکە ئەو ئەگەرچی لە وتارەکەی کۆمەڵێک ووشەو دەستەواژەی نەگونجاوی بەکارھێناوە کە دڵنیام لە ئاستی ئەدەب و ھزری ئەم ھاوڕِێیەم زۆر نزمترە، بەڵام زۆر سوپاسی دەکەم کە دەرفەتی پێدامەوە جارێکی تر قسە لەسەر ئەو وەھمە بکەم کە ھەندێک شانۆکاری کورد تێیکەوتوون و خۆیان لێ گۆڕاوەو وادەزانن ئەوان (ساموێڵ بێکیت) ی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوون، بەڵام بینەری ئێمە ئەوەندە نەخوێندەوارو جاھیلن لە نمایشە ئیبداعییەکانی ئەوان سەر دەرناکەن، بۆیە ڕەنگە پاش دەیان ساڵی تر ئینجا ئێمەی بینەرە نەخوێندەوارەکان بەھاو قەدری ئەو داھێنەرە مەزنانە بزانین و پەنجەی پەشیمانی بگەزین.
سەرەتا کاکە گۆران من بەوە تاوانبار دەکات کە ڕەخنەم نەگرتووەو ھێرشم کردۆتە سەری، منیش دەڵێم بۆ ڕاست و دروستی ئەو قسەیە بابەتەکە ماوە لە کوردستانی نوێ و چەند سایتێک بڵاوکراوەتەوەو خوێنەرانی بەڕێز دەتوانن بۆی بگەڕێنەوە، ئینجا دەردەکەوێ ئەوە منم ھێرشم کردووە یا کاکی دەرھێنەر خۆی لێگۆڕاەوەو پێیوایە ئەو کەسێکە لەسەرووی ڕەخنەوەیەو بەو چەند دیرە کە ستایشی و پیاھەڵدانی جەنابیانی تیادا نییە، ئاسمانی لەبەرچاو تاریک دەبێت و بە ئسلۆبێکی زۆر نزم تۆمەت دەبەخشێتەوە کە ھەرگیز بڕوا ناکەیت ئەمە ئاستی بیرکردنەوەی مامۆستایەکی پەیمانگای ھونەرەجوانەکان بێت و ساڵانە سەدان خوێندکار پەروەردە بکات.
لە شوێنێکی تردا دەڵێ “کەسی ڕەخنەگر شاشەی ئۆپۆزسیۆن تووشی حەماسی ناکات” یا دەڵێ “ئەمجۆرە کەناڵانەی ئۆپۆزسیۆن وێنەیەکی تری کەناڵی دەسەڵاتن”، بۆ یەکەمیان دەڵێم کاک گۆران وتارەکەی من لە کوردستانی نوێ ماوەیەکی زۆر پێش دیدارەکەی کەناڵی (knn) بڵاوکرایەوە، لە بەرنامەکەش ھەمان بۆچوونەکانی نووسینەکەی کوردستانی نوێم دووبارەکردۆتەوەو شاشەکە حەماسی زیاد نەکردووم، بۆ بڕگەی دووەمیش کە جەنابت ئەوەندە ڕقت لە کەناڵەکانی دەسەڵاتەو کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێدەچوێنیت، خێرە براکەم ماوەی چەندین ساڵە لە کەناڵی گەلی کوردستان بەرنامە ئامادەو پێشکەشدەکەیت و پارە وەردەگرێت، کەبەڕێزت تا ئەو ڕادەیە کەناڵەکانی دەسەڵات و پۆپۆزسیۆن بە قێزەون دەبینیت، باشتر نەدەبوو ئەم قسەیەت بەکردار بسەڵماندبایەو کارت لەو جۆرە کەناڵانە نەکردبایە، بەڕێزت ئەوە بە دووفاقی و ئیزدیواجیەت نابینی لە کارەکتەری خۆت کە بڕوات بە کەناڵێک نییە کەچی کاری بۆ دەکەیت و پارەی لێوە وەردەگریت.
لەبڕگەیەکی تردا کاک گۆران زۆر بەوە سەخڵتە کە من ووشەی (لاواز)م بۆ ئاستی ھەر سێ نمایشەکەی باشوور بەکارھێناوە، منیش پێموایە ڕاست دەکەی چونکە ووشەی دروست ئەوەیە کە بڵێم (ئاست نزم) بوون، بەڵام من ھەندێجار لەنێوان چەند زاراوەو دەستەواژەیەکدا کە ھەمان تێگەیشتن ببەخشن ھەوڵدەدەم ئەوە ھەڵبژێرم کە دەزانم ئازاری بەرامبەرەکەم نادات، بۆ ئەوەش کە ھۆکارەکانی ئەو لاوازییەم روون نەکردەوە لەم بەرنامەیە لەبەر ئەوەبوو کە من لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەدیدگای خۆم باسی ھەندێ لە ھۆکارەکانم کردبوو نەمویست دووبارەیان بکەمەوە لە بەرنامەیەکی (٢٥) دەقەیی کە زیاتر لە حەوت تەوەری تیادا باسکرا.
لەشوێنێکی تردا ڕەخنە لەوە دەگرێت کە من گوتومە کە نەدەبووایە ئەم نمایشە لاوازانە(ئاستنزمانە) بۆ ڤیستیڤاڵە کە بەرین و پرسیار دەکات ئەمە کەی پەیوەندە بەمنەوە ھەبووەو من چی بووم لەو ڤیستیڤاڵە؟ بۆ وەڵامی ئەمەش دەڵێم ئازیزم کاک گۆران ئەوە من بووم کە بەڕێزت و شانۆگەرییەکەتم پاڵاوت بۆ ئەوەی وەک نوێنەری باشوور لەم ڤیستیڤاڵە بەشداری بکەیت، بۆ ڕاستی و دروستی ئەمەش دەتوانی پەیوەندی بە (موحسین عوسمان)ەوە بکەیت، ئەمەش ھەموو ئەو گوتارە دوورودرێژەی جەنابت ڕەتدەکاتەوە گوایە ئێمە پێش ئەوەی بچینە نێو ھۆڵی نمایش بڕیاری پێشوەختە لەسەر نمایشەکان دەدەین، من ئەگەر جگە لەڕێزوخۆشەویستی شتێکی ترم بەرامبەر بەڕێزت ھەبووایە، پێشنیازی بردنی ئەو نمایشەی جەنابتم نەدەکرد، زۆریشم پێخۆشە لەداھاتوودا بەھیچ سەرنجێک فشاری خوێنت بەرز نەبیتەوەو توھمە بۆ خەڵک نەچنیتەوە، چونکە من بینەرێکی ئەو نمایشەم و مافی خۆمە گوزارشت لە سەرنجەکانی خۆم بکەم و ھیچیش بەلامەوە گرنگ نییە تۆ چاوەڕێی چیت لەمن دەکرد، چونکە ھاوڕێیەتی من و تۆ شتێکەو قسەکردن لەسەر کاری ھونەری شتێکی ترە، من ناشزانم ئەگەر من ئەوەندە جاھیل و بێ مەعریفەتم بۆ دوای نمایشەکە داوات لێکردم کە سەرنجەکانی خۆمت پێبڵێم.
ئەی باشە ھەموو خەڵکی سلێمانی و ھەموو ئەوانەی دیاربەکریش جاھیلن و لەشانۆ ناگەن، بۆ ناوی چوار کەسم پێناڵێی کە چێژی لە نمایشەکەت وەرگرتبێت و بەکارێکی جوان و سەرکەتووی لە قەڵەمدابێت، ئەوەتا ھەموو میدیاکانی ئەم وڵاتە، ئەگەر نمایشەکەی بەڕێزت ئەوەندە نمایشێکی پەسەندو چێژبەخش بوو، بۆ ھەر بۆ نمونە چوار ووشەی چەند شانۆکارێک ناخەیتە سەر کاغەز کە نمایشەکەی تۆیان لا پەسەندو داھێنەر بووە.
لەجێگایەکی تر گۆران ڕەخنە دەگرێت کە وتوومە “ئامادەنەبوونی کارەکتەری دراماتۆرگ
وایکردووە کەڵێنێک لەنێوان دەرھێنەرو تێکستدا ببینرێت”،بێئەوەی باس کاری دراماتۆرگ بکەم، من پێموایە ئەو مامۆستای پەیمانگایەو زۆر لە من باشتر دەزانێت کاری دراماتۆرگ لە شانۆدا لە ھەموو قۆناغەکانی دروستکردنی کاری شانۆیی چییە، بۆیە من باسی ئەوەشم نەکرد چونکە لە کۆتاییدا گوتاری ڕەخنە رووبەرووی شانۆکاران و توێژێکی بژاردە دەکرێتەوە، بۆیە کارێکی نۆرماڵە کە شانۆکار لە پێناسەو ئەرکەکانی دراماتۆرگ باش تێبگات، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەم وڵاتە ئەوەیە کە دەرھێنەر خۆی لێ دەبێتە خودای نمایش و ئامادەنییە ھیچ جۆرە بەرچاوڕوونیەک لەکەس وەربگرێت، بەڕاستی ئەو وەزیفەیەی دەرھێنەر لەم وڵاتەدا ھەیەتی لە ھیچ فەرھەنگێکی شانۆکانی دونیا جێگەی نابێتەوە، من پێموایە شانۆ لە کۆتاییدا کارێکی بەکۆمەڵەو دەرھێنەریش وەک سەرکردەی کەشتی ھەموو ئەو دیگاو تێڕوانینە جیاوازانەی کارەکتەرانی نمایش (نووسەر، ئەکتەر، دراماتۆرگ، سینۆگرافەر، ئەندازیاری ڕوناکی، موزیسیان، جل وبەرگ، …تاد) کۆدەکاتەوەو لەنێو تێکستی تایبەتی خۆی جێگەیان بۆ دەکاتەوە یا بەپێی فەلسەفەی کارکردنی لە نمایشەکەی تەوزیفیان دەکات.
لە شوێنێکی تر باس لەوە دەکات کە من چۆن جورئەت دەکەم بڵێم ” بینەر لەم جۆرە نمایشە کە سەراپای دیالۆگی دورو درێژە ھەست بەوەڕسبون دەکات ئەگەر دەرھێنەر دیدگایەکی رونی نەبێت لە بیناکردنی نمایشەکەی و بکەوێتە نێو تەلبەندی تێکستی نوسەرەوە”، دەشلێت نەخوێندەوارترین کەس ئەم قسەیە ناکات،منیش دەڵێم ئازیزەکەم کاک گۆران ئێمەی بینەر بۆ ئەوە ناچینە نێو ھۆڵی شانۆ تا ئەکتەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی نمایش خەریک بێت تێکستی شانۆییەکەمان بۆ بخوێنێتەوە، ئێمە ھەرچەندە نەخوێندەوارین بەڵام ئەوەندە ووشەو پیتەکان لیک جیادەکەینەوە کە بتوانین تێکستەکە لە ماڵەوەش بخوێنینەوە، بەڵام کاتێ دەرھێنەرێکی وەک بەڕێزت کۆمەڵێک ئەکتەری گوناح و بەستەزمان دەخاتە سەرشانۆو وەک بەبەغا بۆ ماوەی یەک سەعات و نیو ووشەو ڕِستەو دەستەواژە فڕێدەدەن، بێئەوەی دەرھێنەر بتوانێت ئەم ووشانە لەنێو پێکھاتەی نمایشەکە تەوزیف بکات و بەچەند جوولەیەکی سەرلێشێواوی دووبارە بێ ئەوەی ھیچ مەغزایەکی مەنتیقی و جوانکارییان ھەبێت نمایشەکەی تەژیبکات لە ھاتوھاواری بەردەوام و جوولەی بێ بنەماو سینۆگرافیایەکی تەوزیف نەکراو کە ھەمیشە بارستایی و بارگرانی بێت بەسەر نمایشەوە، پێمبڵێ بینەر چۆن وەڕس نابێت.
باشە من حوکمی پێشوەختەم لەسەر نمایشەکەی بەڕێزت ھەبووەو ھەر ویستوومە نمایشەکەت بشکێنم، باشە ئازیزم خۆ شانۆکارانی ئامەد حوکمی پێشوەختەیان نەبووە، بۆ ناپرسی بۆ کۆمەڵە شانۆکارێکی ئەوێ دەڵێن “ئەگەر ئێوە میوان نەبووان لە نیو سەعاتی یەکەم ھۆڵەکەمان بەجێدەھێشت”، من لە ھەولێر شانۆم بینیووە کە ماوەکەی دوو سەعات بووەو مەنەلۆگی تیادابوو کە ماوەکەی زیاتر لە ١٥ دەقیقە بوو، نمایشەکەش لە ناوەڕاستی مانگی شەش لە ھەولێر بە ئامادەبوونی تەنھا ١٥ بۆ ٢٠ بینەر نمایشکراوە، کە خۆت دەزانی ئەو کاتە چەند گەرمە و ھۆڵەکانی لای خۆشمان لەڕووی خزمەتگوزاری ساردو گەرمەوە چەند ھەژارن، کەچی دوای ئەوە لە من بابەتێکی دوورودرێژدا باسی جوانیەکانی ئەو نمایشەو ئەدای ئەکتەرەکانیم کردووەو ھەرگیز باسی وەڕسبوونم نەکردووە بەھۆی درێژی دیالۆگ، ئێمە نمایش و دیالۆگ بە بست و مەترو دەقیقە ناپێوین، ئێمە نمایش بە پێوەری جوانکارییەکانی بینین و بیستن دەپێوین و ئەو نمایشانەش پەسەند دەکەین کە ھەموو ھەستەوەرەکانمان پڕدەکەن لە چێژو ئاوێتەبوون و تێربوون.
بەداخەوە لای ئێمە نشوست ھێنان لە ئەزموونێکدا کوفرێکی گەورەیەو ھیچ کەس نییە بچێتە ژێرباڵییەوە، دەنا زۆر ئاساییە کە دەرھێنەرێک کارێکی وەک پێویست نەبێت و ھیچ کاریگەرییەک لای بینەر بەجێنەھێلێت وەک نمایشی (کالیگۆڵا)ی کاک گۆران، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ئەو بەڕێزە پێیوابێت ئەو داھێنانی کردووە بەڵام ناحەزانی وەک ئێمە چاومان پێی ھەڵنایەت، بۆیە کاکی دەرھێنەر لە کۆتایی وەڵامەکەی کۆمەڵێک ووشەی بریقەدار فڕێدەدات گوایە ئەو ویستویەتی دەقەکە بەشێوەیەک داڕێژیتەوە کە خۆی ووتەنی “ھەر دەرھێنەرێک دەقێک ھەڵدەبژێرێت بۆ نمایشکردن بێگومان لە دیدگاو پرسیاری خۆیەوە نزیکە یاخود وا دەکات کە دەق بکات بە پرسیاری سەردەمی خۆی,یەکێک لەئەرکی ئێمە وەک نمایشکار ئەوەبوو کە دەق لە دونیای کۆمەڵگای کوردی نزیک بکەینەوە واتا پرسیارمان پرسیاری مرۆڤی کوردبێت گەر کەسێک بە گوێی داخراو چاوی نوقاوەوە ھاتبێتە ناو نمایشەکەوە ئەوا بێگومان ھیچ تێنەگەیشتوە”، جارێ من نازانم لەکوێی ئەم نمایشەی کاک گۆران پرسیارەکان پرسیاری مرۆڤی کورد بوون، ئایا پێویست دەکات ھەموو نمایشە شانۆییەکان ھەڵگری پرسیاری مرۆڤی کورد بن؟ شانۆ ھەڵگری پەیامێکی مرۆڤایەتی گشتگیرە، شانۆکارەکانی وەک شکسپیرو برێخت و مایرھۆڵدو بیکێت و کامۆو بڕۆک ھەوڵیان نەداوە کە پرسی شانۆکەیان تایبەت بکەن بە نەتەوەکانیان تا بەڕێزت ئەو کارە بکەیت، دواتر شانۆکار ئەوە نییە کەسێکی زیرەک و رۆشنبیرو ووشەڕێزکەر بێت، بەڵکو ئەگەر شەش دکتۆراشی لەسەر شانۆ ھەبێت و لە گەورەترین زانکۆکانی دونیا وانەی شانۆ بڵێتەوە، ئەگەر ئەو مەعریفەیەی ھەیەتی تەنھا ووشە ڕێزکردن بێت و لە بەرھەم و کارەکانی ڕەنگ نەداتەوە، چ جیاوازی ھەیە.
بەڕێزت باس لە بیناکردنی تێکستی دەرھێنەر دەکەیت لەسەر تێکستی نووسەر ئەمە قسەیەکە من نامەوێ لە رۆژنامەو گۆڤارێکدا لەتۆی ببیستم و بیخوێنمەوە، من دەمەوێ لە خودی نمایشەکەت ئەوە ببینم، چونکە ئەرکی تۆ وەک دەرھێنەر ئەوە نییە بڵیی من ئەوەم کردووە، دەبێ نمایشەکەت ئەوە بڵێت و بینەرو وەرگر حوکم لەسەر ئەو حەقیقەتە بدەن، ھەرچەندە لای بەڕێزت ھەموو بینەری کورد نەخوێندەوارەو ھەمووشی حوکمی پێشوەختە لەسەر ئیشی تۆ دەدەن بۆیە بڕوام بەوە نییە تۆ بایەخ بەدیدگاکانی بینەر بدەیت، ئەوەتا ھەرخۆت دەڵێی “دوو بۆچوون بۆمن وەک و یەک وان, ئەوەی کەسێک پێمبڵێت دەستت خۆشبێت ئەوەی کەسێک پێمبڵێت دەستت بشکیێت”.
لەشوێنێکی تردا تۆمەتبارم د ەکات کە من قسە لەسەر زەوی کشتوکاڵی دەکەم دەنا چۆن ووشەی (ڕەق و وشک) بۆ ئەدای ئەکتەرەکانی نمایشەکەی گۆران بەکاردێنم، لێرەدا ببورە من خەڵکی ھەولێرم لە ھەولێریش ئەگەر کەسێک لە جوولەکرنا نەرم ونیان نەبێت بۆیە پێیدەڵیین (جەستەی ڕەق بووە)، پێشموانییە لە سلێمانی ئەمە ئەوەندە نامۆ بێت، یا ووشەی “ووشک” کە گوزارشتێکە بۆ ڕوخسارو شێوازی قسەکردنی مرۆڤەکان بەکاردێت، بۆیە من تێناگەم کاک گۆرانی ھاوڕێم بۆ لەم دوو ووشەیە ئەوەندە قەڵس بووە، نالی شاعیریش دەمێکە وتوویەتی “کەس بە ئەلفازم نەڵی خۆ کوردییە خۆکردییە…ھەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا”، ھەرچەندە من دڵنیام ئەکتەرەکان لەژێر پاڵەپەستۆی ئەو دیدگا شێواوەی دەرھێنەر تووشی ئەم حاڵەتە بوون کە وایکردبوو ئەکتەرەکان ھەموویان لەیەک بچن و لەجیاتی ئەوەی ڕەگەزی کاریگەری نمایش بن، وەک بووکەڵە کرابوون بە پاشکۆی خەیاڵە بەربادەکانی دەرھێنەرو ھەستمان دەکرد دەرھێنەر بە پەتێکی زۆر ئەستوورەوە ھەمووانی کۆت و بەند کردووەو لەسەر شانۆ بەدوای سێبەرە تاریکەکەی خۆی ڕایاندەکێشَێت.
برادەرێکم ووتی بەدرێژایی مێژووی شانۆ لە کوردستان، زۆرینەی ئەوانەی کە قسەیان لەسەر نمایشەکان کردووە جا بینەربن یا ڕەخنەگر لە ھەولێر سەریان ھەڵداوە، من نامەوێ وەڵامی ئەم پرسیارە ببەستمەوە بەم وتارە پڕ دەمارگرژییەی گۆرانی ھاوڕێم، چونکە پێموایە وەک چۆن خەڵکێک لە ھەولێر کار دەکات و ئامادەگی قەبوڵکردنی ڕەخنەی تیایە، بە ھەمان شێوەش لە سلێمانی شانۆکارانی ئەوێ کە ئیش دەکەن ئاساییە ئیشەکەیان ببێتە مایەی قسەو باس و مەرجیش نییە ھەموو دیدگاو تێڕوانینەکان لەبەرژەوەندی نمایشەکەی ئەوان بشکێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە قسەی بینەرەو لەبەرژەوەندی شانۆکار و ڕەوشی شانۆ دەشکێتەوە.
لەکۆتاییشدا حەز دەکەم ئەوە بڵێم من ھەرگیز خۆم بە ڕەخنەگر ناوزەد نەکردووە، چونکە ئەوە ئیشی ئەوانی ترە ئەو سیفەتە یا ھەر سیفەتێکی تر بەکەسەکان ببەخشن، بۆ نەخوێندەواریش زۆر ڕاستە من تا سەر ئێسقان خۆم پێ نەخوێندەوارە، چونکە ئەگەر نەخوێندەوار نەبم ھەوڵی فێربوون نادەم و ھەرگیز ناتوانم زیاتر بزانم، سوقراتیش زۆر دەمێکە وتوویەتی “جیاوازی من لەگەڵ خەڵکی ئەسینا ئەوەیە من دەزانم کە ھیچ نازانم، بەڵام ئەوان نازانن ھیچ نازانن”.