ئازاد نجم / ڕانیە : بەفر ، وردە وردە دەباری. کلوە بەفرەکان ، بەسەمایەکی تایبەتەوە – کە ھەر خۆیان دەیزانن – ھێدی ھێدی دەھاتنە خوارێ. زەوی و شەقام و دار و درەختەکانیان بەڕەنگی سپی ، داپۆشیبو. جار جار ، بایەکی توندی سارد ، بە قینەوە ھەڵیدەکرد و ڕیتمی سەمای کلوە بەفرەکانی دەشێواند و ڕایدەماڵین و دورتر لەو شوێنەی کە بڕیاربو کۆتایی بە سەما ئەفسوناویەکەیان بێت ، دەیخستنە خوارێ.
( م ) ، لەنێو خاڵی چاودێریەکەدا ڕاوەستاوە. تفەنگەکەی بەشانەوە و ھەردو دەستی خستۆتە گیرفانیەوە. لەپەنجەرە چکۆلەکەوە ، ھەرجارەو سەیری لایەک دەکات. لەسەرمان خۆی کورژ کردۆتەوە و بەبێ ئۆقرەییەوە چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی ماوەی پاسەوانیەکەیەتی. بڕیاربو دوای نۆرە ئێشکی خۆی ، ھاوڕێکانی – کەھەمویان لەخەودا بون – مەرەخەسی کەن و بڕواتەوە ماڵ. مەگەر تەنیا لەئامێزی گەرمی ژنەکەیدا بتوانێ ئەم سەرما نەفرەتیە فەرامۆش بکات و گەرم دابێتەوە. ( م ) وا ھەستیدەکرد کە کات و ساتەکان ھەمیشە دژی مرۆڤن. ئەو ساتانەی چێژ بەخشن و مرۆڤ حەز دەکا زیاتر چێژیان لێوەرگرێ ، ھەر لەخۆڕا تێدەپەڕن و ساتە دژوار و ناخۆشەکانیش وەک لاستیک دەکشێن و کۆتاییان نایە.
جگەرەیەکی داگیرساند و سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد. بیست خولەکی تر دەگەڕێتەوە ماڵ. ماڵێکی گەرم و گوڕ ، ئارام ، بێدەنگ ، ناچار نابێت تا بەیانی تفەنگەکەی بخاتە ژێر سەرینەکەی. یان لەشیرن خەودا بۆ دەسگیر کردنی تاوانبارێک ڕایپەڕێَنن. یان چەند کاژێرێک بە چاوی خەواڵوەوە ئێشک بگرێ.
بەبیرداھاتنەوەی ماڵ ، بۆخۆی دڵگەرمی و ئومێدێک بو. لەم کاتەدا لەناکاو گوێی لە دەنگی پێیەک بو. ھەستی ڕاگرت ، دواتر لە نێو خاڵی چاودێریەکە ھاتەدەرێ و سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد ، بەڵام ھیچی بەرچاو نەکەوت. لەدڵی خۆیدا گوتی لەوانەیە پشیلەیەک ، یان یان سەگێکی بەرەڵڵا بوبێ. بەسێ چوار ھەنگاوی خێرا ، گەڕایەوە نێو خاڵی چاودێریەکە و دەستەکانی لێک خشاندن و بە فو گەرمی کردنەوە. سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستی کرد و بینی ماوەی ئێشک گرتنەکەی تەواو بوە. خێرا بەرەو ژوری نوستەنەکەیان ڕۆیشت و (ن ) ی ھاوڕێی – کەبڕیاربو دوای ئەم ئێشک بگرێ – لەخەو ھەستاند و بۆ خۆشی چوە دەرەوە تا ئەو خۆی ئامادە دەکرد.
دوای ماوەیەکی کورت ، ھاوڕێکەی ھات و ئەمیش خواحافیزی لێکرد و بەرەو ماڵ – کە ھەر چارەکە ڕێیەک لە بنکەکەیانەوە دور بو – کەوتەڕێ. بەفریش ھەروا دەباری.جل و بەرگەکانی ئەمیش وردە وردە ڕۆحی بەفرەکەیان ھەڵدەمژی و تەزویەکی ساردیان بەجەستەیدا دەھێنا. کەوتەوە یادی ئەو بەڵێنەی کە بە کوڕە تەمەن شەش ساڵانەکەی دابو. بەڵێنی دابویە کاتێ موچەی وەرگرت ،پاسکیلێکی جوانی بۆ بکڕێ. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی دڵی لەخۆی دانەمێنێ دەبوایا شتێکیش بۆ کچەکەیان – کەھەمیشە ڕەنگ زەرد و نەخۆش بو – بکڕێ. دڵی بە ژنەکەی سوتا کە ھەمیشە شەکەت و ماندو بو بەدەست پەروەردەکردنی منداڵەکانەوە.
بەدەم ئەم بیرکردنەوانەوە ، کاتێ بەخۆی زانی گەیشتەوە بەر دەرگای ماڵ. بەدەستە سڕبوەکانی کلیلەکانی لەگیرفانی ھێنایە دەرێ و خستیە نێو قفڵەکە و چەندجارێک بایدا و بۆ ئەوەی نەکات ، بەھێواشی دەرگاکەی کردەوە و خۆی بەحەوشەدا کرد و پێڵاوەکانی لەترسی تەڕبون ، لەپەنایەکدا دانا ، بە ھێواشی چەشنی دزێک ھەنگاوی دەنان. بەسپایی دەرگای ژورەکەی کردەوە. بەڵام جگە لە منداڵەکان – کە بەتەنیشت یەکترەوە نوستبون – کەسیتر لەژورەکەدا نەبو ، تەزویەکی سارد بەجەستەیدا ھات ، دڵی کەوتە تەپە تەپ ، لەدڵی خۆیدا گوتی حەتمەن شتێکی ناخۆش ڕویداوە ، بەخێرایی بەرەو ژورەکەی تر ھەنگاوی ھەڵێنا ، بەخێرایی دەستی بۆ دەسکی دەرگاکە درێژ کرد. دەرگاکە کلیل نەدرابو ، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا ،پیاوێکی بینی لەباوەشی ژنەکەیدا خەوتبو.