50 ساڵ لەوەو پێش باوکم بە جێی هێشتین،بەڵام هێشتا بۆن و بەرامەی باوکم نزیکە لێمەوە،بەم تەمەنەوە هێشتا بیری باوکم ئەکەم!
باوکم وەك گڵۆپی ناو سەلاجەکە وابوو، ( سەلاجە) بەفرهەڵگری هەموو ماڵێك گڵۆپێكی تێدایە بەڵام کەس نازانێت بەتەواوی ئەم گڵۆپە چی دەکات کاتێك دەرگای سەلاجەکە دادەخرێت!!
هەموو بەیانیەك باوکم لە ماڵ دەڕۆیشتە دەرەوە، کاتێك ئێوارە دەهاتەوە زۆر دڵی خۆش دەبوو بە بینینمان، ئەو تاکە کەس بوو لە ماڵەکە کە ترسی نەبوو لەوەی بەتەنیا بچێتە ژێرزەمینی ماڵەوە،کاتێك ڕیشی دەتاشی دەم وچاوی بریندار دەبوو بەڵام کەس نەدەچوو ماچێکی بکات ، کاتێك ئێمە نەخۆش دەکەوتین،ئەو بەهەناسە بڕکێ دەڕۆیشت بۆ دەرمانخانە و دەرمانی بۆ دەهێناین!!
کاتێك بۆ یەکەمجار پایسکلی بۆ کڕیم،هەموو ڕۆژێك هەزاران مەتر ڕایدەکرد بەدواما تا ئەو کاتەی فێربووم کە بەتەنیا پایسکلەکە لێبخوڕم، هەزاران وێنەی منی دەگرت بەبێ خۆی لە هیچ وێنەیەك دەربکەوێت، ئەو ڕستی جلەکانی بۆ دایکم توند دەکردەوە، من لە باوکی هەمووان دەترسام جگە لە باوکی خۆم!!
کاتێك یاریم بە بوکەڵەکانم دەکرد،گرنگی زۆرم بە بوکەڵەی دایك دەدا و نەمدەزانی چی لە بوکەڵەی باوك بکەم بۆیە هەموو کات بوکەڵە باوکەکەم فڕێ دەدایە ژێر سیسمەکەوە!
ئەو ڕۆژەم لەبیرناچێت کە بەیانیەك باوکم لەخەو هەڵسا بەڵام نەڕۆشتە سەرکار، بەڵکو ڕۆشت بۆ نەخۆشخانە و ڕۆژی دواتر هەواڵیان پێداین کە باوکم کۆچی دوایی کردوە،ئەوە ناخۆشترین ڕۆژی ژیانم بوو،هەتا ئێستاش لەبیرم نەچووە!
دوای ماوەیەك لە مردنی باوکم، ڕۆشتمە ژوورەکەی خۆم و بەدوای بوکەڵە باوکەکە دەگەڕام، کاتێك دۆزیمەوە تۆزێکی زۆری لەسەر نیشتبوو و خاوێنم کردەوە و خستمە سەر سیسەمەکەم بۆ ئەوەی هەمیشە لە پێش چاوم بێت.
لە ڕاستیدا نەمدەزانی ڕۆشتنی باوکم ئەوەندە ئازاری دەبێت بەڵام بەڕاستی تا ئێستاش ئازارم دەدات و زۆر بیری دەکەم!
____________
ئێرما بۆمبێك ..
نووسەرو ڕۆژنامەنووسی گەوورەی ئەمەریکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەتا شەمێرانی
Discussion about this post