زانا دڵشاد دزەیى : ئەوکاتەى لە کەناڵە بەناوبانگەکانى فارس ریکلام بۆ کۆنسێرتەکەى گوگوش و شادمێر و سپیدە و ئەفشین و ئەندى دەکرا لە کوردستان، نزیک لە 4000 هاوڵاتى فارس لە ئێرانەوە بڕیاندا بێنە کوردستان، وەک بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بابیلۆن دەڵێت “هەفتەیەک پێش کۆنسێرتەکە چوار هەزار کەس لە ئێرانەوە بەتەلەفۆن داوایان لێکردین بلیتی کۆنسێرتەکەیان بۆ بگرین”. بەڵام دواجار تەنیا 500 کەس ئامادەى کۆنسێرتەکە بوون.
دوو هەفتە بەردەوام لە بەناوبانگترین کەناڵەکانى دوبەى ریکلام بۆ کۆنسێرتى چوار ئەستێرەى ناودارى فارس لە هەرێمى کوردستان دەکرا، “گوگوش لە هەرێمى کورستانە” ئەو رستەیە کە بەردەوام لە کەناڵە بەناوبانگەکانى فارس دووبارە دەکرایەوە.
رۆژى 10/9/2010 کە دەکاتە یەکەم رۆژى جەژن هونەرمەند گوگوش گەیشتە هەرێمى کوردستان، رۆژى دواتر لە هۆڵى بابیلۆن لەشارۆچکەى عەنکاوە گوگوش کۆنسێرتەکەى خۆى بۆ هەوادارانى سازکرد، کە لە سەعات 10ى شەو دەستیپێکرد بەهاتنى گوگوش بۆسەر شانۆ ئامادەبووان بەجۆرێک خۆشحاڵبوون پێش گوگوش لەگەڵ مۆسیقا دەستیان بە گۆرانى گوتن کرد، گوگوش لەوان دڵخۆشتر تاکۆتایى لەگەڵ هەر گۆرانییەک بەپێکەنینەوە سەیرى هەوادارانى خۆى دەکرد، تاکو سەعات 11:30 بەردەوام بوو.
لەیلا عەلى، تەمەن 22 ساڵ، قوتابى بەشى ئەکتەرییە لە زانکۆی ئەسفەهان رۆژێک بەر لەجەژن، سێ رۆژ پێش کۆنسێرتەکەى گوگوش لەگەڵ هاوڕێیەکى خۆى بەناوى زەهرا هاتنە هەولێر، شەوانە لەگوندى سویدى لە شەقلاوە دەمانەوە، دەڵێت “من ساڵى رابردووش بۆ کۆنسێرتەکەى موعین ئەسفەهانى هاتمە کوردستان، بەڵام ئەوکاتە لەگەڵ دوو خۆشکم و برایەکم هاتین، بەڵام ئەمجارە لەبەر جەژن نەیانتوانى دیسانەوە بێن”. لەیلا رۆژێک دواى کۆنسێرتەکەى گوگوش دەڵێت “تا ئەوکاتەى گوگوش نەهاتە سەر شانۆ باوەڕم نەدەکرد گوگوش ئێستا دێت گۆرانیمان بۆ دەخوێنێت، چونکە گۆرانییەکانى گوگوش بەشێکن لە نیوەى یادگارییەکانى من”. هاوڕێکەى لەیلا بەهۆى ئەم کۆنسێرتەى گوگوشەوە یەکەمجارە دێتە کوردستان و گوتى “من نەمدەزانى کوردستان هێندە خۆش و دڵکراوەیە، وامدەزانى تەنیا ئێران دڵخۆشکەرە”. بەڵام لەیلا کە دووەمجارە دێتە کوردستان دەڵێت “ئەمجارەیان کوردستان لەجارى پێشوو زۆر خۆشتر بووە”.
کچێکى دیکەى فارس، تەمەن 25 ساڵ، بەناوى ماریەم ئەویش دانیشتووى ئەسفەهانە، لەبارەى کۆنسێرتەکەى گوگوشەوە دەڵێت “ئاواتى من بوو ئامادەى کۆنسێرتێکى گوگوش بم و لەنزیکەوە بیبینم، شوێنێکى زۆر خۆشبوو بۆمن، هەستم نەدەکرد لەئەسفەهان نیم، تا سێ رۆژى دیکە لە هەولێر دەمێنمەوە دەمەوێت بچم بۆ کۆنسێرتەکەى سپیدە و ئەندیش، ئەوانیش ببینم”.
کەس لە ئێمە بیرى نەدەکردەوە رۆژێک لە کوردستان بێت و گوگوش و ئەوانەى پێش گوگوش وەک “نەجوا کرەم و ئەلیسا و موعین ئەسفەهانى و ئیبى و لەیلا فروهەر” بێنە کوردستان و گۆرانى بۆ فارس و عەرەب و کوردانى باشوور بخوێنن، کە خەریکە کوردستان متمانەیەکى گەورە و فراوان بۆ گەشتیارانى وڵاتانى دەورووبەرى خۆى دروست دەکات. وەک گۆڤاری (لانوڤێل ئۆپسێرڤاتۆر)ـى فەرەنسى لە دوا ژمارەى خۆیدا راپۆرتێکى لەکوردستان ئامادە کردووە، کە تێیدا کوردستان بە “بەهەشت وەسف” دەکات، بۆ کات بەسەربردنى عەرەبە دەوڵەمەندەکانى عێراق و خواپێداوانى دەورووبەر، بۆ حەوانەوە روو لە هەرێمى کوردستان دەکەن، کە خاوەن سروشتێکى دڵڕفێن و کەشوهەوایەکى سازگار و هەڵومەرجێکى ئارام و پڕلەشوێنى حەسانەوەیە بۆ دەوڵەمەندەکانى دەورووبەرى کوردستان.
گوگوش و شادمێر و سپیدە و ئەفشین و ئەندى بەهەمانشێوەى هونەرمەندانى پێشووى فارسەکان بەگرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیاى بابلیۆن هاتنە هەولێرى پایتەختى کوردستان کۆنسێرتى خۆیان سازبکەن، نرخى بلیتى کۆنسێرتەکەى گوگوش بۆ سێ جۆر دابەشکرابوو، نرخى بەشى پێشەوەى هۆڵەکە 300 دۆلار، بەشى ناوەڕاست 200 دۆلار، بەشى دواوە 100 دۆلار. بەڵام ئەوەى جێگاى ئاماژەیە لەکۆنسێرتەکەى ئەمجارەدا ژمارەى ئەو کەسانەى ئامادەببوون بە بەراورد لەگەڵ کۆنسێرتى هونەرمەندانى پێشوو زۆرکەم بوو، کە لە 500 کەس زیاتر نەبوون.
بڕیاربوو جگە لە گوگوش دوو کۆنسێرتى دیکە بۆ شادمێر و ئەفشین و سپیدە و ئاندى ساز بکرێ، بەڵام بەهۆى داخستنى سنوورى ئێران و نەفرۆشتنى بلیت کۆنسێرتەکان ئەنجام نەدران، وەک بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بابلیۆن بۆ (سڤیل) ئاماژەى پێدەکات، ئەوان هەرگیز پێشبینى ئەوەیان نەدەکرد، چونکە ئەو دەڵێت “هەفتەیەک پێش کۆنسێرتەکە نزیکەى 4000 کەس لەئێران بەتەلەفۆن داواى ئەوەیان کردبوو بلیتیان بۆ بگرین، پێشنبینى ئەوەمان دەکرد زیاتر لە 6000 کەس بێتە کۆنسێرتەکانەوە، چونکە هەریەک لەو هونەرمەندانە جەماوەرى بەرفراوانیان هەیە”. هەروەها ناوبراو دەڵێت “لەبەرئەوە نزیکەى ملیۆنێک دۆلارمان زەرەر کرد”.
سەلوان جەمیل دەڵێ بەتەئکید نازانین هۆکارەکەى چى بوو. بەڵام وەک بەڕێوبەرى نشینگەى حاجى ئۆمەران، رائید سابیر عومەر رایگەیاندووە، رۆژى یەکەمى جەژن هاتنە ژوورەوەى هاوڵاتیانى ئێران بۆ هەرێمى کوردستان ئاسایى بوو، بەڵام لەدووەم رۆژى جەژنەوە حکومەتى ئیسلامى ئێران دەرگاى هاتنە ژوورەوەى بۆ ناو هەرێمى کوردستان بەرووى هاوڵاتیانى خۆى داخست، هەروەها دەڵێت “رەنگە حکومەتى ئیسلامى ئێران رێگەى نەدابێت، هاوڵاتیانى خۆى ئامادەى کۆنسێرتى گۆرانیبێژە فارسەکان بێت لەهەرێمى کوردستان”. بەڵام بەهەر لایەک سەیرى ئەو کۆنسێرتانە بکەین کە هونەرمەندانى بیانى لە هەرێمى کوردستان سازیان کردووە، مایەى خۆشحاڵییە، بۆ بەرەوپێشچووى ئابوورى کوردستان و واڵاکردنى دەرگاى هەرێم بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەدارانى بیانى.
بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بابلیۆن دەڵێت “ئەگەر شەش هەزار کەس بێتە کوردستان، لەو شەش هەزار کەسە تەنیا پێنج کەسى دەوڵەمەندى تێدا بێت و بیەوێت لە کوردستان کارى وەبەرهێنان بکات، ئەوە دەبێتە کارێکى زۆر گرنگ بۆ ئابوورى هەرێمى کوردستان، وەک پێشانگایەکى نێودەوڵەتى وایە، هەورەها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ وڵاتانى دیکە بەکەلتوورى کورد ئاشنابن و بەپێچەوانەشەوە کوردەکانیش ئاشناى کەلتوورى وڵاتانى دەروبەر بن”. بەڵام ناوبراو گلەیى لە کۆمپانیاکانى دیکە کرد، کە تائێستا هاوکارى پرۆژەکانى ئەوانیان نەکردووە “ئەوەندەى کۆنسێرتمان کردووە تائێستا هیچ کۆمپانیایەک لە کوردستان نەهاتووە ببنە سپۆنسەر، خۆ ئەو کۆنسێرتانە تەنیا بۆ قازانجى کۆمپانیاکەمان وەرنەگرتووە”.