تێڕوانینێک بەسەر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئێراندا!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە چەند سەد ساڵی رابردوودا رەوتی سیاسی جۆراوجۆر لە مێژووی ئێراندا سەریهەڵداوە. بەڵام لەبەر ئەوەی خۆیان “نوێ” نەکردۆتەوە لە “ڕێککەوتن لەگەڵ ئایندەداری لە مێژوودا”، زۆربەیان “خۆرئاوابوون” و توانەوە. ئەوەی جەوهەری و بنەڕەتییە، هەبوونی “پرەنسیب” و “بنەما بنەڕەتییەکان”ە. بە واتایەکیتر، ئەگەر بەرەنگاربوونەوەی دوو هێزی دژ بە یەک لە ئێران، (یەکێکیان لە حکومەت و ئەویتریان لە نێو خەڵکدا نەبرێتە (قووڵایی) و (بنەڕەت)، دیکتاتۆرییەت لەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە. لە مێژووی ئێراندا ئەم جۆرە هێزانە نەک هەر “کەم” نەبوون، بەڵکو “زۆر”یش بوون! بەڵام هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەر زوو نەمان و ئەوەی بەردەوام بووە، ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی ئێران و رۆڵەکانی بووە!
ئاڵۆزبوونی بەرەنگاربوونەوەکان!
رووبەڕووبوونەوەی هێزی دژە دیکتاتۆری بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری، رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاڵۆزە و رەمزی ئایندەداری و مانەوەی بەندە بە هەڵوێستەکردنەکانی لەمەڕ پرسەکانی تایبەت بە خەبات و تێکۆشان. ئەم بابەتەیش تایبەت نییە تەنها بە (بەرەی گەل)ەوە. هێزی دەسەڵاتداریش دەگرێتەوە کە ئیمکانات و توانای مانۆڤری زیاتری هەیە لە چاو هێزی ئۆپۆزسیۆن. جەماوەر رۆڵی یەکلاییکەرەوەی خۆیان لە نێوان رەهەندەکانی (ئەرێنی) و (نەرێنی)ی ئەم دوو لایەنەدا دەبیننەوە. بە تایبەت کە ئەوان هێزی سەرەکین لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەو دوو هێزە تێکهەڵچووە، رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە بەسەر رەهەندی جەماوەریدا.
ئێران باشترین مۆدێلە!
لە بابەتەکانی پێشوودا کۆمەڵێک تەکنیک و تاکتیکی رژێمی دەسەڵاتداری ئێرانم خستەڕوو. بێگومان ژمارەیان زۆر زیاترە لەوەی نووسیبووم. شتێک کە خۆی وەک “گەوهەری ئەنگوستیلەکە” نیشان دەدات، ئەو کۆڵنەدانە جەماوەرییەیە کە “گەل” چارەنووس و ئایندەی خۆی پێ دیاری دەکات. واتا ئەو رێگایەی لە کڕۆکی خۆیدا هەڵگری ئەم راستیەیە کە، سازشتکردن، ملکەچبوون و نەرم و نیانبوون بەرانبەر بە دیکتاتۆریەت، بە هیچ ناگات و بێ واتایە. خەبات و تیکۆشان دەبێ خاوەن (پرەنسیپ) بێت و تێکۆشەرانی ئازادی دەبێ “باج” و نرخی ئەمکارە بدەنە بەر خۆیان و لە پڕوپاگەندەی دیکتاتۆری و هاوپەیمانەکانی نەترسن. هەر پاشەکشەیەک بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت، بە واتای شکست دێت. لێرەدایە کە “قوربانیدان و راستگۆیی” دەبێتە رەمزی ئایندەداری و مانەوەی رەوتی سیاسی و جەماوەری لە مێژوودا و چارەنووس خۆی دیاری دەکات!
با سەیری دیمەنی ئەمڕۆی ئێران بکەین. چ هێز و لایەنێک بە کردەوە لە گۆڕەپانەکەدا ماوە؟! ئایا پێویستە کاریگەری سانسۆری سەدە قبوڵ بکرێت و ببینە یاریکەری ئەو گۆڕەپانە کە دەرهێنەرەکەی، رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمە؟ ئایا دەبێ هەڵگری ئەو درووشمانە بین کە ئەوان بۆمان دیاری دەکەن؟ ئایا پێویستە خۆمان لە فیداکاری و راستگۆیی دوور بخەینەوە؟ بێگومان هەرگیز!!
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم رێگە بە “هێزی شۆڕشگێڕی ناو کۆمەڵگا” و “بنەبڕکردنی دیکتاتۆرییەت” لە وڵات نادات و بە شێوازی جۆراوجۆر، ئاستەنگ لە بەرانبەریدا دروست دەکەن کە هەندێک جار سەرنجڕاکێش و بریقەدار و فریودەرانەن، بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی بەرەو لادان بەرێت! راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران لە ساڵی 1401 (2022) ئاماژەیە بۆ ئەم راستییە. خەڵک لەم رێرەوەدا (750) شەهیدیان پێشکەش کرد. بەڵام دیکتاتۆرییەت توانی بە پرۆژە و سپۆنسەری کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم و ئەو درووشمانەی ئاماژەیان پێکرا، راپەڕین لە هەنگاونان بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دامرکێنن یان لاڕێیدا بەرن.
ئەگەر ئاسان و سادە بووایە!
دیکتاتۆرییەت و کۆلۆنیالیزمی لایەنگری، ئامرازی بەرفراوانیان هەیە بۆ مانەوە. ئەگەر وا نەبووایە، رووخاندنی سیستمێکی دیکتاتۆری زۆر ئاسان و سادە دەبوو و پێویستی نەدەکرد قوربانیی بۆ بدرێت و هێزێکی شۆڕشگێڕ لە گۆڕەپانەکەدا هەبێت. ئەگەر رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا کاتێکی زۆری خایاندووە، پێویستە لە بوارێکی وادا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێین!
دوای ئەوەی رێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە و سەرەکی لە گۆڕەپانەکەدا هەبوو، کادیرەکان رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. ئەمە ئەزموونێکی مێژووییە لە شۆڕشەکانی جیهاندا. چونکە لە وڵاتێکی دیاریکراودا، کاتێک رژێمێکی دیکتاتۆری حوکم دەکات، لە کۆتاییدا و رۆژێک لە رۆژان، هەلومەرجی کرداری (عەینی) دێتە ئاڕاوە و خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان. وەک ئەوەی ئێستا لە ئێران دەبینرێت. هونەری سەرەکیی هێزێکی شۆڕشگێڕ و سەرەکی، کورتکردنەوەی “کات”ە. ئەگەر بەربەست و وەستان و ئاستەنگێک هەبێت، پێویستە لەم بوارەدا گومانی لێ بکرێت. هێزی گەل “بنەما” و “فاکتەری یەکلاییکەرەوە” و سەرچاوەی گۆڕانکارییەکانن لە کۆمەڵگادا. بەبێ ئەم فاکتەرە و هەلومەرجی بابەتیی (عەینی)، هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک روو نادات.
بارودۆخی دەروونی (زەینی) لە شەڕێکدا!
بۆ سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا، هەلومەرجی دەروونی (زەینی) و بابەتیی (عەینی) تەواوکەری یەکترن. واتە بەبێ فاکتەری سەرکردایەتی و رێکخراو و رێکخستنێکی ناوەندی، “هەل و مەرج و کەش و هەوای کرداری” ناتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی (واتا شۆڕش) لە وڵاتدا. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، هەلومەرجی بابەتیی “هەیە”، هێزی شۆڕشگێڕی و ناوەندی هەیە. بەڵام کەمایەسی و بۆشاییەکە لەوەدایە کە ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە دژی دیکتاتۆرییەتە، خۆی خزاندووەتە ناو کۆمەڵگا و راپەڕینە جەماوەرییەکەدا کە پێویستە نەبێت! دەبینرێت کە رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. کەسان و لایەنانی جۆراوجۆریش هەن خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم دەسەڵاتە دەزانن، بەڵام هێشتا باوەڕیان بە شێوازی ئاشتیانە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا هەیە و هەڵگری ئەم “بۆشایی”یەن کە رێگەیان پێنادات هەنگاوێکی زیاتر و بەرزتر لە دژی دیکتاتۆرییەت هەڵبگرن بۆ بەرزکردنەوە و گەشەپێدانی “شۆڕش”. بە واتایەکیتر رێگر نەبوون لە بەرانبەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتدا و ئەمجۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکردنەیان نەکردۆتە (هێڵی سوور) بۆ خۆیان، کە نابێت دڵ بە مانەوەی دیکتاتۆرییەت خۆش بکەن و بکەونە دانوستان لەگەڵیدا!
بزووتنەوە ناوچەییەکان نیشاندەری تیۆرێکی زیانبەخشی لەو شێوەیەن کە پێش هەموو شتێک، “بازنەی فیکری”ی ئەوان دەردەخات. ئەمجۆرە لایەنانە کە لەژێر پەردەی “ناتوندوتیژی”دا خۆیان لە خەڵک دوور خستووەتەوە، لە راستیدا لە “گۆڕەپانی دیکتاتۆرییەت”دا یاری دەکەن و بە هیچ ناگەن. چونکە ئەوان لە پشتەوەی گەل و رەوتی رەسەنی خەڵکەوەن و بێ ئاگا و غافڵن لە “هاوتەریببوون لەگەڵ قۆناغی کۆتایی شەڕی دیکتاتۆرییەت”دا. لە کاتیکدا دەبێ هێزی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ، رێ پیشاندەر بێت. هەنگاونان بەرەو لوتکەی “سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا” وا دەخوازێت “بەرخۆدان”ێکی لەو شێوەیە هەبێت. ئاڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی جەماوەری بەردەستە. لە هەمان کاتیشدا دێرینە و رەسەنە!
***
Discussion about this post