بەشی یەکەم
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
بە ڕاپەڕینی سەد ڕۆژەی ئێران، ئایا “گۆڕانکاری” لە دۆخی ئێراندا ڕوویداوە یان ڕوودەدات؟ ئاسۆی ئەم پێشهاتە گرنگ و مێژووییە چییە؟ ئایا خەڵکەکە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت بهێنێت؟ یان دەسەڵاتی ئێران لە سەر حوکم دەمێنێتەوە؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینە چین؟ و لە کۆتاییدا “چی پێویستە بکرێت؟”
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەمانەوێت پێکەوە و بە روانینێکی راست و درووست، چاوێک بخشێنین بەسەر ئەو ڕێگایەی خراوەتە پشت سەر و پرۆسەی سروشتی و زانستی و لۆژیکی ئەم ڕاپەڕینە مێژووییە هەڵسەنگێنین و بزانین چ ئاسۆیەک بۆ ئەم ڕاپەڕینە لە پێشە!
بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو، سەرەتا دەبینین ڕێگایەکی دوور و درێژمان بڕیوە و دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی ٤٤ ساڵە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بنەمای گەیشتن بووە بەو ڕاپەڕینەی ئێستادا. ئەگەر خۆڕاگرییەکی لەو شێوەیە نەبووایە، بە دڵنیاییەوە ڕاپەڕینێکی لەو شێوەیەی ئێستا بەرپا نەدەبوو. ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی ساڵانی ڕابردوودا، تاکه فاکتەر بوون بۆ گەیشتن به خاڵی ئێستاکەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەم سەد ڕۆژه دا. هەرچەندە ماوەیەکی کورتی پێچوو تا “ڕووداوێک” بەرز بکرێتەوە بۆ “ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوان”، بەڵام کاریگەرییەکەی ئەوەندە بەربڵاوە و زۆرە کە بەردی بناغەی دەسەڵاتی ئێرانی هێناوەتە لەرزین!
سەرەتا هەموو شتێک نوێ دەهاتە بەرچاو. شەهیدبوونی ژینا ئەمینی “چەخماخە”یەک بوو، “بڵێسە“ی سەند و بوو بە “ئاگر”! لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەدا، زۆرێک لە بەها و کولتوور و نامۆیی لە کۆمەڵگادا لەناوچوون و تەلیسمی “بێ باوەڕی” شکا. تابلۆی “دەکرێ و دەبێ” بوو بە سەرمەشقی هەنگاوە گەورەکانیتر، کە بە خێرایی، سەراسەری ئێرانی گرتەوە. “ئازاری هاوبەش” بوو بە “هاواری هاوبەش” و بەرەنگاری دیکتاتۆر و دیکتاتۆری بووەوە!
ئەگەر لەسەرەتاوە هەمووان هاتنە سەر شەقامەکان، بەڵام هەر کەس و لایەنێک ڕێبازێکی جیاوازی هەبوو، ئەگەر دروشم و داواکارییەکانی هەر تاک و لایەنێک فرەچەشن بوو، ئەگەر “ئاوەکە” لێڵ و “تێپەڕبوون” تێیدا سەخت، و”ئاسۆ” ناڕوون بوو، ئەگەر بژاردەکانی هەر کەس و لایەنێک، جیاواز بوو، ئەگەر مەحاڵ بوو “دۆست” و “دوژمن” لێک جیا بکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری و لایەنگرانی شاراوەی دەسەڵات و لۆبیی ڕۆژئاوایی دیکتاتۆر بە جل و بەرگی رازاوەوە، بە مەبەستی پێشگرتن بە جووڵەی خەڵک و رێگریکردنیان لە گەیشتن بە “ڕاپەڕینی جەماوەری” دزەیان کردبووە ناو ریزەکانی راپەڕین و خەریکی تەڕاتێنکردن ئەم و ئەو بوون و بە نیاز بوون هەر بەشێک لە خەڵکی ئێران بەرەو ئاقارێک رابکێشن، بەڵام جیهان بینی کە خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبین و ڕاپەڕینی گشتی لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان، نەک هەر نەسرەوت، بەڵکو بە سودمەندبوون لە گەنجینەی مێژوویی خۆی، توانی زیاتر لە جاران ڕێگەی خۆی بەرەو داهاتوو بکاتەوە و پیلانگێڕییەکان پووچەڵ بکاتەوە!
پووچەڵکردنەوەی پیلان و سیناریۆ ڕەشەکان!
خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە ڕاپەڕین و پێداگریکردنیان لەسەر ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، هەنگاوێکی مێژوویی و گەورەیان ناوە. ئەوان هاواریان کرد “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و بە کەمتر لەوە ڕازی نەبوون. ئەوان لەسەر شەقامەکان هاواریان دەکرد “ئێمە بۆ سازشتکردن قوربانیمان نەداوە کە ئێستا ستایشی رێبەر (واتا خامنەیی) بکەین” یان دروشمی “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ رێبەر (واتا خامنەیی)“.
ئەم هاوار و درووشمانە کە باس لە “رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت” و هەروەها “بەدیلی دەسەڵات” دەکات و نکۆڵی لە هەموو ڕێگایەکی هێمنانە و سازان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەکەنەوە، لایەنە ڕاستەقینەکانی گۆڕەپانی راپەڕینیش دەردەخات. لە لایەک “دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار”، کە ترسناکترین و سامناکترین دیکتاتۆرییەتی مێژووی ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە، “خەڵک و رۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی گەل” کە سەرەڕای (750) شەهید و زیاتر لە (30) هەزار دەستبەسەرکراو، ئامادە نین گۆڕەپانەکە بەجێبهێڵن.
خەڵکی ئێران بە ئەزموون فێری ئەوە بوون کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت و گەیشتن بە ئازادی، “بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت”ە و پێداگری و سووربوونە لەسەر “ڕووخاندنی دەسەڵات”، نەک تەنها دەربڕێنی ناڕەزایەتی هێمنانە و ناڕەزایەتیی مەدەنی و بە ناو”خۆدوورڕاگرتن لە توندوتیژی” کە هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن! چون ئەم بانگەشەیە کاتی بەسەرچووە. خەڵک هەروەها لەو باوەڕەدان کە بۆ پێشخستنی ڕاپەڕین و گەیشتن بە ئازادی، پێویستە لەسەر شەقام بمێننەوە و بەرەنگاری هێزەکانی دیکتاتۆر ببنەوە و نەترسن. ئەوان ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان کە ملکەچی هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان نەبن و سەر دانەنەوێنن. چونکە باش دەزانن گۆڕەپانی راستەقینەی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، “ناوخۆی وڵات” و سەر شەقامەکانە نەک لە “دەرەوەی سنوور”ەکان!
ڕێگای ڕاست و درووستی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو!
وریابوونی خەڵک لە بەرنەدانی ڕێگای ڕاست و درووستی ڕاپەڕین، دەستکەوتێکی بەرچاو و ناوازە بوو. خەڵک لە ڕاپەڕینەکانی پێشوویاندا، هەبوونی ئەڵتەرناتیڤ لە ناو دەسەڵاتیان رەت کردەوە و بە سەریدا تێپەڕین. خەڵک هەروەها ئەڵتەرناتیڤی ساخته و بێ بنەمای دەرەوەی دەسەڵات (و لەوانە گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی شا)یان لادا و پێداگرییان کرد لەسەر درێژەدان و بەردەوامی و تەواوکردنی شۆڕشی دژە پاشایەتیی 1979. چونکە خەڵکی ئێران خوازیاری دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتین و لەو باوەڕەدان کە بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ بەسەر لاشەی مردووی دیکتاتۆرەکاندا تێپەڕن. ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت نییە و دەبێ ئێران سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە!
رێبەڕایەتیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکە!
بە پێچەوانەی ئیدیعای هەندێک تاک و لایەن، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ “پێ”یەکیان لای دیکتاتۆرییەتە و سەرقاڵی “سووڕانەوە”ن، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران خاوەن رێبەر و سەرکردایەتیی خۆیەتی. ئەگەر نەیبوایە، نەک هەر “سەد ڕۆژ”، بەڵکو تەنانەت هەفتەیەکیشی نەدەخایاند. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن “ڕاپەڕین بێ رێبەر و سەرکردایەتییە”، یان “نەزان”ن یان دڵیان بۆ مانەوەی دیکتاتۆر لێدەدات. بە گوتەی ڕێبەری موقاومەتی ئێران، کێشەکە لە نەبوونی سەرکردایەتیدا نییە، بەڵکو لە “کەمبوونی ئاگر” و “هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگر”دایە. “هەر کەسێک بیەوێت پرسی رێبەری و سەرکردایەتی بۆ راپەڕین چارەسەر بکات، پێویستە زیاتر و زیاتر ئاگر بەرداتە گیانی ڕژێمی خوێنڕێژ و کۆمەڵکوژ”. کەوایە تاکە وەڵامدانەوە بەرانبەر بە دەسەڵات “ئاگر بەرامبەر ئاگر”ە کە ئێستا هاتۆتە ناو فەرهەنگ و کەلتووری خەڵکی ئێرانەوە و هەموو تاک و لایەنێکی جەماوەری، بەدوای ئەوەوەن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەم مەبەستە. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی “کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ” لە شارەکانی ئێران لە دژی هێزەکانی حکومەت، پەیوەندی بەمەوە هەیە.
کۆتایی بەشی یەکەم
ئێران.. سەد ڕۆژ ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆر!
ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و ئاسۆی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران!
بەشی دووەم
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
وریابوونی خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ئەم دواییەیاندا بە “گرنگ” و “شیاوی رێز” هەڵسەنگێندراوە. خەڵکی لە قۆناغەکانی پێشووی راپەڕیندا، بە تایبەت لە ساڵی 2017 و ٢٠١9دا، چەندین بەربەستیان تێپەڕاندبوو. ئەوان درکیان بەوە کردبوو کە رووخاندنی حکومەت و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، تەنها لەسەر دەستی ئەوان دێتە دی و بەس. ئەڵتەرناتیڤی بێ بنەما لە ناو دەسەڵات یان دەرەوەی دەسەڵات و وابەستەی بەم و بەو(!) تەڵەیەکە بۆ سەپاندنی دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و ئێرانییەکاندا!
سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
“سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی” دەرهاویشتەی مانەوەی “دیکتاتۆرییەت”ە لەسەر خاکێک. خەڵکی ئێران ئەم راستییەیان بە نرخێکی زۆر بە ئەزموون کردووە و تێگەیشتوون کە تا دیکتاتۆرییەت لەسەر حوکم بێت، سیاسەتی سازان بەردەوام دەبێت. هەربۆیە بە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، رەگ و ریشەی ئەم سیاسەتەش بەهەمان شێوە وشک دەبێت. خەڵکی ئێران بێ ئاگا نین لەم فرت و فێڵەی سیاسەتمەدارە سازشکارەکان کە سەرەڕای دژایەتیکردنی رواڵەتی بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، بەڵام لەگەڵ مانەوەی دیکتاتۆرییەتن و هاوپەیمانن لەگەڵی. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەردەوام دژی راپەڕین و ئازادییەکانی خەڵک بوون و هەمیشە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵیان لە بەرژەوەندی دیکتاتۆردا گێڕاوە. لایەنگرانی ئەم سیاسەتە، لەسەر تەوەری “بەرژەوەندی هاوبەش”، چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی دیکتاتۆرەوە گرێ داوە.
لایەنگرانی سیاسەتی سازان، هاوتەریب لەگەڵ دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بە دروشم و داواکاری فریودەرەوە تێکەڵ بە راپەڕین بوون بۆ پەراوێزخستنی خەڵک و داواکاری سەرەکیی خەڵک کە بریتییە لە “رووخاندنی دیکتاتۆر”. رەنگە ئەم لێکدانەوەیە ناڕاست نەبێت کە “سازان لە دەرەوەی دەسەڵات لەگەڵ دیکتاتۆرییەت” و “چاکسازییەکانی ناو دەسەڵاتی دیکتاتۆریەت” دوو دیوی یەک دراون. هەربۆیە دەسەڵاتی دیکتاتۆری هەمیشە بە تاکتیکی جیاواز هەوڵی داوە هەردووکیان لە پێشانگای خۆیدا بهێڵێتەوە. دانوستانە درێژخایەنەکان و لەوانە لەسەر “پڕۆژەی مەترسیداری ئەتۆم” یان قبووڵی هەبوونی رەوتی “ئیسڵاح تەڵەب” لەناو دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەر بەم ئاراستەیە بووە. خەڵکی ئێران بە بەرخۆدان و تێچووی سەد ساڵەی خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و قوربانیدانێکی بێسنوور لە پێناویدا، بۆیان دەرکەوتووە کە دەبێ دیکتاتۆرییەت بە تەواوی بڕوخێنن و “ئەڵتەرناتیڤە رەشەکان” لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا بخەنە لاوە!
لەمڕووەوە خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە راپەڕینەکانیان تا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، هەم رەوتی “ڕیفۆرمخوازان” و هەم “رەوتی سازشکاران”یان بە ئەزموون کردووە و بە پتەوکردنی ریزەکانی خۆیان لە دژی دیکتاتۆرییەت، بەرانبەریان وەستاون. خەڵکی ئێران بێ ئاگا نین لەوەی کە ئەگەر موقاومەتی خەڵکی ئێران نەبوایە، دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی “سەری” لایەنانی سازشکار و چاکسازیخوازانیشی دەخوارد و ئێستا خەریکی لێسینەوەی ئێسکەکانیان بوو!
ئاسۆی راپەڕینی خەڵک و رووبەڕووبوونەوەی ستراتیژییەکان!
هەرچەند خەڵکی ئێران هەرگیز دیکتاتۆرییەتی مەزهەبییان نەویستووە، بەڵام راپەڕینە جەماوەرییەکەی ئەم دواییە بە “خاڵی وەرچەرخان” لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەسەڵاتە دادەنرێت و نیشاندەری پەرەسەندنی مەودای نێوان خەڵک و دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتدارە. سرووشت و تایبەتمەندی راپەڕینی ئێستای خەڵکی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر دیکتاتۆرییەت و تێپەڕبوونیان بە سەر دیاردەی “ترس” و “نائومێدی”، ئایندەداربوونی راپەڕینی خەڵکی ئێرانیان بە روونی نیشان دا. ئێستا ئەمە “سەر” و “جەستە”ی دەسەڵاتە کە بە تەواوی تۆقاوە. هێرشی ئازایانەی خەڵک ئەوەندە ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو هێزەکانی حکومەت دروست کردووە کە ئەگەری شەقڤبوون لە لوتکە و لێکترازانی جەستەی دیکتاتۆر لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە. هەروەک چۆن لە سەد رۆژی رابردوودا چاومان بە هەندێک حاڵەتی کەوتووە.
خەڵکی ئێران لەم راپەڕینەیاندا نیشانیان دا کە تەلیسمی دیکتاتۆر لە ئێران تا چەند ناسک و رووخاندنی دەسەڵات بەردەستە. ئەوان نیشانیان دا کە “تاکە رکابەری دیکتاتۆر” خودی خەڵکە و روخاندنیشی تەنها لە لایەن ئەوانەوە بەدی دێت. هیچ هێز و لایەنێک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ناتوانێت و بۆی نیە کە نوێنەر یان سەرکردە بۆ راپەڕینی گەل دیاری بکات. خەڵکی ئێران بە راپەڕینی ئەم دواییەیان، وەرچەرخانێکی مێژووییان تۆمار کرد و دەریانخست کە بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە دواوە. ئەم راستییە داهاتووش دەگرێتەوە.
درێژەدان بە راپەڕین و ئازایەتی خەڵک لەهەمبەر پێشخستنی شۆڕش، جیهانێکی هان دا کە هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێران و هەڵگری “هێڵی سوور” بن. هەرچەند خەڵکی ئێران لە سەرەتای راپەڕیندان بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆریەتی ئایینی لە ئێران، بەڵام کارێکی ئاسان نییە کۆتایی بهێنرێت بە ٤٤ ساڵ بێدەنگی و بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان لەدژی دیکتاتۆریەتی ئێران و، موقاومەتی خەڵکی ئێرانیش لەم ساڵانەدا، زۆرێک پیلانگێڕان و سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەی پووچەڵ کردۆتەوە و زۆرێک لە ئاستەنگەکانی سەر رێگای لاداوە، بەڵام راپەڕینی (100) رۆژەی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران دەریخست کە دروشمی “دەکرێت و دەبێ” “بنەمایەکی راستەقینە”یە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەت و ستراتیژی هەڵە لەم رووەوە. وەک چۆن لە رۆژانی یەکەمی ئەم راپەڕینەدا، بێ باوەڕی بەو راستییە کەم نەبوو، بەڵام ئێستا بە تەواوی دەرکەوتووە کە “دەکریت و دەبێ” کۆتایی بەو بێ باوەڕییە بهێنرێت!
ڕەنگدانەوەی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە نەک تەنیا لە ئێران و ناوچەکەدا، بەڵکو لە جیهاندا بەر چاو کەوتووە و دەبینرێت. ئێستا لە ئاستی جیهانیدا زۆرێک لە حکومەت و بەرپرسانی حکومەت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتان، پشتیوانییان لە راپەڕینی خەڵکی ئێران کردووە. شەپۆلی کاریگەرانەی راپەڕینی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بێ هاوتا، زۆرێک لە سیاسەت و ستراتیژییەکانی پێشووی لایەن و دەوڵەتان و بە تایبەت دەوڵەتانی رۆژئاوای تووشی شکست کردووە و سیاسەتی سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیران درزی تێکەوتووە! بەجۆرێک کە ئێستا رەنگە حکومەتێک نەمابیت کە هەستی بە لەرزۆکبوونی دەسەڵاتی ئێران نەکردبێت، یان دانی بە لەرزۆکبوونی حکومەتی ئێراندا نەنابێت.
لێرەدایە کە ستراتیژیی (رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی) لە ئێران، کە هەڵقوڵاوی داخوازییەکانی خەڵکی ئیرانە، لە ئاستێکی نوێدا و لەسەرووی تەواوی ستراتیژی و سیاسەتەکاندا دەدرەوشێتەوە. ئەو ستراتیژە راست و دروستەی کە ئێستا هەلومەرجی گونجاوی بۆ رەخساوە لە کۆمەڵگادا و بەتەواوی رێکە لەگەڵ خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێراندا.
کۆتایی بەشی دووەم
Discussion about this post