بەشی 1-2
فایلێک بەرەو کرانەوە!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و شارستانیەتێکی دێرینی هەیە! ئێستا رژێمێکی مەزهەبی دەسەڵاتدارە بەسەر ئەم خاکەدا و دەستی بەسەر سامانی ئێراندا گرتووە، خەڵکەکەی چەوساندووەتەوە و بووە بە هەڕەشە بۆ سەر شارستانیەتی ئەم وڵاتە. بە واتایەکیتر، ئەم دەسەڵاتە میراتبەری هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی مێژووی ئەم وڵاتەیە، لە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خەڵک و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و لەناوبردنی شارستانیەت و پێکەوەژیان لەم ناوچەیە لە جیهاندا!
ژیان و رزق و رۆزیی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران بەدەست خامنەیی و مافیا تاڵانچیەکەیەوەیە. هەژاری و نەهامەتی و بێ ماڵ و حاڵی لە لایەک و دەرئەنجامەکانی هەناردەکردنی بناژۆخوازی و تیرۆر و هێزی بە وەکالەتی رژێمی ئاخوندی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەکی ترەوە. هەواڵی شەڕ و ململانێ (لە قووڵایی ستراتیژیکیی بەباچوو) لە لایەک و حکومەتی نوێی خامنەیی بە سەرۆکایەتی تاڵانچی و تاوانبارانی وەک (مەسعود پزیشکیان!) لە لایەکیترەوە، پێناسە و سرووشت و چەقبەستوویی تەواوی ئەم رژێمە ئاشکرا دەکات.
ئەم رژێمە دامەزراندن بە “هەڵبژاردن” ناودەبات و چەند ساڵ جارێک، یەکێک(!) نومایش دەکات بۆ فریودانی جیهان و خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو راستییە کە ئەم مانۆڤڕانەی رژێم کۆتایی هاتووە و باڵباڵێنە ناوخۆییەکانی ئەم رژێمە، بۆ لەخشتەبردن بەکاردەهێنرێت! بەڵام دەوڵەتانی ئەندام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی خۆیان بەڕووی راستییەکانی ئێراندا داخستووە. چونکە غافڵن لەوەی ئەرکەکانیان چییە، یان بە ئەنقەست(!) چاویان بەسەر تاوانەکانی ئەم رژێمەدا داخستووە!
لێرەدا بە ئەنقەست ئەو تیۆرییە باس دەکرێت کە “رابردوو، رابردووە” بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت لەم خاکە دێرینەدا بمێنێتەوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە تاڵان و تاوان کۆن و تازە هەڵناگرێت و بەردەوامە و هێشتا “بنەما”یە بۆ مانەوە لە دەسەڵات و کۆتایی هەڵناگرێت!
دادخوازیی خوێنی شەهیدان، خاڵی شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەی جیهانی لە داهاتوودا!
رژێمێ ئایینی لە ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، هەمیشە خوێنخۆری جەستەی خەڵکی ئێران بووە. چونکە ئەم دەسەڵاتە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینە ئاسمانی و جەماوەرییەکانەوە نییە و “تینووی دەسەڵاتە”! هەموو ئایینە ئاسمانییەکان یان ئایینە نا ئاسمانییەکان بنەمای “مرۆڤایەتی”یان هەیە.
ئەم رژێمە لەژێر ناوی “ئیسلام”، خەڵک و کۆمەڵگای ئێرانی لە “ئازادی” بێبەش کردووە. هەرچی بۆنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەبووە، لەژێر ناوی “سزا ئیسلامییەکان”دا، لەناوی بردووە. لە نێو ئەمانەدا کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ (1988)دا جێگایەکی تایبەتی هەیە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم “تاوانە” هەمیشە جێی سەرنجی خەڵک و موقاومەتی ئێران بێت و هەرگیز “لەبیرنەکرێت” و لە تاوانکاران و ئەم رژێمە “خۆشبوون” هەر نەبێت.
موقاومەتی خەڵکی ئێران هەر لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژکردنە، سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆ سەر ئەم تاوانە راکێشاوە و لەگەڵ دەستپێکردنی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تاوانەکە “لەبیر نەکەن” و “لێخۆشبوون”یان نەبێت لەم رژێمە. چونکە خەڵکی ئێران نە لەبیری دەکات و نە لێی خۆش دەبن.
بێ گومان رۆژێک دێت کە کۆمەڵگای جیهانی شەرم بکات لە چاوپۆشیکردن لە تاوانەکانی رژێمی ئایینی لە ئێران!
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە رژێمی دیکتاتۆری مەزهەبی لە ئێران بخرێتە بەر لێپرسینەوە. پرۆفیسۆر جاوید رەحمان، ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران (٢٠١٨-٢٠٢٤) لە هەنگاوێکی بوێرانەدا، نەک هەر کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی وەک “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید” ناساند، کە دەبێت تاوانباران و فەرماندەرانی ئەم تاوانە بخرێنە بەردەم دادپەروەری، بەڵکو لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا و رۆژی شەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤ لە پاریس و بە ئامادەبوونی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی موقاومەتی ئێران، بەشداریی کرد، کە تایبەت بوو بە (تاوانی دڕندانەی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی و ژینوسایدی موجاهیدین لە ساڵی ١٩٨٨ و لە سێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨١ و ١٩٨٢ لە ئێران) کە پێویستییە بۆ لێپرسینەوەی و کۆتایی هێنان بە پارێزبەندی تاوانکاران و فەرماندەرانی ئەم تاوانە، بە پێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
جاوید رەحمان گوتیشی: “ئەمڕۆ کە ئێمە لێرە قسە دەکەین، 36 ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا تێپەڕیوە و هێشتا تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بەردەوامە”. قوربانیان و بنەماڵەکانیان هێشتا بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن و رژێمی ئێران لە پێشێلکردنی مافەکانیان و ئەزیەت و ئازاردانی ئەوان بەردەوامە. زۆرینەی رەهای ئەوانەی لە سێدارە دراون، ئەندام و لایەنگرانی موجاهیدین خەلق بوون. بەڵگەی بەرچاو هەیە کە کوشتاری بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدان و کردەوەی نامرۆڤانەیتر لە دژی ئەندامانی موجاهیدینی خەلق، بە مەبەستی “ژینۆساید” ئەنجام دراون. داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکان، دەستنیشان بکەن و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەربکەن، ئەگەر بەڵگەی پێویست هەبێت. تاوانە ترسناکەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو و بەتایبەتی کۆمەڵکوژکردنی ساڵی 1988 لە خراپترین و دڕندەترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەگەر تاوانە ترسناکەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو و بەتایبەتی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988 بە دەستێوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کاتی خۆیدا راگیرابا، تاوانەکانی ئەمڕۆمان نەدەبینی. نابێ هاوکاریی دەسەڵاتێک بکەین کە سەرکردەکانی، تاوانی ترسناکیان ئەنجامداوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی لە ئێران، هەنگاوی بەرچاو هەڵبگرن و دادپەروەری و راستی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەستەبەر بکات”. جەختیشی لەوە کردەوە کە “شەخسی وەلی فەقێ و زۆرێک لە بەرپرسانی رژێم راستەوخۆ، بەرپرسی ئەو تاوانانە بوون”. ئەگەر ئەم رژێمە و کاربەدەستانی ئەم رژێمە پارێزراو نەبوونایە هەرگیز نەیاندەتووانی بەو رادەیە، عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان خەڵتانی خوێن بکەن یان ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە لە ناوچەکەدا بەرپا بکەن”.
***
Discussion about this post