عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
هیچ کەس و بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئاگادار و جەماوەری لە ئێراندا چاوی لەوە نەبڕیوە کە دوای دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان، وەک سەرۆککۆماری دەسەڵاتی وەلی فەقێ چی روودەدات! هەموو شتێک پێشوەختە روونە. هەربۆیە “نەخشەی رێگای رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران” نەخشەی رێگا و ستراتیژی هەموو بزووتنەوە جەماوەری و پێشکەوتنخوازەکانە.
ئەوەی لە وتارەکەی عەلی خامنەیی لەم رێوڕەسمەدا دیار بوو، دووبارەبوونەوەی ئەو راستییەیە کە “سەرۆک” لێکەوتە و ملکەچی “وەلی فەقێ”یە. بە واتایەکیتر لەم حکومەتەدا هەموو شتەکان بەدەست “وەلی فەقێ”یە و ئەوانیتر هیچکارەن. بەتایبەت لە “سەرکوتکردن لە ناوخۆی وڵات”، لە “تیرۆر و شەڕخوازی و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، واتە “سیاسەتی دەرەوە” و لە “بەدواداچوون بۆ چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”دا. ئەمەش ئاماژەیە بۆ سێگۆشەیەکی نەگریس لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا کە بە تەواوی بە دەست (عەلی خامنەیی)یەوە. هەربۆیە “لە دەسەڵاتی ئایینیی ئێراندا، چاوبڕین لە گۆرانکاری، تراویلکەیە و بەس!”. هەر گۆڕانکارییەکی راستەقینە و ریشەیی، پێویستی بە رووخاندنی ئەم رژێمەوە دەبێت و هیچیتر!
دەستپێکێکیتری شەڕە گورگ لە ناو دەسەڵاتدا!
پچڕان و دابڕان و بۆشایی و قەیرانی رووخاندنی دیکتاتۆریی ئێران بە وتارەکەی خامنەییەوە دیار بوو. خامنەیی وتی: “بڕیارەکەی من تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە سیاسەتی ئاسایی پزیشیکیان پەیڕەوکردنی رێگای راست و درووستی ئیسلام و شۆڕش بێت!” ناوبراو نمونەی (ئیبراهیم رەئیسی)ی بە گوێی (پزیشکیان)دادا لەژێر ناونیشانی ئەوەی کە “کاری جیهادی” کردووە و “شەو و رۆژ کاری کردووە (واتا لە ئەشکەنجەدان و لەسێدارەداندا)” و داوای لە پزیشکیان کرد “بەردەوام بێت” لە چالاکیی و بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی (ئەمیر عەبدوڵڵاهیان) لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا.
ڕیفۆرمخوازییەکی وەهمیی!
پزیشکیان کە پێشتر خۆی بە “بناژۆخوازی ریفۆرمخواز” ناودەبرد، کە پێڕەو و شوێنکەوتووی بەوەجی خامنەییە، لەم رێوڕەسمەدا وتی: “رێز لە یادی ئیمام (خومەینی) و سپەهسالار (قاسم سولەیمانی) دەگرم و سڵاو بۆ گیانی رەجایی، باهونەر و ئیبراهیم رەئیسی و هەموو خزمەتکارانی رژێم دەنێرم، سوپاسگوزارم بۆ میهرەبانی و حیکمەتی رێبەری مەزن”. هەروەها وتی: “من و حکوومەتی داهاتوو، ئەرک و بەرپرسیارییەتیمان پابەندبوونە بەو روانگەیەی رێبەری مەزنی شۆڕش دیاریی کردووە و ئەو سیاسەتە گشتییانەی رایگەیاندووە. (تەلەفیزیۆنی رژێم – ٧ی گەڵاوێژی١٤٠٣)
هەژموونی وەلی فەقێ!
ئەوەی لەم رێوڕەسمە شانۆگەرییەدا جێی سەرنج بوو ئەوەیە کە خامنەیی لە وتارەکەیدا دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانەری رژیمەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی “جێبەجێکار” (واتە پزیشکیان) راسپارد و پاسدارانیشی بەو ئەرکە راسپارد. خامنەیی وتی: “پێویستە مەجلیس ئاگاداری ئەوە بێت کە حکومەت هیچ هەڵەیەک نەکات. پێویستە حکومەت حساب بۆ هەستیارییەکانی پەرلەمان بکات. دەسەڵاتی دادوەری لە هەر شوێنێک پێویست بێت چالاکانە ئامادە بێت. هێزە چەکدارەکان، لە هەر شوێنێک حکومەت و خەڵکەکە پێویستییان پێیان هەبێت، ئامادە بن و ئەرکەکانیان راپەڕێنن”.
پزیشکیان کێێە؟
مەسعود پزیشکیان یەکێکە لە دڵسۆزانی خامنەیی و بەرگریکاری پاسداران و گروپە نیابەتەییەکانی خامنەییە و هیچ دەسەڵات و ئیرادەیەکی نییە بۆ کاریگەری لەسەر پێکهاتە سەرەکییەکانی سیاسەتی وەلی فەقێ، وەک سەرکوتکردن، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و شەڕخوازیی دەرەکی. وەک هەموو سەرۆککۆمارەکانی پێشوو لەو رژێمەدا تەنها گۆچانێکە بە دەست وەلی فەقیهەوە.
گۆڕانکاری لە ئێراندا درۆیە!
ئەم رێوڕەسمە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هەموو دۆسییە سیاسییەکانی پەیوەست بە حکوومەتی ئێران تا ئێستاش لەسەر مێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ماونەتەوە. وەک: سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، پێداگری لەسەر چەکی ئەتۆمی و تیرۆریزم و دەستوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە.
ئێعدامکردنەکان لە ئێران بەردەوام لە زیادبووندایە. هاتنە ئاڕای تاقمە نیابەتییەکانی رژێم بۆ ناو شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەردەکەوێت. نوێنەرانی وڵاتانی جیاجیا هێشتا نیگەرانن لە بەرنامەی ئەتۆمی رژێمی ئێران. ئەوان پێیان وایە کە رژێمی ئێران زیاتر لە رێککەوتن دوور دەکەوێتەوە و بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت.
راستییە ئامارییەکان!
لە دووهەمین دیبەیتی هەڵبژاردنەکاندا لە 12ی پووشپەڕی 1403، پزیشکیان بە پاسدار (جەلیلییان)ی گوت: “لەگەڵ هەموو دەمەقاڵەی نێوان من و ئەو، 40%ی خەڵک دەنگیان دا، 60%ی خەڵک نەهاتن و هیچکاممان قبوڵ ناکەن”. کەمێک دواتر لە هەنگاوێکدا کە بە دڵی وەلی فەقێ و پاسداران بێت لە ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣دا، وتی: “خەڵک هاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە دەمی ئەو کەسانەیان کوتا کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بانگەوازیان دەکرد”.
ڕوونە کە ئەم وتەیە کە 40٪ی خەڵک بەشدارییان کردووە، ئاماری رژێمە و راستیەکە زۆر کەمترە لەو رێژەیەی رژێم رایانگەیاندووە. هەروەک چۆن پزیشیکیان خۆی سەبارەت بە هۆکاری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا وتی: “من هاتووم چونکە رژێمم لە مەترسیدا بینی.” ناوبراو ئەوەشی وت کە: لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی مەجلیسدا، تەنها 8%ی خەڵک بەشداریان کردووە و ئەم بڕە بەشداریکردنە زۆر مەترسیدار بوو، ئەگەریش بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا بەم شێوەیە بەردەوام بوایا، ئەوا کەش و هەوایەکی نالەبار زاڵ دەبوو و بەتەواوی رژێمەکە دەکەوتە ژێر پرسیارەوە”. (ئاژانسی هەواڵی هێزی تیرۆریستی قودس – ٢٩ی پووشپەڕ)
خەڵکی ئێران لە دژی شانۆی هەڵبژاردنن!
ئەگەرچی ئەم لێدوانانەی پاسدار پزیشکیان، قووڵایی خیانەت و پەلشتبوونی “ریفۆرمخوازانی وەهمی” دەردەخات، بەڵام ئەو بانگەشەیە، کە گوایا بە هاتنی پزیشکیان گۆڕانکاری روویداوە، درۆیە. یەکەم بە هۆی ئەوە کە لە دوای هاتنی ناوبراوەوە، بڕی بەشداریکردن زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ چونکە رێژەی راستەقینەی بەشداریکردن لە خولی یەکەمی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 12% و لە خولی دووەمدا 9% بووە. تەنانەت ئەگەر ئەو ئامارە ساختانەش لەبەرچاو بگرین کە رژێم رایانگەیاندووە (خولی یەکەم لە ژێر ٤٠٪ و خولی دووەمیش لە ژێر ٥٠٪)، ئەمە کەمترین رێژەی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە مێژووی رژێمدا!
دوا وشە!
تا دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهیی ئێران نەڕووخێنرێت، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئێران و ناوچەکە روونادات. رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران پێویستییەکە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی لە ئێران و ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لەم ناوچەیەی جیهاندا. لێپرسینەوەی جیهانی لە رژێمی مەزهەبیی ئێران، بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی سالم و رێک و پێک لە جیهاندا پێویستە. پشتیوانانی ئەم لێپرسینەوە، لە تەنیشت خەڵک و موقاومەتی ئێراندان و لە دیوی درووستی مێژوودا دەردەکەون!
***
Discussion about this post