نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئیستە ئێران لە دوای بیست ویەک مانگ وتووێژو گفتوگۆ لە گەل وڵاتانی (٥+١) گەیشتنە ڕێکەوتنێک بە شێوەیە ک کە خەڵکی زۆریک لە شارەکانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی خۆیان بەرامبەر ڕێکەوتنەکە کە دواتر ئەنجومەنی ئاسایشیش پەسەندی کرد بۆ یە ئێرانیەکان ناھەقیان نەبوو دوای ساڵانێکی درێژ گەمارۆی ئابوری و تەریک کەوتنی وڵاتەکەیان جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دوورکەوتنەوەی بەڵای شەڕ لێیان سەرکەوتنێکی گەوریەیە بۆیان .
دەبێت لە پێشدا بپرسین ئامانج لەم ڕێکەوتنە چی بوو ؟ لەلایەن وڵاتانی زلھێزەوە مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو ڕادەیەک دابنرێت بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران و بچوک بکرێتەوە بێ ترس بکرێت و بۆ کاروباری ئاشتی بەکاربێت و پرۆسەیەکی توندی چاودێری و پشکنینی بخرێتەسەر تاوەکو دڵنیابن بە تەواوی کە ئێران پابەندی ڕێکەوتنەکە دەبێت لە بەرامبەریشدا ھەندێ لە سزا ئابووریەکانی سەر ئێران لادەبرێت کە ئەمەش دەبێتە ھۆی بوژانەوە و گەشەکردنی ئابووری ئێران کە سزاکان زۆر لاواز یان کردبوو ئەمەو جگە لە دوورخستنەوە تارمایی جەنگی چاوەڕوانکراو .
ھەندێک لە بڕگە گرنگە کانی ڕێکەوتننامەکە بەم شێوەیە :-
١. ھەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوریەکان و بواری نەوت و غاز و ھەروەھا لابردنی سزای سەر فڕوکەوانی شارستانی ( مدنی ) .
٢. ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکە جیھانیەکاندا .
٣.ڕێگەدان بە ئێران بە ھەناردەکردن و فرۆشتنی بەرھەمە ئەتۆمیەکانی وەکو یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئاوی قورس .
٤.گێڕانەوەی دووبارەی ھەموو سزاکان بۆ سەر ئێران لە ماوەی (٦٥) ڕۆژدا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران ھەر سەرپێچیەکی کرد لە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی ڕێکەوتننامەکەدا بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە .
٥.ھێشتنەوەی قەدەغەلە سەر فرۆشتنی چەک بە ئێران ھەر لە ئیستەوە تا پێنج ساڵ ,تا ئەو کاتەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێو دەوڵەتی گەواھی بۆ ئێران دەدات کە پابەندی ڕێکەوتنەکە بووە.
٦.ناساندنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران وەکو بە رنامەیەکی زانستی و ئاشتی ئەمە بە( گوێرەی ئاژانسی ھەواڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ) .
٧. ڕێگەدان بە پشکنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشکنینی ھەموو شوێنە گومان لێکراوەکان بە ھەموو بنکە سەربازیەکانیشەوە .
ئیستە لە دوای ئەو ڕێکەوتنە مێژووییە وڵاتانی ناوچەکە ھەریەکە لە گۆشە نیگای خۆیە ەوە سەیری دەکات لە ھەمووی زیاتر نیگەرانیەکانی ئیسرائیلە بەرامبەر بە ڕێکەوتنەکە ھەر لە چەند مانگێک پێش ئێستەوە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان دەربڕیوە لە زۆر کەنالی گرنگەوە بە کۆنگریس و ناوەندەکانی تری بڕیار لە ئەمریکا سەرنجێکی گرنگیش ھەیە پێویستە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە یەکەم جارە لە مێژوودا لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨دامەزرینراوە ئەمریکا برَیارێک بدات پێچەوانەی خواستی ئیسرائیل بێت ,
بۆیە ئەم ڕێکەوتنە زۆر عەرەبستانی سعودیەو ئیسرائیلی تووڕەکردووە لە ئەمریکا چونکە ئەمان دوو دۆست و ھاوپەیمانی دێرینی ئەمریکان لە چلەکانی سەدەی پێشوەوە ئێستە ئەوان واتە سعودیەو ئیسرائیل بەو ڕێکەوتنە وای دەبینن ئەمە دان پێنانێکی فەرمیە بەبەشداری پێکردنی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لە پرسە گرنگەکانی ناوچەکەدا لە سەر حسابی ئەمان .
چی سعودێشە لە دوای کۆبونەوەکانی کامپ دیفید لە نێوان سەرکردەکانی کەنداوو ئۆباما قایل نەبوونی ئەمریکا بە واژۆ کردنی پەیماننامەیەکی بەرگری ھاوبەش لە نێوانیاندا بە دوای سەرچاوەیتری چەک و ھاوپەیمانی تازەدا دەگەڕێن و ئەوە ش لە سەردانەکانی وەزیری بەرگری عەرەبستانی سعودیەدا خۆ ی بینیەوە کە کوڕی مەلیک سەلمانیشە بۆ ھەریەک لە مۆسکۆ و باریس کە کە لە مۆسکۆ شەش گرێبەستی کڕینی چەکی واژۆ کرد بە بڕی ١٠ ملیار دۆلارو لە باریسیش ١٠ گرێبەستی واژۆ کرد بە بڕی ١٢ ملیار دۆلار . ئەمانە جگە لە گرێبەستی دەوڵەتی قەتەریش لە گەل فەرەنسادا بە بڕی ٧ ملیار دۆلار٢٤ فڕۆکەی جۆری ( رافال ) .
ھەروەھا وڵاتانی کەنداو بە گشتی دەستیان لە سەر دڵیانە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن ئایا ئەمریکا مل دەدات بە ئامانجە پاوانخوازی و پەلھاویشتنەکانی ئێران بۆ دەرەوەی سنورەکانی وەکو پێشتر ئەو سەدان ملیار دۆلارەی کە ئازاد دەکرێن بۆی دوای لابردنی گەمارۆکان ڕێ ی پێدەدەن بەکاری بینێت بۆ پشتیوانی تیرۆر ؟
واژۆ کردنی ڕێکەوتنە کاردانەوەی جۆراو جۆری وڵاتانی تری لێکەوتەوە لەوانە تورکیا لە سەر زاری وەزیری وزەو ڕێکەوتنە کەی بە پێشکەوتێکی زۆر باش دانا . وھەروەھا سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتیش لە بروسکەیەکدا پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەکەی گەیاندە سەرۆکی ئێران و ڕێکەوتنەکەی بە مێژوویی وەسف کرد.
بێگومان وڵاتە ئەوروپیەکانیش سوودمەند دەبن لەو ڕێکەوتنە چونکە ئێران دوای روسیا خاوەنی دووەم سەرچاوەی غازی سروشتیە بۆیانو کۆمپانیا کانیشیان لە ھەوڵی وەبەرھێنانن لە بازارەکانی ئێران .
پێویستە لە کۆتاییدا باسی نەیارەکانیتری ڕێکەوتنەکە بکەین جگە لە سعودیەو ئیسرائیل چ لە ناو ئێران و لە ناو ئەمریکاشدا ھەرچەندە سەرۆک ئۆباما بەڵێنی ئەوەی داوە کە مافی ڤیتۆ بەکار بھێنێت بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکە لە کاتی ھەر ڕێگریەک لە لایەن کۆنگریسەوە کە کۆماریەکان زۆرینەن تێیدا و لە ئێرانیشدا باڵی توندڕەوەکان ھەرچەندە ئایەتوڵا خامنەئی ڕێبەری شۆرش و ولایەتی فەقیە گڵۆپی سەوزی بۆ روحانی داگیرساندووە زۆر بە توندی دژی ڕێکەوتنەکەن ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە توانا ڕۆکێتیەکانیان ناخەنە ژێر پشکنینەوە .
جێگە ئاماژە پێکردنە زۆرێک لە چاودێران وناوەندە ھەواڵیەکان ئێران بە براوەی گەورەی ئەم ڕێکەوتنە لە قەڵەم دەدەن , چونکە سەرەڕای ئازادکردنی ١٤٠ ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی و کرانەوەی بازاڕەکانی ئێران بە ڕووی وڵاتانی داروسێ و جیھان و بە تایبەتی لە بوارەکانی نەوت و غازو پیشەسازی سەربازی . ئەمەو زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران ڕۆڵی پۆلیسی ناوچەکەی جارانی شا وازی بکات .
لە کۆتاییدا ئەمریکیەکان ھەوڵدەدەن ئەو بڕوایە لای وڵاتانی کەنداو دروست بکەن و دڵنیاییان پێبدەن کە لە ڕێکەوتنەکەدا تەواو نەچوونەتە ژێرباری داخوازیەکانی ئێرانەوە, لە بەرامبەریشدا وڵاتانی کەنداو ئەگەر گۆرانکاری لە سەر زەوی نەبینن لە ھەڵوێستەکانی ئەمریکادا لە دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکە وەکو عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان ئەوە بە دوای ھاوپەیمانی نوێ دا دەگەڕێن .