نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
ڕەنگە وەک باشترین و گرنگترین دەستکەوتی راپەڕینی چوار مانگی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران، ئەوە بێت کە پەنجە بخرێتە سەر هەڵوێستە هیستریاکانی سەرانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێڕان دژ بە بەرخۆدانی خەڵکی ئێران، کە بە لێوی لەرزۆک و دەنگی پچڕپچڕ و رووخساری شێواو و لە ناهاوسەنگیەکی تایبەتدا، نەیانتوانیوە شڵەژانی خۆیان لە دۆخی ئێستای هاوکێشەکانی پەیوەست بە ئێران بشارنەوە.
گرنگترین دەستکەوتی راپەڕین!
لە سەروبەندی سێهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودسی سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای ئەم هێزە تیرۆریستییە، رۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ی 1401ی کۆچی خۆری، لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو نەیارانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانی بە “بێ شەرەف” ناو برد، و وێڕای دانپێدانان بە دۆخی لەرزۆکی دیکتاتۆری و لێکترازان بەردەوامی هێزەکانی دەسەڵات، ئاماژەی دا بە پشتیوانیکردنی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە موقاومەتی ئێران و کۆنفرانسی ئەم دواییەی واشنتۆن، کە تیایدا پەیامی خانمی مریەم رەجەوی پەخش کرا و بەڕێز مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا وتارێکی پێشکەش کرد، ترس و تۆقاویی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران لەهەمبەر رۆڵ و جێگە و پێگەی موقاومەتی ئێرانی نیشان دا. چونکە سەرانی ئەم رێژیمە پێش هەموو کەس و لایەنانیتر، لەوە گەیشتوون کە راپەڕینی خەڵکی ئێران چ رێگایەکی بڕیوە و بەرە کوێ ملی ناوە و مەبەستی گەل لە راپەڕین چیە؟
قائانی وتی: “هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پێشنیاری (ژن)ێکیان کردووە وەک سەرۆک کۆماری ئێران”. دواتر هەر وەک ئاژەڵێک کە گیری خواردبێت و هیچ رێگەی دەربازبوونی نەبێت، بە هەمان کولتووری لۆمپەنی و هات و هاواری دڕندانە هەڕەشەی کرد کە: “ئێوە بێشەرەفترین مرۆڤن!” بەڵام هەموو ئەمانە لە کارنامەتاندا نووسراوە کە پێویستە یەک بە یەک بە پشتیوانیی خۆا بەر بکەون. هەمووتان بەر دەکەون و ئێستاش بەرکەوتون و خۆتان پێی نازانن. کاتێ چاوەتان بکەنەوە هیچتان بۆ نەماوەتەوە!”
پاسدار حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی خامنەییش لە وتارێکی هاوشێوەدا وتی: “لە واشنتۆن و نیویۆرک سەرۆکێک بۆ ئێران هەڵدەبژێرن و دەڵێن سەرۆکی دەسەڵاتی دیمۆکراتیی ئێرانە” (ئاژانسی هەواڵی هێزی تیرۆریستی قودس – ٧ی بەفرانبار).
ئیبراهیم رەئیسی، کە لە ساڵی ١٣٦٧ کۆچی خۆریدا (واتا 1988ی زایینی) ئەندامی (دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی مەرگ) بووە بۆ قەتڵوعامرکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی و بەو هۆیەشەوە لە ناو خەڵک بە (جەللادی 67) ناسراوە، رۆژی ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ بە هەمان فەرهەنگی لۆمپەنی و دڕندایەتییەوە وتی: “دوژمن چون دەیەویت حکومەتەکەمان لە ناو بەرێت، کۆلەکەی حکومەتەکەمانی کردۆتە ئامانج. بۆ چی؟.. ئێمە نە دەتوانین بگەڕێینەوە دواوە و نە دەتوانین بێ جوڵە بین، تەنها یەک رێگامان لەبەرە. بەرەو پێش چوون. (ئیمام خامنەیی) بڕیاری داوە بەرەو پێشەوە بچێت. ئەوەی جێ شەرەف و شانازیمانە ئەوەیە ئەم کۆڵەکەیە بپارێزین. بە وتەی حاجی قاسم سولەیمانی ئەم دەسەڵاتە بپارێزین. ئەوەش بە رێنمایی پێغەمبەرئاسای خامنەئی دەکرێت”.
پێشتریش، عەلی خامنەیی، کە هێز و توانای لاوانی ئێرانی لە راپەڕینی ئەم دواییەدا بینیوە و بە تەواوی تۆقاوە وتبووی: “نەوەی گەنجمان زانیارییەکی ئەوتۆی نییە سەبارەت بە رووداوەکانی رابردوو، لەوانەش سەبارەت بە (موجاهیدینی خەلق)” ( تەلەفزیۆنی تۆڕی هەواڵی رژێم ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١).
دوابەدوای لێدوانە جۆراوجۆرەکانی رێبەرانی دەسەڵات سەبارەت بە گەنجان و راپەرینکارانی ئێران کە بە چەقۆکێش و خەڵکانی لات و رەزڵ و (سەر بە بێگانە) ناویان دەبرد، رۆژی ١٢ی بەفرانبار، وەزارەتی ئیتڵاعاتی رژێم وێڕای ئاماژەدان بە موجاهیدینی خەلق، لە راگەیاندراوێکدا بە فەرمی وتی: “(موجاهیدین) چەقۆکێشان و ئەمجۆرە کەسانەیان وەرگرتووە بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە ناو ئێران”. ئەم دەزگا سەرکوتکەرەی رژێم لە راگەیانداوەکەی خۆیدا وتی کە موجاهیدین “بۆ ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە چەقۆکێش و خەڵکانی رەزل و لاتیان وەرگرتووە”.
لەم دواییانەشدا، میدیایەکی سەر بە دەسەڵات و نزیک لە عەلی خامنەییەوە نووسی: “دەوڵەتانی دەرەکی تەنها (موجاهیدینی خەلق) بە جێگرەوەی گونجاو بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە ئێران دەبینن”. ئەم میدیایە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە “بۆچی دەوڵەتانی نەیار یان رکابەر تەنیا موجاهیدین وەک بەدیلێکی گونجاو بۆ رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێراندا دەبینن؟” خۆی وڵامی پرسیارەکەی بەمجۆرە داوەتەوە و نوسیویەتی: “ئەوان موجاهیدین خەلق به تاقه لایەنی رێکخراو و رێک و پێک دەزانن کە هەندێک جار دەتوانن زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی مەبەستدار و گرینگ لە ناو خاکی ئێراندا ئەنجام بدەن”.
لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرانی رێژیم دانپێدانانە بە راستییەکی حاشاهەڵنەگری ٤٤ ساڵی رابردوو بە گشتی و ٤ مانگی رابردوودا بە تایبەتی. چونکە پێش هەموو شتێک و لە سەرووی هەمووانیشەوە خۆیان بینیویانە و باش دەزانن کە تاکە “هێزی بێ بەدیلی گۆڕەپانەکە”، موقاومەتی ئێرانە، کە ئێستا دەنگی پێی، ئەوانی بە تەواوی تۆقاندووە!
ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە راپەڕینی خەڵک، کە دوای کۆنفرانسە پەرلەمانیەکانی پشتیوانی لە راپەڕین و موقاومەتی ئێران لە ئەوروپا و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هاوواتای دەرخستنی (ئادرێسی راستەقینە) تاکە “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی”یە کە لەسەر زەوی و لە ناوخۆی ئێراندا بوونی هەیە!
واقیعی سەر زەوی، پەیام و بیرهێنانەوەی چارەنووسی تاوانبارانی وەک (قاسم سولەیمانی) و (ئەسەدوڵڵا لاجەوەردی) و (سەیاد شیرازی) و تاوانکارانیتری ئەم دەسەڵاتەیە، کە ناتوانن خۆیانی لێ دەرباز بکەن! هەڵبەز و دابەزی ئەمدواییانەی سەرانی ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە موقاومەتی ئێران دەستپێکی ئەم چارەنووسەیە بۆیان دیاری کراوە!
هەڕەشەکردنەکانی داو و دەزگا سەربازییەکانی دەسەلاتی دیکتاتۆری لە دژی خەڵکی ئێران و راپەڕینکاران، سواڵکردنی دانوستان لەگەڵ لایەنانی سازشتکاری رۆژئاوا لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆر و لەوانەش (رێککەوتننامەی ئەتۆم)، کە تەنیا بۆ ئەوەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و نەڕوخێنرێن، چیتر ئازارەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەرەمەرگە ساڕێژ ناکات. لە لێژاوی کەوتن و رووخاندا، ئەم دیمەنەش زۆر سەرنجڕاکێشە، کاتێک دەبینین سەرکردەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی بە لووتبەرزییەکی تەواوەوە، داوا لە خەڵک دەکەن بۆ بە “گەنجکردنی کۆمەڵگا “منداڵ” بخەنەوە! بەڵام وەڵامی یەکلاکەرەوەی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە، تاکە رێگە بۆ “بە گەنجکردنی کۆمەڵگا” و “تەندروستبوونی کۆمەڵگا” و پێشکەوتن لە ئێراندا، رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییە لە ئێران و بەس! خەڵکی ئێران بە هیچ شتێکی کەمتر لە رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە رازی نابن! چونکە ئەوان باش تێگەیشتوون کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەردەوام بە خوێنڕشتنی لاوانی ئێران لە سەر پێ ماەوتەوە و پەیامی دەسەڵات بۆ خەڵکی ئێران ئەوەیە کە: “ئێوە منداڵ بخەنەوە و من لەسەر شەقام یان لە ناو زیندان دەیانکوژم!”. هەر لەسەر ئەم رێبازەیە کە (ئیبراهیم رەئیسی) بەهەمان فەرهەنگی دڵڕەقی و مرۆڤکوژییەوەیە لە وتارەکەیدا وتی: “ڕەحم بە ناحەزان ناکەین!”
هەڵبەت هەمووان دەزانن کە خامنەیی و رەئیسی و کاربەدەستانیتری ئەم دەسەڵاتە کە راستەوخۆ دەستیان هەبووە لە کوشتاری زیاتر لە ١٥٠٠ لاوی ئێرانی لە راپەڕینی ساڵی 2019 و زیاتر لە ٧٥٠ لاوی ئێرانی لە راپەڕینی ئەم دواییەدا، چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کۆتاییان هێناوە بە راپەڕینەکە! لە کاتێکدا راپەڕین بەردەوامە و تا رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت بەردەوام دەبێت. روانگەیەکی زانستییانە و لۆژیکییانە پێمان دەڵێت کە رووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی نزیکتر و نزیکتر بۆتەوە.
دوا وشە!
دوای تێپەڕبوونی نزیک بە چوار مانگ بەسەر راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتدا، رۆژ بە رۆژ دیمەنی راستەقینەی ئێران روونتر دەبێتەوە. بڕیاری دەسەڵاتی دیکتاتۆری، کوشتاری گەنجان و سەرکوتکردنی راپەڕینە. دەسەڵات هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە. دەستە رەشەکانیتریش خەریکی درووستکردنی (ئەڵتەرناتیڤی ساختە)ن بۆ سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا!
خەڵکی ئێرانیش بە دروشمی “دەجەنگین و ناسرەوین، تا ئێران رزگار دەکەین” بەردەوامن لە راپەڕین تا رووخاندنی دیکتاتۆریی مەزهەبی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک. خەڵکی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی “ئاگر” بە “ئاگر” وڵام بدەنەوە و کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت بهێنن. چونکە هێز لە یەکڕیزی گەل و لایەنە جەماوەرییەکاندایە. ئەڵتەرناتیڤی ساختە و لایەنانی مردوو لە گۆڕەپانەکەدا نامێننەوە و دەتوێنەوە. ئایندە و سەرکەوتن هەر بۆ خەڵکی ئێرانە!
کۆتایی
Discussion about this post