ئیمان یادەوەر: ھەندێکجار ناونیشانی شیعر شیعرێکی تەواوە بۆخۆی
ئیمان یادەوەر: بەخت، ئەستێرەیەکە سرووشت دەینێرێت و خۆت ئاسمانی بۆ دروست دەکەیت
خاتوونی شاعیر ئیمان فواد فەخرەدین ناسراو بە ( ئیمان یادەوەر ) دەنگێکی دیاری نێو شیعری کوردییە
لە دایک بووی شاری کەرکووکە،لە ئێستادا نیشتەجێی شاری ھەولێر بەھۆی شیعرە ناسکە کانییەوە تائێستا بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شیعر و ئەدەب کردووە براوەی چەندین خەڵاتی شیعری بووە لەوانە:
براوەی خەڵاتی دووەمی فیستیڤاڵی شەن بۆ شیعر ٢٠٢٢ ،براوەی خەڵاتی یەکەمی ھاوبەشی، فیستیڤاڵی مەلای جەباری ٢٠٢٣ ، براوەی خەڵاتی دووەمی دەزگای ڕوانگە ٢٠٢٣ ھەروەھا خاوەن نۆ بڕوانامەی ڕێزلێنانە ئێمە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە دونیای شیعری خاتوو ئیمان یادەوەر ،لەنزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
*سەرەتا بابزانین چۆن جیھانی شیعرت ناسی؟
– ناسینی من بۆ شیعر و ئەدەب لەڕێگەی خوێندنەوەوە بوو، کاتێک دەستم بەخوێندنەوە کرد ھەموو جۆرێکم دەخوێندەوە دواتر تەماشم کرد ئەوەی لەگەڵ دونیا و ڕۆحی مندا دێتەوە شیعرە بۆیە شیعر ھۆگرییەکی سەیری بۆ دروستکردم. باوەڕناکەم ھیچ کەسێک ھەبێت دیوانی شاعیرانی کورد بخوێنێتەوە و ھەستی نووسین و خۆشەویستی زمان و نەتەوەکەی تێدا نەچێنێت .
* نازناوی (ئیمان یادەوەر) ھیچ چیرۆکێکی لەپشتە؟
– چیرۆکی ناسناوەکەم بۆ شیعر جێھێشتووە، وە ناوێکە دەتوانم بڵێم وەکوو شیعرێکی تەواو لەگەڵ بوونی مندا گونجاوە و بۆیە خۆشم ویستووەو .
*چۆن شیعر پێناسە دەکەیت ؟
– ڕەنگە سەخت بێت بۆ نووسیارێک ،کە لەسەرەتای دونیای گەورەی نوسین دایەپێناسەیەکی تەواوی بۆ شیعر ھەبێت، بەڵام ئەوەی پێیگەشتووم شیعر لای من ماناکردنەوەی ھەموو ئەو شتانەیە کەوەختە لە بێمانایدا ون ببن. شیعر دۆزینەوەی ئەو جوانییانەیە کە ڕۆژگار ونیکردوون، لەم پرسیارەوە شیعرێکی مامۆستای گەورە (شێرکۆ بێکەس)م بیرکەوتەوە دەڵێت:
ئاوی شیعر
من ھەندێ جار
کە ئاو لە وشەم ئەبڕدرێ و
ئەبمە کاغەزێکی قاقڕ
کارێزکەنی خەیاڵم
دائەھێڵمە ناو قووڵایی مێژوومەوە،
خەم ھەڵکەنێ و
خەم ھەڵکەنێ
تا ئەگاتە ئاوی شیعر.
* کاتێکی دیارکراوت ھەیە بۆ شیعر نووسین؟
– بۆ شاعیر پێویستە ھەمووکاتێکی پڕ بێت لە خوێندنەوە و ڕوانینی قووڵ بۆ شیعر بۆیە ناگونجێت وەک کایەکانیتر کات بۆ شیعر تەرخان بکرێت کاتێک شیعر ھەمووکاتێک ئامادەگی ھەیە ناکرێت ئێمە نائاگابین، ھەرکات شیعر ھەموو بوون و بیرکردنەوەی داگیر کردیت ئەوکات ھەرکات بێت کاتی شیعرە.
* چۆنە دەڕوانیتە ئاستی رەخنەی شیعری لە کوردستان؟
– من بابەت و ڕەخنەکاری بەشێکی زۆری ڕەخنەگرانی کوردی لەسەر شیعر و ئەدەب بەگشتی دەخوێنمەوە ھەرلە (بەختیار عەلی، عبدولخالق یعوقبی ،حەمەسعید ،حەسەن کاروان، کاکە سوور .. ناڵە حەسەن، ئارام ێدیق ، پێشڕەو عەبدوڵڵا ، پەری عومەر ئەسعەد..)،زۆر نووسیار و ڕەخنەگرانی کورد بەگشتی ئەم دواییانە ھەوڵی باش و جددی ھەیە بۆ دۆزینەوەی شیعر و ئەدەبی باشی کوردی، بەشێوەیەک کەڕەخنەی کوردی ئێستا قۆناغی وەسف و ستایشی تێپەڕاندووە.
* ئەو بابەتانە چین کە لە شیعرەکانت رەنگی داوەتەوە؟
– شیعر زادەی بوونە، ئەو کەتوارەی منی تێدا دەژیم و ئەوپرسیارانەی لەناوەوەم دروستدەبن سیمای گشتی دەقە شیعرییەکانمن، ئەمە جگە لە زمان و خاک و نەتەوەم کە ھەمیشە لەشیعرەکانم دا ئامادەییان ھەیە.
* مەرجە ناونیشانی شیعر گوزارشت لە ناوەرۆک بکات؟
– وای نابینم ھەندێکجار ناونیشانی شیعر شیعرێکی تەواوە بۆخۆی، من ھەمووکات شیعر دەنوسم دوای تەواوبوون و پوختەکردنی ئەوکات بیر لەناونیشان دەکەمەوە، لام وایە سەرەتا دروستبوونی ناونیشان دەقەکە لەقاڵب دەدات کەناھێڵێت لەو ھێڵە بترازێت کەناوی شیعرەکە دیاری کردووە. بۆیە مەرج نییە ھەمووکات ناونیشان وەک ناوەوەی دەقەکە بێتەوە.
* بەکورتی لەسەر ئەم وشانە دەڵێت چی؟
دایک: پیرۆزترین فریشتە لەبەرگی مرۆڤدا
دابڕان: دۆزینەوەی خۆت لەناو ئەوانەی، لەخۆیاندا ونیانکردین.
خۆشەویستی: ھەناسەی ڕۆحە
ژیان : کێڵگەیەکە مرۆڤ خۆی تێدا دەچێنێت
بەخت: ئەستێرەیەکە سرووشت دەینێرێت و خۆت ئاسمانی بۆ دروستدەکەیت.
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post