زانا دڵشاد دزەیی
ئیلیز کە بە “قوتابییە نوێیەکەی ھەڵکەوت زاھیر” ناودەبرێت، ھەفتەی رابردوو لە میدیا کوردییەکان زۆرترین قسەی لەسەرکرا ئەمەش بەھۆی ئەوەی لە گۆرانییە نوێیەکەیدا چەند وشەیەکی کوردی بەکارھێناوە و ھەڵکەوت زاھیریش وەکو قوتابییەکی نوێ دەیخاتە بازاڕی کوردستانەوە.
ئیلیز کچێکی لوبنانییە و لەشێوەدا زۆر لە نانسی عەجرەم دەچێت، ئەوەش وایکرد گۆرانییە نوێیەکەی زوو لە کوردستان دەنگبداتەوە، جگە لەوەش چەند وشەیەکی کوردیشی لە گۆرانییەکەیدا بەکارھێناوە، کە ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر بۆی دروستکردووە بەناوی (یەک و دوو) ئیلیز سوپاسی (سڤیل) دەکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامداوە و رایگەیاند، ئاگادارم کە گۆرانییەکەم زۆر باس دەکرێ لە کوردستان و وێنەکانی خۆم دەبینم لەرۆژنامە و ماڵپەرە کوردییەکان، زۆر خوشحاڵ بووم کە گرنگییەکی زۆری پێدراوە.
ھەروەھا ئیلیز باسی ناسینی خۆی و ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر دەکات و چۆنییەتی دروستبوونی بیرۆکەی ئەم گۆرانییە دەگێڕێتەوە و دەڵێت “مۆسیقار ھەڵکەوت زاھیر ناسراوییەکی تەواوی ھەیە لەمەیدانی موزیک و گۆرانییدا بەگشتی لەوڵاتە عەرەبییەکان، ھەنگاوی من بۆ کارکردن دوای بینینی ھەردوو شاکاری مۆسیقار ھەڵکەوت زاھیر لەگەڵ ھەردوو ھونەرمەندی ناوداری عەرەب (سەمیرە سەعید و مەیادە حەناوی) بوو، حەزمکرد بێم منیش کاری لەگەڵ بکەم لەڕێگای ھاوڕێیەکم کە لەھەولێر دەژی و ئەو دیدارەی بۆ جێبەجێ کردم دواتریش ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر ناسراوە بەوەی ھەمیشە سوپرایزی ھەیە لەنوێکاری کارەکانی جیاوازن ھەمیشە جیاوازی کاریش ھونەرمەند سەرکەوتوو دەکات، دواتر من خۆشم پێم خۆش بوو جێگایەکم ھەبێت لەناو کوردستاندا و ھونەمەند ھەڵکەوت زاھیر پێی گوتم پێم خوشە کوپلەی وشەی کوردی بەکار بێنین و منیش زۆرم پێخۆش بوو”.
لەبارەی گۆرانیگوتنی بەزمانی کوردی لەداھاتوودا، ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پرۆژەی وا ھەیە، چونکە ھونەر و موزیک بەبێ ھیچ کۆنتروڵێک خۆی دەکات بەھەموو ماڵێکدا، من ئێستا چەند پڕۆژەییەکم ھەیە بۆ ھەنگاوی داھاتوو بەدڵنیای پێم خوشە لەچەند بەرھەمێک وشەی شیرنی کوردی بەکاربێنم ئەمەش رۆشنبیرییەکە بۆ گوێگرانی عەرەبی بۆ ئاشنابوون بەوشەی کوردی.
ئەگەرچی لەئێستادا چەند ھونەرمەندێکی عەرەبی نیشتەجێی ھەولێر بوون و پرۆژەی ھونەری و بازاڕگانی لێرە ئەمجام دەدەن، وەکو حەسنە مەتەڕ و حوسام رەسام، ئیلیزیش لەبارەی نیشتەجێبوونی لەکوردستان قسە دەکات و دەڵێت “من جاری خەریکی کارم و داھاتووش نازانم، بەڵام بۆ پڕۆژەیەکی وەھا لەگەڵ ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر نزیکەی ساڵێکم دەوێت ھاتووچۆ بکەم تاپڕۆژەکەم تەواو دەبێت، بێگومانیش مروڤ لەناو کۆمەڵگای ئێرە ژیا یادگاری لەلا دەبێت و کوردستان بەگشتی خەڵکانێکی باش و میھرەبانی ھەیە”.
ئیلیز ھەر زوو لەکوردستان نازناوی “نانسی عەجرەمی دووەم”ـیان بۆ دانا و ھەندێ ماڵپەریش بە “ھاوشێوەکەی نانسی عەجرەم” ناویان برد، بەڵام ئیلیز ئەوەی پێخۆش نییە، بەڵکو ئەو دەڵێت “من ھەمیشە حەزم کردووە وەک خۆم بم و لاسایی کەس ناکەمەوە، بەڵام سروشتی مروڤ بەدەستی خۆی نییە، لەگەڵ رێزم بۆ نانسی عەجرەم، بەڵام پێم خۆشە وەک ئیلیز بمناسن”.
ئیلیز ئەوەشی بۆ (سڤیل) ئاشکرا کرد، خەریکی ئەنجامدانی گەورەترین کاری ھونەریە، کە بریتییە لەگۆرانییەکی دوێت لەگەڵ گەورەترین ھونەرمەندی عەرەب، وەکو ئەو دەڵێت “ھێشتا بیرۆکەی وەھا نییە لەگەڵ ھونەرمەندێکی کورد گۆرانی دوێت بکەم، بەڵام دوێتێکم ھەیە لەگەڵ ناودارترین و گەورەترین ھونەرمەندی عەرەب کە لەئێستادا خەریکی ئەو کارەین و ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر بەم کارە ھەڵساوە”.
ئیلیز حەز بە پرسیاری تایبەتی ژیانی خۆی ناکات، بۆیە لەوەڵامی ئەو ئایا شوویکردووە یان نا، ئەو گوتی “جارێ زووە بۆ ئەم پرسیارە”.