داهێنەر یان دەست ڕەنگین ؟ واسیدەچی یەکان یان لەبەر خاتری خاتران ؟ هونەرێکی تازەگەری وکەلتووری کوردی بۆ ناسنامەی میللەتی کورد تا چەند بوە بە هێماو سومپڵی نەتەوەیەك.
ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر : پێشتریش زۆر لەهونەرمەندان و نوسەران و ڕۆشنبیران باسی ئەوەیان کرد چ لە میدیایەکان وە چ لە ڕۆژنامەو گۆڤارو جێگا هونەریەکان لە ڕەوشی هونەری کوردی وە کەلتووری کوردی بە چ قۆناغێکدا تێ دەپەڕێت وە چۆن جێگای خۆی کردۆتەوە وە چ ماندوێتی و هیلاك بونێکی تێدا کراوە لە ژێر دەسەڵاتی داگیر کەرو دەسەڵاتە جیایاکان کە نەیانویستوە میللەتێك بە کەلتوورو ڕٶشنبیریەتی بەرەو پێش بڕوات ، وە هەردەم باسی کەم و کوڕیەکانی ئەو هونەرەشیان کردوە کە هۆکاری دوا کەوتن و تازە نەبوونەوەی بۆ چی دەگەڕێتەوە ، بەڵام لە دوای ساڵانی نەوەتەکانەوە هونەری کوردی پێ ناوەتە قۆناغێکی تر چ بە ئاکار بێت یان بە مانەوەی لەناو میللەتدا ، هەلومەرجی دروست بوونی لاوازی هۆکاری زۆری گرتۆتە ئەستۆی خۆی چ بە کەسی شیاو بۆ جێگای شیاو ، وە چ بە کەم تەرخەمی خۆمان واتە هونەرمەندان لەو گۆڕەپانەکەدا سست بونەتە وە ، تەنها سوودمەندێتییمان کردۆتە ئامانجی داهاتوویان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندانی کورد و نوسەران و ڕٶشنبیرانی کورد هەوڵی تازەگەری و نوێ بونەوەیان داوە وە کاریان بۆ کردوە ، بەڵام بوونی بیرو ئایدلۆجیای حزبی و یەك لایەنە بۆتە هۆی کارەسارتی سەیر سەیر وە مۆرکی تایبەتی بە کۆکردنەوەی ئەوەی هەیەو نی یە ، ئەوەی تەنها ڕٶژێك لە کۆڕو کۆبونەوەکانیشدا شتێکی ووتوە ئەمڕٶ بۆتە پاشای عەرشی کەلاوە ، زۆر ستەمە تۆ تەماشای هونەرێك بکەیت کە شیاو نەبێت بۆ گەلەکەت وە سست و لاوازو مردوو بێت ، هونەرێك لە جاران باشتر بووە یان ئەرشفێك کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردوە کەچی لە ئێستادا مات و مەلوول لەژێر دەستی ئاستێکی نزمدا وە خاوەن تاقی کردنەوەیەکی لاواز هاتۆتە مەیدانی کەلتووری کوردی ، بەڕیوبەرێکی کۆلکە ڕۆشنبیرو بێ مێژوو بۆتە شۆڕەسواری مەیدانی هونەری و ئەدەبی لەکاتێکدا حزب ئەمانەی هەڵبژاردوە وە بۆ حساباتی حزبایەتی ، هەر لەو ڕوانگەیەوە نوسەرو ڕٶشنبیرو هونەرمەندە ناسراوەکان وە ئەوانی لەپشت پەردەوە مێژوویەکیان هەیە نەناسراون لای بەڕێزیان وە هیچ گرنگی یەکی نی یە بۆ ئەو کەسە ، وە دەیەوێت ئەوە بزانێت کە ئەم ڕٶشنبیرە سەر بە چ حزب و لایەن و گروپێکە ، پاشان ئەو هەڵسەنگاندنی خۆی بۆی هەیە.
زەرورەتی ڕۆژگار وای کردووە کە هەندێك مامۆستا بوون بە هونەرمەند وە بوون بە لێزان لە بواری هەڵسەنگاندنی داهاتووی شارەکە ، هەربۆیە بابەتێکی کاڵ و کرچ دێتە مەیدانی هونەری و ڕٶشنبیری یەوە ، لەکاتێکیشدا دوا بڕیار هەر بەو خاڵە کۆتایی یە دێت کە لایەنگیرەو ئەو باشترە لەکەسێکی تر.
ئەم خاڵانەی کە باسم کرد کەلتووری کوردی تووشی بە ئیفلیچ بوون کردوە لە زۆربەی جێگا ئیدارەیەکان وە سەندیکاو ڕێکخراوەکان ، بێجگە لەو کەسانەی کەلە وەزارەتی ڕٶشنبیری کار دەکەن خاوەن کورسین وە خاوەن بڕیاری گرنگی داهاتووی ئەم ووڵاتەن . سێ خاڵ هەیە کە گرنگن باسیان لێوە بکەم .
١.پرۆژەی ڕێزلێ گرتنی هونەرمەندان و نوسەران کە لەساڵانی ڕابردوودا لەسەر ئەساسی میزاجی و بێ پێوەری و واسیدە ئەو ڕێزلێ گردنەیان پێ سپردراوە وە لەگەڵ ئەوەی کە هەشە مافی خۆیەتی کە ڕێزلێنانی بۆ کراوە ئەوە جێگای ڕێزو پێ زانینە.
٢.بڕیاری ڕازاندنەوەی پارکەکان و ناو شاری پارێزگاکان کە دیسان ئیفلیچ بوونی تێدا دیارە وە کۆمەڵە کارێکی لاوازو مردوو دانراون و سانسۆرێکی گرنگ لە ئیدارەی پارێزگاکانەوە ڕەچاو دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی هونەریەوە بڕیاری لێ دەدەن ، ئەمەش ڕاستە هونەرمەندن بەڵام خاوەن تاقی کردنەوەی ژیانی هونەری نین بۆ دانای کاری بەهێزو بابەتی لە گۆڕەپانی شارەکەدا وە بۆ ڕازاندنەوەی پارێزگایەك کەتەمەنی لە پارێزگاکانی وولاتانی تر زیاترو کۆنتریشە لەڕووی مێژووەوە ، بۆیە هەندێك ئاسك و ئاژەڵیان پێ باشترە وەك لە کارێکی هونەری دیار کە پێوەری بۆ دیاری بکەن.
٣.ئەم دیاردە دوایەی داهێنەران کە من پێشتریش ووتم دەست ڕەنگین نەك داهێنەر ، بڕیارێکی گرنگە وە زۆر باشە بۆ ئەو کەسەکانەی کە لە بواری هونەریدا کار دەکەن یان لەبواری کەلتووری وە دەستگیرۆیەك وهاوکاری یەکە بۆ بەردەوام بوون ، بەڵام لەژێر ناوی داهێنەر هەڵەیە ، بەو ڕێژەیەش نابێت کە غەدریان لەهونەرمەندی و ڕۆشنبیری ناسراو یان خاوەن ئەزموون کردووە ، سەندیکا لە دەمی دەستەی باڵای سەندکای هونەرمەندانەوە ووتیان(( ئێمە بەپێ ی پێوە کەسایەتیەکانمان دیاری کردبوو ، بەڵام وەزارەت یاری بەناوەکان کردووە )) ، لەوەزارەتیش بەهەمان شێوە ، دەستەی باڵا ووتی (( ئێمە بەتەوافوق دانراوین )) بۆیە بێگومان بە ناوەکانیش وەکو لایەنگرو حزبایەتی بەتەوافق بیریان لێ کردۆتەوە .
پرسیاری من ئەگەر ئێمە ئەو هەموو هونەرمەندو لێهاتوەمان هەبێت ئایا بای ئەوە خزمەتمان بە کەلتووری کوردی بگەیەندایە دەبوایە ئێستا وولاتی کەلتووری جیهانی بوینایە؟
بەڵام با بەناوەکاندا بچینینەوە ، با کەسایەتیەکان دیاری بکەن ، با مشەخۆرەکانیش وەلا بنێین ، ئەگەر ئەمەمان کرد ئەوا من بێگومانم یاسایەکی جوان دەبێت بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری لەپلانی داهاتوودا .