ئەرسەلان مەحمود : هونەر ئەوە نییە” پۆشاكی ئافرەتی بیانی بكەیتە بەر كوڕانی كوردو، سەمای شەرقی و غەربیان لەسەر شاشەی تیڤی پێبكەی” ئیشی میدیاش بەشینەوەی هزری سازشكاری بەهاكانی مرۆڤبوون نییە لەسەر كەوڵی بەناو تێكشكاندنی باوگەرایی و، فەزڵپێكردنی ئازادی تاك!، جیاوازیش ئەوە نییە ڕواڵەتگەرایی لەچاوی بینەردا بكەیتە داهێنان!..
هونەر ئەوەیە بەهایەكی زیاتر بخاتە سەر بوونت، نەك ئەوەی بوونیش پێیبەخشیووی، لەبازاڕی ئیغراو ڕیكلامی كۆمپانیا داماوەكاندا! هەرزانفرۆشبكرێ، ئاخر میدیایەك ئەگەر ئامانجی دۆزینەوەی جیاوازییەكان و، دەرخستنی بەهرەیە، بەموخاتبگرتنی هەژموونی دنیابینی نوێ، ئەگەر بۆ تێكشكاندنی بازاڕی لەنگەیە”باو” پێمان بڵێن هۆكار چییە لەدەرەوەی ئەم بازاڕە، فەزڵی ئەو باهۆزە ڕەجعیگەرایەی نەرێت دراوە بەسەر بەهرەو هونەری ژیانكردن لەتەواوی بوارە كۆمەڵایەتییە جیاكانی تردا؟، باشە ئەم هەموو خۆ تەخش و پەخش و نمایشكردنە بۆ رۆژێك لەرۆژان دەمی ڕەخنەی ئەو ڕەخنەگرانەی نەكردەوە تا بابەتیانە هۆكارگەلی لەبنەمادا بێبەهرەیی ئەم هەموو سەروەتە مرۆییە ئاشكرا بكەن؟، ئایا ئیشی وەزارەتگەلێكی وەك رۆشنبیری، پەروەردە، پلان و ژینگە پارێزانی لەم وڵاتەدا دەبێ چیبێ و چییە؟!.. مەگەر لاسایكردنەوەو، كۆپیكردنی ڕەگەزی، هونەرە؟، ئایا نوێگەری ژانگرتنە لەهونەری بێگانە؟، بەدیوێكی تردا، ئایا وێناكردنەوە كەوتۆتە كوێی بەهرەو داهێنانی دنیای هونەرو جیاوازییەكانەوە؟، تۆ بڵێی ئەم فرچكگرتنە خۆی لەخۆیدا مانای ئەوپەڕی بێبەهرەیی نییە؟، ئەرێ ژینگەیەك مرۆ نەتوانێ تیایدا وەك ئەوەی هەیەو، دەیەوێ، بیر بكاتەوەو، بڵێ… میدیایەكی لەبنەمادا گوێڕایەڵ، لەدەرەوەی دروستكردنی بازاڕی ڕمێنگەرایی كۆمپانییە تایبەتەكان، تۆ بڵێی خەمێكی تری بۆ ئەم نەسڵە لەكۆڵنابێ؟..
بێگومان هونەر لەمیدیای گوێڕایەڵدا بۆ كۆشتنی بەهرەیە، نەك ڕسكان، چونكێ ئەو لەبنەمادا خۆی هەڵگری دنیابینییەكی جیاواز نیە تا توانای دۆزینەوەی بەهرەو توانا جیاوەزەكانی هەبێ و، برەویان پێبدات، دیارە ئەم گێژاوە، نەك هەر میدیای بینراو، بەڵكو سەرتاپای، بەر پرسە لەخوڵقاندنی ئەو دۆخە ڕواڵەتگەراییەو، بووەتە كاری هەمەكارەو لەپێشی زۆربەی هەرە زۆری پەخش و بڵاوكراوەكان، گرفتیش ئەوەیە ناویان ناوە بەرەو نوێگەری، لێ پێچەوانەكەی راستە،”ناسر ڕەزازی” گەورە هونەرمەندی كورد، دەڵێ” خۆ دەرخستن و خۆ ڕوتكردنەوەو، نازو خەمزەنواندن، نوێگەری نییە. جلی رەنگاو ڕەنگ لەبەركردن و سمتو پوز دەرخستن كامە شوێنی نوێگەرییە؟! گۆرانیی نەجات سەغیرە بكرێتە كوردییو كیژە كورد بیچڕێ لەكوێ نوێگەرییە؟! نوێگەریی ئەوەیە كەئاوازی تازە، وشەی تازەی لەسەر بێ، بەكورتی بەستە (شێعری گۆرانی)دەبێ نوێ بێو مۆسیقاش دەبێ كارێكی تازەی كردبێ، هەتا پێی بگوترێ نوێگەریی!”
بێگومان ئەوانەی دژ بەكرانەوەو هونەری نوێگەرین، زۆر نین، لێ بەدڵنیاییەوە دەسەڵاتی گەورەی جۆراو جۆریان بەدەستەوەیە بۆ لارێكردن و بەر پێگرتن، ئیشی هونەر تێكشكاندنی ئەو دەسەڵاتانەیەو، میدیا نابێ بازاڕێكی تری درۆینەی لێساز بكاو، لەژێرەوە بەدوای شتی ترەوە بێت!..