راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی: ھەفتەی رابردوو ئەکتەری ناوداری میسری عادل ئیمام بەتۆمەتی سوکایەتیکردنی بەپارت و لایەنە ئیسلامییەکان لەفیلمە سینەمایەکانیدا، حوکمی سێ مانگ زیندانی و غەرامەی ھەزار جونەی بەسەردا سەپێندرا، ئەو بڕیارە تەواوی ھونەرمەندانی عەرەبی و غەیرە عەرەبی نیگەران کرد.
ساڵی پار دادوەر “عسران منێور” پارێزەری بریکاری لایەنە ئیسلامییەکان سکاڵایەکی لەدژی عادل ئیمام بەرزکردەوە، لەسەر رۆڵ بینینی لەچەند فیلمێکی سینەمایی کە تێیاندا عادل ئیمام گاڵتە و سوکاییەتی بەپارت و لایەنە ئیسلامییەکان دەکات، فیلمەکانیش بریتین لە “مورجان ئەحمەد مورجان” و “حسن مرقێ” و “الارھابی”. ھەفتەی رابردوو دادگای (جنح الھرم) لەدۆسیەکەی کۆڵیەوە و حوکمی لەدژی عادل ئیمام دەکرد، کە حوکمەکەش سێ مانگ زیندانی و غەرامەکردنیەتی بە (١٠٠٠) ھەزار جونەی میسری، کە لەلایەن راوێژکار “محەمەد عەبدوالعاگی” لەدادگا دەرچوو، ئەو بڕیارەی دادگا لەدژی عادل ئیمام ھونەرمەندانی عەرەبی نیگەرانی کردووە و زۆرێکیان ھەڵوێستیان لەدژی بڕیارەکە دەربڕیووە.
کچە ئەکتەری میسری نسما کە دوو ساڵە دەستی بەکاری نواندن کردووە و لەدوو شانۆگەری و زنجیرە درامایەک بەشداری کردووە، لەلێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) لەبارەی زیندانی عادل ئیمام گوتی “ئەوە سووکایەتی کردنێکی گەورەیە بە ھونەرمەند عادل ئیمام و تەواوی ھونەرمەندانی میسری، سەرەتایەکی زۆر خراپە بۆ ئایندەی ھونەری میسری، ئێمەی میسرییەکان دەبێ شانازی بە رۆڵ و ماندوێتی و کارە پڕداھێنەرەکانی ھونەرمەندی گەورە عادل ئیمام بکەین، چونکە سیمبولی میسرە”. نسما رەخنە لەھونەرمەندانی میسر دەگرێ و دەڵێت “بەداخەوە دەبوایە ھونەرمەندانی میسر ھەڵوێستیان ھەبوایە و قبوڵی ئەو سوکایەتییە نەکەن، داوا لەھونەرمەندان و سەندیکای ھونەرمەندان دەکەم ھەڵویستی خۆیان بەئاشکرا دەرببڕن نەک بەنھێنی”.
دوای سەپاندنی حوکمەکە بەسەر عادل ئیمام، بەڵام تائێستا ئیمام لێدوانی روونی لەبارەی حوکمەکە نەداوە و تەنیا لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی “سی ئێن ئێن”ـی ئەمەریکی لەسەر حوکم کردنی ئیسلامییەکان و ئایندەی ھونەری میسر، گوتی “ئازادیی ھونەر و داھێنانی ھونەری بەگوێرەی کات رووندەبێتەوە”.
یوسف شایان سەرۆکی سەندیکای ئەکتەرانی میسر لەدوو ھەفتەی رابردوودا لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان کۆبووە بۆئەوەی بزانێ ئیسلامییەکان چۆن لەھونەر دەڕوانن و ئایندەی ھونەر لەمیسر بەکوێ دەگات، بەڵام ئەو سەردانەی سەرۆکی ئەکتەرانی میسر بووە مایەی رەخنەی ھەندێ ھونەرمەندان و پێیان وایە ئەوە تەسلیمکردنی ھونەری میسرە بەپارتە ئیسلامییە سیاسییەکانی میسر، بەڵام یوسف شایان لەلێدوانێکی تایبەت لەگەڵ (سڤیل) گوتی “ھەموو ھونەرمەندان رۆڵی منیان بەرز نرخاند، کە ھەوڵم داوە پەیوەندی ئێمە و پارتە سیاسییەکان پەیوەندییەکی برایانە و رێزگرتن لەئایین و ھونەر بێت، بەڵام پێم سەیرە ھونەرمەندان رەخەنیان لەمن گرتبێ، ئەوە چەند ھونەرمەندێک بوون کە پێشتر کێشەیان لەگەڵ پارتە ئیسلامییە سیاسییەکان ھەبووە، نەک ھەموو ھونەرمەندان، چونکە لەساڵانی پێشووش ھونەرمەندان و پارت و لایەنە ئیسلامییەکان رێزیان لەبۆچوونی یەکتر ھەبووە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە، چینی ھونەرمەندان و پارت و لایەنە سیاسیی و غەیرە سیاسیی ھەموومان ھەر میسرین و خەڵکی ئەم وڵاتەین، ئێمەی ھونەرمەندان رۆڵێکی کاریگەرمان ھەبووە لەشۆڕش و لەپێش ھەموو کەس و لایەنێک ھونەرمەندان داوای ئازادی و گۆڕینی دەسەڵاتیان کردووە”. ھەروەھا لەبارەی دادگایی و سزادانی ھونەرمەند عادل ئیمام، سەرۆکی سەندیکای ئەکتەرانی میسر گوتی “پێش ھەموو ھونەرمەندێک عادل ئیمام لەفیلەکانیدا رەخنەی لەدەسەڵاتی میسر گرتووە، رەخنەی لەئیسلامییەکانیش گرتووە، بەڵام رەخنەکان سوکایەتی نەبووە، ئەوە تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسییە، مەسەلەیەکی سیاسییە، ھەڵدەدەین ئەو بڕیارەکە ھەڵبوەشێنینەوە”. لەسەر ئەو پرسیارەی ئەگەر ئیسلامییەکان حوکمی وڵات بگرنەدەست، ئایندەی ھونەری میسر بەکوێ دەگات، لەوەڵامدا گوتیشی “من پێم وانییە ھونەر لەمیسر ھیچ مەترسییەکی لەسەر بێت، دوای ئازادی داھێنان دروست دەبێت، ئێمەی میسری لەمڕۆ بەدواوە چاوەڕێی داھێنان دەکەین”.
لەدوو ژمارەی رابردووی (سڤیل)ـدا خانمە ھونەرمەندی میسری ئیلھام شاھین لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سڤیل لەبارەی ئەو پرسیارەی لەسەرکەوتنی ئیسلامییەکان و گەیشتنیان بەدەسەڵات ناترسێ؟ پێت وانییە ئەوان ژیانی ھونەری لەمیسر بوەستێنن، ئیلھام شاھین گوتی “نیگەرانییەکی گەورە لەنێوەندە ھونەرییەکاندا ھەیە بەرامبەر بەسەرکەوتنی ئیسلامییەکان، کە بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لەھونەرمەندان وڵاتی میسریان جێھێشتووە، بەڵام من جێی ناھێڵم، وڵاتەکەمان زێدی رەسەنی ھونەرە، سەرکەوتنی ئیسلامییەکان کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ھونەر نابێت و ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ رێرەوی ھونەر بوەستێنێ، پێویستە رووبەرووی ئەو شەپۆلە ببینەوە و بەردەوام بین لەداھێنان”.
ھونەرمەند سەعد سوغەیر، کە گۆرانیبێژێکی میللی میسرییە لەلێدوانێکیدا تایبەت بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ئامانج و ویستی شۆڕشگێرانی میسر ئەوە نەبووە ھونەرمەندان بدرێنە دادگا و ھونەر بوەستێت، شۆڕش لەدژی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بۆ بەدیھێنانی ئازادی بۆ میسر شۆڕش کراوە، بەڵام بەداخەوە دەبینین شۆڕشی گەورەی ٢٥ی یەنایر خزمەتی بەمیسرییەکان نەکردووە، باری دارایی خەڵک و کێشەی تەندروستی لەجاران زیاتر بووە، ئەگەر ھاوڵاتیانی میسری بیانزانی بوایە لەدوای ئەو شۆڕشە ھونەرمەندێکی گەورەی وەک عادل ئیمام دەدرێتە دادگا و غەرامە و زیندانی دەکرێ باوەڕناکەم کەس بەشداری لەشۆڕش بکردایە”. سەعد سوغەیر ئەوەشی بۆ (سڤیل) ئاشکراکرد، بەنیازە گۆرانییەک لەسەر ئێستای بارودۆخی میسر تۆمار بکات و دژی سزادانی عادل ئیمام و ھونەرمەندان “لەگۆرانییەکەدا رەخنەم دەسەڵاتی ئێستای میسر گرتووە و لەگۆرانییەکەشدا بەعادل ئیمام گوتووە تۆ ھەر گەورەی ھەموومانی، تاوەکو تۆ ھەبێ ھونەر لەمیسر ناوەستێت”.
کۆتایی ساڵی رابردوو ھونەرمەند عادل ئیمام لەوڵاتی لوبنان خەریکی وێنەگرتنی دراما تازەکەی بوو، کە ھونەرمەند رامی ئیمام کوڕەکەی کاری دەرھێنانی بۆ دراماکە ئەنجام دەدات و ھێشتا قۆناخی وێنەگرتنی دراماکە تەواو نەبووە و بڕیارە لەمیسر وێنەگرتنەکەی تەواو بکات و لەمانگی رەمەزان پەخش بکرێ، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێ و ئیمام سێ مانگ زیندانی بکرێ، دراماکە دوادەکەوێت و ناتوانن لەمانگی رەمەزان پەخشی بکەن.
ھونەرمەند سەمیر غانم، کە لەزۆربەی کارە سینەمایەکاندا و شانۆگەرییەکانی پێشوودا لەگەڵ عادل ئیمام بەشداری کردووە، لەلێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) تەنیا گوتی “ناتوانم بەدروستی رای خۆم بدەم ھۆکاری ئەو سزادانەی چییە، سیاسییە یاخود ئاینییە، بەڵام بەھەر جۆرێک بێت ھیچ ھاوڵاتییەکی میسری قبوڵی ئەوە ناکەن عادل ئیمام زیندانی بکرێ، داوادەکەم حکومەتێکی بەھێز لەمیسر لەدایک بێت و رێز لەھونەرمەندان بگرێ و ئازادی بۆ ھونەرمەندان دابین بکات، بەڵام ئەوەیان لەداھاتوودا رووندەبێتەوە”.