بورھان شێخ ڕەئوف
وەکو تێبینی دەکرێت ململانێ و ناکۆکی یەکانی ئەمریکا و ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھەڵکشان و کارو کاردانەوەی گەرم و گوڕیان بە خۆیانەوە دی و کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا جووڵە بە ھێزەکانی بکات بەرەو ناوچەی کەنداو کەشتی گەلی جەنگی زەبەلاح و پڕچەک بە تازەترین و وێرانەکەرترین جۆرەکانی چەکی ھێرشبەرو تەکنولۆجیای پێشکەوتووکە بە وزەی ئەتۆم کاردەکەن , ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە دەوڵەتی ئیسرائیل کە فاکتەرو ئامانجێکی گرنگ و دوورمەودای ململانێ ی نێوان ئەمریکا و ئێرانە چونکە یەکێک لەو بنەما سەرەکیانەی کە ھێزی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە , کەچی ئیسرائیل بێدەنگی ھەڵبژاردووە .
دەکرێت بپرسین بۆ بێدەنگە ئیسرائیل ؟؟
ھەروەکو چۆن لە شەڕی کەنداوی یەکەم و دووەم لەکاتی ئازاداکردنی کوەیت و دواتر پرۆسەی ئازادی عێراق سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی سەدام حسین سی و نۆ ڕۆکێتی زەمین بە زەمینی ھاویشت بۆ ئیسرائیل بەڵام ئیسرائیل ھیچ کاردانەوەیەکی پیشان نەدا لە بەر ھەستیاری دۆخەکە کە ئەمریکا ھاوپەیمانی بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بوو لەو جەنگانەدا ئیستاش کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھەڕەشە لە ئیسرائیل و ھاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و بە ئاشکرا باسی دەیان ھەزار مووشەک دەکەن کەلە لای حزبوڵای لوبنانن لە لوبنان بەرەو ئیسرائیل دامەزراون کەچی حکومەتی تەلئەبیب بێدەنگی ھەڵبژاردووەو جگە لە لێدوانێکی وەزیری وزەی ئیسرائیل ( یوفال شتاینتز ) کە ھۆشداری دا لە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەیان لە لایەن ئێران و میلیشیا ھاوپەیمانەکانی یەوە .
ئەوەی لە چەندڕۆژی ڕابردوودا دۆخەکەی زیاتر شەڵەقاند لێدوانەکانی دکتۆر ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بوو بۆ گۆڤاری فۆریگن پۆلیسی ئەمریکی کە باسی لەوە کرد کە ھەواڵگری ئیسرایلیەکان ھەواڵی جمووجووڵی ڕۆکێت ومووشەکەبالیستیەکانی ئێرانیان لە عێراق داوە بە ئەمریکیەکان کە وێنەکان ڕاستەوخۆ لە زەویشدا گیراون نەک لە مانگی دەستکردەوە ھەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل لە نزیکەوەو بە وردی چاودێری بارودۆخ و پێشھاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی دەکات ,
ھەر ئەم زانیاریانەش بوون ھۆکاری سەردانە لە ناکاو کتوپڕەکەی مایک بۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ عێراق کە فەرمانی دا ھەموو ئەو کارمەند و دیبلۆماتانەی کە کاری پێویست و گرنگیان لە ئەستۆ نی یە بە خێرایی عێراق جێ بھێڵن و حکومەتی عێراقیشی لە مەترسی ئەو جموجووڵانە ئاگادارکردەوەو بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەن لە کاتێکدا ھەواڵەکان و میدیاکان باسی ئەوە دەکەن کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەربازگەی سەربەخۆیان ھەیە دوور لە چاوی حکومەتی عێراق بە تایبەتی لە سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالەو سەربازگەی سپایکەر لە پارێزگای سەلاحەدین و سەربازگەی رەزازە لە لە پارێزگای کەربەلاوسەربازگەی جرف سەخەر لە پارێزگای بەغداو سەربازگەی سوێرە لە پارێزگای واسیت لەبەرئەوە ئەو ھێزانە خۆیان خاوەنی ڕێگاوبانی تایبەتی خۆیانن و پێویستیان بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراقیش نی یە و بێگومان ئەو ڕۆکێت و مووشەکان دوورنی یە لە داھاتووی ململانێکانی ئێران و ئەمریکادا دەوڵەتی ئیسرائیل بکەنە ئامانج .
ھەر لە میانەی سەردانەکەیدا مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کاربەدەستانی حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ئەوان ناخوازن شەڕو ململانێ ی لە ناوچەکەدا ڕوو بدات و خوازیارن بە ئاشتی و دایەلۆگ کێشەکە چارەسەربکەن بەڵام ئیسرائیل جۆرێک لە بێدەنگی پەیڕەو دەکات ئیتر لە بەر ھەستیاری دۆخەکە بێت کە پێشتر ئاماژەم پێدا یان ھۆکاری تر کە دواتر باسی دەکەم .
ھەموو ئەمانەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل تا کۆتایی ھەر بینەر بن سەرەڕای نیگەرانی یەکانیان لەو بارودۆخەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت لە بەرئەوە وەکو ناوەندە ھەواڵگری و میدیاییەکان باسی دەکەن ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ھەموو ئەگەرو پێشھاتەکان دەکات وەکو ئەوەی پێشتر ئەزموونیان ھەبووە لە شەڕی لوبنان ھیچ ناکەن و کاردانەوەیان نابێت تاوەکو شەڕ ھەڵدەگیرسێت و دۆخەکە دەتەقێتەوە دوایی کاردانەوەیان دەبێت , یان وەکو ئەوە لە سوریا دەی کەن پێش ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک یان خۆ ئامادەکردن بۆ لێدانی ئیسرائیل پێشتر پەلاماری بنکەو بارەگاو و ناوەندەکانی ھێزە ئێرانیەکان و حزبوڵا دەدەن .
بەڵام بۆ بارودۆخی عێراق ئەگەر بکرێت ئەمریکاوحکومەتی عێراق خۆیان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن باشترە لەوەی ئیسرائیل کاردانەوەی ھەبێت و ململانێکە گەورەتر بکاتەوە لە کاتێکدا ھەر پەلامارێک کە ئیسرائیل بیەوێت بیکاتە سەر بنکە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەوەیە ھێندەی سوریا ئاسان نەبێت چونکە سوریاو ئیسرائیل دراوسێن و مەوداکەی زۆر نزیکە بەڵام ھەر ھێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق کۆسپ و مەترسی گەورەی لە بەردەمدایە چونکە دەبێت سنووری وڵاتانی سوریا و ئوردن و عەرەبستانی سعوودیەش ببڕێت کە زیاتر لە ھەشت سەد کیلۆ مەتر زیاترە و خۆی بۆ ھەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە گەڵ سیستمی بەرگری یە ئاسمانی یەکانی ئەو وڵاتانەدا ئامادە بکات .
ئیسرائیل چۆن ڕووبەڕووی مەترسی ئەو ڕۆکێتە بالیستیانە دەبێتەوە ؟
ھەرچەندە ئیسرائیل خاوەنی پەیوەندییەکە بەھێزە لە گەڵ ئەمریکاو ڕووسیاو وڵاتە ئەوروپیەکانیش دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە فشار بکات لە حکومەتی عێراق کە بوارنەدات بە جمووجووڵی ئەو تاقم گروپانە کە ئاسایشی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆیشی ڕێگە چارەی سەربازی بە دوور نازانێت و ھەموو کارێکی پێویست وگونجاو ی سەربازی لە بەرنامەیدایە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەلامارو مەترسییەکان و لە ھەمان کاتیشدا باسی ئەوە دەکەن کە ئەگەر ھاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە ھەر پەلامارێکی ئیسرائیل بدەن ئەوەی کە ئیسرائیل پێ یان دەڵێت بریکارەکانی ئێران ئەوە ئەوان ئیسرائیل کار لە گەڵ سەرچاوە سەرەکییەکەی ھەڕەشەکە واتە ئێران دەکەن واتە ئەگەر لە وڵات و شوێنی تریشەوە پەلاماری ئیسرائیل بدرێت ئەوە خاک و سەربازانی ئێرانی و بەرژەوەندییەکانیان بێ تۆڵە دەرناچن .
لە کۆتاییدا ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات عێراق و عێراقییەکان باجی گەورەی دەدەن ھەروەکو مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوا پەیامیدا بە عێراقی داوە ئەوەیە پێیانی وتووە ئەگەر لە گەڵمان نابن لە لاوە بووەستن .